ڕۆژانی دوایین حه‌فته‌ی مانگی خاكه‌لێوه، هاوكاته له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی زنجیره ئۆپراسیۆنه دژه مرۆییه‌كانی ناسراو به “ئه‌نفال” له لایه‌ن ڕژیمی به‌عسه‌وه له كوردستانی عێراق. له‌م كاره‌ساته‌دا پتر له ١٨٠ هه‌زار مرۆڤ بوونه قوربانی و سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی ئه‌و هه‌مووه ساڵه، به‌رده‌وام ئاسه‌واره ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كانی، به‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگاوه دیارن. ٣٥ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له وه‌ها ڕۆژانێكدا، له حاڵێكدا كه شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق له دوایین مانگه‌كانی خۆی دابوو، ڕژیمی به‌عسی عێراق ئه‌وله‌ویه‌تی جه‌نگیی خۆی، به‌ره‌كانی كوردستان دیاری كرد و سه‌دان هه‌زار هێزی چه‌كداری خۆی به تانك و تۆپ و هه‌موو جۆر كه‌ل و په‌لێكی پێشكه‌وتووی جه‌نگییه‌وه و به پشتیوانیی ئاسمانیه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ندین گرووپ له به‌كرێ گیراوانی مه‌حه‌لیی، ڕه‌وانه‌ی كوردستان كرد. ئامانجی ڕاگه‌یه‌ندراوی ئه‌م شه‌ڕه، سڕینه‌وه‌ی كوردستان له هێزی پێشمه‌رگه بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه به‌كرده‌وه ده‌رهات، پلانێكی كۆنتر واته سیاسه‌تی جینۆسایدی خه‌ڵكی كورد بوو. ئه‌گه‌رچی بۆ چه‌ند ده‌وره‌یه‌ك وه‌قفه له ئیجرای ئه‌م سیاسه‌ته كه‌وت، به‌ڵام ڕژیمی به‌عسی عێراق وه‌ك سیاسه‌تێك هه‌رگیز، وه‌لای نه‌نا.
له ساڵی ١٩٧٦ شاری قه‌ڵادزێی بۆمباران كرد و خه‌ڵكی بێدفاعی ئه‌م شاره‌ی قه‌تڵ وعام كرد. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا بۆمبارانێكی هاوشێوه‌ی له شاری هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجام دا كه كوشتاری به‌رینی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی لێكه‌وته‌وه.
له ساڵه‌كانی ١٩٧٦ و ١٩٧٧، به ئامانجی پێكهێنانی نه‌واری ئه‌منی، وه‌ك به‌شێك له ڕێكه‌وتن نامه‌ی ئه‌لجه‌رایه‌ر، پتر له ٤ هه‌زار گوندی وێران كرد. مه‌زرا و باخه‌كانی ده‌سووتاند و كانیه‌كانی وشك ده‌كرد و دانیشتوانی گونده‌كانی به‌زۆر ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ئۆردووگایانه ده‌كرد كه له گه‌مارۆی خۆیدا بوون. دواتر له‌وه‌ش واوه‌تری ئه‌نجام دا و شاره‌كانی “قه‌ڵادزێ” و “سه‌ید سادق” و چه‌ند به‌شێكی له شاری “ڕانیه”ش وێران كرد.
له ساڵی ١٩٧٩ كورده فیلیه‌كانی له به‌غدا و شوێنه‌كانی دیكه، به زه‌بری زۆر، له ماڵه‌كانیانی خۆیان ده‌ری كردن و زۆربه‌یانی دواتر قه‌تڵ و عام كرد.
له ساڵی ١٩٨٥دا، ئۆردووگای په‌نابه‌رانی كوردستانی عێراقی له ناوچه‌ی زێویه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ له كوردستانی ئێران بومباران كرد كه به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی بێدفاع گیانیان له‌ده‌ست دا.
له ساڵی ١٩٨٧، خه‌ڵكی گونده‌كانی دانیشتووی دۆڵی بالیسانی له كوردستانی عێراق، كرد به ئامانجی بۆمبارانی شیمیایی و كوشت و كوشتارێكی به‌رینی وه‌ڕێ خست و ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ی به نه‌خۆشخانه‌كان نه‌دا كه برینداره‌كان ده‌رمان بكه‌ن. ساڵی ١٩٨٧، خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كێكی له شاری هه‌ڵه‌بجه به بیانووی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان قه‌تڵ و عام كرد.
ساڵی ١٩٨٨، هه‌شت هه‌زار كه‌سی له خه‌ڵكی ناوچه‌ی بادینان له باكووری كوردستانی عێراقی به زۆر، بۆ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق گواسته‌وه و له‌وێ له بیابانی “جالیه”، هه‌موویانی كوشت و له گوڕێكی به‌كۆمه‌ڵدا ناشتنی. ساڵی ١٩٨٨ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆمبارانی شیمیایی كرد و ٥ هه‌زار كه‌سی له خه‌ڵكی ئه‌م شاره له پیر و لاو و ژن و منداڵ قه‌تڵ و عام كرد. ئۆپراسیۆنی ناسراو به “ئه‌نفال” ئه‌وپه‌ڕی به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی ئه‌م سیاسه‌ته دژه مرۆییه بوو.
ئه‌نفال ناوێكه كه له قورئانه‌وه وه‌رگیراوه و له‌وێدا به مانای “غه‌نیمه‌ت” به‌كار هێندراوه. هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناوه بۆ ئه‌م ئۆپراسیۆنه، ئه‌ساسه‌ن بۆ هاندانی به‌كرێگیراوانی مه‌حه‌لی بوو تا ده‌ست بده‌نه جه‌نایه‌ت و تاڵان و غه‌نیمه‌ت گیری. له‌م ئۆپراسیۆنه‌دا، ڕێگه به به‌كرێ گیراوانی ڕژیمی به‌عس درابوو تا ماڵی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی وا گوند و شار و شارۆچكه‌كانیان به زه‌بری زۆر پێ چۆڵ كرابوو، به‌تاڵان به‌رن.
له جه‌ره‌یانی زنجیره ئۆپراسۆنه‌كانی ئه‌نفالدا، هه‌زاران كه‌س له‌وانه ژن و پیاو و منداڵ و پیر و لاو له زێد و شوێنی ژیانیان هه‌ڵكه‌ندران، به بێ ئه‌وه‌یكه بتوانن بێجگه‌له جل و به‌رگێك كه له‌به‌ریان دابوو، شتێكتر له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رن. ئه‌م خه‌ڵكه‌یان له پۆلی چه‌ند هه‌زار كه‌سیدا و به ئۆتۆبووس، به‌ره‌و بیابانه‌كانی “ئوگره سه‌لمان“، هه‌ڵكه‌وتوو له به‌شی ناوه‌ڕاستی عێراق، ڕه‌وانه ده‌كرد و له‌وێ ده‌سته ده‌سته، به بێ ڕه‌حمانه‌ترین شێوه قه‌تڵ و عامیان ده‌كردن. پاش ماوه‌یه‌كی زۆر، كه‌سانێكی زۆر كه‌م كه له‌م كاره‌ساته ده‌رباز ببوون، ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌یان ئاشكرا كرد و گۆشه‌یه‌ك له كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ و نامرۆڤانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان گێڕاوه. ئه‌گه‌رچی هێستاش ئامارێكی ورد سه‌باره‌ت به خه‌ساری گیانیی ئه‌م كاره‌ساته له‌به‌ر ده‌ست دا نییه، به‌ڵام ئاماره‌كان باس له كوژرانی ١٨٠ هه‌زار ئینسان و ناشتنیان له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كاندا ده‌كه‌ن.
كاره‌ساتی ئه‌نفال به هه‌موو پانتایه‌كی نامرۆڤانه‌یه‌وه، له‌به‌رچاوی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كانی جیهان و له سه‌رووی هه‌مووانه‌وه، ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، ئه‌نجام درا، به‌ڵام ئه‌وان هیچ هه‌وڵێكی به‌رگرانه‌یان له‌خۆیان نیشان نه‌دا. میدیا جیهانیه‌كانیش كه له ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا كار ده‌كه‌ن، له به‌رامبه‌ر ئه‌م جه‌نایه‌ته دژه مرۆییه‌دا بێده‌نگیان گرته‌به‌ر. له ئێستادا كه ئیتر بیروڕای گشتی ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژیه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتووه، به‌م حاڵه‌شه‌وه، له لایه‌ن ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه ڕه‌سمیه‌كانه‌وه، ئه‌م جه‌نایه‌تانه نامرۆڤانه‌یه دژبه خه‌ڵكی كوردستان، له ئاست جیهانیدا به‌ناوی جینۆساید به ڕه‌سمیه‌ت نه‌ناسراوه. له ڕاستیدا، ئه‌م بێده‌نگی و بایه‌خ نه‌دانه‌ش، خۆی سته‌مێكی دیكه‌یه كه له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرێت. ئه‌مڕۆ پاش تێپه‌ڕینی ٣٥ ساڵ، له باروودۆخێكدا یادی كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی ئه‌نفال و قوربانیانی ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه ده‌كه‌ینه‌وه كه ڕژیمی دیكتاتۆری به‌عس له‌سه‌ر كار نییه. سه‌دام و چه‌ند هاوده‌ستی جه‌نایه‌تكاری دیكه‌ی له سێداره دران. هه‌رچه‌ند ئه‌م جه‌نایه‌تكارانه ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست نه‌ماوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه خه‌ڵكی كوردستان له‌و مافه‌ش بێبه‌ری كران كه خۆیان ئه‌م جه‌نایه‌تكارانه له دادگایه‌كی عه‌له‌نی دا موحاكمه بكه‌ن و سزاكانیان ڕاگه‌یه‌نن. سه‌دام و ژماره‌یه‌ك له‌و جه‌نایه‌تكارانه‌ی وا كاره‌ساتی ئه‌نفالیان خوڵقاند له‌ناوچوون،به‌ڵام هێستاش، ئاسه‌واری ژان و ئازاری ئه‌و خه‌ڵكه كاره‌سات دیتووه‌ی كه ئه‌م ڕووداوه تاڵه مێژووییه‌ی تێپه‌ڕاندووه، هه‌روا ماوه‌ته‌وه. زۆرێك له‌و به‌كرێگیراوه كوردانه‌ی وا له‌م كوشتاره به‌كۆمه‌ڵه‌دا له لایه‌ن ڕژیمی به‌عسه‌وه به‌كار هێندرابوون، نه ته‌نیا خۆیان له سزاكانیان ده‌رباز كرد به‌ڵكوو توانیان ئه‌و سه‌روه‌ته‌ی وا له ڕێگه‌ی تاڵان كردنی ماڵی خه‌ڵكی ئه‌نفال لێدراوه‌وه په‌یدایان كردبوو، بیپارێزن و وه‌ك دڕكێك له چاوی خه‌ڵكی كوردستان دا هه‌روا درێژه به ژیانی ئاساییان بده‌ن. سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی ٣٥ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م ڕۆژه سه‌ختانه‌دا، ده‌یان هه‌زار كه‌س له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفال كراوان هه‌روا به ژانی هه‌ژاری و نه‌داری و خه‌می له‌ده‌ست دانی ئازیزانیانه‌وه ده‌ناڵێنن. له ساڵڕۆژی ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره مرۆییه‌دا، نه‌فره‌ت و بێزاریی خۆمان له هۆكار و بڕیارده‌رانی ئه‌م جه‌نایه‌ته ده‌رده‌بڕین و سڵاو و دروود ده‌نێرین بۆ یادی پتر له ١٨٠ هه‌زار ئینسانی بێ دیفاع كه له‌و جینۆسایده‌دا گیانیان به‌خت كرد.