کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) وحیزبیکۆمۆنیستیئێران

download 42

بایکۆتی هەڵبژاردن  لەپێناو سبەی ڕۆژێکی باشتردا

یەکەمگاڵتەجاڕی دوانزەهەمی خولی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەریی (خوبرەگان)، ڕۆژی هەینی ١١ی مانگی ڕەشەممە لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە دەچێت. دام و دەزگای ڕێبەرایەتی و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێبڕاون کە بە دوورخستنەوە و سڕینەوەی هەرچی زیاتر،  دەسەڵاتەکەیان بەتەواوی یەکدەست بکەنەوە. بەجۆرێک کە ئیتر ئەوەش بە پێویست نازانن وا خۆیان نیشان بدەن کە گۆیا گرنگی بە دەنگی خەڵک دەدەن. ئەگەر لە ڕابردوودا دەنگی خەڵکیان تەنیا بۆ ڕازاندنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدان پێویست بوو، یان بە مەبەستی سەنگ و سووک کردنی هێز و پێگەی باڵەکانی ناو حکوومەت سوودیان لێ وەردەگەت، ئێستا ئیتر تەنانەت ئەو دەنگەشیان پێویست نییە. لەسەر ئەم بنەمایە شۆڕای نیگەهبان، وەک دەزگای هەڵبژاردن و پاڵاوتنی دەسەڵات، پێشوەختە کاندیدە خوازراوەکانی دەزگای ڕێبەریی هەڵبژاردووە و پێشیان بە ئەگەری هەر هەڵەیەکی نەخوازراو گرتووە. ئەم ڕێکخستن و دەستەچن کردنە بە شێوەیەک کراوە کە ئەگەری دەرکوتنی هەر جۆرە دەنگێکیناڕەزایەتیشی نەهێشتووە. ئەمە خاڵێکی بەرچاوە کە بەشێکی زۆر لە ڕیفۆرمخوازانیش دانی پێدا دەنێن. بەڵام باڵی ڕاستی ڕیفۆرمخواز و میانڕەوەکان هێشتاش بێهودە بەدوایدەلاقەیەکی کراوەلە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەگەڕێن و دەڵێن کەهەڵبژاردن ئازاد نییە، بەڵام ئێمە بەشداری دەکەینو بەناوچەپەدژە ئیمپریالیستەکان ومیحوەری خۆڕاگرییش لە بەیاننامەی ژمارە یەکی خۆیاندا داوایان لە جەماوەر کردووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن“. ئاشکرایە کە ئەم جۆرە هەڵوێستانە لەگەڵ مێژووی هەڵبژاردنەکانی پێشوتری ئەم ڕژیمە کۆنپەرست و جینایەتکارە و هەڵوێستی کرێکاران، خانەنشینان و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی، کە دروشمی: “دادپەروەریمان نەدیت، ئێمە ئیتر دەنگ نادەین،درۆمان زۆر بییستووە، ئێمە ئیتر دەنگ نادەینونە سندووق، نە دەنگدان، بایکۆتی هەڵبژاردنیان بەرز کردووەتەوە، زۆر لەیەک دوورن.

دووەمواقیعییەت ئەوەیە کە خەڵکی ئێران بەتەواوی تێگەیشتوون کە پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا، کە لە یاسای بنەڕەتی ڕژیمدا ڕێکخراوە، لەسەر بنەمای بێ مافکردنی موتڵەقی خەڵک دامەزراوە. کۆڵەکەی یاسای بنەڕەتی بریتییە لەئەسڵی وەلایەتی فەقی“. ئەسڵێکی کە دەسەڵاتی نیمچە خودایی دەدات بە ڕێبەری ڕژیم و سەرجەم ئۆرگانەکانی بەناوهەڵبژێردراو، لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیەوە بگرە تا سەرۆک کۆمار، مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەریی و تەنانەت شۆڕاکانیش، دامەزراوە گەلێکی نمایشی و بێدەسەڵاتن کە تەنیا بە دەستوور و بڕیاری ڕێبەری ڕژیم و ئەو کەسانەی کە لەلایەن ڕێبەرەوە دەستنیشانکراون، دەتواننئەرکەکانیخۆیان بەجێبهێنن. تەرکیزی دروشمەکانی خەڵک لە سەرجەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەکانی ساڵەکانی ٧٨، ٨٨، ٩٦، ٩٧، ٩٨ و ١٤٠١دا جەختیان لەسەر ئەم خاڵە کردووەتەوە. دروشمەکانی وەکمەرگ بۆ ئەسڵی وەلایەتی فەقییانمەرگ بۆ دیکتاتۆرومەرگ بۆ خامنەییئەم ڕاستییە بە تەواوی دەسەلمێنن. واقیعییەت ئەوەیە کە سەرەڕۆیی وەلایی، درێژەی هەمان سەرەڕۆیی سەڵتەنەتیی ٢٥٠٠ ساڵەیە لە فۆرم و شێوازێکی بێبەزەییانەتر و وەحشیانەتر و دواکەوتوووانەتردا کە خەڵکی ئێران لە شۆڕشی مەشرووتەوە تا شۆڕشی ڕێبەندان و هەتا ئێستاش هەوڵیانداوە خۆیان لەدەستی ڕزگار بکەن و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن. نابێ ئەو ڕاستییەش لەبیر بکەین کە بە ڕووخانی دەسەڵاتی ستەمکارانەی سەڵتەنەتی لە ڕێبەندانی ٥٧، خەڵکی ئێران گرفتاری دەستی ستەمکارێکی فاشیستی بوون کە بەرگی ئایینی پۆشیوە و بە کۆکردنەوەی جەماوەرێکی نائاگا لە دەوری خۆی، سەرجەم مافەکانی خەڵکی پێشێل کردووە. شۆڕشی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران لە دژی فاشیزمی ئایینی کە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا گەیشتە لوتکە، هەوڵێکە لە ناخی کۆمەڵگاوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی دەسەڵاتدارێتی خۆی. ڕوونە کە ئەم ئامانجە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدی نایەت. بەبێ لەکارخستنی دام و دەزگا سەرکوتگەرەکان و لەکارخستنی پێکهاتەی برۆکراتیکی دەوڵەتی لەڕێگەی نافەرمانییە بەربڵاوە مەدەنییەکان و ناڕەزایەتی جەماوەری و مانگرتنە کرێکارییەکان و هەروەها ڕووخاندنی دەسەڵاتی موتڵەقی وەلایەتی فەقیه لەڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە، ناتوانرێت ڕێگای شکڵگرتنی دێموکڕاسی و پێکهاتنی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا خۆش بکرێت. کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران نەک ڕێگای چاکسازی لە ڕێگەی یاسای بنەڕەتی ئێستاوە، وەک ئەوەی کە ڕیفۆرمخوازەکان لە ڕابردوودا خەیاڵیان دەکرد، بەڵکوو ڕێگای شۆڕشی جەماوەریی گرتووەتەبەر. ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەریی دەبێت لەسەر وێرانەکانی پێکهاتەی فاشیزمی ئایینی، بنیات بنرێت.

سێیەملە ئێرانی ئەمڕۆدا دوو هێز بەتەواوی لە بەرامبەر یەکتردا سەنگەریان گرتووە. لە لایەکەوە دەسەڵاتی پاڵێوراو و یەکدەست و لە لایەکی دیکەشەوە جەماوەری ڕاپەڕیو. دەسەڵاتدارێتی ئێستا کە لە لایەن فاشیستترین باڵی حکوومەتی ئیسلامییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، نە باوەڕی بە مافی خەڵک هەیە و نە تەنانەت بە یاسا بنەڕەتییەکانی خودی ئەم ڕژیمەش پابەند دەبێ و نە هەوڵ دەدات وا خۆی نیشان بدات کە گوایە یاسا و ڕێسایکانی خۆی پەیڕەو دەکات. ئەوان بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و سەرەڕۆیانە و بە ئاشکرا، دەیانەوێت دەست بەسەر هەموو ئەو ئۆرگان و دامەزراوانەدا بگرن کە بەناو لەسەر بنەمای یاسای بنەڕەتیهەڵبژێردراون“. ئەم پرۆسەیە بەکردەوە دەرهێنانی هەرچی زیاتری کوتدتایەکی ئاشکرایە تەنانەت لەناو نزیکەکانی سەر بە ڕژیمیشدا. بەڵام کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە سیاسییەکان، تاکە ئامانجی ئەم هارترین باڵە فاشیستییەی دەسەڵات نییە، بەڵکوو کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم کەرتە ئابوورییەکانیش ئامانجێکە کە زۆر بە ئاشکرا کاری بۆ کراوە. جگە لەوەش بەرتەسک کردنەوەی مەودای چالاکییەکانی کەرتی تایبەت و خستنە ژێر کۆنتڕۆڵ و پەروەندەسازی بۆ پلاتفۆرمە تایبەتەکانیش کەوتووەتە دەستووری کاری ئەم باڵەوە. زاڵبوون بەسەر بواری ڕۆشنبیری و هونەریشدا یەکێکی دیکەیە لەو پرسانەی کە ئەم ڕەوتە گرتویەتییە بەر. هارترین باڵی فاشیستی دەسەڵات بە دوور خستنەوەی سەرجەم ڕکابەرەکانی ناو حکوومەت، بە دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوە بەناوهەڵبژێردراوەکان، دەستبەسەرداگرتنی کەرتە ئابورییە جۆراوجۆرەکان و بە خۆمانە کردنی ئابووری وڵات و کۆنترۆڵکردنی فەرهەنگ و هونەر، هەوڵدەدات بۆ پێشگرتن لە ئەگەرەکانی داهاتوو و جێگرەوەی خامەنەیی، پایەکانی دەسەڵاتەکەی پتەوتر بکات. بۆ ڕێگریکردن لە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکیش، بەوپەڕی تووندوتیژی و وەحشیگەرییەوە، سەرکوتی سەرجەم ژنانی ئازادیخواز، هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، مەدەنی، سنفی، چالاکانی فەرهەنگی و هونەریی و هەروەها داکۆکیکارانی مافە نەتەوەییەکان، ژینگەپارێزان و  ڕۆژنامەنووسان بەڕێوە دەبات. لە کەشوهەوایەکی لەم شێوەیەدایە کە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی دوازدەهەمین خولی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و مەجلیسی شارەزایان (خوبرەگان)، لە کەشی بێ بایەخی تەواو و گرنگی پێنەدانی خەڵکدا، خراوەتە دەستووری کاری حکومەتەوە.

چوارەمئەم ئاڵوگۆڕە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییانە لە چاوی وردبینی خەڵک شاراوە نین. بێبایەخی و گرنگی پێنەدانی ئاشکرای خەڵک بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ئاماژەیە بۆ ئاستی بەرزی وشیاری جەماوەر. خەڵکی ئێران ڕێگای خۆیان هەڵبژاردووە. ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆر و ڕاشکاوانەنای خۆیان بە گوێی دەسەڵاتداران و کەسانی ساوێلکە و خۆشباوەڕ گەیاندووە. خەڵکی وشیاری ئێران لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا ڕێگای خۆیان بە دروستی دیاریکردووە و بەوپەڕی ئیرادە و وردبینییەوە بەو ئاراستەیەدا بەرەوپێشەوە هەنگاو دەنێن. بایکۆتی هەڵبژاردنی گاڵتەجاڕانەی کە پێشوەختە ئاکامەکەی دیاریکراوە، لەلایەن خەڵکەوە زۆر ڕاشکاوانە بەڕێوە چووە. کۆمەڵگای ئێران ساڵانێکە ڕژیمی ئیسلامییان تێپەڕاندووە و هیچ ئومێدێکیان پێی نەماوە. ئێستا خەڵک بیر لە دواڕۆژی ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ، سەرکوتگەر، کاولکار و دژە خەڵکی و کۆنەپەرستە دەکەنەوە. بیر لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و بەدوور لە هەر چەشنە ستەم و چەوساندنەوە و  و هەڵاواردنێکی ئایینی، جێندەری و ڕەگەزی دەکەنەوە کە تیایدا ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسیی بوونی هەبێت، هەر کەسێک بتوانێت بە ئازادی بانگەشە بۆ بیر و باوەڕەکانی خۆی بکات و ڕاوبۆچوونی نەیارەکانیشی ببیستێت. دامودەزگاکانی دەوڵەت بەرگریکار و پشتیوانی هیچ ئاینێک نەبن و ئایینی فەرمی هەڵبوەشێنرێتەوە. خەڵک ئازاد بن لەوەی کە خۆیان ڕێکبخەن، یەکێتی، ئەنجومەن و ڕێکخراوەی سنفی، سیاسی، ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ئایینیی خۆیان هەبێت و کەس ڕێگریی لە چالاکییەکانیان نەکات. گەرەنتیکردنی ئەو جۆرە ئازادییە بێ شەرت و مەرجانە، پێویستی بە هەلومەرجی دێموکراتیک هەیە. لەمڕووەوە جەختکردنەوە لەسەر دێموکڕاسی، واتە جەختکردنەوە لەسەر مافی جەماوەر بۆ دامەزراندن و گۆڕینی نیزام بە دەنگی ڕاستەوخۆ و نهێنی و سەرتاسەریی هەموو خەڵک؛ جەختکردنەوە لەسەر مافی خەڵک بۆ داڕشتنی یاسایەکی بنەڕەتی نوێ کە بە دەنگی خەڵک پەسەند بکرێت. جەختکردنەوە لەسەر دێموکڕاسی واتا جەختکردنەوە لەسەر مافی خەڵک بۆ ڕێکخستنی ئۆرگانەکانی دەسەڵات لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا، هەر لە گەڕەک و قوتابخانە و شار و گوند و کارخانە و ئیدارەکانەوە بگرە تا پارێزگا و سەرتاسەری وڵات. ئاشکرایە کە دێموکراسییەکی ئاوا بەربڵاو، قووڵ و بەشدارانە و گشتگیر، بەبێ مافی شارۆمەندی یەکسان بۆ هەمووان، دەستەبەر نابێت. بەرابەری مافی ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا، نەهێشتنی هەر جۆرە جیاوازییەکی نەتەوەیی، ڕەگەزی، جنسی، جێندەری، ئایینی و فەرهەنگی و بەتایبەتی مافی نەتەوە ستەملێکراوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و یەکێتی خۆبەخشانە، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دێموکراسییەکی گشتگیر و بەشدارانە. سیستەمێکی حکوومەتی لەم چەشنە ناتوانێت سەقامگیر و بەردەوام بمێنێتەوە، تا بوارەکانی ئابووریش لەخۆ نەگرێت. بەبێ پەرەسەندنی دێموکڕاسی لە بواری ئابووری و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ئابووری وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی زۆرینەی ڕەهای خەڵک، ناتوانرێت بارودۆخی سەقامگیری دێموکراسییەکی گشتگیر گەرەنتی بکرێت. ئەم کۆمەڵە داواکارییەی جەماوەر ناکرێت لە سندوقەکانی دەنگدانی حکوومەتێکی فاشیستی کە لەلایەن باندە مافیاییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، چاوەڕوان بکرێت. هەربۆیە بایکۆتی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی ڕێبازی شۆڕشێکی جەماوەریی، پێویستییەکی مێژووییشە. هەروەک چۆن خەڵک لە شەقامەکاندا هاوار دەکەن: “نە سندوق، نە دەنگدان، بایکۆتی هەڵبژاردن“!، وەرن با فریوکاریی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی فاشیستی پووچەڵ بکەینەوە و ئەم شانۆی هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕانەیە بە تەواوی بایکۆت بکەین.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکڕاسی و سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر)