کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وه‌رن با قورسایی ئەم قەیرانە ئابورییە، بخەینەوه‌ سەرشانی خودی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان!

ڕۆژ نییە کە هەواڵی بێکاركرانی کۆمەڵێک لە کرێکاران لە ڕاگەیەنەرەکانه‌وه‌ بڵاو نەبێتەوە. ئابووریی کۆماری ئیسلامیی لە گێژاوی قەیراندا پەلەقاژەیەتی. ئەمە ڕاستییەکە کە ته‌نانه‌ت ئابووریناسان و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەتیش ڕاشكاوانه‌ باسی لێوه‌ دەکەن و بۆ چارەسەركردنیشی ڕێگه‌چارەی جۆراوجۆر پێشنیار دەکەن. سەرانی ڕژیم و لەوانە ڕوحانی و وەزیرەکانی کابینەکەی، ئه‌گەرچی بە بەرچاوی خەڵکەوە هه‌بوونی ئه‌م قه‌یرانه‌ رەت دەکەنەوە، بەڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ لە خەڵوەتی خۆیاندا و دوور له‌ چاوی خه‌ڵك و ڕاگه‌یاندنه‌كان، دانی پێدا دەنێن. ڕێگه‌چارەی ئەساسیی دەوڵەتی ڕوحانی، ئاساییکردنەوەی مۆناسبات لەگەڵ ڕۆژئاوا لە سایەی ڕێككه‌وتنی هەستەیی و ئیجرای بەرجام و ڕاکێشانی سەرمایەی کەڵان و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆسپانەی كه‌ له‌سەر ڕێی ئیجرای بەرجامدان، هێشتا مەودایەكی زۆری لەگەڵ دەستڕاگەیشتن بەم ئامانجانه‌ش هەیە.

لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە، لەم دواییانەدا وەزارەتی “سەنعەت، مەعدەن و تێجارەت”یش ئیعتیڕافی به‌وه‌ کردووه‌ کە لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هەزار یەکەی پیشەسازیی دیكه‌ لە ئێران داخراون و ژمارەی ئەو بۆنگا تەولیدییانەی كه‌ لەم ماوەدا داخراون ، ١٦ هەزار و ٤٦١ واحید ڕاگەیەندراوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراورد له‌گه‌ڵ ساڵی به‌ر لە تەوافۆقی بەرجام، ٦ هەزار یەکە زیادی کردووە. دیارە کە کرێکارەکانی ئەم یەكه‌ بەرهەمهێنه‌ر‌ و پیشەسازییانه‌، بەگشتیی بێکار بوون. سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلێسیش لە کۆبونەوەیەکی عەلەنیدا ئەم ئامارەی تەئید کرد و وتی: “بێکاریی دەگاتە ڕێژەی ٧ میلیۆن کەس”. بە پێی ئەم ئامارانە ٧ میلیۆن لە ٢٣ میلیۆن شاغڵانی ئێران بێکارن کە هەڵبەت ئه‌مه‌ ئامارێکی ڕاستەقینە نییە. کارناسان و سەرچاوە سەربه‌خۆکان، دوای له‌قاودانی ئامارسازییەکانی دەوڵەت، ڕەقەمی ڕاستەقینەی بێکارانیان به‌ نزیکه‌ی ١٠ میلیۆن کەس ڕاگەیاندووە. لەگەڵ توندبوونەوەی قەیران لە ئابووریدا، ئەم ئامارە ڕووی لە زیادبوون بووە و ئێمە ڕۆژانە لەگەڵ ئاماری بێکاربووان لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بەرەوڕووین. کارەساتی بێکاریی له‌پاڵ تەوەڕرۆم و گرانیدا، کرێکارانی خستۆتە بارودۆخێکی سه‌خت و دژواره‌وه، به‌ شێوه‌یه‌ك کە کرێکارانی ئێرانیی ناچار دەبن ماوه‌ی چەندین مانگ و جاریواشه‌ زیاتر لە یەکساڵ، بەبێ وەرگرتنی حقوق و هەقدەست، داواکاریی و مەزایا کار بکەن. ئەی كه‌واته‌ ڕێگه‌چارە چییە؟ دەوڵەتی ڕوحانی لەم دواییانە هه‌ندێک لە پڕۆژە و ناوەندەکانی کاری، سپاردووه‌ به‌ سپای پاسداران و بڕیاریشی داوە کە یارانەی ٣ میلیۆن کەسی دیكه‌ ببڕێت. بەڵام کارناسانی لایەنگری کەرتی تایبەتیش ڕێگه‌چارەیەک بێجگە لە بازاڕی ئازاد پێشکەش ناکەن و بۆ بەرەوپێشبردنیشی زیاتر لە هەر کاتێکی دیكه‌ چاویان بڕیوەتە ئیجرای بەرجام. ئەوان هه‌ر ده‌ڵێی بێ ئاگان لەوەیکە بازاڕی ئازاد، ئابووریی جیهانیشی بەرەو هەڵدێر بردووە و لە پێشکەوتووترین شوێن واتە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش، کۆمەڵێک یاسایان داناوە و دادەنێن کە بەردەوام ئاستی ده‌سه‌ڵاتی دەوڵەت لە ئابووریدا زیاتر دەکات. بە شێوەی گشتیی ئاشوفتە بازاڕی ئابووریی ئێران، کارناسانی دەوڵەتیی و غەیرە دەوڵەتیشی تووشی سه‌ره‌گێژه‌ کردووە. ئەوان هەر تەرحێکی ئابووریی کە دایده‌ڕێژن، یان لەسەر کاغەز ماوه‌ته‌وه‌ یان ده‌نا لە نیوەی ڕێگه‌دا ڕادەگیرێت.

هۆکاری ئەمانه‌ چییە؟ بەکورتی هۆکارەکە ئەوەیە کە ڕێگه‌چارەی كێشه‌ی پێكهاته‌یی ئێستا لە پلەی یەکەمدا سیاسییە. هه‌ر بۆیه‌شه‌ کە هەموو ڕێگه‌چارە ئابوورییەکانی ئەم ڕژیمە بەرەوڕووی شکست بوونەتەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم مەسەلەیەدا دەبێ ئه‌وه‌ وەبیر بهێنینەوە کە ئابووریی ئێران لە سەرەتای دەیەی ٥٠ دا تووشی قەیران هات و بواری بۆ ڕووخانی حکومەتی پەهلەویی خۆشکرد. بوورژوازیی ئێران کە ساڵانێکە لەژێر پەڕ و باڵی دەوڵەتدا پارەی کۆكردبۆوه‌، لە ساڵی ٥٧ دا کتوپڕ بەرەوڕووی بزووتنەوەیەکی کرێکاریی پێكهاتوو لە شوڕاکان و بزووتنەوەیەکی چەپ بوویه‌وه‌ کە دەیهه‌ویست ئەم مۆناسباتە ئابوورییە بگۆڕێ. ئەم بوورژوازییە کە هیچ چەشنە تەشەکولێکی جێی پشت پێ بەستن و ڕێبەرییەکی سیاسیی کاراشی نەبوو، بۆ سەرکوتی کرێکاران و چەپەکان، پەنای بردەبەر حکوومەتی ئیسلامیی کە خه‌سڵه‌ته‌ سەرەکییه‌كه‌ی، سەرکوتی بێ ئەمانی گشت ئەو کەسانە بوو کە له‌دژی ئابووریی سەرمایەداریی و لایەنگری نیزامێکی ئابووریی بوون کە دەستەبەربوونی نیازە ئینسانییەکان ئامانجی بێت، نەک چەوساندنەوە. بوورژوازیی لە ماوه‌ی زیاد لە ٣ دەیەی ڕابردووەوە هه‌تا ئێستا، چەند کاری گرنگی ئەنجام داوە، بۆ ئه‌وه‌یكه‌ ئەم سیستەمە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرە، بكات بە ڕژیمێکی ئاسایی. کاریگەرییەکانی شۆڕش و حزووری کرێکاران و خەڵکی ڕاپه‌ڕیو و مافخواز، هەموو پڕۆژەکانی بوورژوازیی تووشی شکست کرد. کۆماری ئیسلامیی لەمڕۆشدا هه‌روەک ٣٧ ساڵی ڕابردوو ڕژیمی سەرکوتە. ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە، ستەمکار و سەرکوتگەرە وەک مۆتەکە خۆی بەسەر کۆمەڵگه‌ و ئابووریی ئێراندا سه‌پاندووه. کرێکاران کە قوربانییانی سەرەکیی بارودۆخی ئابووریی ئێستای وڵاتن، دەبێ ئەم ڕاستییه‌ بنەڕەتییە لەبەرچاو بگرن. بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لەم ڕژیمە دەبێ بەهێز بن، لەدژی ڕژیم خەباتیان چڕ و پڕ و بەرینتر بکەنەوە و له‌ قه‌ده‌ر تواناكانیشیان، داخوازییە كورتماوه‌كانیان بەسەردا بسەپێنن و بە ڕووخاندنیشی ڕێگه‌ بۆ چارەسەرێکی ڕیشەیی هه‌موار بکەن.

ڕێگه‌چارەی بنەڕەتیی و بەرنامەی لانیزۆری کۆمۆنیستەکان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگه‌، دامەزراندنی کۆمەڵگه‌یەکی سۆسیالیستیی، ئازاد، یەکسان و به‌بێ چەسانەوەیە. ئه‌وه‌مان لێ ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ وەها کۆمەڵگه‌یەک هه‌تا ئێستا لە هیچ شوێنێكی جیهان دانەمەزراوە، بەڵام پایە و بنه‌ما عەینییەکانی، دەیان ساڵیشە کە به‌دی ده‌كرێن و فەراهەم بووە، كه‌ هێزی بەدیهێنەریشی، کرێکارانن. تەنها ئەوانن كه‌ دەتوانن کۆمەڵگه‌یەک بونیاد بنێن کە تێیدا ئابووریی نەک لە خزمەت سوود و قازانج، بەڵکوو لە خزمەت دەستەبەربوونی نیازەکانی ئینساندا بێت. ئەمە ڕێگه‌چارەیه‌كی بنەرەتیی و ئەساسییە بۆ چارەسەری گرفتە ئابوورییەکانی ئێران. لەسه‌ر ئاستی جیهان و لەوانە لە ئێران، سەروەتێکی زۆر و زه‌به‌ند، لەبەر دەستی تاقمێک چەوسێنەردا کۆبۆتەوە کە بۆ پاراستنیشی، لە هیچ جەنایەتێک درێغیی ناکەن. ئەو کرێکارانەی کە لە قۆناغی شۆڕشی ٥٧ دا و لە ڕێگه‌ی شوڕاکانیانەوە هه‌ندێک کارخانە و ناوەندی کاریان خستبووە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و دەستیان بەسەر سەنەد و بەڵگەکانیاندا گرتبوو، بەڕوونیی به‌وه‌یان زانی و بۆیان دەرکەوت کە سەرمایەداران، چ سوودێکی کەڵانیان لە کار و ڕەنج و چەوساندنەوەی کرێکاران دەست دەکەوێ. کۆماری ئیسلامیش لە خزمەت ئەم چەوساندنەوە دایە و لە ماوه‌ی ٣٧ ساڵی ڕابردووشدا، بە زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدامی دەیان هەزار کەسیی، ئەرکی پڕ لە جەنایەت و شەرمەزاریی پارێزگاریی لە “موڵكایه‌تیی تایبەت” و “سەرمایە” ئەنجام داوە. ئەم ڕژیمە سەرکوتگەرە یەکەم کۆسپه‌ له‌سەر ڕێگه‌ی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیی.

به‌و پێیه‌ ڕێبه‌ران و هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی، پێویستە لەسەر بەستێنی پەرەدان بەو خەباته‌ی كه‌ لەئارادایە، بۆ ڕیکخستنی کرێکاران هەوڵ بدەن و بە ئاراسته‌ی ئه‌م خەباته‌ ئێستایاندا، تێبکۆشن، بۆ ئه‌وه‌یكه‌ ڕێبەرییەکەی بەدەستەوە بگرن. له‌ ئێستادا كه‌ کۆماری ئیسلامیی لە خەباتی ڕوولەگەشەی کرێکاران تووشی ترس و وەحشەت بووە، دەبێ هەوڵ بدرێت كه‌ داواکارییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی بزووتنەوەی کرێکاریی، بۆ وێنه‌ بیمەی بێکاریی پێویست بۆ کرێکارانی بێکار و درانی هەقدەستی گونجاو بۆ دابین كردنی ژیانێکی پڕ لە ڕیفاه و ئینسانیی و درانی سه‌روه‌ختی و داخوازیی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه‌، بەسەر ڕژیمدا بسەپێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah