مەئمورانی ڕژیم رۆژی ٢١ ی مانگی جۆزەردان بە شێوەی چەکدارانە هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانەی ڕێزگرتن لە یادی کیان پیرفەلک لەسەر گڵکۆکەی لە ساڵرۆژی لە دایكبوونی دا. ئەوان لە ئاتەشبیاری بێ هەوساری خۆیان بوونە هۆی گیان لەدەستدانی پویا مەولایی ڕاد، کوڕەمامی ماە مونیر مەولایی ڕاد، دایکی کیان و مەئمورێکی پۆلیس.
کیان پیر فەلەکی ٩ ساڵە کە ئێوارەی رۆژی ٢٥ ی مانگی ڕەزبەر و لە گەرماو گەرمی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” لە ئیزە ی خوزستان لە ماشێنی خۆیاندا لەبەر چاوی دایکی بە تەقەی ڕاستەوخۆی مەئمورانی ڕژیم گیانی لە دەستدا. قەتڵی حکومەتی ئەم منداڵە بێ دیفاعە کاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەکی بەرینی لێکەوتەوە و بوو بە هۆی زیاتربوونی قین و نەفرەت لە کۆماری ئیسلامی. کار بەدەستانی ئیتلاعاتی ڕژیم دەنگۆیان بڵاوکردەوە کە کیان لە تەقەی، بەوتەی ئەوان، تیرۆریستەکاندا کوژراوە. ئەوان بە هەڕەشە و تەماع وەبەرنان هەوڵیاندا بنەماڵەی کیان و بەتایبەت دایکی، وادار بکەن ئیدیعای بێ بنەمای پەروەندەسازانی ئیتلاعاتی تەئید بکات. بەڵام ئەم دایکە بوێرە لە بەرانبەر ڕاگەیەنەرەکاندا وتی کە مەئمورانی ئەمنیەتی بە بەرچاوی خۆیەوە منداڵەکەیان کوشتوە و بەم جۆرە درۆکانی ئیتلاعاتیان لەقاودا و ڕێسوایان کردن. ئەو بەشوێنیدا، لە شێوە کەمپەینێکدا بە کردەوە دەستیدایە داکۆکی لە شۆڕشی ژینا و پەرەدان بە ئیستلاحی” ڕژیمی منداڵ کوژ“، کە تایبەتە بە کۆماری ئیسلامی.
خەڵکی ئازادیخواز لە چەند شار لە دەرەوەی وڵات و لە شاری ئیزە ی خوزستان رۆژی ٢١ ی مانگی جۆزەردان و لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی کیاندا یادی ئەم هێمای بێ تاوانیەیان ڕێز لێگرت و بزوتنەوەی دادخوازیان بەهێزتر کرد. پیلانی کوشتنی کوڕە مامەکەی ماهمونیر و مەئمورەکەی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بزوتنەوەی داخوازی و تۆڵە کردنەوە لە دایکی کیان پلان ڕێژی کرابوو. نوور نیوز ڕاگەیەنەری نزیک لە شۆڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی ئێران شەوی ٢١ ی مانگی جۆزەردان لە حیسابی تویتێری خۆیدا دایکی کیان پیرفەلەکی بە بوار خۆشکەری ڕووداوەکەی ئیزە دایە قەڵەم و خوازیاری بەرخوردی توند بەو بوو. ئەم پیلانە باوەش وەک ئەوانیتری هاوشێوەی لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە بە زەرەری حکومەتی سەرلێشێواوی ئیسلامی دەشکێتەوە.
وەحشەتی ڕژیم لە بزوتنەوەی ڕوو لە گەشەی دادخوازی لە دەستبەسەرکردنی توندوتیژ ئامێزی ٤٠ کەس لە دایکان و کەسوکاری گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینا لە ڕێگای گەڕانەوە لە سەقز بەرەو سنەش ئاشکرا بوو. ئەم کۆبوونەوەیە لە ١٩ ی مانگی جۆزەردان لە سنە، دیواندەرە و دێگولانەوە بۆ سەردانی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان پێکهات و دواتر چوونەسەر گڵکۆی ژینا لەسەقز و لەگەڵ ژمارەیەک لە دۆستانی شۆڕش لەوێ کۆبوونەوە. لێرەدا دایکی هەمیشە زیندوو هومەن عەبدوڵاهی ڕاگەیاندنێکی بەناوی دایکانی شۆڕش خوێندەوە و دایکی ڕامین حسێن پەناهی، گوڵی پێشکەشی بەشداران کرد. ڕاگەیاندنی ناوی” دایکانی شۆڕش“، کە ڕاگەیاندنێکیشیان سەبارەت بە شێوەی دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی بڵاو کردەوە، ڕووداوێکی گرنگە لە بزوتنەوەی دادخوازیدا.
ئەم دایکانە میراتگری” دایکانی پێشمەرگە و پێشمەرگەی گیانبەختکردون” کە لە سەرەتای دەیەی ٦٠ لە سنە پێکهات. ئەم دایکانە بە بوێری خەباتکارانە و بە لەخۆبردوویی شێلگیرانەیان کاریگەریەکی لەبیر نەکراویان لە هاوپشتی نێوان بنەماڵەی شۆڕشگێڕان و پێشمەرگە و بنەماڵەی گیانبەختکردوان، بەهێزکردنی پێشمەرگە لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ سەرکوتگەرانی داگیرکەر لە کوردستاندا هەبوو. بەشوێن ئەم دایکانەدا بوو کە دایکانی خاوەران، دایکانی داخواز، دایکانی پارکی لالە، دایکانی ٩٨ و دایکانی کەوتنەخواوەرەوەی فڕۆکەی ئۆکڕاینی، پێکهاتن.
خەباتی دایکانی داخواز پێشینەی جیهانی هەیە. دایکانی مەیدانی مایو لە ئاڕژانتین و دایکانی فەلەستین دوو نمونەی بەرچاو لەم گۆڕەپانەدا بوون. دایکانی مایو، دایکان و دایەگەوەرەکانی ٣٠ هەزار ئینسانی چەپ و کومونیست بوون کە لە ساڵەکانی ١٩٧٦ تا ١٩٨١ لە لایەن ژنڕاڵەکانی کودتاچییەوە کە خاوەنی پشتیوانی ئیمپڕیالیزمی ئامریکا بوون، ئەشکەنجە کران و کوژران. ئەم دایکە تێکۆشەرانە، کە ناوبانگی جیهانیان دەرکرد، لە ڕوخاندنی خێرای نیزامی دژی کومونیست لەپاڵ کرێکاران و ئازادیخوازاندا دەورێکی بەرچاویان گێڕا. دایکانی فەلەستینیش لە خەبات و ڕێسوا کردنی ئەڕتەشی جەنایەتکاری دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرایل دا هەنگاوی بوێرانەیان هەڵێناوەیەوە و بوونە ئیلهام بەخشی دەرێژەی خەبات دژبە ڕژیمی ڕەگەز پەرستی جێی پشتیوانی ڕۆژئاوا و لەسەرویانەوە ئەمریکا.
بزوتنەوەی داخوازی لە ئێران لەم ٤٥ ساڵەی دواییدا لەگەڵ بوێری بنەماڵەی گیانبەختکردوان و بە ڕیوایەتی ئەو کەسانەی بە سڵامەت لە زیندان و ئەشکەنجەگاکانی ڕژیمی ئیسلامی هاتونەدەر، بۆتە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری و ترسی مەرگی ئاژین کردۆتە جەستەی سەرانی ڕژیمەوە. خەباتی کاریگەری ئەم دایکانە لە چەند دەیەی ڕابردودا زەمینە و بواری بۆ کۆبوونەوە و ڕێکخراو بوونیان لە ژێر چەترێکدا فەراهەم کردوە.