ڕەوتی وەرشکست بوونی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە ئێران خێرا تر بووە. رۆژ نییە هەواڵی داخرانی ژمارەیەکی نوێ لە بۆنگاکانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و بێکار بوونی کرێکاران نەگاتە گوێ. نوێترین هەواڵەکان لەم بارەیەوە باس لەوە دەکەن کە:
کرێکارانی کارخانەی ” شوشەی قەزوێن” بە ڕاگەیاندنی ڕاگیرانی تەنیا هێڵێکی بەرهەمهێنانی ئەم کارخانەیە، باسیان لە بیلاتەکلیفی شوغڵی بە سەدان کەس لە کرێکارەکانی کردوە. ههواڵی ڕاگیرانی هێڵی بەرهەمهێنانی گەورەترین کارخانەی شوشەی تەختی وڵات، لە حاڵێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ٣٢٠ کەس لە کرێکارەکانی بە چەندین مانگ حەقدەستی دواخراوەوە لە بیلاتەکلیفیدان. جێگای باسە لە حاڵێکدا بەرپرسانی ڕژیم باس لە کرانەوەی فەزای ئابووری ئێران دوای بەجام دەکەن، کە یەک لەدوای یەک لەم مانگانەی دواییدا، هەواڵی داخرانی جەمسەرە پیشەسازیە گەورەکانی وڵات و پیشەسازی بنەمایی و یان کەم بوونەوەی قەبارەی چالاکی شیرکەتەکانی بەرهەمهێنان بڵاو دەبێتەوە. ڕکودی ئابووری ئێران داوێنگیری پیشەسازی گەورەی بەرهەمهێنان بووە. لەوانە، داخرانی بەسەدان مەعدەن و کانی بەرد، داخرانی کارخانەی ئاسن و فولادی لوشان، داخرانی کارخانەکانی قەندی وەرامین و کەرەج، وەرشکست بوونی زەوبی ئاسنی ئیسفەهان، داخرانی کارخانەی لەوازمی خانەگی ئەرج، بەرهەمهێنە گەورەکانی کاشی لەوانە کاشی نیلو، زیاتر لە حەوت هەزار یەکەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی تر، لەگەڵ بێکارسازی هەزاران کرێکاردا، ناچار بە ڕاگرتنی چالاکیەکانی بەرهەمهێنانی خۆیان بوون.
له ڕاستیدا ستراتێژی ئابووری دەوڵەتی رۆحانی کە بنەماکەی لەسەر سازش لەگەڵ رۆژئاوا سەبارەت بە پرۆژەی ئەتۆمی داندرابوو، شکستی خواردوە. رۆژنامەی کەیهان کە زمان حاڵی باڵی خامنەیی و بەناو ئوسولگەراکانە، لە یەکێک لە ژمارەکانی حەفەتەی ڕابردویدا شکستی دەوڵەتی رۆحانی لە بواری ئابووریدا بە رستهی پڕ ئاب وتاب جێژن دەگرێت و ئەڵێ:
” مانگی خرمانانی ساڵی ١٣٩٣، رۆحانی بە شانازی و غورورەوە ڕایگەیاند کە ئێمە لە ڕکود دەرچووین. سەرسوڕمانی بەرهەمهێنەران لە بەرانبەر ئەم ئیدیعایەدا بەهیچ شێوەیەک وەسف ناکرێت و ناتوانی بە هیچ واژەیەک روونی بکەیتەوە. بەڵام یەکێک لە گرنگ ترین بابەتەکانی جێی ناکۆکی لە دەوڵەتی یازدەهەمدا، باسی گەشەی ئابووریە کە لە هەمان ساڵی یەکەمەوە تا ئێستا درێژەی هەیە. سەرەتا تەنیا ناکۆکی ئاماریی ناوەندی ئامار و بانگی ناوەندی بوو کە دەبوە دەستمایەی تانە و گاڵەتە پێکردنی مەحفەلە جۆراو جۆرەکان. کار گەیشتبوە جێگایەک هێندێک ناوەندی دانشگایی بە ڕەسمی خوێندکاران و توێژەرانی خۆیان لە کەڵک وەرگرتن لە ئاماری یەکێک لەم ناوەندانە بەهۆی بێ بایهخی له ڕووی زانستی و گومانی سفارشی نووسرانیان مەنع دەکرد. کەمێک دواتر، ئامارەکان شاردرانەوە و کەس هەواڵی لێیان نەبوو. ئەم بابەتە هیچ هۆکارێکی نییە بێجگە لە بارودۆخی خراپی گەشەی ئابووری. کیهان لە درێژەدا ئەڵێ: هاوکات لەگەڵ چوونە نێو ساڵی ٩٥ وە، کاربەدەستانی دەوڵەتی باسیان لە گەشەی ئابووری ٤ تا ٥ لەسەدی کرد. هیوایەک کە تا ئێستا و بە تێپەڕ بوونی نزیک بە نیوەی ساڵ، هێشتا کەمترین نیشانهیهكی لێ نابیندرێت و دیارە قەرار نییە لە مانگەکانی داهاتوشدا موعجزەیەک رووبدات.”
بەڵام له ڕاستیدا شادمانی رۆژنامەی کەیهان لە شکستهێنانی دەوڵەتی رۆحانی ناتوانێ زۆر بخایەنێت. هەر دوو باڵەکەی ئەم ڕژیمە لەباری ستراتێژی ئابووریەوە توشی بونبەست هاتوون. ئەوان لە لایەکەوە بۆ دەرچون لەم بونبەستە و زەمانەت کردنی مانەوەی خۆیان هیچ ڕێگایەکیان نییە بێجگە لەوەی کە بارودۆخێکی گونجاو بۆ کارکردی سەرمایە دابین بکەن. واتە هەم ڕەوتی ئاسایی کردنەوەی پێوەندی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوایی بەگەیەننە جێگایەک و کۆسپە سیاسییهكانی سەر ڕێی سەرمایە گوزاری دەرەکی لابەن و هەم بوار بۆ پێشکەش کردنی هێزی کاری هەرزان بە سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکی فەراهەم بکەن.
بەڵام لێرەدایە کە ئاستی کێشمەکێشی باڵەکان و سیاسەتی جیاوازیان بۆ مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی دێته ئاراوه. خامنەیی و سپای پاسداران مایل نین بەوەیکە ئەم ئیمکانە بخەنە ئیختیار رۆحانیەوە کە لەم ڕێگایەوە باڵی مایل بەرەو رۆژئاوا بتوانێ پێگەی خۆی لە ئێران قایم بکات. ئهوان لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا شانسێک بۆ مانەوەی حکومەتی ئیسلامی نابینن. ئەم باڵە نایەوێ بە دەست هەڵگرتن لە دخاڵەتە ناوچەییەکان ئامرازێك كه بۆ گوشار خستنە سهر دەوڵەتانی رۆژئاوایی لە ئیختیاریدایە، لە دەست بدات. لە لایەکی تریشەوە تا کاتێک کە کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا سیاسەتەکانی لەگەڵ سیاسەتی رۆژئاوادا هاوئاهەنگ نەکات تا کاتێک کە ئەم ڕژیمە درێژە بە زێدەخوازیەکانی لە ناوچەکەدا بدات، ئامادە نین ئیمکاناتی ئابووری بنێنە ئیختیار ڕژیمەوە تا بەو ئیمکاناتە بتوانێ پێگەی خۆی لە ناوچەکادا پتەوتر بکات. ئەوان بە مەرجێک حازرن سەرمایەکانیان بڕێژنە بازاڕی ئێرانەوە، کە لە نێوخۆی ڕژیمدا هاوسەنگی هێز بە قازانجی باڵی میانەڕەوی ڕژیم گۆڕابێت. تەنیا لهو سورهته دایه كه ئهوان زەمانەتێکی جیددی بۆ بهڕێوهچوونی پێکهاتنەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەدەست دێنن. دەوڵەتی رۆحانی بە یارمەتی تەوافوقی بەرجام نەیتوانی ئەم هاوسەنگیە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت و رۆنامەی کەیهان ڕاست ئەم شکستەی جێژن گرتوە. درێژەی ئەم بارودۆخە یانی هەژاری زیاتر، گرانی زۆرتر، بێکاری بەرین تر، خەساری کۆمەڵایەتی پڕ ئازار تر، واتای ئەم بارودۆخە ئەوەیە کە کەشتی کۆماری ئیسلامی لە دەریایەکی تۆفانیدا گیری خواردوە و رۆژنامەی کەیهان ئۆرگانی ئوسولگەراکان، لەنێو ئەم کهشتیهدا ساویلکانە جێژنی بەرپا کردوە.
له ڕاستیدا هەردوو باڵی ڕژیم کە هەستیان بە مەترسی ڕاستەقینەکە کردوە، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەخەنە زیندان. ئەحکامی زیندانی درێژ ماوە به سهریان دا دادهسهپێنن. ژمارەی ئێعدامەکان زیاتر ئەکەن. بە ترساندنی خەڵک هەوڵ ئەدەن حاکمیەتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا بپارێزن.
بەڵام گرتنە پێشی ئەم جۆرە شێوەیه تا چ ئاستێک و تاكهی دەتوانی بەردەوام بێت. خەڵکی ئێران بە درێژایی تەمەنی ڕژیم بارودۆخی پڕ لە خەفەقان و سەرکوتی توندتریان تەجروبە کردوە و مەیدانیان چۆڵ نەکردوە. کۆماری ئیسلامی بەسەر ئاگری گوشاری قین و توڕەیی خەڵکدا حکومەت دەکات. خەڵک ئیتر ئەم ڕژیمە و ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە بە شایستەی خۆیان نازانن و وشیاریەکی سیاسی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لە ڕێدایە.