کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران

ئەمرۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠ی مانگی ژوئه‌ن، بەرابەر لەگەڵ ٣٠ی جۆزەردان، رۆژی جیهانیی پەنابەرانە. كۆبوونه‌وه‌ی گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە ساڵی ٢٠٠٠دا بڕیاری دا کە لە ٢٠٠١وه‌ رۆژی ٢٠ی ژوئه‌ن وەکرۆژی جیهانیی پەنابەرانجێژن بگیرێت. ئەم پەسند کراوە وەبیری دێنێتەوە کە ساڵی ٢٠٠١ پەنجاهەمین ساڵی په‌سه‌ندكردنیکۆنوانسیۆنی ١٩٥١ی ژنێڤسەبارەت بە بارودۆخی پەنابەرانە.

کۆنوانسیۆنی ژنێڤ سەنەدێکی حقوقییە کە لە لایەن ١٤٤ دەوڵەتەوە واژۆ کراوە و تێیدا پەنابەر پێناسە کراوە و مافەکانی پەنابەران و هەروەها تەعەهودی دەوڵەتەکان بۆ ئاگاداری کردن لێیانی تێدا روون کراوەتەوە. بنەمای ئەم کۆنوانسیۆنە لەسەر ئەم ئەسڵەیە کە پەنابەر نابێ بۆ وڵاتی یەکەمی خۆی بگەڕێندرێتەوە بە شێوەیەک کە هەڕەشە لەسەر ژیان یان ئازادی ئەو هەبێت.

بەڵام سەرەڕای بوونی وەها پەسندکراوێک سەرانی وڵاتانی پێشکەوتوی رۆژئاوایی بەردەوام و بە شێوەیەکی ڕیاکارانە بە دەست ڕێژەی ئەو ئاوارانەوە کە پەنایان بۆ وڵاتەکانیان بردوە دەناڵێنن و یاسای دژی پەنابەری پەسند دەکەن. لەپاڵ وڵاتانی پیشەسازی و گەشەکردودا، پادشاهی عەرەبستان و ئەمیرە دەسەڵاتدارەکانی حاکم لە کەنداوی فارسیش ئیزنی کەمترین ئاوارەیان داوە بچنە نێو وڵاتەکانیانەوە. دەروازەکانی ئەم وڵاتانە تەنیا بە رووی خاوەنانی سەروەت و سەرمایە و هێزی کرێکارانی کۆچبەری ئاسیاییدا، کە بە بارودۆخێکی کۆیلەئاسا لەم وڵاتانەدا کار دەکەن، کراوە بووە.

ئەوان سەبەبکارانی بەرپا بوونی شەڕی وێرانگەر و کارەساتی ئاوارەیین، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ئەوانن کە کێبڕکێی تەسلیحاتی پەرە پێ ئەدەن و لەپاڵ ئەم سیاسەتەدا بە میلیارد دۆلار چەک بە حکومەتەکانی داسەپێندراو بەسەر خەڵکی ناوەچەکە دەفرۆشن. ترامپ لە ئامریکا دژی ئینسانی ترین یاساکانی سەبارەت بە پەنابەران دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە و لە هەوڵدایە دیوارێک بە درێژایی ٣١٠٠ کیلۆمیتر لەسەر سنوری ئامریکا لەگەڵ مکزیک دروست بکات. دەوڵەتی ئوسترالیا پەنابەرانی لە زیندانەکانی دوڕگەگه‌لێكی دوور دەست لە دژی ئینسانی ترین بارودۆخدا ڕاگرتوە. یەکێتی ئوروپا بۆ بەرگرتن لە چوونی پەنابەران کۆمەڵێکڕێگاچارەیان گرتۆتەبەر کە یەک لە یەکی نا مرۆڤانە ترن. با چاو بەسەر بەشێک لە ڕێگا چارەکانی سەرانی ئەم یەکێتییە بگێڕێن:

یەکەم، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتانەی کە لێیەوە هاتون. زیاتر لە ٩٠ لەسەدی پەنابەران لە ناوچە شەڕلێدراوەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئافریقاوە دێن. ئەوان لە وڵاتەکانیشیاندا ئاوارە و بێ سەرپەنان. گه‌ڕاندنه‌وه‌یان واتە سەرلەنوێ کردنەوەیان بە قوڕگی مەرگدا. ئایا وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری و لەوانە دەوڵەتانی ئەروپایی دەتوانن بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرانبەر بەرپا کردنی ئەو شەڕە ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆیانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا و لەوانە لە رۆژهاڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا کە بوونەتە هۆی ئاوارە بوونی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ حاشا لێبکەن؟ ئیستعمارگەرانی ئوروپایی تا توانیان سەروەتی سروشتیی ئافریقایان تاڵان کرد و کاتێکیش کە بەجێیان هێشت، لە دوای خۆیان دەیان خەساری پڕ ئازاری کۆمەڵایەتی و ناکۆکی قەومی و قەبیلەیی و مەزهەبییان بەجێهێشت. تا توانیان لە چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی ئەوان لە وڵاتانی ئەوروپاییدا سەروەت و سامانیان کەڵەکە کرد، بەڵام دەوڵەتانی ئەمرۆیان، کە پاڵیان بە سەروەت و دەسەڵاتی ئیستعمارگەرانی دەورەی ڕابردوەوە داوە، لە بەرانبەر بارودۆخێکی فەلاکەتباردا کە بەسەر ژیانی ئەم خەڵکەیاندا سەپاندوە، بەرپرسایه‌تی قەبوڵ ناکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هێشتاش لێشاوی سەروەتی ئەم خەڵکە بەرەو ئوروپا لە جەریاندایە. ئەگەر تەنانەت قەبوڵیشی بکەین کە پەنابەرانی ئافریقا لەدەست هەژاری و فەلاکەتی ئابووری ڕادەکەن و بەشوێن کار و ژیانی باشترەوەن، دیسانیش پرسیار ئەوەیە کە کێ ئافریقای تاڵان کرد و بە دواکەتویی هێشتیەوە و خستیە داوی برسیەتی و گەلێک نەخۆشی مەترسیدارەوە. ئایا ئەوان هەر ئێستاش لەم قاڕە هەمیشە برسیەدا خەریکی درێژەدان بە تاڵان کردن و بەهرە کێشی خۆیان نین؟.

دووهەم، توند بوونەوەی سیاسەتە دژی پانەبەریەکان لە وڵاتانی ئەروپاییدا. له‌ ڕاستیدا کە پەسند کردنی یەک لە دوای یەکی یاسا دژی پەنابەریەکان لە ئوروپا تەنیا داوێنگیری پەنابەران نابێت. ئەم یاسایانە و ئەم سیاسەتانە لە هەمانحاڵدا ئەو وڵاتانەش لەباری ئەخلاقیەوە بەرەو دواوە دەگێرێتەوە. ئەم سیاسه‌ته‌ ڕێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئەحزابی دەستە ڕاستی تر خۆش دەکات. بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم حیزبانە بە واتای ئەوەیە کە لە هەنگاوەکانی دواتردا هێرش دەکرێتە سەر گشت ئەو دەستکەوتە پێشڕەو و ئینسانیانەی لە بوارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیەکان کە لە ماوەی ساڵانێک خەباتی چینی کرێکاردا بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاوە. ئەم هێرشەش ئێستا دەستی پێکردوە. زۆربەی خەڵک لە وڵاتانی ئوروپایی و بەر لە هەمویان چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە، قوربانیانی دواتری ئەم سیاسەتانە دەبن. دەوڵەتانی ئوروپایی ئەگەر لە بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتەدا سەرکەوتوبن، مرۆڤایەتی لە خودی ئەو وڵاتانەشدا دەکەنە قوربانی.

سێهەم، داخستنی سنورەکان و بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی نەجاتی دەریایی بەم دەلیلەی کە گۆیا ئەم خزمەتگوزاریانە هاندەری هاتنی کۆچبەری تازەن. یەکێتی ئوروپا لەسەر بنەمای قەرارێکی تەوافوق لەسەر کراو و ڕەسمی بڕیاری داوە کە عەمەلیاتی نەجاتی پەنابەران بەرتەسک بکاتەوە. هیچ گومانێک لە دژی ئینسانی و جەنایەتکارانە بوونی ئەم دەلیلە و ئەم سیاسەتەدا نییە. ناوگانە دەریایی و ئاسمانیەکانی ئوروپا تەیار بە پێشکەوتووترین تێکنولۆژی ئەم سەردەمە، توانایی کۆنترۆڵ کردنی بست بە بستی دەریای مەدیتەرانەی هەیە. ئەوان دەتوانن کە هەموو بەلەمێک لە شوێنی حەرەکەتیەوە تا گەیشتنی بە مەقسەد بە وردی چاودێری بکەن و بەر لەوەی کە ئەم به‌له‌مانه‌ بکەونە مەترسی نوقم بوونەوە، بچن بە هانایانەوە. بەڵام ئەوان ئاگاهانە ئەم تواناییە بۆ ڕزگار کردنی گیانی پەنابەرەکان بەکار ناهێنن. تەنانەت ئەگەر ئەنگیزەی گەلێک ناڕەوای ئەوانیش لە بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی نەجات بۆ بەرگرتن لە چوونی پەنابەران بۆ ئوروپا قەبوڵ بکەین، دیسانیش ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەم ڕێگایەوە ناکرێ بەر بە شه‌پۆلی ئەو پەنابەرانەی کە لەدەست مەرگ و هەژاری هەڵدێن، بگیرێت. بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی نەجات نەتەنیا شەپۆلی کۆچبەرانی کەم نکردۆتەوە بەڵکوو تەنیا بەشێوەیەکی بەرچاو مەرگی کۆچبەران و پەنابەرانی زیاتر کردووە.

دەبێ بە پشت بەستن بە بیروڕای گشتی پێشڕەو و ئینساندۆست و هێزە تێکۆشەرەکان لە وڵاتانی پێشکەتوی سەرمایەداریدا، دەوڵەتانی رۆژئاوایی ناچار بکرێن تا ڕێز لە مافی ئاوارە و پەنابەرەکان بگرن. پێویستە خەبات بۆ بەڕەسمیەت ناسینی مافی نیشتەجێ بوون و دابین کردنی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەر کەس وەک ئینسان لەگەڵ مافە جیهانیەکان و وەک هاوڵاتییه‌كی جیهانیی و لەوانە بەهرەمەند بوون لە مافی نیشتەجێ بوون لە هەر جێگایەکی دنیادا کە دەیەوێ، پەرەبستێنێ.

بابەتی پەیوەندیدار

ووته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی بۆمبارانی شیمیایی شاری  سه‌رده‌شت

komalah

بومەلەرزە لە ئەفغانستان و هۆکاری زه‌ره‌ر و زیانی به‌ربڵاوی ئه‌م كاره‌ساته‌

komalah

جەماوەرێکی کە ئەزموونی دوو ڕژیمی پەهلەوی و ئیسلامییان هەیە، ناچنە ژێرباری دەسەڵاتی موجاهیدینی و ڕزا شایی

komalah

قەیران لە دام و دەزگای ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیدا

komalah

نیگەرانییەکانی خامەنەیی، جیددی و واقعییە

komalah

ته‌نیا له‌سه‌ر خیابان، به‌ده‌ست دێت مافه‌كانمان

komalah