کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وڵاتانی لێوارەی کەنداو، کوشتارگای کرێکارانی کۆچبەر

ڕۆژنامەی تایمز ی هێندوستان لە زمان هەواڵنێری رۆیتێرزەوە سەردێڕێکی نووسی بوو کە” دوبەی مەترسیدارە”. ئەم سەردێرە گێرانەوەی داستانی ژیانی کەسێکی ٤٧ ساڵ تەمەن و سەرپەرەستی بنەماڵەیەک بوو کە تابوتەکەی لە دوبەیەوە بەرەو ئاواییەکەی لە ویلایەتی تلانگانا لە هێند دەگوازرایەوە تا بیدەنەوە دەست هاوسەرەکەی. هاوسەرەکەی دەیوت پارەکە بۆ چەند ڕۆژ گەڕابۆوە بۆلایان و خاوەنی تەندروستییەکی باش بووە و ئێستا بە هۆی سەکتەوە مردووە. کاتێک چەندین کاتژمێر بەبێ پشودان لە گەرمای سوتێنەری وڵاتانی کەنداودا خەریکی کار دەبی، کاتی دەرچوون لە بەناو خابگاکە لێ قەدەغەیە، کەوابێ مردن بەهۆی سەکتەوە زۆریش دوور لە چاوەڕوانی نییە.

بەشێکی گەورە لەم کرێکارە کۆچبەرانە لەو ناوچانەوە دێن کە وشکەساڵی دار و نەداریانی نابوود کردووە و ئەوانی کردووه‌تە کرێکارانی کۆچبەر. ئەوان لەبەر هەتاوی گەرمدا لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کووه‌یت، قەتەر، عەرەبستانی سعودی و بەحرین لە کارگا گەورەکانی ساخت و سازدا کە بە بەرەکەتی دۆلارە نەوتییەکان دامەزراون، ئاخرین تواناییەکانیان هەڕاج دەکەن و کەسوکاریان لە نەکاو بەرەو ڕووی تابووتی ئازیزانیان دەبنەوە. تەنیا لەو ویلایەتەی هێندوستان ساڵانە ١٠ هەزار کەس دەچن بۆ وڵاتانی لێوارەی کەنداو.

گەلێک بنەماڵە لە بەرزاییەکانی نیپاڵەوە لە هێند، لە پاکستان و لە بنگلادێش پشوی میلادی مەسیح لەتاو بینینی هاوسەر، منداڵ و دایک و بابیان ئۆقرەیان نییە کە قەرارە دەرفەتێکیان بۆ هەڵبکەوێ و ئیجازەیەک لە خاوەن کار وەرگرن تا لە بازاڕی کۆیلەداری مودێڕنی ئەمیر نشینەکانی کەنداو دەرچن و بچنەوە بۆ بینینی بنەماڵەکانیان. بەڵام بنەماڵەکانی ئەم کۆچبەرانە بە خەیاڵی ئەوەی کە ئازیزانیان نەک بە زیندویی، بەڵکوو لە تابوتدا بگەڕێنەوە بۆلایان بەردەوام لە ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێدان.

ئەوەندە بەسە کە لە فرۆکەخانەی کاتماندۆ ی پێتەختی نپاڵ، لە کەراچی پاکستان چاوێک بە پەروازەکاندا بگێڕی تا بزانی کە سێ لەسەر چواری پەروازەکان بەرو وڵاتانی کەنداون. ئەو پیاو و ژنانەی کە بە ڕەنگ و رووی زەرد و لاوازەوە و بە کەمێک پارەوە دەرۆن بەرەو شوێنێک کە ڕۆژانە دەبێ ١٣ تا ١٤ کاتژمێر کاری تێدا بکەن.

کۆچکردن بۆ کار لە وڵاتانی کەنداو لە دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوەوە دستی پێکردووە، بەڵام خێرایی سەرسوڕهێنەری ساخت و ساز لە دوو دەیەی دواییدا بە ملیۆن کرێکاری کۆچبەری بەرەو ئەو شوێنە ڕاکێشاوە. بەپێی ئامارەکانی ” سازمانی مافی کۆچبەران” ١٧ لەسەدی شاغڵین لە کووه‌یت لە کرێکارانی کۆچبەری بیناسازی پێکدێن کە ژمارەیان دەگاتە ١٨ هه‌زار و ٦٠٠ کەس، لە عەرەبستان٤ ملیۆن و ٢٨٠ هەزار کەس، لە دوبەی ٥٠٠ هه‌زار کەس، لە بەحرین ١٥٤ هەزار کەس، لە عەمان ٥٠٠ هەزار کرێکاری کۆچبەر لە بەشی بیناسزیدا خەریکی کارن. کاتێک کە هەواڵی بارودۆخی نامرۆڤانەی کرێکارانی بیناسازی پرۆژە وەرزشییەکان بۆ جامی جیهانی تۆپی پێی ساڵی ٢٠٢٢ لە قەتەر لە مێدیاکانی دنیادا بڵاو کرایەوە تازە دەرکەوت کە کرێکارانی کۆچبەر لە چ دۆزەخێکدا دەژین. لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ ساڵانە لە قەتەر ٢٣١ تا ٢٤١ مەرگی کرێکارانی کۆچبەر تۆمار کراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی هێند لە ساڵی ٢٠١٤ دا، ٢٧٩ کرێکاری کۆچبەر گیانیان لەدەست داوە کە ١٠٩ کەسیان لە پرۆژەکانی سەربە بیناسازی جامی جیهانیدا بووە. ٥٨ هه‌زار و ٧٥ کرێکاری کۆچبەری هێندی لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە وڵاتانی ئەندامی شوڕای هاوکاری کەنداودا گیانیان لەدەست داوە و ئەم ڕەقەمە زیاترە لە کۆی ئەو سەربازانەی ئەمریکا کە لە شەڕی عێڕاقدا کوژراون. سەهمیەی عەرەبستانی سعودی ٢ هه‌زار و ٦٩١ کەس بووە. ڕاستی مەسەلەکە ئەوەیە کە ٩١ لەسەدی ئەم مردنانە نابێ وەک مەرگی سروشتی چاو لێبکرێن، بەڵکوو دەبێ وەک کوشتن بە حێساب بێن. حاکمانی قەتەر ناچار بوون بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە یەکێتیی نێونەتەوەیی سەندیکا کرێکاریەکانی “ئای تی یو سی” و “سازمانی پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ” و تەنانەت “فیدڕاسێۆنی جیهانی فوتباڵ” سەبارەت بەو ڕاپۆرتانە هەستیار بوون، هێندێ ئاسانکاری بۆ ڕەچاو کردنی مافە ناسراوە نێونەتەوەیەکانی بەدی بێنن. لەوانە لە بواری پشوی زیاتر و کاتژمیری کاری کەمتردا کە بکرێت مەرگی کرێکاران کەم بکاتەوە.

ژمارەیەک لەو کرێکارانە چاوەڕیی ئەوە نامێننەوە تا بەهۆی ڕووداوی شوێنی کارەوە یان گوشاری سەرچاوەگرتوو لە گەرمای تاقەت پروکێنەوە بمرن. ئەوان بژاردەیەکی بەناو کەم دەردی سەرتر واتە خۆ کوشتن هەڵدەبژێرن، وەک ئەو گەنجە ٢٨ ساڵەیەی باشوری هێند کە لە شیرکەتێکی پاک کەرەوەدا کاری دەکرد و لە ساڵی ٢٠١١ دا خۆی لە قاتێکی بورجی خەلیفەوە لە دوبەی هەڵدێرایە خوارەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ لە دۆحە کرێکارێکی دیكه‌ی هێندی کە لەگەڵ خاوەنکار لەسەر حەقدەستی نەدراوی دەمەقاڵەی بوو، خۆی هەڵواسی و مرد. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ” سازمانی مافەکانی کۆچبەران” و بەپێی زانیاری کاربەدەستانی دەوڵەتی لە نیوان ساڵەکانی ٢٠٠٧ و ٢٠١٣ دا ٧٠٠ کرێکاری کۆچبەر دەستیانداوەتە خۆ کوشتن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە ٨١ لەسەدیان لە کۆیت و لە لایەن کرێکارانی کۆچبەری باشوری ئاسیاوە هەوڵی بۆدراوە. سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی گەلێک جار لە پێوەند لەگەڵ بارودۆخی فەلاکەتباری کرێکارانی کۆچبەر بەرانبەر بەو دەوڵەتانە ناڕەزایەتی دەربڕێوە و داوای لێکردون کە کۆمەڵێک هەنگاوی جیدی لەم بوارەدا هەڵێننەوە. بەڵام بۆ ئەم دەوڵەتانە ئەو پوڵەی لە لایەن ئەم کرێکارانەوە بەدەست دێت بەنرخ ترە لە گیانی ئەوان. لەبیرمان نەچێت کە عەرەبستانی سعودی لە سێ مانگەی کۆتایی ساڵی ڕابردووی زایینیدا خۆی لە نوێ کردنەوەی ویزای ٤٠ هەزار کەس لە کرێکارانی کۆچبەری پاکستانی بە بیانوی کرداری پێشگیرانە لەدژی تیرۆریزم پاراست و ئەوانی فڕێدایە سەر شەقامەکان. هەروەها جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە هەموو ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیانە لە ناوچەیەک لە جوغڕافیای دنیادا روو ئەدەن کە خاوەنانی دەسەڵات تێیدا لەسەر لوتکەی بەرزی زەخیرە نەوتییەکان دانیشتون و بۆ ساتێکیش لە سەریەک نانی سەروەتی زیاتر لە ڕێگای چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی ئەو کرێکارانەوە کە کردویاننەتە کۆیلە غافڵ نین.

پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا دەبێ و پێویستە بەم دنیا ئاوەژوە ڕازی بین ، یان دەبێ لە نێوی بەرین و فڕیی بدەینە زبڵدانی مێژوەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار

لێکچوونی سروودی “سڵاو فەرماندە”ی خامنه‌ای و سروودی ” سڵاو هیتلەر “ی نازییەکان

komalah

خەبات بۆ دابینکردنی ژیانێکی گونجاو و کەرامەتی ئینسانی

komalah

هەڵاواردنی مەزهەبی لەبواری دوکتۆر و دەرمان لە ئێران

komalah

نابێت ئیزن بدرێت ڕژیم، قەیرانە ئابوورییەکەی بە دزینی نان لەسەر سفرەی خەڵک چارەسەر بکات.

komalah

یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێران، دۆسییەی قەزاییان هەيە.

komalah

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah