بە پێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دا ، 53٪ی ئەو کەسانەی کە لە ئێران بە هۆکاری سیاسی لەسێدارە دراون “کوردن” و لە پارێزگای سنە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان تۆمار کراوە .
ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە زۆر بوونی ئاماری لەسێدارەدان لەنێو پێکهاتە نەتەوەییەکان دەربڕیوە و بەپێی راپۆرتەکەی لەنێوان ساڵەکانی 2010 بۆ 2020ی میلادی لانیکەم 129 کەس لە ئێران بە هۆکاری سیاسی لەسێدارەدراون کە 53٪ کورد، 26٪ بەلوچ و 13٪ عەرەب بوون . جاوید رەحمان، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان ، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی ئاماژە بە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و بەلووچ دەکات کە لە 4 مانگی سهرهتای ئەمساڵدا لانیکەم 24 کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندارکراون . هەروەها زیاتر لە 100 چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد دەستبەسەر کراون کە سزای زیندانی بەسەر لانیکەم 34 کەس لەو زیندانیانه سەپێندراوە و بەشێکی زۆریان بە 26 ساڵ زیندان مەحکووم کراون .