جولای 24, 2021
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وڵامی بەتەوژمی خەڵکی کوردستان بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم

هەواڵی گەیشتوو لە لایەن هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان باس لەوە دەکات کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بۆ جارێکی دیکە “نا”ی بەتەوژمی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی خۆیان بە ڕژیمی ئیسلامی لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی هەینیدا دووپات کردەوە. بە پێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، شانۆیەک کە لەژێرناوی هەڵبژاردنەکاندا وەڕێکەوتبوو لە لایەن زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانەوە بەرەوڕووی بایکۆتی جیدی بووەتەوە.  زۆربەی بەرئاوردەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەرخەری ئاستی بەشداریی زۆر کەمی خه‌ڵك له‌م شانۆگه‌رییه‌دا بوون. بە پێی هەر ئەم ڕاپۆرتە مەیدانییانە لە زۆرێک لە شارەکان تەنانەت زۆربەی کەسانی نۆژکەریش لەم ڕۆژەدا لە ڕۆژیشتن بۆ نوێژی جومعە خۆیان بواردووە تا ئیمکانی وێنە و فیلم گرتن بە دەزگا تەبلیغییەکانی ڕژیم نەدەن. لە نموونەیەکدا ئیمام جومعەی مەریوان داوای لە خەڵک کردووە کە لە مزگەوتی جامعدا حزووریان بێت، لەبەر ئەوەیکە گۆیا هەواڵنێری بیانی هاتووە و بەنیازە ڕاپۆرت و فیلم ئامادە بکات، بەڵام جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك داواكه‌ی ئیمام جۆمعه‌یان به‌ گاڵته‌ گردۆ و وڵامیان پێ نه‌داوه‌ته‌وه‌. شەبەکەی ئۆستانیی تەلەویزیۆنی سنە کە هەواڵی پێوەندیدار بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی بڵاو دەکردەوە، بەهۆی بێ ڕەونەقی و داخرانی ناوەندەکان، ڕاپۆرتی درۆیین و دەستکردی قەتع کرد و لە کاتژمێر ١٠ و ٢٠ دەقیقەوە فیلمی سینەمایی بڵاو کردەوە. ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان لە گۆشە و کەناری کرماشان باس لە بایکۆتی بێوێنەی هەڵبژاردنەکان لەم شارە گەورەیە دەکەن. لەم شارە و لە زۆر شوێنی دیکە کڕینی دەنگ لە خەڵک بۆ بەشداری کردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکان یەکێک لە هەوڵە باوەکان بووە.

ئەگەرچی هێستاش پێویستە چاوەڕوانی ڕاپۆرتی تەکمیلی سەبارەت بە بایکۆتی بەرینی ئەم گاڵتەجاڕیە لە کوردستان بین بەڵام هەتا ئێستاشی سەرکەوتنی خەڵک لەم نەبەردە دیاریکراوەدا مسۆگەرە. بەڵام ئەوەیکە ڕۆژی هەینی ڕوویدا دوور لە چاوەڕوانی نەبوو. جەماوەری خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتای دامه‌زراندنی ئه‌م ڕژیمه‌ “نا”یان بە کۆماری ئیسلامی وتبوو. جەماوەرێک کە پەلاماری ئەم ڕژیمە سەرکوتگەرەیان بۆسەر کوردستان بە خۆڕاگری قارەمانانەی خۆیان وڵام دابۆوە جه‌ماوه‌رێك كه‌  ئەم خۆڕاگرییەیان لە ماوەی ٤٢ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر و لە حەرەکەتی جەماوەریی گەورە لەوانە مانگرتنی سیاسی، لە ساڵانی جۆراوجۆردا تاقی کردبۆوە، لە هەموو دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتووە تا بێگانە بوونی ئەم ڕژیمە لەگەڵ بەرژەوەند و قازانجی ئەمڕۆ و سبەینێیان نیشان بدەن. ڕۆژی هەینی بۆ جارێکی دیکە وەها دەرفەتێک خوڵقا و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان لە هاوپشتییەک کە بەدەیان جار تەجروبەیان کردبوو، بەئاشکرا ڕایانگەیاند کە ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ خۆیان بە بێگانە دەزانن. جێی خۆیەتی هەر لێرەوە هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە گەورەیە لە خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو چالاکانەی کە بۆ بڕینی ئەم ڕێگایەدا هەوڵیان داوە، پیرۆزبایی بکەین.

هەڵبەت پێویستە بوترێ کە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژی هەینیی ڕابردوودا بۆ زۆربەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، ڕووداوێکی لەناکاو نەبوو. کارنامەی ئەم دەسەڵاتە لە کوردستان پڕە لە جەنایەت و داسەپاندنی بێ مافی و پێشێلکردنی ئاوات و ئارەزووەکانیان لەپێناو بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئینسانی. بێ گومان جەماوەرێک کە داخوازییە سەرەتاییەکانیان بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام وڵام دراوەتەوە، جەماوەرێک کە لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا شوێنی ژیانیان ناسناوی ناوچە بێبەشەکانی بۆ پاساو کردنی درێژەی ئەم بێەشییە لەسەرە، جەماوەرێک کە سێبەری بێکاری، هەژاری و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر ژیانیانەوەیە، جەماوەرێک کە ڕوو دەکەنە کۆڵبەری واتە ئەو کارە دژوار و پڕمەترسییە و لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە گیانیان دەخەنە گرەوی وەدەستهێنانی پاره‌ و نانێک، جەماوەرێک کە بەناچار بۆ دیتنەوەی کار کۆچ دەکەن و دژوارییەکانی دووری لە بنەمالە تەحەمول دەکەن، ڕۆژی هەینی لە هاوپشتییەکی بەهێزدا بە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان نیشانیان دا کە خۆڕاگری و خەبات لەپێناو وەدیهاتنی مافە ڕەواکانیان درێژەی هەیە و هەموو جارێ هەنگاوێکی گەورەتر بەرەوپێش هەڵدەگرن. ئەم جەماوەرە لە کردەوەیەکی هاوئاهەنگدا نیشانیان دا کە کوردستان هەروا سەنگەری شۆڕشی ئێران دەمێنێتەوە. ئاشکرایە کە هێشتا تا سەرکەوتنی نیهایی ڕێگایەکی دورودرێژ لەبەرە بەڵام هاوپشتیی ڕۆژی هەینی لە وڵام بە بانگەوازی بایکۆتی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکان، نیشانی دا کە خەڵک خۆیان بۆ نەبەردە چارەنووس سازەکانی داهاتوو ئامادە دەکەن.

بەڵام تایبەتمەندیی دیاری بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان پێویستە لە پەیوەند و هاوڕێیەتیی زۆرینەی بەرچاوی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران ببینین. ئەم حەرەکەتە هیوا بە گۆڕان، زیاتر لە ڕابردوو لە ئاستی کۆمەڵگا و لەناو جەماوەری ناڕازی بەم دەسەڵاتە بەهێز دەکات. ئەگەرچی بە ڕوونی دیارە کە ئامار و ئەرقامی ڕاگەیەندراو لە لایەن دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیم ساختەکارییە، بایکۆتی هەڵبژاردنی فەرمایشی له‌ ئاستی سه‌رانسه‌ریشدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە. جەماوەری خەڵک لەم کردەوە سەرتاسەرییەی خۆیاندا توانییان هەنگاوێکی گەورە لەپێناو تاراندنی نیزامی گەندەڵ و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی هەڵگرن. ئەگەر ئەوەیکە ڕۆژی هەینی ڕوویدا لە چوارچێوەی حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکانی بەتایبەت چەند ساڵی ڕابردوودا هەڵسەنگێنین بێگومان دەتوانێ لە داهاتوودا ڕێگاخۆشکەری حەرەکەتی گەورەتر بێت و هیوا بە داهاتوویەکی ڕوون بەرهەم دێنێ. داهاتوویەک کە هەر ئەم جەماوەرەی قوربانیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، پێویستە بیخۆلقێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگه‌یاندنی كۆتایی پلۆنۆمی نۆهه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ (ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)

rezan

پێویستیی پشتیوانیی سه‌رتاسه‌ری له‌ خۆڕاگریی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی خووزستان

rezan

مانگرتنی كرێكارانی په‌یمانیی نه‌وت، گاز و پێترۆشیمییه‌كان، سه‌ركه‌وتن نزیكه‌

rezan

نابێ ڕێگه‌ بدرێت ڕژیمی ئیسلامی خه‌ڵكی مافخوازی خووزستان سه‌ركوت بكات

rezan

كۆماری ئیسلامی و ئێعتیاد له‌ ئێران

rezan

جێخستنی توندوتیژی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا

rezan