ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٠ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٤٠٣، پاش کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی قەسەدە و ئه‌حمه‌د شه‌رع سەرۆکی ته‌حریر شام و ڕێبه‌ری ئێستا حكوومه‌تی نوێی سووریه لە دیمەشق، ڕێکەوتنێک به ڕه‌زایه‌تی هه‌ر دوولا واژۆ کرا.
دەقی رێکەوتنەکە به‌م شێوه‌یه: ١- مسۆگەرکردنی مافەکانی هەموو سووریاییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە بنەمای لێهاتوویی بێ رەچاوکردنی پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی. ٢- کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا و دەوڵەتی سووریا مافی هاووڵاتی بوون و هەموو مافە دەستوریەکانی مسۆگەر دەکات. ٣- راگرتنی ئاگربەست لە سەراسەری خاکی سووریا. ٤- یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی باكووری سوریا لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتی سوریا، بە دەروازە سنووریی و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییه‌كانه‌وه. ٥- گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سورییەکان بۆ شار و گوندەکانیان و دابینکردنی ئه‌منیه‌تیان لەلایەن دەوڵەتی سووریا. ٦- پاڵپشتی‌کردنی دەوڵەتی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕژیمی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ئاسایش و یەکپارچەیی وڵاتەکە دەبێتەوە. ٧- ڕەتکردنەوەی بانگەشه‌ی دابەش‌کردن، وتاری ڕق و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سووریا. ٨- لیژنە جێبەجێکارەکان هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامه‌كه تا كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌ده‌ن.