پاش تێپه‌ڕبوونی نزیك به ٥ حه‌فته له ئاخێزی جه‌ماوه‌ری مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هێشتا كۆماری ئیسلامی حازر نییه ئامارێك سه‌باره‌ت به ژماره‌ی گیان به‌خت كردووانی ئه‌م ئاخێزه بڵاوكاته‌وه. به‌ڵام نهێنی كاری له‌مباره‌وه بێ فایده‌یه و ڕاستیه‌كان له هه‌زار لاوه خۆیان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. هه‌واڵنێری ڕوویتێرز ڕۆژی دووشه‌ممه ٢ی مانگی به‌فرانبار به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٣ی دێسامبر، له ڕاپۆرتێكی تایبه‌تدا له‌سه‌ر زاری كاربه‌ده‌ستانی ڕه‌سمی ئێران كه نه‌یانویستووه ناویان بڵاوبكرێته‌وه، باسی له كوژرانی نزیك به ١٥٠٠ كه‌س له جه‌ریانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا كردووه.
له‌م ڕاپۆرته‌دا هاتووه: “ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٦ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له دووهه‌مین ڕۆژی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان كه به گران بوونی نرخی بێنزین ده‌ستیپێكرد، خامنه‌یی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی باڵای ئه‌منیه‌تی، حه‌سه‌ن ڕووحانی و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی چاوپێكه‌وتنی ئه‌نجام دا.” ڕوویتێرز له سه‌ر زاری سێ بهرپهرس كه نزیك به ئاڵقه‌ی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی وه‌سف كراون، ڕایگه‌یاندووه كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا خامنه‌یی له شێوازی هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ نائارامیهكان ڕه‌خنه‌ی گرتووه و به‌خاتری سووتانی وێنه‌ی خۆی و تێكدانی په‌یكه‌ری خۆمه‌ینی “تووڕه” بووه. به پێی ڕاپۆرتی ڕوویتێرز ئه‌و له‌م دانیشتنه‌دا وتوویه‌تی كه: “كۆماری ئیسلامی له مه‌ترسی دایه. هه‌ر كارێك كه پێویسته، بۆ كۆتایی هاتنی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه ئه‌نجامی دهن.” هه‌روه‌ها ڕوویتێرز له درێژه‌دا باس له‌وه ده‌كات كه: “سێ به‌رپه‌رسی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران به‌م ههواڵنێریهیان وتووه كه: له جه‌ریانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا نزیك به ١٥٠٠ كه‌س كوژراون. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته ١٧ كه‌س له گیان به‌خت كردووان منداڵ و ٤٠٠ كه‌سیشیان ژن بوون. ڕوویتێرز هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه كه ئه‌و دوو كه‌سه‌ی ئاماری كوژراوه‌كانیان داوه به‌م ههواڵنێریه، ڕایانگه‌یاندووه كه ئه‌م ئاماره‌یان به پێی زانیاری وه‌رگیراو له هێزه ئه‌منیه‌كان، گۆڕستانه‌كان، نه‌خۆشخانه‌كان و پزیشكی قانوونی به‌ده‌ست هێناوه.
ئه‌م ههواڵنێریه هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه كه جگه له سێ سه‌رچاوه‌ی نزیك به ئاڵقه‌ی ده‌ورووبه‌ری خامنه‌یی، به‌رپرسێكی دیكه‌ش، ده‌ركردنی فه‌رمانی سه‌ركوتی له لایه‌ن ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیه‌وه دژبه ناڕه‌زایه‌تیه‌كان پشت ڕاست كردووه‌ته‌وه.
له درێژه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا هاتووه كه: نووسینگه‌ی وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی ئێران حازر نه‌بووه سه‌باره‌ت به نیسبه‌ت دانی فه‌رمانی سه‌ركوت به خامنه‌یی ڕادهربڕێت و نوێنه‌ری ئێران له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، وڵامی به داواكاری ڕوویتێرز بۆ كاردانه‌وه به‌م ڕاپۆرته نه‌داوه‌ته‌وه. سێ سه‌رچاوه‌كه‌ی ڕوویتێرز ڕایانگه‌یاندووه كه “خامنه‌یی له ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران و چینی لاوازی كۆمه‌ڵگا له شاره چكۆله‌كان زۆر نیگه‌ران بووه، به‌تایبه‌ت ئه‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تیه كه‌م داهاتانه‌ی كه ده‌ورانێك پشتیوانی كۆماری ئیسلامی بوون.” هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕوویتێرز باس له وته‌كانی چه‌ند به‌رپرسی دیكه‌ی ڕژیم ده‌كات كه وتوویانه “ئه‌گه‌ر نائارامیهكان سه‌ركوت نهكرابایهن، ئه‌وكات خه‌ڵك له داهاتوودا زیاتر به‌ره‌و ناڕه‌زایه‌تی هان ده‌دران.” به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، خامنه‌یی ڕووبه به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی كه له نووسینگه‌كه‌ی ئه‌و كۆببوونه‌وه، وتوویه‌تی كه “ئه‌گه‌ر به زووترین كات ناڕه‌زایه‌تیه‌كان كۆتایی پێ نه‌یه، ئه‌وان به به‌رپرسی ئاكامه‌كانی ده‌زانێ“. ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا له به‌یتی خامنه‌یی كۆببوونه‌وه، تێكڕا له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون كه خۆپیشانده‌ران به‌شوێن ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیهوهن.
ئامانجی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ئێرانه‌وه كه نه‌یانویستووه ناویان ئاشكرا بكرێت، هه‌ر چیه‌ك بێت، ئاشكرایه كه خامنه‌یی و ئاڵقه‌ی ده‌ورووبه‌ری له ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر ترساون و له هه‌مان كاتیش‌دا به كرده‌وه‌ی جهنایهتكارانهویستوویانه كۆمه‌ڵگاش بترسێنن.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بسه‌لمێنین كه ئامانجی كۆماری ئیسلامی له‌م كرده‌وه‌یه ترساندنی كۆمه‌ڵ بووه. ئه‌و ڕاستیه‌ش هه‌ر به‌و ڕاده‌یه ئاشكرایه كه كۆماری ئیسلامی له‌مباره‌وه شكستی هێناوه. ئه‌گه‌ر نهمانههوێ لیستی دوور و درێژی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی یه‌ك مانگی ڕابردوو ههڵدهیهنهوه، كه به ده‌یان مهورد مانگرتن و كۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانی پیشه‌یی و سیاسی له‌خۆده‌گرێت، چاوخشاندنێك ته‌نیا به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی دوو ڕۆژی ڕابردوو پێمان ده‌ڵێ كه ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی به كوشتنی ١٥٠٠ كه‌س و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی پتر له ٧٠٠٠ كه‌س لای وایه كه كۆمه‌ڵی ئێرانی بێده‌نگ كردووه، چه‌نده به هه‌ڵه‌دا چووه. مانگرتنی كرێكارانی شاره‌داری مه‌ریوان و خۆپیشاندان بۆ دیفاع له كۆڵبه‌ران له‌مشاره، ناڕه‌زایه‌تی سه‌رله‌نوێی كرێكارانی هێپكۆ، كۆبوونه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندانی دامه‌زراوه‌ی كاسپیه‌ن، كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی په‌یمانكاری چادرملو و چه‌ند مانگرتنی و كۆبوونه‌وه‌ی كرێكاری دیكه، مانگرتن و ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه سه‌رتاسه‌ری موعه‌لیمان له چه‌ندین ئۆستانی ئێران، كۆبوونه‌وه‌ی خانه‌نشینان له به‌رامبه‌ر مه‌جلیسی ئیسلامی و هیتر، هه‌موویان هه‌ر له‌م دوو ڕۆژه‌دا ڕوویان داوه. وه‌ك نموونه‌یه‌كی دیكه، له ئێستادا له‌سه‌ر بانگهێشتی دایكانی داخ دیتوو، له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی ئێران، خه‌ڵك خه‌ریكن خۆیان بۆ ڕێوڕه‌سمی به‌رز ڕاگرتنی یادی گیان به‌خت كردووانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٥ی مانگی به‌فرانبار ئاماده ده‌كه‌ن. بێ گومان كۆماری ئیسلامی له‌ده‌ست وه‌ها جه‌ماوه‌رێك به وه‌ها ئیراده‌یه‌كه‌وه ڕزگاری نابێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕژیم نه‌یتوانی له پڕۆژه‌ی تۆقاندن و ترس وه‌به‌رنانی كۆمه‌ڵ دا سه‌ركه‌وتوو بێت، له به‌رامبه‌ردا به‌م كوشتاره بێ رهحمانهیه، په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه برده قۆناخێكی نوێوه. له‌م قۆناخه‌دا ئیتر جێگایه‌ك بۆ فریو و دووڕوویی نه‌ماوه‌ته‌وه. هه‌ر دوو به‌ره‌ی ئه‌م نه‌به‌رده، به بێ هیچ خۆشباوهڕیهك، به‌ره‌وڕووی یه‌كتر ڕێزیان به‌ستووه.
پانتایی كوشتاری مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر نیشانی دا كه ڕژیم به‌ره‌وڕووی خه‌ڵك شمشیری هه‌ڵكێشاوه، كه‌وابوو خه‌ڵكیش بۆ سه‌ركه‌وتن له‌م نهبهردهدا و بۆ پێش گرتن له زیانی گیانی زیاتر، پێویستیان به ده‌رس وه‌رگرتن له ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوایانه و ئاماده‌یی زیاتر و به‌كارهێنانی ئامرازی به‌هێز و تاكتیكی كاراترن. هه‌تا هاتنه به‌ره‌وه‌ی باروودۆخێك كه تێیدا دوایین هێرش بكرێته سه‌ر كۆماری ئیسلاوی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یه‌ك لایی بكرێته‌وه، پێویسته گه‌لێك هه‌نگاوی دیكه هه‌ڵبگیرێت. له‌وه به‌دوا نابێ شوێن و كاتی نه‌به‌رد، دوژمن دیاری بكات، كۆماری ئیسلامی نابێ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی پێش وه‌خت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنێ. پێویسته دوژمن له بواره جۆراوجۆره‌كاندا، ده‌رگیر و ماندوو بكرێت و هاوكات بژیوی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكیش له چنگی ده‌ربێت. ئه‌وه‌یكه له ٥ حه‌فته‌ی ڕابردوودا و پاش ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر دیتمان، نیشانه‌ی پێگه‌یشتوویی جه‌ماوه‌ری خه‌باتكار و كامڵ بوونی ڕه‌وتێكه كه له درێژه‌دا بێ گومان سه‌ره‌نجام كۆماری ئیسلامی بهچۆك دادێنێ.