کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وەعدە و بەڵێنە بێ ناوەرۆکەکانی ئوستانداری کوردستان

لەم دواییانەدا مانگنامەی ژیوار وتووێژێکی لەگەڵ عەبدولحەمید زاهدی، ئوستانداری کوردستان، کردوە و ئەوی لەژێر ناوی فریوکارانەی ” کوردستان نابێ تا ئەم ڕادەیە پاشکەوتو ڕابگرایە” بڵاو کردۆتەوە. ئەم مۆرە ئەمنیەتیەی ڕژیم دەڵێ ٧ ساڵ بەرپرسی سیاسی ئەمنیەتی کرماشان و ٩ ساڵ ئوستانداری ئیلام بووە کە هەردوو بەرپرسیاریەتیەکەی لەباری ئەمنیەتیەوە بۆڕژیم هەستیارن. ئەو لەگەڵ ئەوەی کە لە ساڵی ٨٤ دا خانەنشین کرا، بەڵام لە ساڵی ٩٢ دا لەلایەن باندی ئەمنیەتی رۆحانیەوە بانگ کراوەتەوە بۆ خزمەت. ئەو ئێستا ئوستانداری ئوستانێکە کە بەهۆی پێشینە مێژووییەکەی و بەو دەلیلە کە لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردودا بەردەوام یەکێک لە کانونەکانی خەبات بووە، بەرپرسانی ڕژیم بەچاوێکی ئەمنیەتیەوە بەرخودیان لەگەڵ کردوە و یان لەژێر حکومەتێکی نیزامی ڕانەگەیەدراودا بەڕێوەبراوە.زاهدی لە پێشەکی وتووێژەکەیدا وتویەتی کە هۆکاری دیاری کرانی وەک ئوستاندار، ئاشنایەتی بووە لەگەڵ فەرهەنگی خەڵکی کورد و ئیرادەتێک کە سەبارەت بەو خەڵکە لەم ناوچەیەی وڵاتدا هەیەتی. ئەو لە شوێنێکی دیکە لە وتووێژەکەیدا وتویەتی:” کوردستان بەو زەرفیەتانەوە کە هەیەتی نابێ تا ئەم ڕادەیە پاشکەوتو ڕابگیرابایە”. ئەم بەم جۆرە دەیەوێ بەشێوەیەکی فریوکارانە بڵێ کە نەک بۆ سەرکوتی خەباتی کرێکاری و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، بەڵکو بۆ خزمەت کردن و ئاوەدان کردنەوە هاتوە. ئەو لەم وتووێژەدا کۆمەڵێک بەڵێنی بێ ناوەرۆکی تێکرار کردەوە کە لە ماوەی تەمەنی ڕژیمدا بەردەوام بە خەڵک دراون. ئەو وتی کە دروست کردنی ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندن و ئاو و سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی فولاد و پیتروشێمی لە کوردستان لە ئەولەویەتی کاری دەوڵەت دایە. زاهدی لە وڵام بە پرسیارێکدا لە پێوەند بە بێکاری پەتەی هێنانی پیشەسازی پایەداری بۆ کوردستان خستە سەرئاو. ئەو قەبوڵی کرد کە بێکاری لە کوردستاندا لە ئاستی قەیراندایە و وتی ڕێگاچارەی خۆی و دەوڵەتەکەی بۆ نەهێشتنی بێکاری پاراستنی ئەو شوغڵانەی لە ئێستادا بوونیان هەیە و گەشەدانە بە مەشاغڵی بچوک لە ئاستی شار و دێهاتەکاندا. کاتێک کە ئەم بڕیارانە بەکردەوە دەرهاتن تازە نۆبەی یەکە و ناوەندە بەرهەمهێنە مامناوەندەکانە. زاهدی سەبارەت بە واحیدە سەنعەتی و بەرهەمهێنە گەورەکان وتی کە ئەوانە لەگەڵ سەفەری وەزیری پیشەسازی، مەعدەن و توجاڕەت جەختیان لەسەر کراوەتەوە و قەرارە کە تەنیا ئیجازە بە کەسانێک بدرێت بەهرەبەرداری لە مەعدەنەکانی ئوستان بکەن کە بەرهەمەکان لەنێوخۆی ئوستاندا پاڵاوتە بکەن و نەیگوازنەوە بۆ دەرەوەی ئوستان، لەبەر ئەوەی کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پیشەسازی پێوەندیدار لەگەڵ مەعدەنەکان لەنێوخۆی ئەستاندا چالاک بن و ببێتە هۆی ڕەخسانی هەلیکار.609
ئەم وتووێژە نیشانی ئەدات کە ئوستانداری کوردستان باش دەزانێ کە کاری ڕژیم لە کوردستان درێژەدانە بە سیاسەتی لەپێشینەی و ئەویش بەرگرتنە لە دروست بوونی بنەمایەکی بەهێزی سەنعەتی و کەشاوەرزی لە ئوستاندا. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تیمی ئەمنیەتی رۆحانی بە تەئیدی سپا لە قۆناغێکی هەستیاردا ئەوی ناردۆتە کوردستان تا لەپاڵ هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکاندا بەربە دروست بوونی ئاخێزی کرێکاری و جەماوەر بەگشتی بگرێت. ئەو بۆ ئەنجامدانی مەئموریەتە دژی ئینسانیەکەی لە پاڵ سپا، بەسیج، ئەڕتەش و ئیدارەی ئیتلاعات، بەکارهێنانی هێزی سەرکوت، هاودەردی و هاو دەنگی درۆینە لەگەڵ خەڵک، لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتنی خەڵک بەهیوای لوتفەکانی دەوڵەتی خستوەتە دەستورتی کاریەوە. دەستدانە گەلێک مانۆڕی نیزامی، ناردنی هێزی تەقویەتی نیزامی بۆسەر سنورەکانی کوردستان، گرتن و توند کردنەوەی گوشار بۆسەر چالاکانی کرێکاری، توند کردنەوەی گوشار لەسەر ژنان، بەرپا کردنی سمینار و کۆنگرە بۆ هیوادار ڕاگرتنی هێزە بەکرێگیراوە ناوچەییەکان و هەروەها بەهێز کردنی ئاخوندەکان و فرسەت تەڵەبانی مەزهەبی بەگشتی لەم ڕاستایەدا ئەنجام دراون.
ئەم هەموو کردارانە لە بارودۆخێکی دیاریکراودا خراونەتە دەستوری کارەوە کە دەکرێ بەم شێوەیە ئاماژە بە بەرچاو ترینیان بکڕێت: دوای بەرجام مەوقعیەتی کۆماری ئیسلامی لاواز بووە. هیوای ڕژیم بە پێکهێنانی هەموو جۆرە ئاڵگۆڕێکی ئابووری لە کورت ماوەدا بە با چووە و لەسەر ئەم بنەمایە ناکۆکی باڵەکان توندتر بۆتەوە. بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری ئاستێکی بێوێنەی بەخۆیەوە گرتوە. خەڵک لەهەمووکات زیاتر هیوایان بە باشتر بوونی بارودۆخەکە لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا لەدەستداوە. لە هەمانحاڵدا ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش سەربەخۆ لە هۆویەتی نەتەوەیی و مەزهەبی لە کوردستانی سوریە حکومەتی خۆبەڕێوەبەریان تەجروبە کردوە و بە سەرکەوتنێکی گەورە لەدژی داعش لە کۆبانی پشتیوانی ڕایگشتی دنیایان بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە. ئێستا ژنان و پیاوانی تێکۆشەری کوردستانی تورکیە لەبەرانبەر هێرشی نیزامی حکومەتی فاشیستی ئەم وڵاتەدا لە بەرگری قارەمانانەدان و دیفاع لە مافی حاکمیەتی خۆیان دەکەن. هەموو ئەمانە لە کوردستانێکدا کە پێشقەراوڵی خەباتی ماف خوازانە بووە لە ناوچەکەدا و گرایشی سوسیالیستی تێیدا پێگەیەکی گرنگی هەیە کاریگەری موسبەتی خۆی هەبووە.سازمانیابی و بەرپا کردنی مانگرتنی گشتی لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ جەنایەتەکانی ڕژیم لە کوردستان، خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە دیفاع کردن لە خەڵکی کۆبانی لە شاری سنە و باقی شارەکانی تر، پشتیوانی لە دەستکەوتەکانی زەحمەتکێشان لە کانتۆنەکاندا بە شێوەی جۆراو جۆر و گەشانەوەی هیوا بە ڕزگار بوون لە ئیستبداد یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم کاریگەریەیە. زاهیدی لەژێر کاریگەری ئەم فەزایەدا لە وتووێژەکەیدا فریوکارانە ئەڵێ:” بەهۆی باوەڕ بوونی بە دادپەروەری لە خۆپیشاندانی سنەدا بەشداری کردوە و لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەیدا دیفاعی لە خەڵکی کۆبانی کردوە. هەڵبەت ئەو نەیگوت کە گرتنی لاوانی تێکۆشەر و هەڵسوڕاوانی تر لە لایەن سپاوە تەئید کراوە.”
بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان جامیعەیەکی تەحزوبیافتەیە و ئەم ڕاستیە کاریگەریەکی دیاریکراوی بەتایبەت خستوەتە سەر فەزای سیاسی کوردستان و هاوسەنگی هێزی نێوان خەڵک و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لەوێوە کە لە جەریانی خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داواکاریەکانیان، و لە ناخی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا لە کوردستان نەسڵێک لە هەڵسوڕاوان و پێشڕيوانی ڕادیکاڵ پەروەردە بوون و خاوەنی ئیعتیبار و نفوزێکن لەنێو کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا و لەوێوە کە خەڵکی کوردستان هەموو فڕوفێڵەکانی کۆماری ئیسلامیان ئەزمون کردوە و بە باشی دەیاناسن وەعدە و بەڵێنەکانی ئوستاندار زاهدی تەنیا قین و نەفرەتی گشتی لە درێژەی حەیاتی ئەم ڕژیمە زیاتر دەکات.