ڕۆژی سێشه‌ممه ١٣ی مانگی ڕه‌زبه‌ر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٥ی ئۆكتۆبر، ڕۆژی جیهانیی موعه‌لیمه. ئه‌مڕۆژه له ساڵی ١٩٩٤ی زایینی‌دا له لایه‌ن ڕێكخراوی زانستی، كلتووری و په‌روه‌رده‌یی سه‌ربه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان(یونسكۆ) و ڕێكخراوی جیهانیی كار(ئای ئێڵ ئۆ)، وه‌ك ڕۆژی جیهانیی موعه‌لیم ناودێر كرا. ئامانجی دیاری كردنی وه‌ها ڕۆژێك “پێ‌زانین و بایه‌خ دان به موعه‌لیمان و تاوتوێ كردنی كێشه‌كانیان، له سه‌رتاسه‌ری جیهان” ڕاگه‌یه‌ندراوه.
به پێی ئاماره‌كانی “یونسكۆ” له ئاستی جیهاندا یه‌ك سێهه‌می موعه‌لیمان له ژێر هێڵێ هه‌ژاریدا ده‌ژین. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه سه‌رمایه‌داران، زانست، وه‌ك كاڵا ده‌فرۆشن و له زه‌حمه‌تی موعه‌لیمانه‌وه، به سوودی كهڵان ده‌گه‌ن. ڕۆژی جیهانیی موعه‌لیم بۆ كرێكارانی وشیار، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بێ مافیانهیه كه به‌سه‌ر گشت زه‌حمه‌تكێشانی كۆمه‌ڵدا سه‌پاوه، ڕێز گرتن له خه‌باتی ئه‌وانه دژبه‌م بێ مافیانه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ستكه‌وته‌كانیان و زه‌رووره‌تی دیفاع له خواسته‌كانیانه.
له‌و جێگه‌وه كه یه‌كه‌مین چه‌خماخه‌كانی بیر كردنه‌وه، له مهدرسهكانهوه لێده‌درێ و ده‌پشكوێ، جیهان، ئه‌مڕۆ، پتر له هه‌موو كاتێك، پێویستی به موعهلمانی شاره‌زا، ئاسووده خه‌یاڵ، بێ دڵه‌ڕاوكێ و ئینسان میحوه‌ر هه‌یه. به‌ڵام ئایا له ئێران، حورمه‌ت و كه‌رامه‌تی موعه‌لیم، ئه‌وجۆره‌ی كه شیاوه، ده‌پارێزرێ؟ ئایا موعه‌لیمان، كه له توێژه زه‌حمه‌تكێشه‌كانی ناو كۆمه‌ڵن، وه‌ها بایه‌خێكیان پێده‌درێ كه نیگه‌رانی پێداویستیه ماددیه‌كانیان نه‌بن و به بێ خه‌م، خه‌ریكی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی زانست و تێگه‌یشتنی خۆیان بن؟ حه‌قیقه‌تی ژیانی ڕۆژانه‌ی موعه‌لیمان، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه زۆربه‌یان، پتر له‌وه‌یكه بیر له بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی زانست و شاره‌زایی خۆیان بكه‌نه‌وه، به‌ناچار، بیر له دیتنه‌وه‌ی كاری دووهه‌م و سێهه‌م ده‌كه‌نه‌وه. پتر له سێ چواره‌می موعه‌لیمانی ئێران له‌ژێر هێڵی هه‌ژاری دان و باقیهكهشیان به پیشه‌ی دووهه‌م و سێهه‌م و داهاتی هاوسه‌ره‌كانیان، خۆیان له ژێر هێڵی هه‌ژاری ده‌رباز كردووه. له په‌نا ئه‌و ده‌سته‌یه له موعه‌لیمانی زه‌حمه‌تكێش، كۆمه‌ڵێك سیخۆڕ و بارهاتووی حه‌وزه‌ی دژه عیلمیه، حزووریان هه‌یه كه به‌رپرسی به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ڵاڵه‌ی دژه كلتووری و سووكایهتیهكانی ڕژیمن له ناوه‌نده‌كانی فێركردندا. باروودۆخی بژێوی موعه‌لیمانی خانه‌نشینكراو یه‌كجار دڵته‌زێنتره. موعهلمانی خانه‌نشینكراو، كه ته‌مه‌نی لاوی و نێوانساڵیی خۆیان، خستووه‌ته خزمه‌ت بابه‌تی په‌روه‌رده و بارهێنانی ئه‌م وڵاته و له‌م ڕێگایه‌دا ههمووجۆر دژوارییهكییان ته‌حه‌مول كردووه، له كاتی به‌ساڵاچوویی و پیریدا، له جیات به‌هره‌مه‌ند بوون له ئاسایش و ئاسووده‌یی، له‌وپه‌ڕی ده‌ستكورتی و هه‌ژاریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
به‌ڵام كێشه‌ی ژیانی ئه‌م به‌شه هه‌ژاره‌ی كۆمه‌ڵ، ته‌نیا ئه‌وه نییه كه له ژیانێكی شیاو، به‌هره‌مه‌ند نین، به‌ڵكوو ئه‌وان ناچار ده‌كرێن كه په‌ره‌پێده‌ری په‌ره‌وه‌رده و بارهێنانێك بن كه به‌ته‌واو مانا، ئاوێته‌ی خورافه و كۆنه‌په‌رستییه. یه‌كێك له ئازاره گه‌وره‌كانی موعه‌لیمانی شه‌ریف و خه‌باتكار، ڕه‌خنه‌كردنی ئایین له بابه‌تی په‌ره‌وه‌رده و بارهێنان دایه. موعه‌لیمانی ئێران مه‌حكوومن به‌وه‌یكه له نزیكه‌وه شایه‌دی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڵاڵه‌ی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ڕژیم له ناوه‌نده‌كانی فێركردن، له‌وانه هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی، ناردنی خوێندكاران بۆ بینینی به‌ره‌كانی شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق، له‌ژێرناوی كاروانی ڕاهیانی نوور و هێتر بن. وه‌ها باروودۆخێكه كه جه‌سته‌ی موعه‌لیمان ماندوو و شه‌كه‌ت و ده‌روونیشیان په‌رێشان و پڕ له ئازار ده‌كات.
موعه‌لیمانی ئێران خوازیاری بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حقوق بۆ سه‌رووی هێڵی هه‌ژاری، به‌هره‌مه‌ند بوون له “بیمه‌ی كارئامهد“، هاوسانسازیی حقوقی خانه‌نشینكراوان و كه‌سانی له‌سه‌ر كار، دابین كردنی بژێو و پاراستنی پێگه و كه‌رامه‌تی ئینسانیی خانه‌نشینكراوان، به‌هره‌مه‌ند بوونی هه‌موو منداڵان له ئامووزشی ستاندارد و به‌خۆڕایی به‌تایبه‌ت له ناوچه بێبهشهكان، ستاندارد و ئیمه‌نی كردنی مه‌دره‌سه‌كان، به‌هره‌مه‌ند بوونی خوێندكاران له كه‌ره‌سته‌ی ته‌فریحی و فه‌رهه‌نگی، ڕاگرتنی سیاسه‌تی پووڵی كردنی ئامووزش و كۆتایی هێنان به په‌روه‌نده سازی و ئه‌منییه‌تی كردنی چالاكیی موعهلیمانن.
موعه‌لیمانی زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شی ئێران، ئه‌و مرۆڤه شهریفانهن كه خواستی عادڵانه‌یان هه‌یه و شیاوی به‌ربڵاوترین و په‌یگیرترین پشتیوانین. كۆماری ئیسلامی له‌جیات پێڕاگه‌یشتن به خواسته ڕه‌واكانیان، به زیندانی كردن و ده‌ركردن، وڵامییان ده‌داته‌وه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو گوشار و سهركوتگهریهك، خه‌باتی موعه‌لمیان بۆ گه‌یشتن به خواستی ڕه‌وا و عادڵانه‌یان و بۆ ئازادیی هاوكارانییان، بێ وه‌ستان درێژه‌ی بووه. ده‌ستبه‌سه‌ركردن، ده‌ركردن، به‌ربه‌ست نانه‌وه‌ی پیشه‌یی و هیتر، موعه‌لیمانی چاوترسێن نه‌كردووه و به‌ری به په‌یگیر كردنی خواسته‌كانیان نه‌گرتووه.
پێرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی موعه‌لیم له هه‌موو موعه‌لیمانی خه‌باتكار و زه‌حمه‌تكێش و دڵسۆز ده‌كه‌ین و دڵنیاین كه بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمانی ئێران، له ڕێزێكی یه‌كگرتوودا، هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌موو زه‌حمه‌تكێشان و بێبه‌شان و ستهملێكراوانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، سه‌ره‌نجام بارگه و بنه‌ی ڕژیمی كۆنه‌په‌رست و دژه مرۆیی كۆماری ئیسلامی تێكهوهدهپێچن.