کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

وڵام بە نامەی کراوەی ڕەوتی جیابووە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران!

ڕوونکردنەوە:
ماوەیەک لەمەوبەر( ئەوەڵی مانگی مەی) نامەیەکی کراوە لەلایەن ڕەوتی جیابۆوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕوو بە هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە لە تۆڕە کۆماڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە. دوابەدوای ئەوە لەلایەن دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە وڵامنامەیەک بەو نامەیە ڕاستەوخۆ و تەنیا بەو ڕەوتە درا. هۆکاری بڵاو نەکردنەوەی ئەو نامەیە لەلایەن دەبیرخانەوە، ئەوەبوو کە لەم هەلومەرجە سیاسی و ڕوو لە ئاڵوگۆڕەی ئێستادا باس و دیالؤگێکی لەم چەشنە لە ئەولەوییەتدا نییە و هیواداربووین کە جەریانی جیابۆوە بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە ئێمە ئەو نامەیەمان تەنیا بۆخۆیان ناردووە و بڵاومان نەکردۆتەوە، لەوە تێبگەن کە کۆتایی بێنن بە ئاڵؤزییەکان لە فەزای سیاسی دا، بەڵام بەداخەوە ئەم هیواداری و چاوەڕوانییە بێ ئاکام بوو، لەم ڕووەوە بە پێوویستمان زانی کە ئەم وڵامنامەیە بۆ قەزاوەت لەسەرکردن بخەینە بەردەم ڕای گشتی.
وڵام بە نامەی کراوەی ڕەوتی جیابووە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران!
وێڕای سڵاو
بەوپەڕی داخ و سەرسوڕمانەوە لەڕۆژی ” ئەوەڵی مانگی مەی” ڕۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکاردا لە بڵاوبوونەوەی نامە کراوەکەی ئێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاگادار بووین، کە دەرخەری ئەوپەڕی تووڕەیی و چەواشەکاری ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتری ڕاستییە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی و شێوازی هەڵس و کەوتی دوور لە هاوڕێیەتی و نابەرپرسانەی ئێوە پاش جیابوونەوەتانە.
ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆماندا تا جیابوونەوەیەک ڕوونەدات و سەرەڕایدڵسۆزی وباس و دیالۆگێکی ڕوون و دەست نیشانکردنی ڕیگاچارەیەکیمەنتقی و ئەساسنامەیی کە بەمەبەستی پێشگرتن لە جیابوونەوە خستمانەڕوو، ئێوە بەپێچەوانەوە، بە دروستکردنی دوودەستەگییەکی بێ بنەما و ناڕاست و هەروەها وەرنەگرتنی بەرپرسیارییەتی لە حیزب و کۆمەڵەدا، بە ڕێکخستنی تەشکیلاتێکی هاوتەریب لەناو تەشکیلاتی ڕەسمیدا، بە گوێنەدان بە داواکاری ئەندامەکان بۆ بەڕێوە بردنی کۆنگرە حیزبییەکان و هەروەها بە دابەشکردنی تەشکیلات بەسەر دوو بەرەی ” ڕاست و چەپ و کۆمۆنیست و ناسیۆنالیست” دا، جیابوونەوەیەکی ناڕەواتان بەسەر حیزبدا سەپاند.
سەیر ئەوەیە، ئێوە کە لەماوەی نزیکەی حەوت ساڵی ڕابردوودا بەبیانووی جۆراوجۆر و تەنیا بەهۆی کەمینە بوونتان خۆتان لە بەڕێوەبردنیکۆنگرە ئاساییە حیزبییەکان دەبوارد، بەڵام لەماوەیەکی کورتدا دوو کۆنگرە و ( ئێستا) دوو پلنۆم و ئەویش وەک خۆتان دەڵێن ” گەلێک سەرکەوتووانە”تان ڕێکخست! لەهەر ڕوویەکەوە واقعییەت ئەوەیە کە ئێشتا ئێمە دوو حیزب و دوو ڕەوتی سیاسی جیاواز و سەربەخۆین.
هاوڕێیان:جیابوونەوە لە حیزبە چەپ و کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لەم هەلومەرجە هەستیارە سیاسییەدا لە مەسڵەحەت و بەرژەوەندی ئەو بزووتنەوە وحەرەکەتە کۆمەڵایەتیانەی کە لەئارادان نەبووە و نییە.بەڵام بەداخەوە ئێوە لە پڕۆسەی ئامادەکاری جیابوونەوەکەتاندا ئامۆژگاری و ڕێگاچارەکانی ئێمە و دۆستە دڵسۆزە هاوبەشەکانمانتان لەبەرچاو نەگرت و هەرئێستاش پاش ڕەسمییەت پێدان بەم جیابوونەوەیە،بە هێنانەگۆڕێی بابەتگەلێکی پەراوێزکەوتوو و هەوڵدان بۆ گەورەکردنەوە و ئاڵۆزی درووستکردن لەسەر ئەو بابەتانە،هەنووکەش لەهەوڵی درێژەپێدان و بەردەوامیدانبەم کێشمەکێشە بێ ئاکەم و زێهنییەی خۆتاندان کە لەڕاستیدا نەک هەر هیچ پێوەندییەکی بە ژیان و خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە نییە، بەڵکوو هێنانەگۆڕێی ئەم بابەتانە بێزاریی هەرچی زیاتر بەشوێن خۆیدا دەهێنێت. سەرەڕای هەمووی ئەمانە دوای ڕەسمییەتدان بە جیابوونەوە و پاش حزووری نائاسایی ئێوە لە ئۆردووگای ناوەندی کۆمەڵە، ئێمە لەپێناو دابینکردنی ژیان و ئاسایشی ڕۆژانەی ئێوەتا ئەو جێگایەی لەتوانایی ماندا بووە درێغمان نەکردووە. بەڵام بەداخەوە هەڵس و کەوتی نابەرپرسانەی ئێوە لەبابەت ئاوئاهەنگی و خۆ گونجاندن لەگەڵ ڕێوشوێنە جێکەوتووەکانی ئێمە، بەتایبەتی هەندێکجار تووڕەیی چەند کەسێک لە هاوڕێکانتان ئیمکانی هاوڕێیەتی و بەیەکەوەژیانی تەنانەت بۆماوەیەکی کورتیش نەهێشتۆتەوە.
ئێمە بەشێوەکی ڕوون و هاوڕێیانە گەلێکجار داوامان لێکردوون لەهەوڵی دابینکردنی شوێنێکی تر بۆ درێژەی کار و چالاکی خۆتاندابن، زۆرجار وتوومانە و دووپاتی دەکەینەوە کە تا ئەو جێگایەی ئیمکانی هەبێت لە هیچ یارمەتی و پشتگیرییەک درێغ ناکەین. بەڵام بەداخەوە ئێوە بۆ درێژەدان بە ملمملانێکان و کەڵک وەرگرتنی سیاسی لێیان، ڕێک لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هاوپشتی و یەکگرتوویی بێت و تەرکیز و چالاکییەکان ڕەنگدانەوەی خەباتی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینکراوان، کۆڵبەران، ژنان و زیندانیانی سیاسی بێت،لێدوانەکانی ئێمەتان بۆ دەست نیشانکردنی ڕێوشوێنەکان وەک تەشکیلاتێکی سەربەخۆ لەئێوە و هەوڵدان بۆ پێڕاگەیاندنی هەندێک لەو هەڵس و کەوتانەی هاوڕێیانی ئێوە کە دەتوانێت ئاڵۆزی و بەریەک کەوتنەکان پەرەپێبدات، وەک ” هەڕەشە” ناوبردووە و بەڕواڵەت نامەکەتان ڕوو بە هاوڕێی دەبیری یەکەمی کۆمەڵەیە بەڵام بەکردەوە بەمەبەستی ئاژیتاسیۆن و بەلاڕێدا بردن وبڵاوکردنەوەی نەفرەت و بێزاری لەدژی ئێمە بڵاوتان کردۆتەوە.ئیتر لەوەش بوگزەرێین کە بە بەردەنگ گرتنی هاوڕێیەک لە حیزبێکی سیاسیدا،نیشانەی ئەدەبیاتێکی ئێجگار نزم ودواکەوتووانەیە.
هاوڕێیانی بەڕێز: ئێوە دەبوو بەپێی ڕەواڵ بەرلەو جیابوونەوە ناپێویست و ناسیاسییەی خۆتان ئەوەتان لەبەرچاو بگرتبایە کە لە ئەگەری جیابوونەوە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ژومارە کەمەی کە لە بەشی تەشکیلاتی ئاشکرای کوردستان (کۆمەڵە) لەگەڵتان کەوت، لەئەگەری بڕیاردان بۆ مانەوە و درێژەدان بە کار و چالاکی لە کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی کردەیی بەرەوڕوو دەبنەوە و پێویست بوو ڕێکارێک بگرنەبەر کە لەگەڵ سەنگ و توانایی واقیعی خۆتاندا بێتەوە.
جێگای سەرسوڕمانە بیرتان لەوە نەکردۆتەوە کە بۆ بەردەوامی دان بە چالاکیی لە کوردستانی عێراق پێویستیتان بەئیجازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. جێگای سەرسوڕمانە بیرتان لەوە نەکردۆتەوە کە هەڵسووڕاوانی سەربەڕەوتەکەتان لە کوردستانی عێراق پێویستییان بە کارتی نیشتەجێبوون دەبێت، هەروەها گەلێک جێگای سەرسوڕمانە کە هەتا ئێستاش چاوڕوانیتان ئەوەیە کە کۆمەڵە ئەو تەشکیلاتەی کە لێی جیابوونەتەوە، ئەويش نەک لە پێوەندییەکی ئەمڕۆیی و هاوڕێیانەدا، بەڵکوو بەزەبری زۆر و هەڕەشە، بۆتان دابین بکات. بێگومان ئێوە دەبێ ئەوە بزانن کە ئەوە لە پێوەندی نێوان حیزبەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕەواڵێکی جێکەوتووە کە هەرکام لە تەشکیلاتەکان بەدواداچوون بۆ دابین کردنی کارتی نیشتەجێبوون بۆ هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی خۆیان دەکەن و ئیوەش لەم رەواڵە بەدەرنین. کەوابێت وەک تەشکیلاتێکی سەربەخۆ پێویستە لەفکری وەرگرتنی ئیزنی مانەوەی هەڵسووڕاوانی خۆتان لە کوردستانی عێراق و لەڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوەبن.
ئێمە سەرلەنوێ و بۆ چەندەمین جار ڕایدەگەیەنین کە ئێوە وەک حیزب و رەوتێکی سیاسی سەربەخۆ، لە ئاست دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ هەڵسووڕاوانی سیاسی خۆتان لە کوردستان بەرپرسیارن و ئێمە لە پێدانی هیچ چەشنە خزمەتگوزاری و پێداویستییەک بۆ جێگیربوونتان لە شوێنێکی دیکە لە دەرەوەی ئەم مەکانەی ئێستای کۆمەڵە درێغ ناکەین. هیوادارین ئەوە قەبووڵ بکەن کە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەروەها بەرژەوەندییەکانی ئێمە و ئێوەش( وەک دوو تەشکیلاتی جیا لەیەک) ئەوە دەخوازێت کە هەرکام لەم دوو حیزبەی ئێمە لە هەلومەرجێکی ئارام و بەدوور لە ئاڵۆزی لە دوو شوێنی جیاوازدا درێژە بە کار و چالاکی خۆمان بدەین.
هاوڕێیان! ئەوەیکە ئێوە بەشوێن چ سیاسەت و ستڕاتێژێکەوەن و شێلگیرانە بەرەوپێشی دەبەن، کێشەی ئێمە نییە. ئەوە دەبێ لە دواڕۆژدا قەزاوەتی لەسەر بکرێت. تا ئەو جێگایەی کە بە ئێمە دەگەڕێتەوە، کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە کۆمەڵێک ئەرکی گرینگی خستۆتە سەرشانمان. بارودۆخی ڕوو لەگۆڕانکاری ناوچەکە لەلایەک و خەباتی بەربڵاوی کۆمەڵانی کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستان و ئێران لەلایەکی ترەوە، ئەوە لە ئێمە دەخوازێت کە هێز و پتانسێل و تەرکیزێکی زياتر بەکاربێنین بۆ بەشداری، ئامادەکاری و ڕێکخستنی ئەو خەباتە. تەنیا چاوەڕوانی ئێمە لە ئێوە هاوڕێیانی پێشوو ئەوەیە کە هەڵس و کەوتێکی ئەمڕۆیی و گونجاو لەگەڵ عەقڵ و مەنتق ڕەچاو بکەن، دەست لە هەڕەشە و گوڕەشە هەڵبگرن، لە بەهەدەردانی وزە و توانایی خۆتان خۆ ببوێرن وگونجاوترین هەنگاو کە بێگومان ئێمە و سەرجەم ڕەوتە چەپە بەرپرسەکانیش پێشوازی لێدەکەین، بریتییە لە جێهێشتنی ئۆردوگای ناوەندی کۆمەڵە. دڵنیابن کە کۆمەڵە بەپێی پڕەنسیپە ناسراوەکانی خۆی، هاوکارێکی باش دەبێت بۆتان.
ئێمە جارێکی تر و ڕەنگە بۆ دوایینجار بەشێوەیەکی ڕەسمی و ئاشکرا داواتان لێدەکەین کە ئەگەر بەڕاستی لەهەوڵی بەردەوامیدان بە کار و چالاکی خۆتان لەم ناوچەیەدان، هەوڵبدەن پێداویستییەکانی کار و هەڵسووڕانی خۆتان لەشوێنێکی تر دابین بکەن. هەروەک ئاماژەمان پێکرد، ئێمە لەهەر بوارێکی کە لەدەسەڵات و تواناییماندا بێت، لەهیج چەشنە کۆمەک و یارمەتییەک درێغ ناکەین. لە کۆتاییدا جارێکی تر جەخت دەکەینەوە کە حزووری ئێمە و ئێوە لەم شوینەی ئێستای ڕێبەرایەتی و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان ئیمکانی نییە.
دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٣ی گوڵانی ١٠٤١ی هەتاوی
٣ی مانگی مەی ٢٠٢٢ی زاینی

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

نامەیکراوە بۆ: هاوڕێیانی ڕەوتی سوسیالیستی کۆمەڵە!

komalah

ڕاگه‌یاندنی ده‌بیرخانه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی شاری بانه‌

komalah

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ” کۆمیتەی ڕێبەری کاتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”

komalah

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە ئیدانە کردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆسەر هەرێمی کوردستان.

komalah

ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكار

komalah