کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وڵامی کرێکاران بە قسە پڕوپووچەکانی خامەنەیی، ٦٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە یەک ساڵدا

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمی ئێسلامی ڕۆژی ١١ی گوڵان بەبۆنەى ڕۆژی جیهانی کرێکارەوە قسە و باسێکی پێشکەش بە کۆمەڵێک کرێکاری هەڵبژێردراو کرد. ناوبراو ڕوو بە بەشداربووان وتی کە ” ئیسلام بایەخ بۆ کار و کرێکار دادەنێت”. ئەو ئیدعای کرد کە ئیسلام وەک سەرمایەداری نییە کە کرێکار بچەوسێنێتەوە. دبێ ئەو پرسیارە لە خامەنەیی بکرێت کە ئەدی ئەو سەروەتە زۆر و زەوەندە سەدان ملیارد دۆلارییەی کە لە دام دەزگاکانی خودی خۆیدا کۆبۆتەوە و هەروەها ئەو سەرمایە لەئەژمار نەهاتووەی کە لەبەردەستی چەند کەسێکی سەرەڕۆ و گەندەڵدا کۆبۆتەوە، بەرهەمی هێزی کار و ڕەنجی کرێکاران نییە؟ یان لە غەیبەوە هاتووە؟ ئايا ئەو چل ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێشەی کە لە ئێران لەسەر ئەو گشتە کانگا دەوڵەمەندەی کە نەوت تەنيا نموونەیەکیانە دانیشتوون، لەلایەن چ کەسانێکەوە بەرەو هەڵدێری هەژارییەکی کوشەندە پاڵ پێوەنراون و بۆچی ئەم وڵاتە لەباری چینایەتییەوە ناوبانگی نایەکسانترین وڵاتی لە ڕیزبەندییە جیهانیتەکاندا تۆمار کردووە.

عەلی خامنەیی لە قسەوباسەکەیدا ئیدیعای ئەوەیکرد کە کرێکاران لە هەموو بوارەکاندا پشتیوانی ڕژیم بوون. ناوبراو بۆ سەلماندنی قسەکانی، دانی بەوەدا نا کە ئەوان لە شەڕی ئێران و عێراقدا ١٤ هەزار کرێکاریان بەکوشتداوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەسەردەمێکدا کە هیچ شەڕێکیش لەئارادا نییە، ئەوان دەبێ وەک مەیدانەکانی جیهاد، فیداکارانە و سەخت کار بکەن.

ئەو لە درێژەی درۆ و چەواشەکارییەکانیدا ئیدیعای کرد که کرێکاران هەرلەسەرەتای سەپاندنی ڕژیمە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکەی بەسەر خەڵکی ئێران لە ساڵی ٥٧دا و تا هەنووکەش لایەنگر و پشتیوانی ڕژیم بوون. ئەڵبەتە ئەو ناچاربوو قەبووڵی بکات کە کرێکاران بەقەولی خۆی ” لەهەندێک بابەتەدا” ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە هەندێکجار لەجێگەی خۆیدا بووە. خامەنەیی بە خۆفریودان و شاردنەوەی ڕاستییەکان هەوڵدەدات خۆی لەو واقعییەتە دەرباز بکات کە کرێکاران تەنیا لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا نزیکەی ٦ هەزار ناڕەزایەتی و مانگرتنیان بەڕێوەبردووە.

ئەوان کە بەشێوەیەکی ئاسایی وەک کرێکار پێناسە دەکرێن “چوارهەزار و سەد و بیست و یەک” مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان لەدژی دەوڵەت و خاوەنکاران بەڕێوە بردووە. موعەلیمان “هەزار و سێسەد و حەفتا و چوار”   جار دەستیانداوەتە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، خانەنشینکراوانیش کە زۆربەیان سەربە چینی کرێکارن، “چوارسەد  و سی” کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان رێکخستووە. ئەمانە خوازیاری دانی ١٦ ملیۆن تمەن وەک لانیکەمی حەقدەست بوون و داوایانکرد دەستی پەیمانکارانی سەربە ڕژیم لە ئابووری و  دەستی پاسدران لە چارەنووسی کرێکاران کورت بکرێتەوە. کرێکارانی ناڕازی خوازیاری دابینکردنی ئەمنییەت و ئاسایشی ناوەندەکانی کار بوون. ئەوان لەیەک کەلامدا داوایانکرد کە ژنان و پیاوانی کرێکار و بنەماڵەکانیان لەو نیعمەتانەی کە بەرهەمی ڕەنجی خۆیانە، بەڕادەیەک بەهرەمەند بن کە لەهەژاریدا نەژین و کەرامەتیشیان پارێزراو بێت. خامەنەیی ئاماژەی بە هەمووی ئەمانە وەک ” لەهەندێک بابەت”دا کرد و بەسانایی بەسەریاندا تێپەڕی.

خامەنەیی سەبارەت بە مۆتەکەی بێکاری وتی:

“کەمێک سەرمایەگوزاری پێویستە، پێویستە کەرتی تایبەتی کەمێک بێتە ناو بابەتەکەوە. دەوڵەتیش وەک مودیرێکی لێهاتوو بێتە مەیدان و هەموو بابەتەکان لەبەرچاو بگرێت”. بەم ساناییە. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی لەماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا ئەم هەنگاوە ساکارانە هەڵنەگیراون؟ بۆنموونە بۆچی لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد دا، کە خامەنەیی ئەوی بەکەسێکی نزیک لەخۆی دەزانی و بەقەولی “عەلی شمس ئەردەکانی” بەرپرسی کۆمیسیۆنی وزە و ژووری بازرگانی ئێران، پتر لە ٨٠٠ ملیارد دۆلار داهاتی نەوتی بوو، نەتەنیا بێکاری کەمی نەکرد بەڵکوو دوو هێندەش زیادیکرد؟.

ناوبراو لەبابەت جیاوازی چینایەتییەوە وتی کرێکار و خاوەنکار دووباڵی مەلێکن و هەردووکیان ئەرزش بەرهەم دەهێنن، لەم ڕووەوە کرێکار دەبێ ژیانێکی شەرافەتمەندانەی هەبێ. ئەڵبەتە خامەنەیی دەبێت ئەوە بزانێت کە کرێکار، چ هەژار بێت یان دەوڵەمەند شەرافەتمەندە. کرێکاران و سەرمایەداران دووباڵی مەلێک نین، کرێکاران چنێکن کە بۆ کۆمەڵگا پێویستن بەڵام چینی سەرمایەدار سەرباری کۆمەڵگا و ناپێویستن. ئەوە تەنیا کرێکارانن کە بەیارمەتی سروشت، خوڵقێنەری سەروەت و نێعمەتەکانن. ناشەرافەتمەندەکان ئەو مشەخۆرە چەوسێنەر و بێکارانەن لەچەشنی سەرجەم ئاخووند و خاوەن سەرمایەکان، کە بوونیان بۆ مانەوی ژیان ناپێویستە. قسە لەسەر بابەتی پشکی هەرکام لەم دوو چینە سەرکییە لە “کەیکی” سەروەتی بەرهەمهاتووی کۆمەڵگایە.  لەحاڵێکدا دەورووبەرییەکانی خامەنەیی و فەرماندەکانی سپا و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و دەوڵتی، سەروەتی ئەم کۆمەڵگایە و بەرهەمی ڕەنجی کرێکاران تاڵان دەکەن و خۆیان و ئاغازادەکانیان نوقمی عەیاشی و خۆشگوزەرانین، بەپێی دانپێدانانی ” ڕوزبە کەردەوانی ” بەرپرسی دامەزراوەی باڵای لێکۆڵینەوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، ٢٥ ملێۆن کەس لە خەڵکی ئێران گیرۆدەی هەژاری موتڵەقن.

کرێکارانی ئێران تەنیا بە پەرەپێدان بەم خەبات و تێکۆشانە شکۆدارەی خۆیان و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەراسەری چینایەتی و حیزبی و هەروەها شکڵ پێدان بە ڕێبەرییەکی وشیار، شێلگیر و  فەداکار دەتوانن ڕیفۆرمگەلێک لە بواری سیاسی و ئابووری بەسەر دەولەتدا بسەپێنن. دەستکەتەکانی ئەم ڕیفۆرمانە دەبێ ڕێخۆشکەر بن بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیم و سەرکەوتنی چینی کرێکار وەک ڕێکخەری دەسەڵاتدارییەتی شۆڕایی و کۆمەڵگا بەرەو بێ نیازبوون لە هەرچەشنە چین و دەڵەتێک هیدایەت بکات.

بابەتی پەیوەندیدار

شەڕی مان و نەمانی ڕژیمی ئیسلامی لە دژی خەڵک

komalah

پەیامی حیزبی کۆمۆنیستیی ئێران بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندن 14.2.1401

komalah

ئەو سێ ڕۆژەی کە، کەشی سیاسی کوردستان و ئێرانی گۆڕی

komalah

ژینای کوردستان بوو بە ژینای ئێران

komalah

گەشتی ئێڕشاد یان باندی جینایەتکاران

komalah

گوشارەکانی سەر خەباتکاران و ناڕازییان بێ وڵام نه‌ماوه‌تەوە

komalah