کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وەحشیگەریی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا

download 28

 ئاگربەستی کاتیی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هات و لە ڕۆژی هەینی ١٠ی سەرماوەزەوە کە ئیسرائیل دەستی بە بۆردومان و تۆپبارانی غەززە کردووەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە هەرلە یەکەم کاتژمێرەکانی بۆردومانەکاندا زیاتر لە ١٠٠ کەسی ئاسایی خەڵکی غەززە گیانیان لەدەستداوە. لە ماوەی یەک حەوتوو ئاگربەستدا، ٢٤٠ زیندانیی سیاسی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، لە بەرامبەر ٩٩ بارمتەی حەماسدا ئازاد کران. قەدوورە فارس، سەرۆکی بەشی زیندانەکانی تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا بۆ زیاتر لە حەوت هەزار و ٨٠٠ کەس زیادی کردووە کە لەو ژمارەیە ٣٠٠ کەسیان منداڵ و ٧٢ کەسیشیان ژنن. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەبسەلیم، ڕێکخراوی ناحکومی و مافی مرۆڤی ئیسرائیل، دەستبەسەرکردنی بەربڵاو لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە دەستیپێکردووە و ژمارەی زیندانیانی فەلەستینی گەیشتووەتە زیاتر لە دە هەزار کەس.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لەماوەی حەوت هەفتەی ڕابردوودا کردەوە تاوانکارییەکانی ئەرتەش و هێزە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل تەرکیزی لەسەر دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دانیشتووی غەززە بووە، کەرتی ڕۆژئاواش بە سێ ملیۆن دانیشتووی فەلەستینییەوە کەوتۆتە بەر هێرشی تۆڵە ئەستێنانە. بەپێی زانیارییەکان، لە ٧ی ئۆکتۆبر بەدواوە، ٣٢٩٠ کەس لە کەناری ڕۆژئاوا تەنیا لەبەر ئەوەی گومانلێکراو بوون، دەستبەسەرکراون. هەربۆیە زیندانیان و بەرپرسانی فەلەستینی دەڵێن کە ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا و بەیتولموقەدەسی ڕۆژهەڵات بەکۆمەڵ خەڵکی دەستبەسەرکردووە و زیندانیانی فەلەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل دا هەرچی زیاتر لەگەڵ ئەزیەت و ئازاری جەستەیی و سووکایەتی پێکردن بەرەوڕوو بوونەتەوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بکەین بە چیرۆکیئەسرا جەعابیسزیندانییەکی سیاسی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤ی زایینی، ئەو ژنەی کە بەهۆی خۆڕاگری و لەقاودانی ڕاستییەکانەوە بووەتە قارەمان. ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٤ی نوامبر بەرامبەر لەگەڵ ٣ی سەرماوەز ئازاد کرا. ئەسرا ساڵی ٢٠١٥ بەهۆی پەروەندەسازییەوە سزای ١١ ساڵ زیندان و بڕی ٥٠ هەزار شیکیلی ئیسرائیلی جەریمەی ماڵیی بەسەردا سەپێندرا و کاتێک ئازادکرا ٨ ساڵ لە حوکمەکەی تێپەڕ کردبوو. ئەو هەروەها تەواوی ژیاننامە و ئەو ڕووداوانەی کە لە کاتی دەستگیرکردنییەوە تا مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردوو بینیویەتی یان بەسەری هاتووە، لە کتێبێکدا بە ناویئافەت لێدراودا بڵاو کردووەتەوە. ناوبراو هەرچی لە بەناو دادگا و زیندانەکانی ئیسرائیل دا بەسەر خۆی و هەندێک لە زیندانییە سیاسییە فەلەستینییەکانی دیکەدا هاتووە، گێڕاوەتەوە. ڕەوایەتەکانی ئەو لەگەڵ ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەتئەبسەلیمیشدا یەکدەگرێتەوە. لەمڕووەوە دەکرێ ڕاپۆرت و ڕەوایەتەکانی ئەم خەباتکارە فەلەستینییە وەک نموونە چاوی لێ بکرێت.

ئەسرا ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٥ لە کاتێکدا بەرەو بەیتولموقەدەس دەچوو، ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک بنکەیەکی ئەمنی لەکارکەوت. هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردوو و بەهۆیەوە کیسەی هەوای ناو ئۆتۆمبێلەکەی تەقییەوە. ئەسرا لەئەنجامی ئەم ڕووداوەدا، تووشی سووتانی سەخت بوو و نزیکەی ٦٠%ی جەستەی سووتا، دوای سێ کاتژمێر دواکەوتنی بە ئانقەست، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. دەزگای قەزایی ئیسرائیل بە تۆمەتی درۆ و هەڵبەستراوی وەک هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی بەناو کاری تیرۆریستی و کوشتنی نیزامیانی ئیسرائیل، سزای ١١ ساڵ زیندانیکردن و جەریمەی نەغدی بەسەردا سەپاند. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پۆلیس سەرەتا ڕایگەیاندبوو کە تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی بووە. ئەسرا لەو ماوەیەدا پێویستی بە ئەنجامدانی ٨ نەشتەرگەری هەبوو، ئیدارەی زیندانەکان ڕێگرییان لەو نەشتەرگەریانە دەکرد و تەنانەت دەوا و دەرمان و ئازارشکێنی پێویستیان بوو دابین نەدەکرد، هەربۆیە بەردەوام بەدەست ئێش و ئازارەوە دەیناڵاند و لەلایەن هاوبەندەکانییەوە پەرستاریی دەکرا. لەکاتی ئازادبوونی دیلەکاندا، سەرەڕای هەڕەشە و قەدەغە کردنی هەر چەشنە شایی و خۆشی و پێشوازیکردنێک لە زینداییەکان، لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە پێشوازی ئەم ژنە قارەمانەوە چوون. ئەو لەنێو ئاپۆرەی خەڵکەکەدا، لەکاتێکدا لە تەنیشت کوڕە ١٣ ساڵانەکەیەوە وەستابوو، بە ڕۆژنامەنووسەکانی وت: شەرم دەکەم باسی خۆشحاڵبوون بکەم لە کاتێکدا هەموو فەلەستین بریندارە، ئەو هەروەها خوازیاری ئازادی سەرجەم زیندانیانی فەلەستینی بوو. دەوڵەتی ئیسرائیل کە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە خەریکی کوشتاری بەکۆمەڵ و جینۆسایدە لە کەرتی غەززە، لە لایەن وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاواوە بە تەواوی پشتیوانی لێدەکرێت. ئەم پاڵپشتییە هاوکات لەگەڵ بێهەڵوێستی سەرجەم دەوڵەتە عەرەبییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی بریکس، لەوانە چین و ڕووسیا، بووەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی جینایەتکار و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل گوێ بە هاواری ملیۆنان خەڵکی ناڕازی دژ بە شەڕ نەدات بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە. هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە هێزی سەرەکی هەڵسووڕاوانی دژە شەڕن، سەرەڕای دژایەتییان لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و حەماس و لایەنگرەکەی واتە کۆماری ئیسلامی، بە تەواویی دیفاع لە خەڵکی فەلەستین و مافەکانیان دەکەن. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە تەنیا بە هێزی یەکگرتووی چینی کرێکاری جیهانی و ئازادیخوازە ڕادیکاڵەکان دەتوانرێت بەر بە ڕژیمی هار و سەرەڕۆی ئیسرائیل بگیرێت و ئیمکانی ئەوە فەراهەم بێت کە فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لە یەک وڵاتدا بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە بژین.