کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک لە سەروبەندی نزیک بوونەوە لە ڕۆژی جیهانی پەروەردەی زمانی دایکی دا

سبەینێ چوارشەممە، دووەمی مانگی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکییە. ڕۆژی ٢١ی فێوریەی ١٩٥٢ی زایینی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی بەنگالی زمان لە زانکۆی داکا پایتەختی بەنگلادیشی ئێستا و پاکستانی ڕۆژهەڵاتی ئەوکات، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەپاندنی زمانیئوردو، وەک زمانی فەرمی لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی پاکستان و بە ئامانجی بە فەرمی ناساندنی زمانی دایکی خۆیان (زمانی بەنگالی) لە حەساری زانکۆدا خۆپیشاندانیان کرد. ئەم خۆپیشاندانە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی پاکستانەوە کەوتەبەر دەستڕێژی گوللە و لەو جینایەتەدا، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکاران گیانیان لەدەستدا یان بریندار بوون. درێژەی خەباتی خەڵکی بەنگالی زمان بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٧١ بەنگلادیش لە پاکستان جیا بێتەوە و ببێت بە وڵاتێکی سەربەخۆ. ڕۆژی ١٧ی نوامبری ساڵی ١٩٩٩ی زاینیی، ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستیی و فەرهەنگیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، یونسکۆ، پێداگری لەسەر پێویستی پەروەردەی زمانی دایکی وەک مافێکی شارۆمەندی و جیهانی کردەوە. هەروەها پێشنیاری فەرمیی دەوڵەتی بەنگلادیشی بۆ بە فەرمی ناساندنی ڕۆژی ٢١ی فێوریەی وەکڕۆژی جیهانی زمانی دایکیقبوڵ کرد. ١٨٨ وڵاتی ئەندامی یونسکۆ، لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران دەنگی ئەرێیان بەو پێشنیازە دا. دوابەدوای ئەوە، بۆ یەکەمین جار مەراسیمی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە مانگی فێوریەی ساڵی ٢٠٠٠ لە پاریس، بە بەشداری نوێنەرانی وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهان و زمانناسان و پسپۆڕانی بواری پەروەردەیی، لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە بەڕێوەچوو. لەو کاتەوە لە زۆرێک لە وڵاتەکان ساڵانە بەم بۆنەیەوە مەراسیم بەڕێوەدەچێت.

کۆماری ئیسلامی کە یەکێکە لە واژۆکارانی ئەم بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنانەت لە یاسای بنەڕەتی ڕژیمیشدا، پەروەردە بە زمانی دایکی بە فەرمی ناسراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بە کردەوە، بە ملیۆنان منداڵ کە زمانی دایکیان فارسی نییە، لە قوتابخانەکاندا لەم مافە سروشتییە بێبەش کراون.

ئەڵبەت هۆکاری ئەم کارەی ڕژیم ڕوونە. کۆماری ئیسلامی بە شێوازی پێشینیانی خۆی، پەروەردە بە زمانی دایکی، بە پرسێکی مەترسیدار بۆیەکپارچەیی خاکی ئێراندەزانێت، ئەکادیمیستە شوونیستەکانیش ئەم بابەتە بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر زمانی فارسی و پیلانگێڕیی بەمەبەستی لاوازکردنی ئەم زمانە دادەنێن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش، هاوشێوەی ڕژیمی شا، بە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە، هەوڵی دروستکردنی یەک فەرهەنگ و یەک زمان و گەیشتن بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی ساختەی ئێرانی دەدات. ئەم سیاسەتە ئەگەر لە سەرەتای زاڵبوونی سیستەمی سەرمایەداریی لە ئەوروپا و هەروەها وڵاتانی کۆلۆنیالیزمی ژێر هەژموونی ئەو وڵاتانەدا، ڕێگایەک بوو بۆ یەکسانکردنی کۆمەڵگاکان لە هەندێک ناوچەی جوغرافیایی دیاریکراودا، دروستکردنی دەوڵەتنەتەوەکان و پێکهێنانی بازاڕی کار و کاڵای ناوخۆیی، لە سەردەمی جیهانگیریی سەرمایە و سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی دووەمدا، بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرست لە خزمەت پاراستنی هەژموونی دارودەستە مافیاییە دەسەڵاتدارەکاندایە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەش، ئەگەرچی بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندن بە زمانی دایکی، کارێکی سەرکوتگەرانە و دژە دێموکراتیکە، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە پرسێکی دەروونناسی و کارناسانەیە لە بواری پەروەردە و بارهێناندا. لێکۆڵینەوەیەکی ئاماریی لە ئێراندا دەریدەخات کە زۆرینەی ئەو پێنج میلیۆن خوێندکارەی کە لە ٨ ساڵی ڕابردوودا لە تاقیکردنەوەکان دەرنەچوون، ئەو منداڵانەن کە زمانی فارسی، زمانی دایکی ئەوان نییە. ئەم ئامارە سادەیە بە ڕوونی پێویستیی پەروەردە بە زمانی دایکی نیشان دەدات. زمانی دایکی ئەو زمانەیە کە منداڵ لە دایک و باوک و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی فێری دەبێت. لێکۆڵینەوە بایۆلۆژی و دەروونناسییەکان دەریدەخەن کە منداڵ تەنانەت پێش لەدایکبوونیش لەگەڵ زمانی دایکی خۆی ئاشنا دەبێت و بە بیستنی دەنگی دایکی، هەست بە ئارامی دەکات. هەنگاو بە هەنگاو هەست و سۆزەکانی بە یارمەتی زمانی دایکی شکڵ دەگرن. بە یارمەتی زمانی دایکی، جیهانی دەوروبەری خۆی دەناسێت و پەیوەندی لەگەڵدا دروست دەکات. هەستیارترین قۆناغی ژیانی، کە بناغەی ژیانی داهاتوویەتی، لە نێوان تەمەنی پێنج بۆ حەوت ساڵیدا بە هاوکاری زمانی دایکی تێپەڕ دەکات و بناغەکانی کەسایەتی ئەو، هەر لەم قۆناغەدا بنیات دەنرێت. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، قەدەغەکردنی خوێندن لە منداڵان و لاوان و تازە لاوان بە زمانی دایکی و لە هەمان کاتدا لەبەرچاونەگرتنی فەرهەنگ و ئەدەبیاتێکی ئەو خەڵکەی کە بە درێژایی سەدان ساڵ بەرهەم هاتووە و دەوڵەمەند کراوە، بەشێکە لەو ستەم و هەڵاواردنەی کە بەسەر ئەو نەتەوانەدا دەسەپێندرێت کە لە جوگرافیای ئێراندا دەژین.

بابەتی پەیوەندیدار

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-

سێبەری شەڕێکی ماڵوێرانکەر باڵی بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە

-

بەهائیەکانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٢دا لەگەڵ تووندترین گوشار و ئەزیەت و ئازار بەرەوڕوو بوون

-

ئازادیی چالاکانی ژینگەپارێز، بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات لەسەر بەستێنی لاوازتربوونی ڕژیم

-

زیادکردنی حەقدەست پێویستییەکی سەرەکی چینی کرێکار

-