خامنەیی کوشتارەکانی تا ئێستای لەدژی خەڵکی ڕاپەڕیو بە کافی نە زانیوە و “حسێن ئەشتەری” فەرماندەی هێزە ئینتیزامیەکانی لابردوە و بە جێگای ئەو، پاسدار “ئەحمەد ڕەزا ڕادان” ی دانا. “ئەحمەد ڕەزا ڕادان” بە بەدنێوی لە سەرکوتە وەحشیانەکانی دە ساڵی ڕابردودا ناودارە. هاوکات لەگەڵ ئەم جێگۆڕکێیە لە دەزگای سەرکوتدا، خامنەیی جارێکی تر تێکۆشەرانی ژن و پیاوی سەرنگونی تەڵەبی بە” خائین” ناو برد و خوازیاری توندترکردنەوەی وەحشیگەری ئێستا لەسەر شەقامەکان و زیندان لە دژی ئەوان بوو.
خامنەیی جەللاد چاوەڕێیە کە کوشتار لە سەر شەقامەکان و ئەشکەنجەی وەحشیانە و قەتڵە حکومەتیەکان لە زیندانەکاندا زیاتر بێت و هیچ پاشکشەیەک لە کردەوە دڕندانەکانی مەوجود دا ڕوو نەدات. ئەم جێگۆڕکێیەش لەم پێوەندیەدا بەدیهاتوە. بەڵام هەمان خەڵکی شۆڕشگێڕ لە کەرەج دیمەنێکی شکۆداری تریان لە تێگەیشتویی و بوێری خوڵقاند.
رۆژی یەکشەممە دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە کە، “محەممەد قوبادلو” و “محەممەد بروغەنی” دوو زیندانی سیاسی مەحکوم بە ئێعدامیان بۆ ئیجرای حوکم ڕەوانەی سلولی تاکەکەسی کردوە. لە ناکاو ژنان و پیاوانی تێکۆشەر کە ماوەیەک بوو لەکاتی گونجاودا، و لەوانە لە شەودا، لەگەڵ سەرکوتگەرانی ڕژیم بەرەوڕوو دەبوونەوە، لە تاران و کەرج لەگەڵ بنەماڵەی ئەو دوو زیندانیە ڕژانە سەر شەقامەکان و بەرەو زیندانی ڕەجایی شار کەوتنە ڕێ. حکومەتی قاتڵان توشی ترس و هەراس هات و میزان، هەواڵنێریی قوەی قەزاییە شەوی دووشەممە ڕایگەیاند کە لە ئێستادا قەرار نییە زیندانیانی سیاسی نابراو ئێعدام بکرێن.
حەرەکەتی بوێرانەی تێکۆشەران لە ڕاگرتنی ئێعدامی دوو کەس لە ڕۆڵە ئازاکانی خەڵک، واتە “محەممەد قوبادلو” و “محەممەد بروغەنی“، لە نێوخۆ و دەرەوە دەنگدانەوەی بەرین و ئیلهام بەخشی هەبوو. سەرانی ڕژیم دوای حەرەکەتی هێرشبەرانەی ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕ چنگ و ددانی دیکەی نیشاندا. جێگری دادستانی گشتی ئێران رۆژی شەممە، ٢٠ ی مانگی بەفرانبار، ڕەچاو نەکردنی حیجابی ئیجباری بە” تاوانێکی ئاشکرا” ناوبرد و وتی بۆ پۆلیس بەخشنامە کراوە تا لەگەڵ بێ حیجابیدا بەرخوردی بە ناو قاتع بکەن. بەڵام کاربەدەستانی ڕژیم ئەگەر دیدەی بینایان هەبوایە ئەیانبینی کە خەڵک کەم کەم دەستیان کردوە بەوەی لە بەڕیوەبردنی وڵاتدا دەور ببینن. ژنانی تێکۆشەر ماوەیەکە لە هەموو ئەو خەبات و تێکۆشانەدا کە لە یەکسەد و شازدە ڕۆژی ڕابردودا بە پانتایی ئێران لە دژی ڕژیم بەرەو پێشیان بردوە بە پۆشینی ئازاد و هەڵبژادەی خۆیان بەشداریان کردوە و بێ گومان لە داهاتوشدا هەر ئەوکارە دەکەن. ژنانی پێشڕەو و بوێر نە تەنیا لە کۆڕوکۆمەڵە گشتیەکاندا تەنانەت لە هێندێک لە ناوەندەکانی کاریشدا بەبێ حیجاب دەرکەوتون.
سەرجەم دیاردەکان دەرخەری ئەوەن کە درێژەی خەباتی شۆڕشگێڕانە، بەرین و قوڵبوونەوەی، هەڕەشەکانی خامنەیی و فەرمانەکانی دادگوستەری گشتی دەکەنە بڵقی سەرئاو. سەرۆکی نەزانانی جەللاد و کاربەدەستانی خاوەن ئیختیار دەبێ بە جێگای قسەی بێ بنەما و دەرکردنی ئەو دەستور عەمەلانەی کە دیان ساڵە ئیمکانی دەستەبەربوونیان نەبووە، بەشوێن حەشارگەیەکدا بگەڕێن بۆ خۆیان. لەبەر ئەوەی خەڵکی تێکۆشەر خەبات و کێشمەکێش لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی کردۆتە بەشێک لە ژیانی. لە بەرانبەردا هێزە سەرکوتگەرەکان دەبێ شەو و ڕۆژ ئامادەی بەرەنگاربوونەوە و هێرش لەدژی خەڵکی خەباتکار بن، کە بە گرتنهبەری تاکتیکی جۆراوجۆر و نوێ رۆژ لەگەڵ رۆژ فەرسودە و بێتواناتریان دەکات.
بێتوانا و بێ کردارکردنی هێزە سەرکوتگەرەکان ئیمکانی ئەوە فەراهەم دەکات تا خیابان بکەوێتە دەست ژنان و پیاوانی خەباتکار. ئەمنبوونی ڕێژەیی شەقامەکان دەرفەتی ئەوە دەخوڵقێنێ تا بە ملیۆن کەس لەو شارۆمەندانەی کە بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی لەحزەژمێری ئەکەن ڕاستەخۆ بەڕیزی ئەم خەباتەوە پەیوەست بن. لەگەڵ بەهێزکردنی شۆڕش بوار بۆ پەرەسەندنی مانگرتنی توێژە جۆراوجۆرەکانی وەک کەسەبە و چینی کرێکار فەراهەم تر دەبێت. ئەمە بە گشتی دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ڕێکخستنە تازەکان بەهێز بن و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی موبارزاتی، کرێکاری و سیاسی– شۆڕشگێڕانەی پێكهاتو لە پێشتردا لێک هەڵپێکرێن. لە ئاوا بارودۆخێکدا ڕێبەرانی ئێستای خەبات و مانگرتن لە ئاستێکی بەریندا بە خەڵک دەناسرێن. گشت ئەمانە وەک ڕووبارێکی خورۆشاو یەک دەگرنەوە و دەمودەزگای جەهل و خورافەی کۆماری ئیسلامی بە گۆڕستانی مێژوو دەسپێرن.