٨ ی سیپتامبر، بەرابەر لەگەڵ ١٨ی خه‌رمانان، رۆژی جیهانیی خوێنده‌واریی یاخود فێربوون و ڕاهاتن له خوێندن بوو. ٤٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئەم ڕۆژە بە پێشنیاری یونسکۆ، ڕێكخراوی په‌روه‌رده‌ی زانستیی و فەرەهەنگیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌كان، خرایە ڕۆژژمێری ئەم ڕێكخراوه‌یه. بە پێی ئەو ئامارانەی كه لە لایەن یۆنسکۆوە پێشكه‌ش كراون، ده‌وری ٨٠٠ ملیۆن کەسی نەخوێندەوار لە جیهاندا هەیە. لە ئامارێکدا کە یۆنسکۆ داویەتی، نەخوێندەوار بەو كه‌سانه دەوترێ کە لە ئیمکانی خوێندن و نووسین بێبەش بن. بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆدا بێبەش بوون لە ئیمکاناتی کەڵک وەرگرتن لە ئینتێرنێت و باقی ئامرازەکانی دیكه‌ی پێوەندی گرتنیش، ده‌چنه خانه‌ی نه‌خوێنده‌وارییه‌وه. لەمڕووەوە لە ڕاستیدا ئاماری” نەخوێندەواریی ڕاستەقینە” گەلێک لەوە زیاترە. بە پێی بەراوردی یۆنسکۆ، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاو، ساڵانە ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن كه‌س بە لیستی کەسانی نەخوێندەوارەوە زیاد دەبێت. بە پێی ئامارە ڕەسمییەکانی یۆنسکۆ، لە سەرتاسەری جیهاندا ده‌وری ٨٠ میلۆن منداڵ هەن کە تەنانەت بواری خوێندنی سه‌ره‌تاییشیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی” فارس”، محه‌ممه‌د مێهدی زاده، جێگری ئاموزشیی نێهزەتی سەواد ئاموزیی وتوویەتی:” لە ئێران‌دا ٢٨ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران نەخوێنده‌وارن.” بە پێی ئامارە ڕەسمییەکان کە بە هیچ شێوەیەک ڕێژەی ڕاستەقینەی نەخوێندەواریی لە ئێران ناخه‌نه‌ڕوو، ئێران لە نێو ١٧٨ وڵاتی جیهاندا لە ڕیزی ١٢٠مین دایە. لەمبارەوە ڕێژه‌ی نەخوێندەواریی لە ئێران لەچاو وڵاتانی وەک عەرەبستان، قەتەر، بەحره‌ین و تورکیەش نزمترە.ئاشکرایە کە ڕێژەی نەخوێندەواریی لە نێو کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا لەچاو ژمارەی نەخوێندەوارانی نێو چین و توێژەکانی دیكه، گەلێک زیاترە. هەروەها نەخوێندەواریی لە نێو ژناندا دوو هێنده‌ی پیاوانە و زۆربەشیان نیشته‌جێی گوند و ئاواییه‌كانن. هەروەها لە نێو ناوچە جۆراو جۆرەکانی ئێران‌دا پارێزگا کوردنشینەکانی ڕۆژاوای له‌پاڵ سیستان و به‌لوچستاندا له‌ڕێزی پێشه‌وه‌ی پارێزگا نه‌خوێنده‌واره‌كانی ئێراندان و زۆرترین ئاماری نه‌خوێنده‌وارییان تێدایه.
بێجگه‌له ئاماری باڵای بێسەوادیی لە نێو گەورەساڵاندا، لە ئێران لە هه‌ر ٢٠ میلیۆن منداڵی ئامادەی خوێندن، تەنها ١٢ ملیۆن کەسیان دەچنە قوتابخانە. کۆماری ئیسلامیی سەرەڕای ئەوه‌یکە وا ده‌نوێنێت کە گۆیا گرنگیی بە چارەسەری گرفتەکە ده‌دات، بەڵام به‌هۆی ئه‌وەیکە زۆرترین بەشی بودجەی هەموو ساڵێکی ئه‌م وڵاته به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئه‌م ڕژیمه‌وه سەرفی فەعالییەتە نیزامییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران دەکرێت و بازاڕی گەندەڵیی و تاڵانچێتیی دارایی و ئیداریش گەرمە، هیچکام لەو تەرحانەی کە هه‌تا ئێستا بە کاری هێناون ئاکامێکی سەرکەوتوویان نەبووه. ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدا کە تەنانەت هەبوونی توانای خوێندنەوە و نووسینیش ئیتر پێوانەیەکی تەوا نین بۆ خوێندەواربوون، کاربەدەستانی ڕژیم باس لە هه‌بوونی ٢٨ میلیۆن نەخوێندەوار دەکەن. بە گوێره‌ی پێناسه‌كانی ناوەندی ئاماری ئێران، کەسێک کە بتوانێ مەتنێکی سادە بە زمانی فارسی بنووسێ یان بیخوێنێتەوە، حیسابی کەسێکی خوێندەواری بۆ ده‌كرێت وه‌ك كه‌سێك كه له پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییدا بێت. بەڵام بە پێی پێوانە ئەمڕۆییەکان، خوێندەوار به کەسێك ده‌وترێت کە بتوانێ لە خوێندەوارییەکەی بۆ بردنەسەرێی ڕاده‌ی وشیاریی و شارەزایی خۆی و هه‌روه‌ها باشتر کردنی ژیان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەڵک وەربگرێت. دوابه‌دوای ئه‌وه‌شكه کامپیوتێڕ و ئینتێرنێت بوون بە بەشێک لە کار و ژیان، پێویستە ژنان و پیاوان لانیکەمی توانای بەکارهێنانیان هەبێت. ئەگەر کەسێک لەم تواناییەش بێبەش بێت، کەمتر دەتوانێ زانست و زانیاری و شارەزاییەکانی بەرفروانتر بکات. کۆماری ئیسلامیی له ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدانی هەژاریی لە ئاستی کۆمەڵگه و شێوازی دواکەوتووانەی دەرس وتنەوە ، ڕۆڵه‌ی ئه‌م خەڵکه و بە تایبەت منداڵانی بنەماڵە کرێکاریی و زەحمەتکێشه‌كانی گووند و ئاواییه‌كان لە ئیمکاناتی پێشکەوتووی فەننی و ته‌كنیكیی بێبەش کردووە.
بەڵام گرفتی منداڵان، لاوان و گەورەساڵانی ئێران، تەنها نەخوێندەواری یاخود کەم سەوادیی نییە. جگە لە نه‌خوێنده‌واریی، کۆماری ئیسلامیی لە باری چۆنیه‌تیی و کەیفییەتیشەوە، ڕه‌وتی ئاموزش و په‌روه‌رده‌ی بەرەو دواوە بردووه‌تەوە. ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن دوا دەکەون، ڕەوانەی بازاڕی بێڕەحمی کار ده‌كرێن و بەشێکی بەرینیان لە سبەی ڕۆژی گەورەبوونیشدا ئیتر قەت بوار و ئیمکانی فێر بوونی خوێندنیان نابێت. سەرانی ڕژیم هەموو هەوڵی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ هه‌تا ئەم خوێندكارانه خوڕافی، بێ کەسایەتییه‌كی سەربەخۆ، وەک کەسانێک باربێنن کە موتیع و گوێ لەمستی ویلایەتی فەقیە بن. ئەوان بۆ ئەمکارە ئامرازی جۆراوجۆریش بەکار دێنن. گرنگترینی ئەم ئامرازانە وانه و دەرسی پڕ لە خوڕافات، درۆ و چه‌واشه‌كاریی به ئاراسته‌ی پیرۆزنیشاندانی کۆماری ئیسلامیی و ویلایەتی فەقیهه‌كه‌ی و شه‌رعییه‌تدان به سەرمایەداران لەژێر ناوی کارئافەرینه. کاربەدەستانی ئاموزشیی، بۆ پڕکردنەوەی سەرجەمی کات و ده‌رفه‌تی خوێندكاران و شتنەوەی مێشکیان، کەسانێکیش بە ناوی ” مۆڕەبیی تەربییەتیی” دەنێرنە مەدرەسەکان کە یان ئاخوندن و یان ئاموزشی ئیسلامیی دراون. ئەرکی ئەوان کاری تاکەکەسیی و ڕووبەرووە لەگەڵ خوێندكاران به ئاراسته‌ی ته‌كمیل كردنی ئه‌م بارهێنانه خوڕافییه. تەواوکەری ئەم پڕۆژه و به‌رنامانه،گوشار هێنان و دانی ئیمتیازە بۆ ناونووس کردنی منداڵان و تازەلاوانی خوێندكار لە ڕێكخراوی بەسیجی سپای پاسدارانه. کاربەدەستانی ئاموزشیی ڕژیم له ڕێگه‌ی جیاکردنەوەی کچان و کوڕانه‌وه هەوڵ ده‌ده‌ن كه بواری ئیمکاناتی هاودەنگیی، هاوفکریی و هاوکاریی لە مه‌دره‌سه‌كان تا ئه‌و جێیه‌ی كه دەکرێ، کەمتر بکاتەوە. ناچار کردنی خوێندكاران بە سەفەر کردن بۆ شه‌ڕلێدراوه‌كانی شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئێران و عێراق، لەژێر ناوی ” کاروانی ڕاهییانی نور” و هەوڵدان بۆ ئاخنینی مێشکی منداڵان به چه‌واشه‌كاریی ڕه‌نگاوڕه‌نگی مێژوویی، یەکێکی دیكه لە كێشه و گرفتەکانی خوێندكارانه. سەرانی ڕژیم له ڕێگه‌ی سووکایەتیکردن بە ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێران و بێبەشکردنی منداڵەکانیان لە خوێندن، هەوڵ بۆ ئه‌وه دەدەن كه ناسیۆناڵیزم و شۆڤێنیزمی ئێرانیی بته‌پێننه ناو مێشکی خوێندكارانی ئێرانەوە. لەبەردەستدابوونی بەرین و هەرزانی ماددە هۆشبه‌ره‌كانیش، موسیبه‌تێكی دیكه‌یه كه به‌رۆكی شوێنە ئاموزشییەکانی ئێرانی گرتووه.
ئه‌م ڕاستییه تاڵانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێدرا، پیشانده‌ری ئه‌وه‌ن کە خەبات لە دژی نەخوێندەواریی و باقی موسیبەتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، گرێدراون بە خەبات لە دژی ڕژیمی کۆماری ئێسلامییەوە. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م ڕژیمه، بواره‌كانی نه‌هێشتنی ئه‌م خه‌سار و نه‌هامه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییانه و هه‌روه‌ها ڕیشه‌كێش كردنیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران خۆشتر و هه‌موارتر ده‌كاته‌وه.