٢٥ ی نۆوامبری ساڵی١٩٦٠، لە بەشی باکووری ” کۆماری دومینیکن”، تهرمی سێ خوشک بە ناوەکانی ” پاتریا”، “مینرۆوا”، ” ماریاترێزا” میرابل، لە پاڵ زۆنگاوێکدا دۆزرانەوە. ئەم سێ خۆشکە کە خەباتکارانێکی چالاک بوون لەدژی دیکتاتۆریی “ڕافائیل تراخیلۆ”، حكومەتی ژێر پشتیوانی دەوڵەتی ئامریکا، دوای دەستدرێژیکرانەسەر و ئەشکەنجەدرانێكی زۆر، بە دەستی جەنایەتکارانی ئەم حکوومەتە بە شێوەیەکی دزێو کوژران. هەرچی حکومەت دەیویست کوژرانی ئەمان وەک ڕووداوێکی شۆفێری پیشان بدات، بەڵام زۆر زوو جۆری دهستدرێژییه جنسییهكه و پاشان کوشتنیان، بووه هۆی ڕسواییەکی ئاشکرای حکومەت، خوشکانی میرابێلیش وەک سهمبۆل و هێمای “خەبات لە ڕێگای ئازادی”، نازناوی “پەپولە لەبیرنەکراوەکان” پێدرا. ئەشکەنجە و توندوتیژی ئەنجامدرا و بەرانبەر بەم سێ خوشکە و ڕۆڵێک کە لە خەبات لەدژی دیکتاتۆڕیی حکومەتی تراخیلۆ گێڕابوویان، بوو بە هۆی ئەوەیكه لە یەکەم کۆبوونەوەی ڕێكخراوی ژنانی ئامریکای لاتین و دوڕگهكانی دەریای کارائیبدا لە “بۆگۆتا”ی کۆلۆمبییا، لە ساڵی ١٩٨١، ژنان، ڕۆژی ٢٥ی نۆوامبر وەک “رۆژی جیهانیی خەبات لەدژی توندوتیژیی” ڕابگهیهنن. ژنان، لەم کۆبوونەوەیەدا، نەك ههر تووندوتیژیی لەسەر بنەمای جنسییەتیان مەحکووم کرد، بەڵکوو هەموو جۆرە توندوتیژییەک لەدژی ژنان، ههر له کوشتن و دەستدرێژیكردنهسهر لە لایەن حکومەتەکان و زیندانەوە گرتووه، ههتا تووندوتیژیی ڕەوانیی و فیزیکیی لە بنەماڵە و ئازار و ئەزییەتدان و هەڵاواردن لە شوێنی کار و کۆمەڵگهشیان مەحکوم کرد.
ژنان و ئینسانە ئازادیخوازەکان هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٢٥ ی نۆوامبردا، هەموو جۆرە تووندوتیژییەک کە لە لایەن کۆمەڵگهی پیاوسالاریی سەرمایەدارییەوە، لە شوێنی کار، کۆمەڵگە و بنەماڵەدا لەدژیان پەیڕەو دەکرێت، بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان، کۆبوونەوە و دەرکردنی بەیانییە و ئهمانه مەحکووم دەکەن.
تەنیا لە ئهنجامی هەوڵ و خەباتی شێلگیرانەی ڕێكخراوهكانی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و گوشاری ڕای گشتی بەشەرییەتی عەداڵەتخوازی جیهانهوه بوو کە لە ١٧ دێسامبری ١٩٩٩، مەجمەعی گشتیی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان، بە دەرکردنی بڕیارنامهیهك، ٢٥ی نۆوامبر بەرابەر لهگهڵ ٥ ی سەرماوەزی وەک “ڕۆژی جیهانیی سڕێنەوەی تووندوتیژی لە دژی ژنان” ڕاگەیاند.
ئێستا کە زیاتر لە نیوسەدە بەسەر کوشتاری جەنایەتکارانەی خوشکانی میرابێلدا تێپەڕ دهبێت، لە ئێران ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش وەک ڕژیمێکی داکۆکیکاری بەڕبەڕییەتی سەرمایەداریی و هەم وەک ڕژیمێک کە ئایینی کردووهتە ئامرازێک بۆ تووندکردنەوەی ئەم موناسباتە دژه ئینسانییە، کارنامەیەکی ههتا بڵێی، پڕ لە جەنایەتی لە بواری پەیڕەوکردنی تووندتیژیی لەدژی ژنان بۆخۆی درووست کردووە. ئەم ڕژیمە بە کەڵکوەرگرتن لە مەزهەب وەک ئامرازی ئیدئۆلۆژیک و بەیارمەتی وەرگرتن لە فەرهەنگی دواکەوتووی پیاوسالارانە، هەڵاواردن و نایەکسانیی ڕەگەزیی و تووندوتیژیی لەسەر ژنانی بە یاسایی کردووە و پەیڕەویان دەکات. لەژێر حاکمییەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا مافە سەرەتاییەکانی ژنان وەک مافی تەڵاق، مافی سەرپەرستیکردنی منداڵ، مافی ئێرس و میرات، مافی سەفەرکردن، هەڵبژاردنی جلوبەرگ، مافی هەڵبژاردنی ڕشتەی تەحسیلی و ئهمانهیان پێشێل کراوە. ژنان مافی هەڵسوکەوتی ئازادانە لەگەڵ پیاوانیان نییە. ڕژیم بە پێدانی مافی فرهژنیی بە پیاوان و ڕەواجدانی سیغە، ڕووی یاسایی بەخشیوەتە لهشفرۆشیی و کڕین فرۆشی ژن وەک کالایەک. هەڵاواردنی ڕەگەزیی لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگه و تەنانەت لە دامەزراوە ئاموزشییەکاندا بووهتە ئەسڵێک کە پێویستە بە تەواویی ئیجڕا بکرێت. لە ماوهی ئهم ساڵانەی دواییدا لە ئهنجامی ئیجڕای تەرحی کۆنەپەرستانەی ” سەهمیە بەندیی جنسییەتی”دا، کچان لە خوێندن لە دەیان ڕشتەی دانشگاهی بێبەش کراون. ڕژیمی ئیسلامیی لهڕێگهی پەسهندکردنی تەرحەکانی ” ئامێرانی بە مەعروف و ناهییانی ئهز مۆنکەر” و تەرحی “پاسداریی کردن لە حەریمی عیفاف و حیجاب” و بەو ئیختیاراتهش کە داویهته باندە چەکدارەکانی وهك ئەنساری حیزبۆڵڵا، گەشتەکانی ئیرشاد و بەسیج و هاوچهشنهكانیان، بەکردەوە بواری بۆ توندکردنەوەی تووندتیژیی دەوڵەتیی لەدژی ژنان فەراهەم کردووە. پەیڕەوکردنی ئەم بێمافیی و تووندوتیژییانە، وێنایەکی ئاشکرایە لە دۆزەخێک کە پێکهاتەی سەرمایە و دین لە ئێران بەرپای کردووە. لەڕاستیدا ئەم کۆمەڵە لە توندوتیژی دەوڵەتیی لە دژی ژنان نەك ههر یەکێک لە بناغهكانی دهسهڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو بەستێنێکی گونجاویشی بۆ پەرەپێدانی تووندتیژیی لە کۆمەڵگه و بنەماڵە ڕهخساندووه.
ئەگەر موناسباتی دامەزراو لەسەر کۆیلەتیی موزدیی ئینسان لهسهرتاسهری جیهان، سهرچاوهی هەڵاواردنی ڕەگەزیی و تووندوتیژین بۆسەر ژنان، بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا، ژنان له سایهی خەباتی ئازادیخوازانە، لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی حەیاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا و لە ژینگەی بنەماڵەییدا ههتا ڕادەیەک بەرابەریی حقوقییان لە بەرانبەر یاسادا دەستەبەر کردووە و تووندوتیژی لەدژی ژنان وەک پێشێلکرانی یاسا حیسابی بۆ دەکرێت، بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە پشتبەستن بە ئایینی ئیسلام وەک ئامرازێکی ئیدئۆلۆژیکیی و بە یارمەتیی فەرهەنگی دواکەوتووانەی پیاوسالار، هەڵاواردن و نایەکسانیی ڕەگەزیی و تووندوتیژیی بۆسەر ژنانی، تێئۆریزە و نیهادینە کردووە. کەواتە تووندوتیژی لەدژی ژنان وەک کارەساتێکی کۆمەڵایەتیی سنوور نانانسێت و چوارقوڕنهی جیهانی داگرتووە. لە جیهانی ئەمڕۆدا نیزامی سەرمایەداریی هۆکاری سهرههڵدان و درووستبوونهوهی ئەم تووندوتیژییەیە. بەم ئیعتیبارەوە تووندوتیژیی لەدژی ژنان بە گشت ئهم مهینهتیی و موسیبەتانەشیهوە، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەر دیاردەیەکی دیكهی کۆمەڵایەتیی دەبێ بەستێنەکانی بەرهەمهاتنەوەی بناسین و لەسەر بنهمای تایبەتمەندییەکانی بەشێوەیهكی ڕێکخراو و لەسهر ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی ئهم دیاردهیه، هێزی جەماوەریی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و ئینسانە ئازادیخواز و عهداڵهت تهڵهبهكانی بۆ ڕێك بخرێت. دەبێ گووشارێکی وەها بخرێتە سەر دەوڵەتان، ههتاكوو دان بهوهدا بنێن و قەبوڵی بکەن كه هەر چەشنە تووندوتیژییەک لەدژی ژنان لە ناوماڵ، مەدرەسە، ناوەندەکانی کار و هەرجێگهیەکی دیكهی کۆمەڵگە، سزای قورسی بەدواوه دهبێت. هیچ کەس نابێ ئیجازەی ئهوه بەخۆی بدات كه تووندوتیژیی لەدژی ژنان بە ئەمرێکی شەخسیی و بنەماڵەیی، قەومی، فەرهەنگی و مەزهەبیی بزانێت و بێبهری بكرێت لە بەدواداچوون و سزادەران. هەر کەس کە بە هەر شێوەیەک لەدژی ژنان تووندوتیژیی ئەنجام بدات، بەبێ هیچ ئەملا و ئەولایەک دەبێ سزا بدرێت. نەك ههر دەبێ هەموو چەشنە لێدان و سووکایەتییەک لەناو کۆمەڵگه و هەر شکڵ و شێوەیەک لە تووندوتیژیی لە شوێنەکانی کار بەتەواویی قەدەغە بكرێت، بەڵکوو دەبێ ئهو كهسهی کە ئەم تووندتیژییە ئەنجام دەدات، بهشێوهیهكی شیاو، سزا بدرێت.
خەبات بۆ ههڵگرتن و سڕینەوەی تووندوتیژی و لەوەش واوهتر، خەبات بۆ دەستەبەربوونی یەکسانیی واقعیی ژن و پیاو و هەڵوەشانەوەی ئاپاڕتایدی ڕەگەزیی، بەشێکی جیایی هەڵنەگرە لە خەبات دژ به سەرمایەداریی. ڕاست لەم گۆشە نیگایەوەیە کە لەناوبردنی بوار و زەمینە ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و حقووقییهكانی تووندوتیژیی لەدژی ژنان، له سۆنگهی هێرشی ڕادیکاڵ بۆسەر ڕژیمی سەرمایەداریی مەزهەبیی حاکم لە ئێران و ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمەدا تێپهڕ دهبێت.
وهرن با ڕۆژی ٢٥ی نۆوامبر ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی تووندوتیژی ژنان، بەهەوڵدانی هەرچی زیاتر بۆ هێنانەمەیدانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بکەین به ڕۆژی پاشەکشەکردن بە ئایین لە ههموو بهشه كۆمهڵایهتییهكانی ژنان و لەدژی نیزامی پیاوسالاری سەرمایەداریی.