کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

 هەڵسەنگاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

بایکۆتکردنی نمایشی هەڵبژاردنەکان سەرەتای سەرکەوتنێکی گەورەترە لەپێناو ژیانێکی باشتردا

یەکەم: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەممە، نمایشی “هەڵبژاردن”ی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەریی (خوبرەگان) بەڕێوەچوو. هەروەک چاوەڕوان دەکرا کەش و هەوای ئەم نمایشە حکوومەتییە جگە لە شەرمەزارییەکی بەتەواو مانا بۆ حکوومەتی ئیسلامی ئێران هیچی تر نەبوو. جگە لە لایەنگران و دارودەستەی حکوومەت و کەسانی سەر بەو تاقمە، کەمتر کەسانێک لەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەدا دەرکەوتن بۆ ئەوەی مۆرکی ئەرێنی لەسەر درێژەدان بە ڕەوتی کارەساتباری بەردەوامبوونی حکوومەتی ئیسلامی بدەن. سەرەڕای هەموو جەختکردنەوە و هەڕەشە و فێڵ و فریو و خەرجکردنی پووڵێکی زۆر و زەوەند بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی

دەنگدان، خەڵکی ئێران جارێکی دیکە ئەوپەڕی نەفرەت و بێزاری خۆیان لە کۆماری ئیسلامی نیشان دا. بانگەوازی بایکۆتکردنی نمایشی هەڵبژاردنەکان لەلایەن زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی وڵات، حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە سنفییەکان، دامەزراوە و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لەگەڵ وەڵامدانەوەی بەربڵاوی جەماوەری خەڵک لە سەرتاسەری ئێران بەرەوڕوو بووەوە. ئەم بایکۆتە لە کوردستان زۆر بەربڵاوتر و لێبڕاوانەتر بوو. ئێستا لە قۆناغێکداین کە ناوەندی سەرەکی دەسەڵات لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا تەنانەت ڕیسکی هێنانی ڕیفۆرمخوازانیش بۆ ناو گەمەی هەڵبژاردنەکان بە درووست نازانێت چونکە هەڵسەنگاندنەکانی ئەم قۆناغەی حکوومەت لەسەر بنەمای بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووریی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، سیاسەتی دەرەوە و پرسی جێنشینی خامنەیی جەخت دەکاتەوە و حکوومەت بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ئاڵنگاریانە، سیاسەتی بەرتەسک کردنەوەی هەرچی زیاتری بازنەی دەسەڵاتی هەڵبژاردووە. هەروەک پێشبینییەکانی پێش گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان دەریانخست، جگە لە دەست و پێوەندەکانی

حکوومەت، هیچ کەس چاوەڕوانی بچووکترین گۆڕانکاری لەو ژیانە کارەساتبارەی ئێستادا نەدەکرد لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانی حکوومەتی ئیسلامییەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا حکوومەتی ئیسلامی دەیتوانی بە فێڵ و فریوی جۆراوجۆر بەشێک لە خەڵک لە دەوری نمایشی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان کۆ بکاتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەت لە یەک دەیەی ڕابردوودا ئەم هاوکێشانە بە تەواوی بۆ حکوومەت تێکچووە و خەڵک و لەسەرەوەی هەمووان زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵگا، گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنە واقیعییەی کە هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک لە ڕێگەی ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم حکوومەتە جینایەتکار و گەندەڵەوە دێتە ئاراوە و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران چیتر ئامادە نین ببنە کەرەستە و ئامرازی شەرعیەتدان بە کەمینەیەکی جەلاد و تاڵانچی. بێ گومان ئەم سەرکەوتنە سەرەتای سەرکەوتنێکی گەورەتر و ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەبێت.

دووەم. کوشتاری خەڵکی فەلەستین لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە، تا ئێستاش بابەتی سەرەکی میدیاکانی

جیهانە. خۆسووتاندنی کارەساتباری ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، ئەوە دەردەخات کە تووڕەیی و بێزاری خەڵک چ کاردانەوەیەکی بوێرانەی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەم حاڵەشەوە پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەولای دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان لە تاوانەکانی دەوڵەت و ئەرتەشی ئیسرائیل و کوشتاری دەیان هەزار ئینسانی مەدەنی و بێتاوان، ئاستی پابەندبوونی درۆینەی ئەو وڵاتانە بە مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی ئاشکرا دەکات. لە ٢٣ی ژانویەوە تا ئێستا هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە بە ڕادەیەکی زۆر کەم بووەتەوە، بەجۆرێک کە بەشێکی زۆر لە پەنابەران و لەوانە منداڵان، لەگەڵ دۆخێکی دژواری قات و قڕی بەتەواو مانا و گیان لەدەستدان بەهۆی برسێتیەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە. بەهۆی هێرشی جینایەتکارانەی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر ئاپۆرەی برسییەکان لە پەراوێزی باشووری ڕۆژئاوای شاری غەززە، ١٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بریندار بوون. قوربانیانی ئەم ڕووداوە خوێناوییە، چاوەڕێی گەیشتنی کاروانی خۆراک بوون کە لەلایەن ئەرتەشی

ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج. لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانی “نوسرەت”یش، ٢٢ کەس گیانیان لەدەستدا. بەشێکی زۆری کوژراوەکان بریتی بوون لەو منداڵە برسیانەی کە لە ڕیزی چاوەڕوانیی ژەمێک خواردندا وەستا بوون. نزیکەی پێنج مانگە کە هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل هەموو سنوورەکانی تاوانە جەنگییەکانیان بەزاندووە و لە دۆخێکدا کە جیهان بەردەوام و بە ئاشکرا شایەتی ئەو جینۆسایدە کارەساتبارەیە، لایەنگرانی درێژەدان بەو تاوانە بێبەزەییانە بە سەرکردایەتی دەوڵەتی ئەمریکا، لە پەسەندکردنی بڕیارنامەکانی ئاگربەست تەنانەت بە شێوەیەکی کاتیش لە شۆڕای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ویتۆی دەوڵەتی ئەمریکا ڕێگری دەکەن. تا بەر لە جینایەتەکەی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ هەزار و ٣٥ کەس کوژراو و زیاتر لە ٧٠ هەزار کەسیش بریندار ببوون. لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگدا، باکووری غەززە بە تەواوی وێران بووە و زیاتر لە یەک ملیۆن مەتری چوارگۆشە ڕێگاوبان و ٦٠%ی سەرچاوە ئاوییەکانی غەززە، بەتەواوی لەناوچوون، ئەرتەشی ئیسرائیل پەنجا و پێنج هەزار داریان لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکێشاوە بۆ ئەوەی شوێنەواری ژیان بە تەواوی لەم

ناوچەیە بسڕێتەوە؛ ئەشکەنجە و ئازاری سیستماتیکی دیلەکانی شەڕ، هێرشکردنە سەر کەمپەکانی پەنابەران، بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان، ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشکردنە سەر ناوچە ئەمن و ئارامەکان و کوشتاری بێ پسانەوەی منداڵان، دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی دەستبەسەرکراو، وێرانکردن و دزینی موڵک و ماڵی ئاوارەکان، بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی، برسیکردنی زۆرەملێی ئاوارەکانی غەززە (نزیکەی دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس لەگەڵ برسێتی دەست و پەنجە نەرم دەکەن و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بەهۆی نەبوونی دەوا و دەرمان و لەکارکەوتنی نەخۆشخانەکان، لەنێو منداڵان و بەساڵاچوواندا بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە) و هتد… هەمووی ئەمانە ڕووخساری جینۆسایدێکی فاشیزمی بەتەواو مانای خستۆتە بەردەم جیهان. هاوکات لەگەڵ بەردەوامی کوشتار لە غەززە، ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆسەر قوڵایی خاکی لوبنان پەرەپێداوە. خەون و خولیای ئیسرائیل بۆ بەرفراوانکردنی خاکی وڵاتەکەی، دوای وێرانکردنی غەززە، ئێستا لوبنانی وەک بەرەی شەڕی داهاتوو کردۆتە ئامانج. هەوڵ و دانوستانەکانی میسر،

قەتەر و ئوردن لەگەڵ ئەمریکا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئاگربەست، بەهۆی کاردانەوەی تووندی ئیسرائیل، بە تایبەت سەرپێچییەکانی خودی نەتانیاهۆ، نەگەیشتووەتە هیچ ئاکامێک. واقیعییەتێکی دیکە ئەوەیە کە بزووتنەوەی جیهانی دژە شەڕ، سەرەڕای خۆپیشاندان و کۆڕ و کۆبوونەوە بەردەوام و شکۆدارەکان، نەیتوانیوە بەر بە جینایەت و داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بگرێت و دەوڵەتی ئەمریکا و ئورووپاییەکانیش توانایی گوشار خستنە سەر دەوڵەتی ئیسرائیلیان نییە. لە بەستێنێکی وەهادا مرۆڤ دەتوانێ شاهیدی گەشەی ڕەوتگەلێکی بناژۆخواز و توندڕەوی وەک حەماس و هاوشێوەکانی بێت لە نێو لاوانی فەلەستینیدا، کە ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا.

سێیەم. مانگرتنی کرێکارانی فولادی خەزەر، درێژەی ناڕەزایەتی کرێکارانی فولادی ئەهواز سەبارەت بە بەستنی کارتی چوار کەس لە هاوکارەکانیان، کۆبوونەوەی کرێکارانی بەرهەمهێنانی “کەک” لە کارگەی تەبەس، بایکۆتی خۆراک لەلایەن کرێکارانەوە بۆ چەندەمین جار لە فولادی قەزوێن دوابەدوای

ژەهراوی بوونی چەند کەس لە هاوکارەکانیان، کۆبوونەوەی کرێکارانی چاپ و بڵاوکردنەوەی زانستی و فەرهەنگی لە بەردەم ڕێکخراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوەی سەرتاسەری پەرستاران، کۆبوونەوەی کرێکارانی شارەوانی ئیلام، ناڕەزایەتی کرێکارانی شارەداریی ڕودبار و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی میترۆی تاران، لە زومرەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی ئەم هەفتەیە بوون کە تەنیا بەشێکن لە هەوڵ و تێکۆشانی بزووتنەوەی داواکاریی تەوەری چینی کرێکار. لە هەفتەی ڕابردووشدا شاهیدی کۆبوونەوەی خانەنشینانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، فولاد، پەیوەندییەکان، خانەنشینانی کیشوەری، خانەنشینانی پیشەسازی نەوت لە ئەهواز و ناڕەزایەتی خانەنشینانی بەشی بێهداشت و  دەرمان، سەبارەت بە دواکەوتنی ١٨ مانگی داواکارییەکانیان و هەروەها کۆبوونەوەکانی سەر شەقام و ناڕەزایەتی خانەنشینانی سندووقی خانەنشینی بووین. ڕەهەندە بەربڵاو و بەردەوامەکانی ئەو ناڕەزایەتیانە، ئاوێنەیەکی باڵانوێنە کە ئاستی تاقەت پروکێن و لەڕادەبەدەری هەژاریی، ناڕەزایەتی بێ ئەوپەڕ و کەڵەکەبوونی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتری کێشە و

گرفتەکانی بژێوی زۆرینەی بێبەشانی کۆمەڵگاکەمان نیشان دەدات. حەقدەستی کەم، لەخوارەوەبوونی مووچەی خانەنشینی، نائەمنی شوێنی کار، نەبوونی بیمەی تەندروستی، گرێبەستی سپی، حەقدەستە وەدواکەوتووەکان، سەعات کاری درێژماوە، کاری سەخت و  تاقەت پروکێن بەبێ بوونی ئەمنییەتی شوێنی کار، گەندەڵی بەربڵاو و زوڵم و ستەمی سەرمایەداران، لە زومرەی هۆکارەکانی شکڵگرتنی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییە کرێکاریانەن. ناڕەزایەتییەکی کە بە سەرکوت و توندوتیژی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە وەڵام دەدرێتەوە. حکوومەت مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی سنفی لە کرێکاران زەوت کردووە و ژیانێکى مەینەتباری چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەردا سەپاندوون. هەڵاوسانی نزیک لە پەنجا لەسەدیش بە نۆبەی خۆی دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانە و سەرەتاییەکانی چینی کرێکار و کەمدەرامەتی کردووە بە شتێکی مەحاڵ و هەروەها دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراکی گونجاو، دەست پێڕاگەیشتن بە بێهداشت و دەرمانی کاریگەر و خوێندن و

پەروەردەیەکی خاوەن کوالێتی بەرزی لە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک زەوت کردووە. ڕژیمی ئیسلامی لە ٤٥مین ساڵی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا، تەنانەت توانایی دابینکردنی هەوایەکی پاک و کەشێکی هەناسەدانی شیاویشی لە وڵاتدا نییە. کەمترین شار لە ئێراندا هەیە کە لەگەڵ کێشەی پیسبوونی هەوا بەرەوڕوو نەبێت. بەم ئەم دۆخە کارەساتبارە، پێویستە ژمارەی بێکاران و ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە و گەنج و لاوە بێکارە خوێندەوارەکانیش زیاد بکرێت بۆ ئەوەی تەواوکەری وێنەکە بێت. بەشدارینەکردنی کۆمەڵانی خەڵک بەشێوەیەکی گشتی و چینی کرێکار بە تایبەتی لە پڕۆسەی گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردنی حکومەتدا دەکرێ لە چوارچێوەی ئەو دۆخەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئەو جەماوەرەی کە ژیان و خۆشگوزەرانی کەمینەیەکی سەرمایەداری مشەخۆر، بەرپرسە گەندەڵ و تاڵانچیەکانی حکوومەت، سەرکردە جینایەتکارەکانی سپا و ئاخوند و ئاغازادەکانیان دەبینن، شاهیدی گەندەڵی بەربڵاو و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی گشتین؛ بێ مافی و بێبەری بوون لە مافی بەدواداچوونی ویست و داواکارییەکانی بژێوی ژیانی خۆیان دەبینن؛  سەرەڕۆییە نیزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەکەدا،

پڕچەککردن و یارمەتییە داراییەکانی ڕژیم بە تاقم و گرووپە کۆنەپەرست و تیرۆریستییەکانی ناوچەکە و بەفیڕۆدانی موڵک و ماڵی گشتی وڵات دەبینن؛ هەربۆیە بە ڕێکەوت نییە کە خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنی گاڵتەجاڕانەی دەسەڵاتێکی لەو شێوەیەی نەکردووە. موچەخۆران و خانەنشینان لە دروشمەکانی کۆبوونەوەکانیاندا، ئەم ڕۆژ ڕەشی و نەهامەتییە و تاوانبارەکانی بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز ڕادەگەیەنن. سکی برسی منداڵی کرێکارێکی بێکار، بە سەرکوت و ترس و تۆقاندن تێر نابێت، هەربۆیە سەرەڕای بوونی سەرکوتی بەربڵاو، شاهیدی پەرەسەندنی ڕەوتی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی داواکاری- تەوەری چینی کرێکارین. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران دەتوانێت لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەم قەیرانە بەرینە کۆمەڵایەتییە بکاتە دەرفەتێک بۆ خۆڕێکخستن و شکڵ پێدان بەهێزی

کرێکاریی لە مەیدانی خەباتی چینایەتیی ئێستادا. یەکەم قۆناغی ئەم خەباتە چارەنووسسازە، بریتییە لە یەکخستنی خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و گرێدانی بزووتنەوەی کرێکاریی بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، لەوانە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی دژ بە ستەمی نەتەوەیی، بزووتنەوەی

ژینگەپارێز، بزووتنەوەی نووسەران و هونەرمەندان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی دژی ئێعدام و دادخوازی، کە سەرجەمیان ڕیشە و سەنگی کۆمەڵایەتی و مێژووییان هەیە و بە هاوپەیمانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی کرێکاریی دادەنرێن. ئەم هاوپەیمانی و یەکگرتووییە دەتوانێت ئەگەر و دەرفەتی لەبار و کاریگەر بۆ خەباتی دەستەجەمعی و هاوبەش بڕەخسێنێ و چارەسەرێکی شۆڕشگێڕانە بە ئاراستەی پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی سەر بە زۆرینەی ڕەها بە مەبەستی تێپەڕبوون لە دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی و ڕزگاربوون لە دەست ستەم و هەڵاواردن و بێعەداڵەتی و چەوسانەوە و هەروەها بۆ دامەزراندنی ئازادی و دێموکراسی و سۆسیالیزم، فەراهەم بکات.

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی

شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر)

١٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٢/ ٢ی مارسی ٢٠٢٤

بابەتی پەیوەندیدار

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-

سێبەری شەڕێکی ماڵوێرانکەر باڵی بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە

-

بەهائیەکانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٢دا لەگەڵ تووندترین گوشار و ئەزیەت و ئازار بەرەوڕوو بوون

-

ئازادیی چالاکانی ژینگەپارێز، بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات لەسەر بەستێنی لاوازتربوونی ڕژیم

-

زیادکردنی حەقدەست پێویستییەکی سەرەکی چینی کرێکار

-