کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین

download 26

کۆبوونەوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٧٧، لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکەوە ڕۆژی ٢٩ی نوامبری وەکڕۆژی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستینڕاگەیاند.  بەڵام بەردی بناغەی ئەو ستەمەی کە ئەمڕۆ لە خەڵکی فەلەستین دەکرێت، لە کۆبوونەوی گشتیی هەرئەو ڕێکخراوەدا دانرا. ڕۆژی ١٤ی ئایاری ١٩٤٨،ئاژانسی یەهوود، ناوەندێکی پێکهاتوو لەو ڕێکخراوانەی کە ئاسانکارییان دەکرد بۆ کۆچی یەهوودییەکان بەرەو فەلەستین، بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە کۆمەڵێک ڕێکخراوی چەکداری یەهوودی کە زەوییان بۆ نیشتەجێبوونی کۆچبەران دابین دەکرد، سەربەخۆیی یەهوودییەکانی ڕاگەیاند و ناوی لێنرا ئیسرائیل. ڕۆژی ٢٩ی ئاوریلی هەمان ساڵ، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەوڵەتی ئیسرائیلی بە فەرمی ناسی و هاوکات لەسەر پێویستی دروستبوونی دەوڵەتێکیش بۆ فەلەستینییەکان جەختی کردەوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پشکی یەهوودییەکان نەغد و پشکی فەلەستینیەکانیش وادەی سەر خەرمان بوو! یەهوودییەکان بەر لەوە دەوڵەتی خۆیان پێکهێنابوو و فەلەستینییەکانیش لەلایەکەوە، خاوەنی ڕێبەریی و ڕێکخراو نەبوون و لەلایەکی تریشەوە، بەشێکی زۆر لەو خەڵکە بەزۆر لەسەر خاکەکەی خۆیان دەرکرابوون. دەوڵەتی ئیسرائیل بە کەڵک وەرگرتن لە جێگە و پێگەی بانتر و پشتیوانی دەوڵەتەکانی بریتانیا و ئەمریکا، لە ساڵەکانی دواتردا، لە ڕێگای شەڕ و تێکهەڵچوونە خوێناوییە ناوخۆییەکان لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و شەڕە ناوچەییەکان لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان، بەردەوام سنوورەکانی خۆی فراوانتر دەکرد و خەڵکێکی هەرچی زیاتری ناچارکرد کە زەویەکانیان بەجێبهێڵن. لە ٧٥ ساڵ لەمەوبەرەوە کە دەوڵەتی ئیسرائیل پێکهات و تا ٤٣ ساڵ لەمەوبەر کە ٢٩ی  نوامبر وەک ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ناوزەد کرا، هەتا ئەمڕۆ کە کەرتی غەززە نوقمی مەرگ و ئاگر و خوێنە و خەڵکەکەی لە گۆشەیەکەوە بۆ گۆشەیەکی تر ڕادەکەن و هیچ پەناگەیەکیان نییە، هێشتاش ملیۆنان پەنابەری فەلەستینی ڕۆژگاریان لە کەمپەکانی سوریه و لوبنان و ئوردندا بەو هیوایە بەسەر دەبەن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بگەڕێنەوە بۆسەر زێد و خاکی خۆیان. دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیان لە گەورەترین زیندانی سەرئاواڵەی جیهان لە کەرتی غەززە، لە گەمارۆی تەواوەتی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەوپەڕی هەژاری و نەخۆشی و بەش مەینەتیدا دەژین. تەنانەت ئاو و کارەباکەشیان لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە بە بارمتە گیراوە. هاوکاری ڕێکخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەکانیش لە هیچ رێگایەکەوە ناتوانێت بگاتە ئەو خەڵکە ستەملێکراو و بێبەشە جگە لەو دەروازانەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسرائیلدایە. لە کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام و یەک لەدوای یەک شارۆچکەی یەهوودی نشین دروست دەکەن و خەڵکی فەلەستینیان لە پشت دیوارە بەرزە کۆنکرێتیەکانەوە گەمارۆ داوە.

مێژووی ململانێی نێوان عەرەبە فەلەستینییەکان و کۆچبەرە یەهوودییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ لانیکەم پێش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ لە نێوان دوو وڵاتی سەرەکی سەرکەوتووی ئەو شەڕە، واتە بریتانیا و فەڕانسە. ڕێککەوتنێکی کە بەهۆیەوە سەرزەمینەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی شکستخواردووی عوسمانی دابەشکران بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا و فەڕانسەدا. ڕێککەوتنێکی پاوانخوازانەی کە هەم پرسی کورد و هەم پرسی فەلەستینی وەک برینێکی چارەسەرنەکراو هێشتەوە و سەد ساڵ ئازار و مەینەتی و ئاوارەیی و بێبەشی و کوشتاری بەسەر هەردوو نەتەوەکەدا سەپاند. ناکرێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو قۆناغە نوێیەی شەڕ بکرێت کە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد، بەبێ ئەوەی پاشخانی مێژوویی لانیکەم سەد ساڵەی بناسرێت. هەموو ساتەکانی ئەم مێژووە لە هەردوو دیوی ئەم ململانێیەدا، وەک بەشێکی گرنگی مێژووی هاوچەرخی جیهان، ڕوون و بەڵگەدارن. سەبارەت بەم مێژووە خوێناوییە، بە سەدان کتێب و هەزاران بابەت نووسراون و هەزاران بەڵگەنامە وێنا کراوە. بۆ ئەوەی نەکەوینە داوی شیکارییەکی ڕووکەش و سۆزداری و هەندێکجاریش فریودەرانەوە، پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوە لەم مێژووە بکرێت. بۆ دەرک و ناسینی خواستی ڕەوای خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین، واتە مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئەوەی کە بۆچی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٧٧، لە ژێر گوشاری ڕای گشتی جیهاندا، ناچار دەبێت ٢٩ی نوامبر وەک ڕۆژی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ڕابگەیەنێت، هەر ئەوەندە بەسە کە چاوێک بە لیستی ئەو بڕیارنامانەدا بخشێنین کە ئەم ڕێکخراوەیە لە ڕۆژی پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە واتە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە تا ئەمڕۆ، دەریکردووە. کۆبوونەوی گشتی ڕێکخراەی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ بڕیارنامە و شۆڕای ئەمنییەتی ئەم ڕێکخراوەیەش زیاتر لە ١٣٠ بڕیارنامەی سەبارەت بە مەحکوومکردنی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل و کۆتایی هێنان بە دروستکردنی شارۆچکە یەهوودی نشینەکان لە خاکی فەلەستینییەکاندا و گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان بۆ سەر خاک و زێدی خۆیان، دەرکردووە. زیاتر لە ٨٠ بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێکهاتنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین لە پەنای یەکتردا دەرچووە. دەوڵەتی ئیسرائیل نەک هەر پابەندی هیچ کام لەم بڕیارنامانە نەبووە، بەڵکوو تەنانەت ئەو ڕێککەوتنە ئاشتیانەشی پێشێل کردووە کە لە هەندێک قۆناغدا قبوڵی کردبوو. بەڕێکەوت نییە کە ئەمڕۆ دەبینین کارەساتی جینۆساید لە غەززە، ویژدانی وەخەبەر هاتووی کۆمەڵانی خەڵکی لە ئاستی جیهاندا خرۆشاندووە. پشتیوانی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس بەسەر چارەنووسی خەڵکی غەززەدا، هیچ کامیان سەرەنجام نەیانتوانی ببنە بەربەست لەسەر ڕێگای ئەم دەربڕینی هاوپشتی و هاوسۆزییە جیهانییە لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین. لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا شاهیدی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ملیۆنی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهان بووین. بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان هاتوونەتە سەر شەقامەکان و یەکدەنگ خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و کۆتاییهێنان بە کوشتاری خەڵکی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە لایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوەن.