ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ژانویه، بەرامبەر لەگەڵ یەکەم ڕۆژی مانگی ڕێبەندان، سەدەمین ساڵیادی کۆچی دوایی لینین، ڕێبەری بەتوانای چینی کرێکار و گەورەترین کەسایەتی شۆڕشگێڕی سەدەی بیستەمە. لینین ڕۆژی ٢٢ی ئاوریلی ١٨٧٠ لە شارۆچکەی ئولیانۆفسکی ڕووسیا لە بنەماڵەیەکی مامناوەند و خوێندەواردا هاتە دنیاوە. لینین تەمەنی حەڤدە ساڵ بوو کاتێک برا گەورەکەی بەتۆمەتی بەشداریکردن لە چالاکییەکدا بەمەبەستی تیرۆرکردنی تزار ئەلکساندەری سێیەم دەستگیرکرا و لەسێدارەدرا. لەسێدارەدانی براکەی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر لینینی گەنج دانا. دوابەدوای ئەو ڕووداوە بوو کە هەست و ناخی ڤلادیمیری گەنج دێتە خرۆش. ڤلادیمیر لنین بۆ دەستپێکردنی خوێندنی یاسا چووە شاری کازان. لە زانکۆ لەگەڵ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی دژی ڕژیمی تزار ئاشنا بوو و لەو کاتەوە ڕووی لە خەباتی سیاسی کرد و بیری مارکسی کردە چرای ڕێبازی خۆی. لەو ماوەیەدا چەندین جار بە تاوانی چالاکی سیاسی نایاسایی دەستگیرکرا و سەرەنجام لە زانکۆ دەرکرا. لینین ساڵی ١٨٩٣ ڕووی لە شاری سانت پترسبۆرگ کرد کە ئەو سەردەمە ناوەندی بیرۆکەی چەپ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بوو. لەو شارە لەگەڵ بیرمەندان و تێکۆشەرانی مارکسیستی ڕووسیا وەک گئۆرگی پلێخانۆف ئاشنا دەبێت و لە چاپەمەنییەکی چەپدا دەستی کرد بە تەبلیغ و بڵاوکردنەوەی بنەماکانی مارکسیزم. لە کۆتایییەکانی ساڵی ١٨٩٥دا جارێکی تر دەستگیرکرایەوە. سەرەتا ساڵێک لە زینداندا مایەوە و دواتر لەلایەن دادگاوە سزای سێ ساڵ دوورخرانەوەی بۆ سیبیریا بەسەردا سەپێندرا. لە تاراوگە یەکەمین بەرهەمی تیۆری سەربەخۆی خۆی نووسی و هەر ئەوەش بووە هۆی کە لەناو لایەنگرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا ناوبانگێکی زۆری بەدەست هێنا. لینین لە ماوەی دوورخرانەوەیدا ساڵی ١٨٩٨ لەگەڵ نادێژدا کروپسکایا یەکێک لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی چەپ، هاوسەرگیری کرد. دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دورکەوتنەوەکەی، لینین و هاوسەرەکەی ساڵی ١٩٠٠ ڕووسیایان بەجێهێشت و ساڵەکانی دواتریان لە ئەوروپا و بە زۆریش لە سوئیس و ئوتریش بەسەر برد.
لینین ساڵی ١٩٠٣ و پێش لە کۆنگرەی دووەم، پەیوەندی بە حیزبی کرێکاری سۆسیال دێموکراتی ڕووسیاوە کرد. لە کۆنگرەی دووەمدا، ئەو حیزبە بەسەر دوو فراکسیۆنی بلشویک و منشویک دا دابەش بوو و لینین بوو بە تیۆریست و ستراتیژیستێکی سەرەکی حیزبی بلشویک.
ئهوهی دەتوانرێت لهم دەرفەتە کورته دا سەبارەت به لینین بگوترێ، هەر ئەوەندە بەسه که لینین ڕێبەر و ڕێکخەری شۆڕشی کرێکاریی ڕووسیا بووه. شۆڕشی ساڵی ١٩١٧ی ڕووسیا بۆ جاری دووەم لە مێژوودا و دوای کۆمۆنی پاریس لە ساڵی ١٨٧١، وەک یەکەمین شۆڕشی کرێکاریی، ئەمجارەیان لە ڕووسیا چینی کرێکاری گەیاندە لووتکەی دەسەڵاتی سیاسی. حکوومەتی شۆڕاکان زۆر زوو خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر زەویدا هەڵوەشاندەوە و زەوی خاوەن موڵکە گەورەکان و حکوومەت و کلیسای کردە موڵکی گشتی و خستیە بندەستی سەرجەم زەحمەتکێشانەوە. بەخێرایی پرسی یەکسانی تەواوی مافی ژنان و پیاوانی لە هەموو بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و بنەماڵەدا بەیاسایی کرد و ئایینی بەتەواوەتی لە دەوڵەت جیاکردەوە و دەستی کلیسای لە کاروباری دەوڵەتیی و لەوانە دەستوەردان لە پەروەردەدا کورتکردەوە و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی لە ڕووسیا دەستەبەر کرد. ئەم شۆڕشە گورزێکی جددی لە سیستەمی جیهانی سەرمایەداری دا، لە لایەکەوە بووە هۆی نەفرەت و بێزاری سەرجەم سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان و هەروەها توندترین کاردانەوەی دوژمنکارانەی ئەوان و لە لایەکی دیکەشەوە شەپۆلێکی بەهێزی ئازادیخوازی و عەداڵەتخوازی لە سەرانسەری جیهان وەڕێخست.
کاریگەرییەکانی شۆڕشی کرێکاریی ١٩١٧ی ڕووسیا لە ئاستی جیهاندا ئەوەندە گەورە بوو کە بۆرژوازی ڕۆژئاوا لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو شۆڕشە، ناچاربوو دەست بداتە کۆمەڵێک چاکسازیی وەک ئاساییکردنی مافی دەنگدانی گشتی بۆ هەموو هاووڵاتیان بە ژنانیشەوە، ڕاگەیاندنی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەموو منداڵان، پەسەندکردنی مافی بیمە و خانەنشینی بۆ کەسانی بەساڵاچوو و هەروەها کەمکردنەوەی کاتی کارکردنی ڕۆژانە بۆ ٨ کاتژمێر. شۆڕشی کرێکاری ڕووسیا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر خەباتی ڕزگاریخوازی کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراو بوو، ئەوەش بەڵگەیەکی زیندوو بوو کە چینی کرێکار هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی هەر فۆرمێک لە ستەم و نایەکسانی دا نییە و شێلگیرترین پێشڕەوی ڕێگای ڕزگاربوون لە هەر چەشنە ستەم و نایەکسانییەکە. ساڵی ١٩٢٢ یەکێتی سۆڤیەت لە ئاکامی بە یەک پەیوەستبوونی خۆبەخشانەی نەتەوە غەیرە ڕووسیەکاندا پێکهات. لە ئاکامی ئەم دەستکەوتانەدایە کە تەواوی ئەو مێژوونووسانەی ویژدان و قەڵەمیان بە سیستەمی سەرمایەداری نەفرۆشتووە، دان بەوەدا دەنێن کە شۆڕشی کرێکاریی ڕووسیا، گەورەترین خاڵی وەرچەرخانە لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا. هیچ گۆشەیەکی دنیا نییە کە ئەم ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییە مەزنە، کاریگەری لەسەر نەبووبێت. حکوومەتی کرێکاریی ڕووسیا بە ڕێبەرایەتی لینین و حیزبی بلشویک، بە هەوڵ و هیممەتی ملیۆنان ئینسانی پێشێلکراو کە تا دوێنێ بەوپەڕی بێڕێزییەوە وەک کۆیلەی سەرمایە کاریان پێدەکرا، هیوای بە ڕزگاربوون لە دڵی سەدان ملیۆن ئینسانی کرێکار و خەڵکی بێبەش و ستەمدیتوو لە هەموو جیهاندا، زیندوو کردبووەوە. ئەم سەرکەوتنە سەرەتاییە، کە سۆسیالیزمی زانستی چرای ڕێنمای بوو، بە فیداکاری و گیانبازییەکی کەم وێنە لە مێژوودا مسۆگەر بوو. حکوومەتی کرێکاریی لە قۆناغەکانی دواتردا هەر چارەنووسێکی بەسەر هات، تا ئەو ساتەوەختە، خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
هەم سەرکەوتن و هەم پڕۆسەی شکستی شۆڕشی کرێکاریی لە ڕووسیا، کۆمەڵێ وانەی بەنرخ لەخۆ دەگرن کە دەتوانن ڕووناکی بەخش بن بۆ دەرێژەی ڕێگای خەباتی چینایەتی و شۆڕشگێڕانەی کرێکاران لە ئێران و جیهان، لە هەموو بوارەکانی خەبات لە دژی بەربەرییەتی زاڵ بەسەر مرۆڤایەتی ئەمڕۆدا و بە پشتبەستن بە هێزی وشیار و ڕێکخراو، ڕێگای گەیشتن بە سۆسیالیزم خۆشتر و کورتتر بکاتەوە. سیستەمی سەرمایە، جیهانی گەیاندووەتە لێواری هەڵدێر. جیهانێکی لەم چەشنە پێویستی بە شۆڕشێکی سۆسیالیستی هەیە کە لە دەرس و ئەزموونە زۆر بەنرخەکانی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر و لە فیکر و پراکتیکی لینین وانە وەربگرێت. لینیندوایسێجارجەڵتەیمێشکلەنێوانساڵەکانی١٩٢١تا١٩٢٣،سەرەنجامڕۆژی٢٣یژانویەی١٩٢٤ماڵئاواییلەژیان
کرد. هاوڕێ و هاوخەباتی لینین لیۆن ترۆتسکی لە نامەیەکی ماتەمینی دا ئەمەی نووسی: لینین ئیتر بوونی نییە، بەڵام ، وانەکانی، کارەکانی، میتۆدەکەی و نموونەکەی، لە ئێمەدا زیندووە؛ لە یەکەم حکوومەتی کرێکاریدا کە ئاراستە و ڕێبەرایەتی کرد، زیندووە. ئێستا دڵمان لە ژێر کۆگایەک لە خەم و ماتەمدا نێژراوە، چونکە هەموو ئێمە، مێژوو ئەو شانسەی پێداین کە لە دەورەی لینین دا لەدایک بووین و کارمان لەگەڵدا کردوو و لێی فێربووین.