کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتە مۆسیقیەکان، هەوڵێکی داماوانە، ڕیسوایی زیاترێ؟

دوای پێداگری ئیمام جومعەی مەشهەد لە دژایەتی کردن لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی مۆسیقی لەم شارەدا، وەزاڕەتی ئیرشادی دەوڵەتی رۆحانی سەرشۆڕانە لە بەرانبەر ئەم گوشارانەدا پاشەکەشەی کرد و بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی موسیقی نەک هەر لە شاری مەشهەد بەڵکو له‌ شارەکانی دیکەشی قه‌ده‌غه‌ كردووه‌. بەشوێن پەشیمان بوونەوەی وەزاڕەتی ئیڕشاد لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی موسیقی لە مەشهەد، ئیمام جومعەکانی شەش شاری تری ئێران شیراز، ڕامسەر، تونیکابون، سیرجان، خواف و عەنبەرئابادیش لە خوتبەکانی نوێژی هەینیدا خوازیاری قەدەغە بوونی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی مۆسیقی لە شارەکانیان بوون. پێش تریش شارە جۆراو جۆرەکانی ئوستانی خۆراسان لەم مانگانەی دواییدا بەردەوام شاهیدی هەڵوەشانەوەی کۆنسێرتە موسیقیەکان بوون. سەبارەت بە شاری مەشهەد، بەم دواییانە ئیمام جومعەی ئەم شارە هۆشداری دا کە ئەگەر دانیشتوانی ئەم شارە ناتوانن بەڕێوەنەچوونی کۆنسێرت قەبوڵ بکەن، برۆن بۆ جێگایەکی تر بژین.788
دژایەتیەکان لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنسێرت لە شارەکانی ئێران دوای ئەوە دەستی پێکرد کە عەلی جەننەتی، وەزیری ئیڕشاد دوای چەندین مانگ کێشمە کێش لەگەڵ ئیمام جومعەی مەشهەد و کاربەدەستانی قەزایی ئەم شارە ڕایانگەیاند کە ئەم وەزاڕەتخانەیە چاوپۆشی لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرت لەم شارەدا کردوە. کاربەدەستانی قەزایی ئوستانی خۆراسان دوای پاشەکشە کردنی وەزاڕەتی ئیڕشاد ڕایانگەیاند کە بڕیاری دادستانی مەشهەد بۆ بەڕێوەنەچوونی کۆنسێرتەکان شارەکانی دیکەش دەگرێتەوە. هەڵبەت پێویستە وەبیری بێنینەوە کە لەم کۆنسێرتانەدا هیچ ژنێکی هونەرمەند بەشداری ناکات. ئه‌گه‌ر وابوایه‌ تەنانەت وەزاڕەتی ئیڕشادی دەوڵەتی رۆحانیش جورئەتی ئەم زێدەرۆییەی بەخۆی نەئەدا.لە هەمانحاڵدا سایتە ئینترنێتیەکانی سەر بە ڕژیم بە ئابوتابی تەواوەوە ڕاپرسیەکی شەبەکەی تەلەویزیۆنی ” ئیم بی سی” یان سەبارەت بە کۆنسێرتی مۆسیقی لە عەرەبستان باس کردوە. ئەفکاری کۆنەپەرستانەی هاوبەشی حاکم بەسەر ئەم دوو وڵاتەدا بەری بەوە نەگرتوە کە سەرەڕای ناکۆکیەکی سیاسی کە بەیەکەوە هەیانە، وەک ئۆلگو تاریفی یەکتر نه‌كه‌ن. لەم ڕاپرسیەدا کە لە لایەن کاناڵی یەکی گوروپی تەلەویزیۆنی ” ئیم بی سی” عەرەبستانەوە کراوە زیاتر لە ٩٠ هەزار ژن و پیاو بەشدار بوون و نزیکەی ٦٥ لەسەدیان دژایەتی خۆیان لەگەڵ بەڕێوەچونی کۆنسێرتی مۆسیقی لەم وڵاتە ٣١ ملیۆن کەسیەدا ڕاگەیاندوە.ئەمرۆ لە بواری فەرهەنگیدا کۆمەڵگای ئێران بۆتە مەیدانی نەبەردێكی به‌رین نێوان ڕژیم و زۆربەی جه‌ماوه‌ری خەڵکی ئێران. ئەوەی کە ئاشکرایە ئەم ڕاستیەیە کە قەدەغە کردنی بەڕێوەچونی کۆنسێرتی موسیقی بە هەر ئامانجێک بەڕێوەبچێت، ڕژیم لەبەرانبەریدا شکست دێنێ. ئەگەر ئامانج هێز نواندن و چاوسور کردنەوە و ترساندنی لاوانە کە تەجروبەی خودی ڕژیم لەم بوارەدا نیشانیداوە، لاوان چاوترسێنی ئەم حەرەکەتانەی ڕژیم نابن. ئەگەر ئامانج جێگیر کردنی فەرهەنگی ئیسلامیە کە خودی ڕژیمیش شکستی خۆی لەم بوارەدا زۆر بە ڕاشکاوی ڕەد ناکاتەوە. بە تایبەت لە بواری مۆسیقادا کۆماری ئیسلامی ناتوانێ درگاکانی چالاکی لەم مەیدانەدا بە رووی لاواندا دابخات. وەک نمونە هەرلەم شاری مەشهەدە دا کە ئیمام جومعەکەی ئەڵێ:” ئەگەر دانیشتوانی ئەم شارە نایانەوی قەدەغە بوونی کۆنسێرت قەبوڵ بکەن برۆن بۆ جێگایەکی تر”، بەڵی هه‌ر لەم شارە بەڕواڵەت و بەناو مەزهەبیەدا، هەواڵنێری دەوڵەتی مێهر لە ڕاپۆرتێکدا ئەڵێ:” دەیان گوروپی مۆسیقی لە ئاستی ئەم شارەدا بە شێوەی نا یاسایی و بێ ئیجازە خەریکی چالاکین.” و لە درێژەدا دەنووسێ:” مۆسیقی ژێرزەمینی لەو شوێنانەدا کە نا ڕەسمین وەک ستدیوی ناوماڵ و بە شێوەی شاراوە تۆمار دەکرێن و گشت گیریش بووە.”ئەم ڕاستیە ئیتر وەک سه‌ره‌تایه‌كی لێهاتوە کە دیکتاتۆڕەکان و کۆنەپەرستان نەک تەنیا لە مێژوو بەڵکو لە ئەزمەنی سەردەمی ژیانی خۆشیان دەرس وەرناگرن و هەڵبەت هەروەک چۆن گەلێک جار دیومانە سەرئەنجام سەریان لە پێناو پێداگری و کەللە ڕەقی لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ تەکامولی ڕاستیە سەرسەختەکانی کۆمەڵگادا دائەنێن.مێژوی ٣٨ ساڵەی تەمەنی ڕژیمی ئیسلامی نیشانی ئەدات کە هەوڵەکانی ئەم ڕژیمە لە هەموو بوارە فەرهەنگی و ئاموزشیەکاندا توشی شکست هاتوە. بەرەنگاری ویدئۆ بوونەوە، هێشتا داخی شکست لە بەرانبەریدا بەسەر دڵنیانەوە بوو کە ماهوارە هات. بۆ کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەکان لەشکر کێشی دەکەن، خەڵک کاتژمێرێک دواتر سەرلەنوێ سیستمی پێشکەوتو تر دادەمەزرێننەوە. لە بەرانبەر ماهوارەدا ناکام بوون کە ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەریان هەڵدا. خێرایی ئینترنێتی مه‌حه‌للییان دابەزاند، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی بڵاو کەرەوەی ئینتێر نێت کەوتنەکار و ناچار بوون خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن و مەجبور بوون ئینترنێتی خێرا پێشکەش بکەن. زانستی ئینسانیان لە مادە دەرسیەکانی زانکۆ لابرد، کتێبە زانستیەکانی ئەم بوارە تیراژیان چووە سەرەوە. فیلم سازانی پێشکەوتویان زیندانی کرد، بە فیلمی زیاتر و بە سەرکەوتنی بەرچاو ترەوە چوونە فستیواڵە جیهانیەکان. لە ژنێو قەراردادی سازشیان لەگەڵ رۆژئاوا مۆر کرد، لە تاران حیجابی ژنان زیاتر بەرەو دوا خزین. سایتە ئینترنێتیەکانیان فیلتێر کرد، هەزاران لاوی فیلتێر شکەن تەربیەت کران، ئەگەر پارازیت دەخەنە سەر شەبەکەکان دەیان سایتی تایبەت بە چلۆنایەتی بەرەنگار بوونەوەی پاڕازیت دەکرێنەوە.ئەم جۆرە کردارانە لە ئێران قەت نەیتوانی بارودۆخی دڵخوازی ڕژیمی ئیسلامی دابین بکات. لەم روەوە نە دەکرێت نیشانەی بەهێزی ڕژیم بێت و نە دەتوانێ کۆمەڵگای ئێران ناچار بە مل کەچ بوون لە بەرانبەر پێوانە و مێعیارە فەرهەنگیەکان و شێوەی ژیانی دڵخوازی ڕژیمی ئیسلامی بکات. ئەرکێک کە خودی ڕژیمیش ئەزانێ نەک هەر بۆی بە ئاکام ناگات بەڵکو لەکۆتاییدا دەبێ خۆی لەبەرانبەر ئەو ڕاستیانەی لە نێو کۆمەڵگدا بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر بوونیان هەیە و بەدڵی ئەو نین بەچۆکدا بێت.