کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بەبۆنەی رۆژی جیهانی بنبڕ کردنی هەژاری

بەپێی تەقویمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان رۆژی شەممە ١٧ی ئۆکتۆبر، بەرابەر لەگەڵ ٢٥ی رەزبەر رۆژی نێونەتەوەیی بنبڕ کردنی هەژاری بوو. پێشینەی بەڕێوەچونی رۆژی جیهانی خەبات لەگەڵ هەژاری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧ و کۆبونەوەی نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسی لە مەیدانی “ماف و ئازادی بەشەر” لە مەیدانی “تروکادرۆ”ی پاریس، کە شوێنی ئیمزا کردنی ئیعلامیەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٨٧ بووە.
کۆبونەوەکانی ساڵی ١٩٨٧ بۆ رێزگرتن له‌ یاد و بیره‌وه‌ری قوربانیانی هەژاری، برسیەتی، توندتیژی و ترساندن و سەرکوت به‌ڕێوه‌چوو و کۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە پەسند کردنی قەتعنامەیەک لە ساڵی ١٩٩٣ رۆژی ١٧ی ئۆتۆبری وەک رۆژی جیهانی بنبڕ کردنی هەژاری بە رەسمی ناسی و بەڕێوەبردنی ئەوی بە وڵاتانی ئەندامی سازمان تەوسیە کرد. دروشمی سەرەکی بۆنەکانی ریشەکێش کردنی هەژاری ئەمساڵ بەم چه‌شنه‌ بوو: “با پێكه‌وه‌ هەژاری و هه‌ڵاواردن لەنێو بەرین و بەمجۆرە داهاتویەکی سەقامگیر بنیادبنێین.”فائۆ یان سازمانی خۆراک و کەشاوەرزی سازمانی ملەل یەکێک لە ئامانجەکانی لەبەین بردنی هەژاری و برسیەتی تا ساڵی ٢٠٣٠ راگەیاندوە. ئەم سازمانە بە ئامارسازی باسی لە کەم بوونەوەی هەژاری و برسیەتی لە ساڵەکانی ڕابردودا کردوە، بەڵام ڕاستیەکان حەدیس و ره‌وایەتی بەتەواوی پێچەوانە پیشان ئەدەن. لە ساڵی ١٩٩٣وە، کە سازمانی ملەل ئەم رۆژەی دیاری کرد، هەژاری نیسبی و بەتەواوەتی بەشێوەیەک زیادی کردوە کە بەشەر لە ئێستادا لەگەڵ نابەرابەر ترین بارودۆخی دەرامەدی و ئاستی ژیان لە دنیادا بەرەو روویە. ئەمە راستیەکە کە ئاخرین راپۆرتی “بانکی ئیعتیباراتی سوئیس” ئیعتیڕافی پێکردوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم بانکە، کە رۆژی ١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە، دارایی یەک لەسەدی خاوەنانی سەرەکی سەروەت لە دنیادا لە داراییەکانی ٩٩ لەسەدی خەڵک زیاترە. بەپێی ئەم راپۆرتە لە ٢٥٠ تریلیۆن سەروەتی بەراوردکراو لە دنیادا نیوەی هی ئەو یەک لەسەدەیە و سەهمی جەمعیەتی لە خوارەوەش کەمتر لە یەک لەسەدی ئەم کێوی سەروەتەیە.560 (1)

ئەوەی هوموو ڕاپۆرتەکان ئاماژەی پێدەکەن ئەوەیە کە زیاد بوونی هەژاری و برسیەتی سەدان ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێس و زیاد بوونی نجومیی سەروەتی کەمینەیەک لە خاوەنانی سەرمایە لە ساڵی ٢٠٠٨ بەملاوە، واتە ساڵی سەرهەڵدانی قەیرانی ساختاری سەرمایەداری، لە بنەڕەتدا بەرهەمی دوو سەرچاوەیە؛ یەکەم بڕین و یان کەم کردنەوەی یارمەتیە دەوڵەتی و بیمە کۆمەڵایەتیەکان، کەم کردنەوەی حەقدەستی شاغڵین و بێکار کردنی بەملیۆن کرێکار و ڕژانی ئەم بەرهەمانە بۆنێو گیرفانی سەرمایەداران؛ دووهەم یارمەتیە چەندین تریلیۆنیە دەوڵەتیەکان لە گیرفانی ماڵیاتدەران بە بانکداران و خاوەنانی دامەزراوە ماڵییە گەورەکان.
لە سایەی سیستمی نگریسی سەرمایەداریدا هەژاری بۆتە بابەتێکی جیهانی و داوێنی بێبەشانی لە وڵاتانی پێشکەوتو و لە حاڵی گەشەیدا گرتوە. لەنێو وڵاتانی گەشەکردودا لە ئێران رژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەبوونی داهاتێکی چەند سەد ملیارد دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت، زۆرترین هەژاری بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا سەپاندوە. لەگەڵ ئەوەی کە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیدا ئامارەکان بەگشتی سیاسین و شیاوی پشت پێ بەستن نین و كه‌م و كۆڕیان تێدایه‌. بەڵام بەپێی ئەم ئامارە کەم و کورتانەش دەکرێ هەست بە بارودۆخی موسیبەت باری کرێکارانی بێکار، کرێکارانی شاغڵی یەک شوغڵە، منداڵانی کار، دایکانی تەک سه‌رپه‌ره‌ست و به‌ گشتی ژنان و پیاوانی بێبەش کراو بکرێت. هەواڵنێری ئەمنیەتی فارس لە رۆژی ١٣ی مانگی گەلاویژی ٩٣ لەسه‌ر زانیاری “شادا” (گۆڤاری وەزاڕەتی کاروباری ئابووری و دارایی)یەوە نووسی کە ٣١ لەسەدی بنەماڵە ئێرانیەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. عەلیڕەزا مەحجوب رۆژی ١٦ی مانگی ره‌زبه‌ری ٩٣ وتی کە ٩٠ لەسەدی کرێکاران لە ژێر هێڵی هەژاری نیسبیدان. حسێن راغفەر، ئوستادی ئابووری، لە وتوێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق وتی کە بە پێی ئاماری ساڵی ٩١ نزیکەی ٤٠ لەسەد لە دانیشتوانی شارەکان و ٧٠ لەسەد لە دانیشتوانی دێهاتەکان، لەژێر هێڵی هەژاری تەواودا بوون. ئەو لەم وتووێژەدا وتویەتی کە بەپێی محاسباتەکانی ١٠ لەسەد لە شارنشینان و ١٤ لەسەد لە گوندنشینان لەژێر هێڵی هەژاری زۆردان کە ده‌كرێت پێی بوترێت هێڵی مەرگ.
بەرهەمی ئەم بارودۆخە ئەوەیە کە لەپاڵ موسیبەتە ناسراوەکانی وەک برسیەتی و بەدخۆراکی بەتایبەت بەملیۆن منداڵ لە کۆماری ئیسلامیدا بەشێک لە جەمعیەت بە شێوەی ڕەسمی فرۆشتنی کولیە، گلێنەی چاو و فرۆشتنی کۆرپەکانیان رادەگەیەنن تا لە برسیەتی رزگاریان ببێت. بەم دواییانە بنەماڵەیەک کوڕە ٥ ساڵانەکەیان بۆ رزگار بوون لە برسیەتی، به‌ شێوه‌ی ره‌سمی بۆ فرۆشتن دانا. خراپتر لەهەموو ئەمانە خۆ سوتاندنی یونس عەساکرە شارۆمەندی خوڕەمشاری و حەمید فەروخی دانیشتووی تەورێزە لەبەر هەژاری و ستەمگەری مەئمورانی ڕژیم.
کرێکارانی وشیار بە باشیی دەزانن کە ئەگەر لەمرۆدا کاربەدەستان باس لە بوونی ٩٠ لەسەد هەژاری نیسبی و ٤٠ تا ٧٠ لەسەد هەژاری بەتەواوەتی لە کۆماری ئیسلامیدا دەکەن، ئامانجیان رەواجدانی ئەو هیوادار بوونە پوچەیە کە گۆیا سەرانی رژیم لەبیری هەژاران دان و بۆ چارەسەر کردنی بابەتی هەژاری بەرنامەیان هەیە کە لە رێگای تەوافوقی پڕ لە سوکایەتی بەرجام یان “بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش”ەوە بەکردەوە دەردێت. بەڵام بەم دواییانە خودی کاربەدەستانی رژیم ئیعتیڕافیان بەوە کردوە کە بارودۆخی ئابووری رژیم وێرانە و رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێت.
کرێکارانی وشیار بەباشیی دەزانن ناونانی رۆژێک لە تەقویمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بۆ سڕینەوەی هەژاری تەنیا فریودانی ٨٠٠ ملیۆن تا یەک ملیارد خەڵکی برسی دنیایە لە ناخی سیستمی قەیران لێدراوی سەرمایەداریدا و هیچی تر. ئەم کرێکارانە دەزانن کە کۆماری ئیسلامیش حکومەتێکی سەرمایەداریە کە لە رۆژی ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ بۆ رزگار کردنی نیزامی سەرمایەداری هاتۆتە سەرکار. هەژاریەکی بێ ئەمان کە ئاماژەی پێکرا لە کێشمە کێشێکی ٣٥ ساڵەدا، لە لایەن حکومەتی ئیسلامی و سەرمایەدارانەوە بەسەر چینی کرێکار و زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاوە و تەنیا لە ڕێگای خەباتەوە دەکرێ ئەم بارودۆخە ئاوەژوو بکرێتەوە. تێکۆشان بۆ زیاد کردنی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابین کردنی ژیانێکی ئینسانی و خەبات لەپێناو دابین کردنی بیمەی بێکاری و ناڕەزایەتی لەدژی هەژاری بێ ئەمان، بەستێنێکی لەبارە بۆ ئیجادی وەحدەت و یەکپارچەیی لە خەباتی کرێکاری و جەماوەریدا. هەڵسوڕاوانی کرێکاری تەنیا لەسەر بەستێنی پەرەدان بە خەباتی کرێکاری لەدەوری ئەو داواکاریانەی لەبەردەم بزوتنەوەی کرێکاریدان دەتوانن یارمەتیدەری ئەمری سازمانیابی کرێکاران بن و ئاسۆی روخاندنی کۆماری ئیسلامی، بەرپا کردنی حکومەتی شوڕایی کرێکاران، ریشه‌كێش کردنی هەژاری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەدوور لە هه‌ر جۆرە زۆڵم و ستەم و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك و ئازاد و مورەفە، بنێنە بەردەم هەموو زۆرلێکراوان و بێبەشان.