کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

٥ی مانگی به‌فرانبار بكه‌ینه‌ ڕۆژی ڕێزگرتن له‌ یادی هه‌موو قوربانیانی ڕژیم

6x0ogWxi 300x300 1

6x0ogWxi 300x300 1

به‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی بانگه‌وازی بنه‌ماڵه‌ی داخ دیتووی چوار ده‌یه‌ كوشت و كوشتاری ڕژیم به‌ تایبه‌ت كوشتار مانگی خه‌زه‌ڵه‌وه‌ر، زۆربه‌ی ڕێكخراو و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری، ژنان، خوێندكاران، موعه‌لیمان، خانه‌نشینان و چالاكانی مه‌ده‌نی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌، ڕۆژی ٥ی مانگی به‌فرانباریان وه‌ك ڕۆژی ڕێزگرتن له‌ یادی هه‌موو قوربانیانی ده‌ستی ڕژیمی ئیسلامی دیاری كردووه‌. پێویسته‌ ئه‌م ڕۆژه‌ بكرێته‌ ڕۆژی دادخوازی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا بوونه‌ته‌ قوربانیی سه‌ركوتگه‌ریه‌كانی ڕژیم، پێویسته‌ ببێته‌ ڕۆژی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ زیندانه‌كان كه‌وتنه‌ به‌ر قه‌مچی و شه‌للاق، هه‌موو ئه‌وانه‌ی وا له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كان ده‌ستڕه‌نجیان به‌ تاڵان چوو، پێویسته‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ببێته‌ ڕۆژی دادخوازی ژنانی سه‌نگسار كراو و منداڵانێك كه‌ هه‌موو خۆشیی منداڵی و تازه‌لاویان له‌سه‌ر چوارڕا و له‌ناو كارگه‌كاندا فه‌وتا.

كوشتاری مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و به‌ند كردنی هه‌زاران كه‌س بۆ جارێكی دیكه‌ بیره‌وه‌ری هاوینی ده‌یه‌ی ٦٠ی هه‌تاوی و ساڵه‌كانی دواتری له‌ بیر و زه‌ینی مێژووی كۆمه‌ڵدا زیندوو كرده‌وه‌. ئه‌و نه‌سڵه‌ی كه‌ له‌و ساڵه‌ پڕ له‌ ترس و زه‌بر و زه‌نگانه‌دا ژیاوه‌، باش له‌بیرێتی كه‌ چۆن پاسه‌وانانی جه‌هل و خورافه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان لاوانیان خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرد. له‌ بیریانه‌ كه‌ چلۆن حوكمی ئێعدام و تیربارانی فه‌له‌یی ده‌رده‌كرا. بیری مێژوویی كۆمه‌ڵ له‌ یادێتی كه‌ دژه‌ شۆڕش، چۆن له‌ ڕۆڵه‌كانی شۆڕش تۆڵه‌ی ده‌ستانده‌وه‌. هه‌ر سه‌رهه‌ڵدانێك له به‌رامبه‌ر سه‌قامگیری و نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی نه‌زمی تاڵانكه‌ری دژه‌ مرۆیی، كه‌ ئه‌م جاره‌یان كه‌وتبووه‌ ده‌ست دواكه‌وتووترین ئیدێئۆلۆژیه‌وه‌، ده‌بوایه‌ به‌ وه‌حشیانه‌ترین شێوه‌ له‌ناو چووبایه‌. بنه‌ماڵه‌ جه‌رگ سووتاوه‌كان ته‌نانه‌ت هیچ هه‌واڵێكیان له‌ ئازیزانیان پێنه‌ده‌درا. دایك و باوك له‌ نه‌بوونی ڕۆڵه‌كه‌یان بۆ وه‌رگرتنی هه‌واڵێك ته‌نانه‌ت نه‌یانده‌زانی ڕوو بكه‌نه‌ كوێ. ژنان و پیاوان له‌ نه‌بوونی هاوسه‌رانیان نه‌یانده‌زانی چ وڵامێك به‌ منداڵه‌كانیان بده‌نه‌وه‌. زۆرێك له‌ داخداران ته‌نیا كاتێك كه‌ دوایین شڕه‌ی لیباسی ئازیزه‌كه‌یان پێده‌د‌راوه‌ و یان پێیان ده‌وترا كه‌ پووڵی گولله‌ی ناو جه‌سته‌یی ڕۆڵه‌كه‌یان ده‌بێ بده‌ن، ئه‌وكات ده‌یانزانی كه‌ ئازیزه‌كه‌یان له‌ ده‌ست داوه‌. به‌جێماوان، له‌ گۆڕه‌ بێ ناو و نیشانه‌كاندا بۆ دیتنه‌وه‌ی ئاسه‌وارێك له‌ دایك و باوك و هاوسه‌ر و لاوانیان ده‌گه‌ڕان. ده‌بوایه‌ چه‌ندین ساڵ تێپه‌ڕ بوایه‌ تا كه‌سانێك كه‌ له‌م جینۆسایده‌ ده‌رباز ببوون، بیره‌وه‌ریه‌كانیان گێڕابایه‌وه‌ تا كۆمه‌ڵ زانیبایه‌ی كه‌ چ كاره‌ساتێكی وه‌حشیانه‌یان به‌سه‌ر هاتووه‌.

به‌ڵام ئێستا كۆمه‌ڵی ئێران، كۆمه‌ڵی ساڵه‌ خوێناویه‌كانی ده‌یه‌ی ٦٠ نییه‌ كه‌ جه‌للادان بتوانن به‌ شێوازی شاراوه‌ و له‌ ناو سیاچاڵه‌كاندا گیانی ڕۆڵه‌كانی خه‌ڵك بستێنن و له‌ گۆڕه‌ بێ ناو و نیشانه‌كاندا بیانخه‌نه‌ ژێر گڵ. ئێستا خه‌ڵك ته‌رمی ئازیزانیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شان و به‌ مه‌یدان و شه‌قامه‌كاندا ده‌یگێڕن تا هه‌موان هه‌واڵی جه‌نایه‌ت و ئینسان كوشتن ببیستن و كه‌سیش نه‌توانێ بڵێ نه‌مدی و نه‌مزانی و نه‌مبیست. ئێستا ئیتر جه‌نایه‌تكارانی ڕژیم ناتوانن  به‌ زه‌بری زنجیر و شه‌للاق به‌ناو ئیعتراف‌ له‌ به‌ندكراوان وه‌رگرتن كه‌ ده‌ست و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كی بوون. ئێستا كاتێك كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دراوان به‌ هیمه‌تی خۆڕاگری خۆیان و پشتیوانانیان ئازاد ده‌بن، له‌ هه‌موو شوێنێك، كرده‌وه‌ دژه‌ مرۆییه‌كانی ڕژیم له‌جاڕ ده‌ده‌ن و ڕسوای ده‌كه‌ن. كۆمه‌ڵ ئیتر مانگرتنی قاره‌مانانه‌ی هه‌فت ته‌په‌ و فولادی ئه‌هوازی بینیوه‌، شوێنێك كه‌ درووشمی شورا، نان و كار و ئازادیی لێ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌. كۆمه‌ڵ مانگرتنی چه‌ندین حه‌فته‌ی هێپكۆ و ئازه‌رئابی دیتووه‌، جێیه‌ك كه‌ تێیدا كرێكاران له‌ به‌رامبه‌ر په‌لاماری هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم موقاومه‌ت ده‌كه‌ن و ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن “نه‌ شه‌لاق، نه‌ زیندان، ئیتر كاریگه‌ر نییه‌”. كۆمه‌ڵ، مانگرتنی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، كرێكارانی پێترۆشیمی و هه‌زاران ناڕه‌زایه‌تی كرێكاریی هه‌ر له‌ ماوه‌ی یه‌كساڵی ڕابردوودا ته‌جروبه‌ كردووه‌، له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا، ژنانی بوێر له‌سه‌ر سه‌كۆكانه‌وه‌ په‌چه‌ و حیجاب فڕێ ده‌ده‌ن و له‌ مێترۆكاندا بۆ خه‌ڵك له‌ ٨ مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، ده‌دوێن. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ خوێندكارانی له‌ ١٦ی سه‌رماوه‌زدا بینی كه‌ هاواریان كرد: “له‌ هه‌فت ته‌په‌وه‌ ‌تا تاران، زه‌حمه‌تكێشان‌ له‌ زیندان– سفره‌مان به‌تاڵ كرا، خه‌زه‌ڵوه‌ر خوێناوی كرا – هه‌ژاری، كوشتار، گرانی، خه‌ڵك بوون به‌ قوربانی – سه‌ركوت كۆتایی ڕێ نییه‌، خۆڕاگری ژیانه‌ – كرێكار، موعه‌لیم، خوێندكار، یه‌كگرتن یه‌كگرتن“. كۆمه‌ڵ، خانه‌نشینانی بینیوه‌ كه‌ هه‌ر له دوو ڕۆژی ڕابردوودا له‌ به‌رامبه‌ر مه‌جلیسی ڕژیم هاواریان كرد: “تا مافمان وه‌رنه‌گرین، ده‌ست هه‌ڵناگرین – نان و ده‌رمان و ژیان، مافی بڕاوه‌مانه‌‌.”

ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌، نه‌سڵێكی نوێ، وشیار و بوێری له‌ هه‌ڵسووڕاوان و ڕێبه‌رانی كرێكاری، له‌ داكۆكیكارانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، له‌ موعلیمانی عه‌داڵه‌تخواز و له‌ پارێزه‌رانی ژینگه‌ و مافی منداڵان، له‌ ڕێبه‌رانی ڕادیكال و شۆڕشگێڕی خوێندكاری تێدا په‌روه‌رده‌ بووه‌. كۆمه‌ڵ له‌ ئاخێزی مانگی به‌فرانباره‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ملا، هه‌نگاوی مه‌زنی به‌ره‌و یه‌كلایی بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕژیم هه‌ڵگرتووه‌. كاتێك كه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان درووشمی “مه‌رگ و نه‌مان بۆ دیكتاتۆر” به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌‌،  كێ ده‌توانێ حاشا له‌ دابڕانی مێژوویی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و ڕژیم بكات. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ ئیتر كۆمه‌ڵی خه‌باتی به‌رگرانه‌ نییه‌، به‌ڵكوو بووه‌ته‌ كۆمه‌ڵی ئاخێز و ڕاپه‌ڕینه‌كان. لێره‌ ئیتر خه‌باتكارانی مه‌یدانی نه‌به‌رد، سه‌مبۆله‌كانی ڕژیم واته‌ حه‌وزه‌ و فه‌رمانداری و پازگا و بانكه‌كان ئاگر تێبه‌رده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌شێكیان سه‌مبۆلی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیدێئۆلۆژیكی ڕژیمن و به‌شێكی دیكه‌شیان سه‌مبۆلی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ئابووریه‌ تاڵانكه‌رانه‌ن‌ كه‌ ڕژیم پاسه‌وانیان لێده‌كات. ئیتر جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بۆ داخوازیی “ده‌نگی من كوا” نایه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئێستا ئیتر ترس و تۆقاندنی ڕژیم كاریگه‌ر نییه‌. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ ئاستێكی بریندا له‌ هه‌موو ئه‌و گوتار و درووشم و بۆچوونانه‌ی كه‌ مۆری ڕابردوویان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ تێپه‌ڕبوون. ئه‌وه‌ ئیتر هه‌ژاران و په‌راوێزنیشیان و ده‌ست به‌تاڵ كراوانن كه‌ مۆری خۆیان ده‌كوتنه‌ سه‌ر هه‌موو ڕاپه‌ڕین و ئاخێزێك. له‌ ئێستادا، له‌ناو دڵی هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاریانه‌دا، جه‌رگ سووتاوانی كۆمه‌ڵ عه‌زمیان جه‌زم كردووه‌ كه‌ ٥ی مانگی به‌فرانبار بكه‌نه‌ ڕۆژی ڕێزگرتن له‌ هه‌موو قوربانیانی چوار ده‌یه‌ سه‌ركوتگه‌ری ڕژیم.

ئیدعانامه‌ی ئه‌وان ئیدعانامه‌ی ملیۆنان ئینسانه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا بوونه‌ته‌ قوربانی. ئیدعانامه‌ی كرێكارانی تیرباران كراوی مسی سه‌رچشمه‌، كرێكارانی به‌ندكراوی هه‌فت ته‌په‌ و فولاد، كرێكارانی شه‌للاق لێدراوی هێپكۆ و ئازه‌رئاب، ئیدعانامه‌ی خوێندكاران و موعه‌لیمانی به‌ندكراو و خانه‌نشینانی هه‌ژار، ئیدعانامه‌ی كۆڵبه‌ران گولله‌ لێدراو و سه‌رمابردووی كوێستانه‌كانی كوردستانه‌ كه‌ گیانیان له‌به‌ر نان به‌خت كرد و ئیدعانامه‌ی ژنانی سه‌نگسار كراو و منداڵانی كار و سه‌رشه‌قام و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ داخداری نابوودی خۆیان و ئازیزانیانن. هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ ڕۆژی ٥ی مانگی به‌فرانبار بكرێته‌ ڕۆژی ده‌ربڕینی ئیدعانامه‌ی ملیۆنان ئینسان و ڕۆژی هاتنه‌ سه‌رشه‌قامی هه‌موو جه‌رگ سووتاوانی كۆمه‌ڵ.