ئاخێزی شۆڕشگێرانەی ژن، ژیان، ئازادی حکومەت و سەرجەم دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی بەرەوڕووی ئاستەنگ و قەیرانی قوڵ کردۆتەوە. ئاخوندەکان و دەزگای مەزهەب بێزراوترین بەشی کۆمەڵگان. حکومەتی ئیسلامی لەنێو خۆی وڵاتدا کەوتۆتە بەر نەفرەتی گشتی و لە دەرەوەش بەرەوڕووی لاوازی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاترە. ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان وەها بەخێرایی دەوری گرتوە کە، مێعمارانی سیاسەتە حکومەتیەکان لەگەڵ بێ سەرەو بەرەیی لە قسەکردندا و لە دەزگای ئیداری و بەڕێوەبردنەکەیدا لەگەڵ بشێوی لە کردەوەدا دستەویەخەن.
هیچ کاربەدەستێکی حکومەتی، هیچ یەک لە دەزگا ئەمنیەتی و نیزامیەکان لە عەلی خامنەییەوە تا ئیمام جومعەکان ڕێگا چارەیەکیان بۆ دەرچوون لەم قەیرانە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیپڵۆماتیکەی کە بەرۆکی گرتون، نییە.
هێرشی تیرۆریستی شیمیایی بۆسەر کچان کارساز نەبوو، ئێستا” ئاتەش بە ئیختیار“ەکانیان لەدژی ژنان ناردۆتە مەیدان و کردەوەی ئابڕوبەرانەی وەک کردنی سەتڵی ماست بەسەر دوو ژنی ئازادی خوازدا ئەنجام ئەدەن. گۆیا بەم شێوەکارانە دەیانەوێ ژنان وادار بە پاشەکشەی ناچاری بکەن. ئەگەر شێواوی لە کردار دا وەک نمونەکانی ژاراویکردنی کچان لە قوتابخانەکان و ماجەرای سەتڵی ماست و هیتردا دەبینین، ئالۆزی لە وتاردا لەوەش زەق و ئاشکرا ترە. خامنەیی کە ماوەیەک لەوەپێش خەریکی دڵدانەوەی ژنانی کەم حیجاب بوو وە لایەنگرانی بۆ نەرمی نواندن بانگهێشت دەکرد، لە ئاخرین سوخەنڕانیدا بە ئاشکرا دەست ئەداتە هەڕەشە کردن لەو ژنانەی کە حیجاب لەسەر دادەگرن و دامودەزگا دەوڵەتیەکان هان ئەدات بە توندی لەگەڵ ئەو ژنانەدا بجوڵێنەوە. لە دەرێژەی ئەم پەرێشان وێژیانەدا یەکێک لە ئاخوندەکانی نزیک لە خامنەیی وتویەتی:” زستان وەرزی حیجابە و ئەگەر حکومەت نەتوانێ لە وەرزی سەرمادا سەرپۆش بەسەر ژناندا بدات، ئایا لە بەهار و هاویندا دەتوانێ؟”
داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، بێکاری، قەیرانی ژینگەیی، گرانی مەسکەن، کەمبوونی دەرمان و گەلێک بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا ئیتر بوونەتە کێشەی چار هەڵنەگری ڕژیم. لەپاڵ گشت ئەمانەدا ئەمنیەتیش لە خەڵکی ئەم وڵاتە هەڵگیراوە. مەترسی تەلەفاتی وێرانگەری ڕوداوە سروشتیەکانی وەک بومەلەرزە و لافاو هەروا بەسەر سەری خەڵکەوە دەسوڕێتەوە. تەنیا لە دوو حەوتوی پشوی نەورۆزیدا زیاتر لە شەش سەد کەس لە ڕوداوی هاتوچۆ و جادە نائەمنەکانی وڵاتدا کوژراو و بریندار بوون.
پاشەکشەی ڕژیم لە سیاسەتە ناوچەییەکانیشیدا بەرچاوە. لە سوریە ڕۆژ نییە هێزە تیرۆریستیەکانی قودس و ڕەوتە جەنایەتکارە ئیسلامیەکانی نزیک لە حکومەتی ئیسلامی نەکەونە بەر بۆمبارانی ئیسرایل و لەم دواییانەشدا ئامریکا. هەر لەم پێوەندەدا زەمزەمەی پێویستی هەرچی زوتری پاشەکشە لە سوریە لەنێو کاربەدەستانی ڕژیمدا بەرز بۆتەوە. سازش لەگەڵ عەرەبستانی سعودی لەسەر چارەنووسی شەڕی نێوخۆیی لە یەمەن، نمونەیەکی ترە لە سوڕان لە سیاسەتی دەرەوەی ڕژیمدا. ڕژیمێک کە زیاتر لە چوار دەیەیە دەیەوێ شۆڕشی ئیسلامی خۆی هەناردەی ناوچەکە و دنیادا بکات، ئێستا لە دەرەوە بەرەو شکست و لەنێوخۆدا بەرەوڕووی لێک هەڵوەشان بۆتەوە.
لە ئاستێکی دیکەدا گەلێک لە مەڕجەعەکانی شیعە کە تا دوێنێ خۆیان لەو کەسانە بوون کە بە باڵای ڕژیمیاندا هەڵئەدا، ئێستا دەڵێن:” پێکهێنانی حکومەتی ئیسلامی خۆی هەڵەیەکی گەورەی ئیستراتیژیک بوو.” ئەوان لەسەر ئەو بڕوایەن کە:” گەندەڵی نیهادینە بوو، بێ لیاقەتی دەزگای دین بۆ حکومەت کردن گەورەترین و قورس ترین گورزی لە دین باوەڕی و لە دەزگای مەزهەب داوە.” ئاخوندەکان کە بۆ چەند سەدەیەک توانیبویان پێگەی خۆیان وەک دەوڵەت لە دەوڵەتدا، بپارێزن، بە ئاوێتەکردنی دەسەڵاتی مەزهەبی لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتی، پشتی خۆیان و ناوەندە مەزهەبیەکانیان شکاندوە. بێگومان داماوی و پەریشانی حکومەتی مەزهەبی دەبێتە هۆکاری هەڵەی ئیستراتیژیکی زیاتریان.