کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پتر لە ٢٠ ملیۆن بێکار و خاوەن پیشەی  ناکامڵ لە ئێران

حوجەتوڵڵا عەبدولمەلێکی، وەزیری تەعاون، کار و ڕێفاهی ئیجتماعی ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر لە وتووێژێکی هەواڵنێریدا ڕایگەیاند کە: “بە پێی ئامارە ڕەسمییەکان نزیکەی ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس  بێکار و ٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسی خاوەن پیشەی ناکامڵ یان ناپەدار و نزیک بە ٢ ملیۆن کەسی ناهومێد لە دۆزینەوەی کار، ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بە پیشەی کەم داهات و ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی خاوەن پیشەی ناڕەسمیی بێ بیمە، لە ئێراندا بوونی هەیە کە وەک بەشێک لە دانیشتووانی چالاک بەئەژمار نایەن. واتە وەزیری کاری حکوومەتی ئیسلامی بەڕەسمی باس لە بوونی ٢٠ ملیۆن بێکار دەکات.  ئاشکرایە کە وەک هەمیشە ئەم ئامارانە سەرەڕای دڵتەزێن بوونیان تەنیا بەشێک لە واقعییەتن و ڕێژەی بێکاریی واقعی هەرگیز لە ئامارە ڕەسمییەکانی دەوڵەتدا ڕەنگدانەوەی نابێت.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە پتر لە ٨٠ لەسەدی کرێکارانێک کە لەسەر کارن خاوەن قەراردادی کاتیی و سپی ئیمزان و یان لە ڕێگەی شیرکەتە خزمەتگوازارییەکانی دامەزراندنی هێزی کار و پەیمانکارییەوە دەچنە ناو بازاڕی کارەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە بەشێکی بەرین لە کرێکارانی ئێران لە سەردەمی بێکاریدا هیچیان پێنادرێت. بەڵام لەسەرکاربوونیش بە مانای دابین بوونی لانیکەمی ژیان نییە. حەقدەستی کەم کە ئەویش لە سەری وەختی خۆیدا نادرێت، تەوەرۆم و گرانیی بەرەدەوام ڕوو لە زیادبوون، دابەزینی هەموو ڕۆژێی ئەرزشی ڕیاڵ، بووەتە هۆی ئەویکە کرێکارانی لەسەر کاریش بکەونە سەر سنووری هێڵی هەژاریی تۆخەوە.

ئەگەر کەسی بێکار سەرپەرستی بنەماڵەیەکی سێ یان چوار کەسیی وەئەستۆ بێت، ئاشکرایە کە ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بێکاری و دواهات و ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لێی. بەمجۆرەیە کە چوونەسەرەوەی بەردەوامی گرانی، هەزینەی لەسەرێی مەسکەن، دەوا و دەرمان، ماددە خۆراکییەکان و زۆرێک لە کاڵا پێویستەکانی وەک بەرق، گاز، ئاو، تەلەفون و ئینتێرنێت لەگەڵ بێکاریی درێژماوە و نەبوونی هیچ جۆرە بیمەیەکی بێکاری، ژیانی پتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژوارتر دەکات.

بێکاری بۆ کرێکارانێک کە لە بیمەی بێکاری و بیمەی دەرمانی و کۆمەڵایەتی بێبەرین، بە مانای پاڵ پێوەنانی بنەماڵەکانیان بەرەو ژین لە ژێر هێڵی هەژاری و داسەپانی مەرگی شێنەییە. کێشەیەک کە دەروون پەرێشی، خەمۆکی، نەبوونی متمانەبەخۆیی و هەستی لەخۆنامۆبوون لە باقیی دواهاتەکانیەتی. ئەم تراژێدیە دڵتەزێنە لێرەدا کۆتایی پێنایە. لێکهەڵوەشانی بنەماڵە کرێکارییەکان، چوونەدەرەوەی منداڵان لە چەرخەی خوێندن و چوونەسەرەوەی ژمارەی منداڵانی کار و شەقام و کارتۆن خەوی، پەنابردن بۆ ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی لەڕووی ناچاری و باقیی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان درێژەی سرووشتیی ئەم ڕەوتەیە و ژنان و پیاوان، لاوان و تازەلاوان و منداڵان دەکاتە قوربانی. ڕووکردنی هەزاران ژن و پیاو لە کۆڵبەری لە کوردستان و سووختبەری لە سیستان و بەلووچستان لە جەرگەی هەوڵی مەرگ و ژیاندا بۆ دابین کردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی، گۆشەیەکە لەو هەژاری و فەلاکەتە بەرینەیە کە بەسەر هەموو ئێراندا سەپاوە.

کار و ئەمنییەتی پیشەیی، یان بێمەی بێکاری خواست و مافی بێ ئەملا و ئەولای گشت کرێکارانی لەسەر کار و بێکار و لاوانی خوازیاری کارە. بێگومان ئەم مافە بە خەباتی ڕێکخراو  و بە وەڕێخستنی بزووتنەوە لەدژی بێکاری وەدی دێت. بەڵام بەرەوپێش بردنی ئەم خەباتە و بەهێزکردنی تا ئاستی بزووتنەوەیەکی جەماوەری، پێویستی بە هاوپشتیی چالاکان و گرووپە وشیارەکانی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران هەیە. لەشکری مەزنی بێکاران و ئاگاداربوون لە مەترسیی ئازارە بەژانە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ بێکاران و بنەماڵەکانیان لە بۆسە دایە، پۆتانسیەل و توانای بەرینی ناڕەزایەتیی، بەتایبەت لە ناو بەشی خوێندەواری بێکاران، کە هەموو ئاواتەکانی خۆیان لەدەستچوو دەزانن، خوڵقاندووە.

ژیان و سڵامەتی دەروونی و جەستەیی خەڵک بۆ سەرانی گەندەڵ و جەنایەتکاری ئیسلامی کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران دەکەنە خەرجی سەرکوت لە ناوخۆ و میلیتاریسم و تیرۆریسم  لە دەرەوەی وڵات، هیچ بایەخێکی نییە. تا ئەو ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی لەسەر کارە، سەهمی خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێش هیچ شتێک بێجگەلە هەژاری، سەرکوت و بێکاری نابێت. مانەوەی زیاتری حکوومەتی ئیسلامی بە مانای مانەوەی زیاتری بێکاری، گرانی و هەژاری و فەلاکەتی بەرین لە ئێرانە. تەنیا هێزی وشیار، یەکگرتوو و ڕێکخراوی کرێکارانە کە دەتوانێ مافی کرێکاران لە گەرووی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان دەرکێشێت و سەرەنجام بەچۆکیان دابێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ئێعدام و جەنایەتی زیاتر حکومەتی ئیسلامی لە ڕوخان ڕزگار ناکات

-

ڕەوتی لێک هەڵوەشانی حکومەت و سەرلێشێواوی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی 

-

کۆماری ئیسلامی بە ئاڕاستەیەکی بێ گەڕانەوەدا

-

  بەیانیەی حیزبی کومونیستی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە ١٦ سەرماوەز رۆژی دانشجو

-

ماتەمی کۆماری ئیسلامی و شادمانی خەڵک لە پەڕاوێزی دەرچوونی تیمی کۆماری ئیسلامی لە کێبەرکێکانی جامی جیهانی

-

   سەرکەوتنی شۆڕش لە گرەوی هەتنە مەیدانی کرێکاران، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دایە

-