کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

وەهمی ئەشکەوتی سوور

وەهمی ئەشکەوتی سوور

(بۆ هاورێیانم ناسری حەقپەرەست و یوسفی عەلیپور)

یونس.م

گەڵۆ

ئێمە پێکەوە جۆلانەی کتێبی سوورمان پاڵ پێوە نا

پێکەوە ئەستێرەی سوررمان

پەلکێشی ئاسمانی بڕوامان کرد

هەر پێکیشەوە ئەسپە شێی بروامان

بەرەو مەنزڵگەی ئاوات تاو دا

ئا

لە یادمە ئیوارەیەک

کە رژدی هاورێیەتی هاورێکانمان جۆکی لەسەر سینگمان توند کردبو

وتم مەیە بۆ ناو سەنگەر

با کەسێک هەبێ

گوڵی سەر گۆری شەهیدەکان ئاو بدات

با کەسێک هەبێ ئاوپرژێنی

کوچەو کؤڵانی ویشکەرۆی

هەناسەمان بکات

با کەسێک هەبێ

بۆنی دایک

بۆنی میخەکمان بە سەر دا ببارێنێ

کاتێک من تۆزی سەر رەفەی کتێبە سوورەکانم دەتەکاند

تۆ هاتی و وتت

هاورێی

چ لە لـمی سەر دڵمان دەکەیی؟

وەک خەونێکی دوور و کاڵەوە بو

لە چەشنی

هاورێیەتی هاورێکانمان

یان وەک نوسراوە سوورەیەکی سەر هەڵمی

پەنچەرەی بڕوامان

کە گەرمی هەتاو هێدی هێدی دایدەجۆرێنێتە

ناو گؤڵدانی گولە وشک بۆکانی هیوامان

تۆ!!!!

دێتەوە یادم

ئەرێ تۆ خۆت بوی

تاشۆیەکی ژەنگاویت لە شان دابو

ریزێک فیشەکدان و دوو نارنجۆکیش بە کەمەرتەوە

نیگابانی ١٢ شەو بەدواو بویت

من هاتم و سیگارێکمان پێکەوە داگیرساند

وەک دڵمان خستمانە ناو دەستمان

تۆ وتت

من نیگابانی رۆحی تەزیوی خۆمم

ئەی تۆ؟

من وتم

لەوەتەی هەم کێشکچی خەونەکانی خۆم و

فرمێسکەکانی دایکم و

پێناسە کاڵەوە بۆکەی باوکم و

ئەستێرە سوورەکەی ئاسمانی

زیندانی وڵاتم

ئەو شەوە وتم

تۆ مەیە بۆ ناو سەنگەر

با کەسێک هەبێ ئەستێرەی سوور گوڵدۆزی بکات

ئێمە پێکەوە

عەرەبانەی فەلسەفە تۆزاوێکەمان پاڵ پێوە نا

پێکەوە هاوارمان بۆ نان و

بۆ ئازادی کرد

من پێشمەرگەیەک بوم لە وەهم

وەک با بە ناو سەنگەرەکاندا دەهاتم و دەچوم

تۆش گوڵەگەنمێکی سوور

کە لەسەر سەنگەرەکان دەروای

من فێشەکدانەکانم بەتاڵ بە تاڵ دەکردەوە لە پوجی و

تۆش بە سوتوی سیگارەکەت

دەتهەویست خوێنی جەستەم بگیرسێنێوە

من پێشمەرگەیەک بوم

بە بێ برین خوێنم لیدەچۆڕا

پێکەوە بوینە قاچاخچی و

شەپۆلی دەنگی قاچاخمان ئاودیو دەکرد

پێکەوە بوینە قاچاخچی دەنگی قاچاخ

مایکی قاچاخ

سرودی قاچاخ

شێعری قاچاخ

دەرمانی زامی قاچاخ

دروشمی قاچاخی سەر دیوار

گەروی قاچاخی سەر شەقام

نامەی قاچاخی سەر دڵی دایکە شەهید

مانگرتنی قاچاخی کرێکار

دڵداری قاچاخ

سوێندی قاچاخ

مەرکەبی قەڵەمی قاچاخ

نانی قاچاخ

دروشمی سپی سەر ئالای سووری قاچاخ

خوێن و خەیاڵ و خەون و خەبات و خەڵات و خۆر و خۆزگەو خوڕەی ئاوی قاچاخ

من پێشمەرگەیەک بوم پڕ لە پرسیار

تۆ گوڵە گەنمێکی سوور

گەلۆ

لە سەر کانییەکە دانیشتین و

سیگارێکمان داگیرساند

تۆ وتت

راستە بویتە جەستەیەک لە وەهم و

پرسیار مێشکی کۆڵیوی؟

من وتم

هاورێ

ئێمە چ بە سانایی

لە سەر ترۆپکی باوەرمان

کەوتینە داوی ئەو فەلسەفە سەر شیتە

تۆ مەچۆ بۆ ناو سەنگەر

بە کەسێک هەبێ تۆوی وەهم بچێنێ

ئەو کاتە من

لە ناو رۆحی خۆمدا بەند کرابوم

قوڵپی رشانەوەی هاورێیەتیم دەداو

دەچومە ناو دێڕەکانی فەلسەفە تۆزاوییەکە

وتم

تۆ مەچۆ بۆ ناو سەنگەر

باکەسێک هەبێ

ئەم تۆزو غوبارەمان لێبتەکێنێ

ئەو شەوەی

ویستمان ئەستێرە سوورە کاڵەوەبۆکەی ئاسمانی سەر ئوردوگا رەنگ بکەینەوە

من بە خۆم وت

بگری

بگری بە کوڵ

ئێمە بوینە سەرچۆپی کێشی گریان

سەرچۆپی کێشی ئەم گریانی دۆڕانی خودە

تۆییت

منم

تۆییت

منم، منم ،منم

تۆییت، تۆییت، تۆییت

گوڵاڵە سوورە پەڕ پەر بۆکەی باوەڕمان

هەڵدایە ئەو سارای وە‌همەوە

جەستەمان لمی لێدەچۆڕا

چ ئازارێک بو

ئەم دۆڕانی باوەڕە

چ دیمەنێک بو ئەم سەرچۆپی کێشی گریانە

من پێشمەرگەیەک بوم لە تارمایی و

بە ناو سەنگەرەکاندا دەهاتم و دەچوم

گەلۆ

ئەو شەوەی پێکەوە نیگابانی ئۆردوگایەک

لە کپی و بێدەنگی بویین

پێکەوە پاڵمان وەدیواری ئاودەستی فەلسەفە تۆزاوییەکەوە دابو

تۆ باسی کۆشکت کرد و

من رشامەوە

چۆنکە بۆنی خوێن کاسی کردبوم

بە خوێن کەوتبوم

رۆژانە پیاسەی شۆستەکانی شاری شەهێدانمان دەکرد

بۆنی شەهید شێتی دەکردین

ئێمە بۆن و رەنگی شەهیدمان گرتبو

گەلۆ

لە بیرمە

ئێمە پێکەوە فەرمانمان پێگەیشت

هەمو شەهیدەکانمان لە گۆڕەکانیان دەرهێناوەو

لە بەربەیانێکدا گوللە بارانمان کردن

لە شەوێکی ساـماڵدا

ئۆدوگا پرخەی غەفڵەتی دەهات و

ئێمە پێکەوە

کێشکچی رۆحی خۆمان بویین

تاقمێک داوەڵی سەرو چاو داپێچراو

هاتن و وەک ئێمە گۆرەکانیان هەڵدایەوە

شەهیدەکان ژمارەیەکیان مابون

ژمارەیەکیان هێشتا خوێنیان لێدەچۆرا

جؤڕاوگەی خوێنان تاکو بەر پی داوەلەکان

درێژ دەبۆوە

ژمارەیەکیان هەر بە پێوە بون

ژمارەیەکیان گەللە هەر بە جەستەیانەوە بو

چەند گۆرێک بە تەنیا

دەستێک

لاقێک

یان چاوێکیان تێدابو

ژمارەیەکیان بۆنی سێویان لێدەهات

داوەڵەکان ریزیان کردنو دایانە بەر دەسترێژی گوللە و خستیانەوە ناو گۆڕەکانیان

کێل و پێناسی تازەیان بۆ نوسین

بە دەم گوللە باران کردنیشەوە

داوەلەکان سرودی

ئەی شەهیدانیان دەوتەوە

هاورێم

ئێمە بۆنی خاکمان لە بیر جوبۆوە

بۆنی شەقام

بۆنی کارگاو مەزرا

بۆنی دایک و

بۆنی ئاومان لە بیر جوبۆوە

هاورێم

ئێمە خۆشمان لە بیر جوبۆوە

وتم خەونم دیوە

تۆ مەیە بۆ ناو سەنگەر

با کەسێک هەبێ تەفسیری

ئەو خەونە بۆ سەنگەرەکان بکا

لە خەوما

لەم سارای کپی و بێدەنگییەدا

لە تاریکی و جەهلی باوەرەدا

ئەسپێکی تەوێل سپی

شەکەت و ماندو

بێواز، بێواز

سینگی بومەڵیڵی ئەدڕی و خۆی دەکرد

بەم خەراباتی هاورێیەتێدا

من وتم

لە سنەوە

تۆ وتت نا

لە مەهاباد و کرماشانەوە

نا لە تالەسواری حەس حەسی باوەڕەوە

تولە رێگای ئازاری بریوە

جەنازەی هەڵۆیەکی لە سەر زینە سوورەکەی پێیە

باڵی هەڵۆ لەو لاو لای زینەکەوە شۆربونەتەوە سەر عەرز و خوێنیان لێدەچۆری

دڵی پێکراوەو هاڵاوێکی گەرم لە جێ گوللەی سەر دڵی دێتە دەر

ئەسث ئەحیلێنی و بۆنێکی غەریب لە هەناسی دێت

لە خەوما

ژنێک لە سەر جەنازەیەک

خوێن دەگری

لە خەوما

وێنە لە چوارچێوە گیراوەکەی

کاک فوئادمان

لە دەست کەوتە خوار

لە خەوما

کانییەکە لێوی لێقرچاندین

داربەڕۆکان

کەوتنە سەر پشت و قاقا پێمان پێکەنین

لە خەوما

چیاکان پشتیان تێکردین و

نەیانهێشت سەر بخەینە سەر شانیان

لە خەوما

ئێمە رەوە ئاسکێکی تەزیو بویین

نەماندەتوانی

لە رەوەزە بەردەکەی بەردەم ئەم ئەشکەوتی سوورە هەڵزنین

لە خەوما

دارتێلەکان چی دی نەبونە پەیژەو

هەناسەی ئێمەیان بۆ ئاسمان نەدەگواستەوە

لە خەوما تاقەدار

بە دەستێک بە سەر سەری خۆێیدا دەکێشاو

بە دەستێکیش

بە تەور لە رەگەکانی خۆی دەدا

لە خەوما

کانی شەفا و گوێزە کوێر تفیان تێکردین

لە خەوما

موزەلییە لولە کورتەکەی کاک فوئادمان ون کردبو

دوایی دەکەوت خۆی خۆی حەشارداوە

لە خەوما

قەڵەمەکەی دوکتور جەعفەر

لە رێگای هەندەرانەوە

لە ئاوی ئیجەدا خەنکاوە

لە خەوما

دەفتەرەکەی کاک سدیق

دڕاوەو

خۆی خۆی ئاگرداوە

لە خەوما

هۆملمان بەسەردا روخاوە

ئاربابا لە قوماری سیاسەتدا

لوتکەکەی دۆڕاندووە

قۆلقوڵاخ حیزبایەتی دەکاو

ئەسپەرێز داوەشاوە

گەلۆ

لە خەوما

نەماندەزانی تەفسیری بۆنی سێو بکەیین

نەمدەزانی

بۆچی هێشۆ تری بۆنی نەوت دەدا

بۆ هەنجیر سپێ هەڵگەڕاوە

هەنار بۆ زەرداو دەهێنێتەوە

لە خەوما

دیوارە لمییەکانی ئەم باوەرە

بە تەزوی ساردی باوڕمان

دەروخان

لە خەوما

کەڵاشینکۆفەکەم مانی لە تەقە گرتووە

لە خەوما

میکرۆفۆنە قاچاخەکەمان سەرمای هاورێیەتیمان

توشی لەرزو تای دەکرد و نوزەی دەرنەدەهات

لە خەوما

بە میلۆدی سرودەکان هەڵدەپەرین

لە خەوما

لە جیاتی وتاری سیاسی

نوکتەی بی ناموسیمان بە لەحنی بێشەرەفی

بۆ گوێگرەکان دەگێڕاوە

لە خەوما

لە سەر کانییەکە

جلە چڵکنەکانی فەلسەفە شەرشێتەکامان

بە خۆڵ دەشورد

وتم مەیە بۆ ناو سەنگەر

با کەسێک هەبێ تەفسیری ئەم خەونە

بۆ شەهیدەکان بکا

لە خەوما

خەونم بە وەهمەوە دەبینی

رەشەبای وەهم هەڵیکرد و

بویین بە تۆزو خۆڵی وەهم و

پڕژاندینێ سەر دارو دیواری ئەم کۆشکی وەهمەو

بۆ هەتا هەتایە لە بیر چوینەوە

مانگی ١ی ٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندیدار

لە دایک بوونی چاڕلی چاپڵین: پێداچوونەوەی “دیکتاتۆری گەورە”

“گیرۆدەیی” نەخۆشییەکی درێژخایەن و جیهانی!

کارگەیەک بە بێ خاوەنکار: ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کرێکاران لە ئەرژەنتین

لاوێن ئەمانی

کورد و نەورۆز و زامی ساڕێژ نەبۆوەی نەتەوەیەک و پێویستی هەستانەوە و خەباتی شۆڕشگێرانە و رزگاریخۆازانە گەلی کورد

ئه‌یووب ده‌باغیان

له یادی پۆله هەڵۆکەی گوردانی شوان

حەسەن رەحمان پەناە

مناڵ هاوسەری دیاردەیەکی دزێو و جنایەتکارانەی روو لە گەشەی ئێران و کۆمەڵگا دۆاکەوتوو و مەزهەبیەکان

ئه‌یووب ده‌باغیان