کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

٦ ملیارد دۆلار سودی مافیای سپای پاسدارانە لە فرۆشتنی مادە سڕکەرەکان

رۆژی دووشەممە ١٧ ی مانگی ڕەشەمە” سەلیم کەریمی” دەبیری شوڕای هاوئاهەنگی بەناو خەبات لەگەڵ مادەی موخەدر لە کوردستان لە رێوره‌سمێكدا بەناوی ” پاک” کە لە تالاری مەولەوی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، دوای شی کردنەوەی ڕێژەی ئالودە بوون بە مادەی سڕکەر لە کوردستان ئیعتیڕافی بە بوونی مافیای موخەدر لە ئێڕان کرد و وتی:” ئەم مافیایە لە ڕێگای فرۆشتنی مەوادی موخەدرەوە ساڵانە ٦ ملیارد دۆلار سودی خالیسی دەست دەکەوێ.”ئەم مافیایە کێیە؟ سروشتیە ئەگەر سلیم کەریمی جورئەتی ئه‌وه‌ی نەبێت لەم بارەیەوە لەوە زیاتر بچێتە پێش. بەڵام هەوان دەزانن کە ئەم مافیایە دامه‌زراوێك بێجگە لە سپای پاسداران و سەرانی نییە. سپای پاسدارانێک کە بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی مادەی موخەدری لە ئێران خستوەتە پاوانی خۆیەوە و تۆڕی بڵاو کردنەوەی ئه‌و مه‌واده‌ی هەموو گەڕەک و مەدرەسەیەک ڕیکخستوە. هەموو لابراتوارەکانی بەرهەمهێنانی ماده‌ی موخه‌دری شیشە لە کوردستان یان لە پاوانی سپای پاسداران دان یان بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی بە پەیمانکارانی سەربەخۆی سپاردوە. ئەرکی ئەم مافیایە هەم ئابووری و هەم سیاسیە. هەم هەموو ساڵێک لە ڕێگای ئەم بازرگانیە جەنایەتکارانەیەوە ٦ ملیارد دۆلار دەخاتە گیرفانیەوە و هەم بابەتی گیرۆدە کردنی لاوان وەک بەشێک لە یستراتیژی ناسراو به‌ “ئەمنیەتی بەردەوام” لە کوردستان دەباتە پێش.667

لەم رێوره‌سمه‌دا مێهدی حسێن زادە سەرۆکی ئیدارەی چالاکیە کۆمه‌ڵایەتیەکانی وەزاڕەتی عولوم، بە ئاماژە کردن بە ڕەوتی روو لە زیادبوونی گیرۆدە بوونی خوێندکاران بە مادەی موخەدر وتی:” ئامارەکان دەریدەخەن کە ٦/٢ لەسەدی خوێندكاران زانکۆیی ئێمە موعتادن و ئەم ئامارەش لە حاڵی زیاد بوون دایە و جێی نیگەرانیە.”

سیاسەتی موعتاد کردنی لاوان لە کوردستان لە لایەن سپای پاسداران، سەران و بەرپرسانی ڕێکخراوی ناوسراو بە ” پێشمەرگە موسڵمانە کوردەکان” و کاربەدەستانی شوڕای تەئمینی ئوستانە کورد نشینەکان لەوانە ” محەممەد ڕەزا ڕەحیمی” ئوستانداری ئەوکاتی کوردستان لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ دا بە کردەوە دەرهات. ئەم سیاسەتە لە ئێستادا ئاستێکی بەرینتری بە خۆیەوە گرتوە. هەرچەند ئامارێکی دەقیق لە ژمارەی گیرۆدەبوان بە بەڵای ماڵوێرانکەری مادەی موخەدر لە کوردستان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام دیاردەکان وای نیشان ئەدەن کە بەداخەوە رووی لە زیاد بوونە. لە ئاکامی ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیەدا جگه‌له‌ گیرۆدە بوونی بەسەدان هەزار کەس لە دوو نەسڵی لاوانی کوڕ، ژمارەی کچان و ژنانی موعتادیش لە کوردستان بەشێوەیەکی بێ وێنە زیادی کردوە. مامناوەندی تەمەنی گیرۆدە بوون بە مادە سڕکەرەکان دابەزیوە و هاتۆتە خوار ١٥ ساڵیەوە. دەست ڕاگەیشتن بە مەوادی موخەدر لە شار و دێهاتەکانی کوردستان هاسان تر لەهەموو کاتێکە.لە بەرانبەر به‌ وەها بارودۆخێکدا دەبێ چی بکرێت؟ ئایا دەبێ دەستەوەتان و شاهیدی لەبەین چوونی جەستە و رۆحی لاوان و تازەلاوانمان بین؟ له‌ راستیدا خەبات لەدژی گیرۆدە بوون بە مادەی موخەدر و پاک کردنەوەی کۆمەڵگای کوردستان لە مادەی موخەدر و گێڕانەوەی گیرۆدەبوان بۆ جه‌رگه‌ی کۆمەڵگا، جیاواز نییە لە خەبات لەدژی ڕژیمی ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی پێویستی بە گەردشی مادە سڕ کەرەکان لە کۆمەلگادا، بە خەمۆک بوون و بێ تەفاوەت بوونی کۆمەڵگا، بە دڵ مردویی و گۆشەگیری و چوونەوە نێو خۆی لاوان، بە بێدنگ بوون و خامۆشی ئه‌وان، بە مل کەچ بوون و هەست بەسوکایەتی کردنی هاوولاتیانی هەیە. ئەگەر لاوان شور و شادمانیان هەبێت، ئەگەر لە موسیبەتەکانی وەک گیرۆدە بوون به‌ ماده‌ی موخه‌در بە دوور بن، ئەگەر تواناییەکانیان به‌ره‌و ئه‌وه‌ هیدایه‌ت بكرێ كه‌ بیر له داهاتویەکی باشتر بۆ خۆیان و بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌یان بکەنەوە؛ زەوی لەژێر پێی ئەم ڕژیمەدا دێه‌ته‌ له‌رزین.بەڵام خەبات لەدژی مەوادی موخەدر و ئاسەوارەکانی، هەوڵدان بۆ دیسان پەوەردە کردنەوە و سالم سازی گیرۆدە بوان خەباتێکی کۆمەڵایەتیە. بەم واتایە کە دەبێ بەشێوەیەکی هەمە لایەنە و لە ئاستێکی بەریندا ڕەچاو بکرێت. گیرۆدە بوون بۆتە دەردێکی هاوبەشی بەشێکی بەرین لە خەڵکی کۆمەڵگای ئێمە. لەم ڕوەوە دەبێ رێگا چاره‌كانیش له‌م ئاستەدا بن. ئەگەر هەژاری و بێکاری و بێ ئاسۆیی لاوان ئەوان بەرەولای ئیعتیاد بە مادە سڕ کەرەکان پاڵ پێوەدەنێ، دەبێ بەرەنگاری ئەم دیاردانە بینەوە. ئەگەر دایک و باوک و کەسوکار بە تەنیایی ناتوانن کۆنترۆڵی ئەم بەڵا ماڵوێرانکەرە بکەن لە بنەماڵەدا، پێویستە کۆمەڵگا بە یارمەتیانەوە بێت. ئەگەر سپای پاسداران و بەسیج سەرچاوەی پەەردان بەم خەسارە کۆمەڵایەتیەن، پێویستە ئیفشا و ڕێسوا بکرێن و لاوان ئاگادر بکرێنەوە نەکەونە داوی پێلانەکانیانەوە. ئەگەر وردە فرۆشه‌كانی مەوادی موخەدر هاوسا و هاو گەڕەکی ئێمەن، دەبێ بە ئیبتیکاراتی خەڵکی و جەماوەری لە گەڕەکەکاندا هه‌موان ئه‌نگوست نیشانیان بكه‌ن، په‌راوێزیان بخه‌ن و به‌م جۆره‌ ته‌نگیان پێ هه‌لچنن.یەکێکی تر لە شێوەکانی هەمیاری کۆمەڵایەتی لە خەبات کردن لەدژی پەرەسەندنی مادەی موخەدر و دەرمان کردنی گیرۆدە بوان، بەشداری، بەهێز کردن و پشتیوانیە لەو تەشەکولە سەربەخۆیانەی لە پێناو تەرکی ئیعتیاد دا تێدەکۆشن. ڕێکخەرانی تەشەکولە نا حکومەتیەکانی خەبات لەدژی ئیعتیاد زۆرتر ئەو ئینسانانە پێکی دێنن کە خۆیان رۆژانێکی تاڵیان بە دەست ئیعتیادەوە تێپەڕاندوە و له‌م بواره‌دا خاوەنی گەلێک ئەزمونی تایبەتن. کۆماری ئیسلامی کە لە سێبەری خۆشی ئەترسێت، لە بوونی هەموو کۆڕ و كۆمه‌ڵێكی ئیسنادۆستانە و پێشکەوتن خوازانەش هەست بە مەترسی دەکات، بە ڕوانگەیەکی ئەمنیەتیەوە دەڕوانێتە ئەم رێكخراوانه‌، لەم ڕوەوە ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم لەم پێوەندەدا نە تەنیا یارمەتی ئەم ناوەندە خەڵکیانە نادەن، بەڵکو بە بیانوی جۆراو جۆر کۆسپ دەخەنە سەر ڕێیان. لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر گوشاری خەڵکدا ناچار بووە هێندێک کەمپی تەرکی ئیعتیاد لێرەو لەوێ بکاتەوە. پێویستە ڕژیم بۆ باشتر کردنی بارودۆخی کەمپەکان، لە ئیختیارنانی ئیمکاناتی پزیشکی و دەرمانی پێشکەوتو، دەرهێنانیان لە حاڵەتی فۆرماڵ و ڕەفعی تەکلیف بخرێتە ژێر گوشارەوە. یارمەتیدانی ئەم تەشەکولانە و هەوڵدان بۆ بەرپا کردنی ڕێکخراوی لەم جۆرە بە کردەوە لەخزمەت خەبات لەگەڵ ڕژیمێک دایە کە سەبەبکار و هۆکاری بەردەوام مانەوەی ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیەیە لە ئێران.

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah