کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (ڕاهی کاریگەر)

images 5

ئاسۆی داڕمانی حکوومەتی ئیسلامی

ڕژیم لە ترسی مرگی خۆی تۆڵە لە خەڵک دەکاتەوە

یەکەمدەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا کە نوقمی قەیرانی ئابووری و قەیرانی داڕمانی سیاسییە و هەروەها لەژێر گوشاری شکستەکانی سیاسەتی دەرەوەیدا، لەو دەرفەتە تایبەتەی کە کەش و هەوای جیهان کەوتووەتە ژێر گاریگەری جینایەتەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، کەڵکی وەرگرتووە بۆ چاوترسێن کردنی ناڕازیان و پاشەکشە پێکردن و تۆڵەسەندنەوە لە کۆمەڵانی خەڵکی وەگیانهاتوو، شەپۆلێکی هەوسارپچڕاوانەی لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی بەربڵاوی خستووەتەڕێ. بەم هۆیەوە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا ماشێنی لەسێدارەدانی خەباتکارانی سیاسیی بەخێراییەکی زیاتر بەرەوپێش دەبات. حوکمیلەسێدارەدانیمیلادزوهرەوەند،

هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی مەلایر، کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢ بە کردەوە دەرهات. هانی ئالبوشەهبازی تەمەن ٣٢ ساڵ کە ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٨ لە شادگان دەستگیرکرابوو، ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لەسێدارەدرا. حوکمی لەسێدارەدانی کامەران ڕەزایی، یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی ئابانی ٩٨، ڕۆژی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لە بەڕێوەچوو. سابر موتڵەق، یەکێک لە زیندانییەکانی دەیەی شەست، هەرچەندە ئەوکات لەلایەن دادگاوە بێتاوان دەرچوو و لە دەرەوەی وڵات دەژیا و ماوەیەک لەوەپێش گەڕایەوە بۆ ئێران، بەڵام لە ڕۆژی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لەلایەن ئەشکەنجەدەرانی کۆماری ئیسلامییەوە ئێعدام کرا. خوسرەو بەشارەت، ئەنوەر خزری، کامەران شێخە، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستە، زیندانیانی ئایینی کورد کە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر کراون، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێنراوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستە دوای ١٤ ساڵ دەستبەسەربوون لە سێدارە دران و گیانی ئەو پێنج کەسەی دیکەش لەژێر مەترسیدایە. بە گوێرەی هەواڵ و زانیارییەکان، لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ٧٠٧ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. ئەم ئێعدامکردنە دڕندانەیە، بەیانگەری سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵاتە لەو جەماوەری کە کۆڵەکەکانی حکوومەتی ئیسلامییان خستە لەرزە و زەنگی مەرگی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆ و بێبەزییە دینی و تا سەر ئێسقان گەندەڵەیان لێدا.

دووەمهاوکات لەگەڵ شەپۆلی لەسێدارەدانی دڕندانە، گوشارەکان بۆسەر چالاکانی مەدەنی و زیندانیانی سیاسیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. دەستگیرکردنی تۆماج ساڵحی، تەنیا چەند ڕۆژ دوای ئازادکرانی بە کەفالەت، یەکێکە لەو نموونانە. زەینەب جەلالیان، تاکە ژنی زیندانی سیاسی کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و ئێستا ١٦هەمین ساڵی حوکمەکەی لە زیندانی ناوەندیی یەزد بەسەر دەبات، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جار لەو کاتەوە کە زیندانی کراوە،  لەلایەن تیمێکی سێ کەسی لە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. مەئموورانی ئیتلاعات بە زەینەب جەلالییان ڕایگەیاندووە کە تاکە ڕێگە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی و چارەسەر و تەنانەت ئازادیش، نووسینی تۆبەنامە و دەربڕینی پەشیمانییە، ڕێکارێکی کە زەینەب جەلالیان چەندین جار ڕەتی کردووەتەوە و لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی پێداگری کردووە. فشار لەسەر بنەماڵە دادخوازەکانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. محەممەد (کوروش) وەزیری، هاوسەری شیرین عەلیزادە، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسفەهانەوە بە دوو مانگ زیندان مەحکووم کرا. ماشاء الله کەرمی، باوکی گیانبەختکردوو محەممەد مەهدی کەرمی، کە ڕۆژی ٣١ی خەرمانان دەستبەسەر کرابوو، دوای ٣ مانگ ڕاگیران لە قەرەنتینەی نەدامەتگای ناوەندی کەرەج، ئێستا لە بەندی ١٥ی زیندانی ڕەجایی شار دەستبەسەر کراوە و بۆ ئازادکرانی بارمتەی قورسی حەوت ملیارد تەمەنییان بۆ بڕیوەتەوە.

سێیەملە چوارچێوەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا، هەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادیلە بواری شۆڕشی فەرهەنگی و بەدەستهێنانی مافی جل و بەرگی ئازاد، ڕواڵەتێکی ئاشکراتری بەخۆیەوە گرتووە. بوونی مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب لە ناوەندە جۆراوجۆرەکان، دروستکردنی تونێلی وەحشەت لەناو میترۆکان، دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان، بلۆککردنی ژمارەی ئەکاونتەکان، ناردنی کورتە نامە و دەرکردنی ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی کە پرسی حیجاب پشتگوێ دەخەن، هەمووی ئەمانە بریتین لەو سیاسەتانەی کە کۆمەڵگا دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکات. قسەکانی وەزیری ناوخۆ کە وتبووی ئەو هەوڵانە بە شێوەیەکی خۆڕسک لە لایەن خەڵکی حیزبوڵڵاییه‌وە دەدرێن، بە ئاشکرابوون و لەقاودانی ڕێنماییەکانی شەخسی وەزیر، نیشانەی ڕیاکاری و دووڕووییەکی ئاسایی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە. ئەم هەوڵە ڕێکخراو و سازماندراوەی کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەتی و ئینتیزامییەکانی وەزارەتی ناوخۆوە ڕێکدەخرێن لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە هێشتا پڕۆژە یاسایحیجاب و عیفافپەسەند نەکراوە. ئەوەی لەم بێ یاساییە، تەنانەت بە پشتبەستن بە یاساکانی ئێستای کۆماری ئیسلامیش، دەتوانین نەتیجەی لێوەربگرین ئەوەیە کە لەگەڵ حکوومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراو و زۆر توندوتیژدا بەرەوڕووین. کۆماری ئیسلامی بۆ پاشەکشە پێکردن بە بزووتنەوەی جەماوەر و وەرگرتنەوەی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژینا، لە هیچ کردەوەیەکی دزێو و سەرکوتگەرانە سڵ ناکاتەوە. ئەم کردەوانەی ڕژیم نیشاندەری هێز و توانایی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەیە کە بە خۆڕاگریی و بەرخۆدانی خۆی، سیاسەتی سەرکوتی وەحشیانەی دەسەڵاتی سەرەڕۆی مەزهەبیی، لەگەڵ شکست و  ناکامی جددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

چوارەمهێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی جەماوەریی ژینا لە چوارچێوەی شکست و داڕمانی ئابوریدا، وایکردووە کە دەسەڵات سیاسەتی زگهەڵگوشین و دەستدرێژیکردنەسەر ماف و حەقدەستەکانی خەڵک بگرێتەبەر. زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی یەکێکە لەو ڕێوشوێنانە. یاسای کار و بیمە، پرسێکی ناڕوونە بۆ فیقهی ئیسلامی و، حکوومەتی ئیسلامی ساڵی ١٣٦٩ یاسای کاری وەک حاڵەتێکی نائاسایی و لەژێر فشاری بزووتنەوەی کرێکاریدا قبوڵ کرد و هەرگیز باوەڕی پێی نەبووە و نییەتی. خومەینیش کاتی خۆی لەڕووی ناچاری و لەسەر بنەمایبەرژەوەندی نیزامو بەشێوەیەکی کاتی، تەسلیمی یاسای کار بوو. ڕێک بەم هۆیەوە، لە هەموو ئەو ساڵانەدا و لە لایەن سەرجەم حکومەتەکانی ژێر فەرمانی وەلی فەقیه، هەوڵ دراوە کە تەنانەت ئەم یاسا نیوە و ناتەواوەش بە شێنەیی وەربگرنەوە. دەسەڵاتدارانی ئیسلامی بەو پێیەی کە باوەڕیان بەم یاسای کار و بیمەی خانەنشینییە نەبووە لەو ڕووەوە کە بە پێچەوانەی شەریعەتیان زانیوە، هەر لەسەرەتاوە پشکی خۆیان لەو بیمەیە نەدەداوە و تەنانەت کاتێک پشکی خاوەنکاریش دەوڵەت لە ئەستۆی گرتووە، بە ئەنقەست خۆیان لە دانی ئەو پێشکەش بواردووە. بەم شێوەیە دەوڵەت و خاوەنکارەکان پشکی خۆیان نەداوە و لەم ڕێگەیەوە زیانێکی زۆریان بە بیمەکراوەکان گەیاندووە. لەمڕووەوە بڕیاری مەجلیس و دەوڵەت لەسەر زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی، لەگەڵ کاردانەوەی توند و بەربڵاوی کرێکاران و تەنانەت ڕێکخراوە زەرد و حکوومەتییەکانیش بەرەوڕوو بووەتەوە و فشارێکی سیاسی قورسی خستووەتە سەر دەسەڵات. ناڕەزایەتی دژ بە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە بەستێنی مایەپووچبوونی زۆربەی هەرەزۆری سندووقەکانی خانەنشینی و هاوچارەنووسبوونی کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشینان، زەمینەی گەشەی لێکنزیکبوونەوە و هاودەنگیی نێوان کرێکارانی ناڕازی و خانەنشینانی وەگیانهاتووی  زۆرتر فەراهەم کردووە.

پێنجەمپڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ١٤٠٣ی پشتبەستوو بە سیاسەتی شۆک دەرمانیی باج، وەک بۆمبێکی سەعاتی وایە کە دەسەڵات لە کۆمەڵگادا دایناوە. ئێستا دەوڵەت لە ئاکامی گەمارۆکان و سنووردار بوونی فرۆشتنی نەوت، ڕووی لە باجگیری کردووە. لە ڕاستیدا لە وڵاتدا دوو ئابووریی بوونی هەیە. یەکەمیان ئابوورییەکیوەلاییە، کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێت و جەمسەرەکەی بەستراوەتەوە بە وەلی فەقیەوە و ٦٠٪ی ئیمکاناتی ئابووریی وڵاتی لەبەردەستدایە و باج نادات و هیچ ڕاپرتێکیش بە مەجلیس و دەوڵەت نادات. بەشی دووەمیش بریتییە لە ئابورییەک کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدایە و پێوەندی بە خەڵکەوە هەيە. لەم بەشەی ئابووریدا، دەوڵەت بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی زگهەڵگوشین، دەستبردن بۆ گیرفانی خەڵکی دەستپێکردووە. ئەمەش گوشارێکی لەڕادەبەدەر دەخاتەسەر چین و توێژە هەژار و مووچەخۆرەکان. حکوومەت لەبری دابەشکردنی پووڵ لە سەرەوە بۆ خوارەوە، پەنای بردووەتە بەر ڕێوشوێنێکی پێچەوانە. باج وەرگرتن لە دەوڵەمەندەکان بەهۆی ژمێریارییەکی دواکەوتووەوە  مەحاڵە. باج وەرگرتن لە ئابوورییوەلاییش کفری ئیبلیسە. کەواتە، ئاسانترین ڕێگا بریتییە لە وەرگرتنی باج بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە خەڵک. هەم باجی بەهای زیادکراو، زۆر بەرز بۆتەوە و هەم باج وەرگرتن لە فەرمانبەران، کارمندان، کرێکاران و مووچەخۆران وەک گونجاوترین ڕێگا بۆ کۆکردنەوەی باج، خراوەتە دەستووری کارەوە. سیاسەتی هێرشکردنەسەر گیرفانی بەتاڵی خەڵک لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە بە وتەی بەرپرسانی ڕژیم لە ساڵی ١٤٠٢دا نزیکەی ٣٠%ی دانیشتوانی وڵات واتە ٢٦ ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ٢٧%یش لە سەر لێواری هێڵی هەژاریدان. واتە زیاتر لە نیوەی خەڵک لە سایەی هەژاریدا دەژین. بەم حاڵەشەوە ئەم خەڵکە لەڕادەبەدەر هەژارە، دەبێ هەزینەی دامەزراوە مشەخۆرەکانی دەسەڵاتی ئایینی، دابین بکەن.

شەشەمبەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و چڕکردنەوەی گوشاری باج لەسەر خەڵک لەسەر بەستێنی شۆڕشێکی بەربڵاو و جەماوەریی لە بواری فەرهەنگیدا، زەمینەی هاتنەئارای خەبات و ناڕەزایەتییەکی داواکاری تەوەر و چینایەتی، خۆش دەکات. لەم دۆخەدا و لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فەرهەنگیدا، دەسەڵات بە سیاسەتەکانی خۆی لە بواری خانەنشینی و باجگیریدا، خەبات و ناڕەزایەتییە چینایەتی و داخوازی تەوەرەکان دەکات بە بابەتێکی چارەهەڵنەگر و پەرەی پێدەدات. ئەم سیاسەتانە کە لە ڕووی ناچاری و بە بنبەست گەیشتنی ڕێژیمەوە ڕەچاودەکرێن، شۆکێکی گەورە لە کۆمەڵگا دەدات. تەنانەت بەشێک لەو مووچەخۆرانەش کە لە ئیدارە دەوڵەتییەکان یان دامودەزگاکانی دیکەدا کار دەکەن، بە ڕادەیەکی زۆر لەدژی دەسەڵات هاندەدات. هەربۆیە لە هەلومەرجێکدا کە خەباتی ژنان لە شێوەی نافەرمانی مەدەنیدا لە لوتکەدایە، ئەرکی هێزە چەپەکانە کە هەرچی زیاتر تەرکیز بکەنە سەر خەبات و ناڕەزایەتییە چینایەتییەکان. قووڵایی قەیرانی سیاسی ئێستای کۆمەڵگای ئێران بەجۆرێکە کە دەتوانێ ببێتە هۆی داڕمان یان ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. ئەگەری ئەم پڕۆسەیە، نیگەرانی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی پەرەپێداوە و بەهۆی ڕسوابوونی ئۆپۆزیسیۆنی سەڵتەنەتخواز، کەوتوونەتە هەوڵدان بۆ ئەوەی کە لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی ڕژیم بچنە پڕۆسەی سات و سەودای سیاسییەوە. ئەم هەوڵانە بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دەتوانێت جێگەی نیگەرانی بێت. بەڵام ئەگەر هێزە وشیار و بەرپرسیارەکانی چەپ لەم بارودۆخەی ئێستادا سیاسەتێکی دروست بگرنەبەر، ئەوا ئەو قەیرانەی ئێستا دەتوانێت ببێتە هەلێکی مێژوویی بۆ بەهێزکردنی هێزی چەپەکان و کردنی بە هێزێکی جەماوەریی و کاریگەر. لایەنگرانی سۆسیالیزم کە بە بایەخەوە دەڕواننە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاران و ڕێکخراوە سنفی و چینایەتییەکان لە ژێر هەر ناوێکی وەک سەندیکا، یەکێتی، ئەنجومەن و شۆڕا و هیتردا سەربەخۆ لە حیزب و دەوڵەتەکان بەگونجاو دەزانن، ڕێزدەگرن لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی ژنان و هەر لەمڕۆوە باوەڕیان بە خەباتی درەوشاوە و پێشەنگانەی ژنان لە پێناو یەکسانی مافی ژنان و پیاواندا هەیە و نایسپێرن بە دوارۆژێکی نادیار، مافی خەڵک لە گۆڕانکاری و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی لەسەر بنەمای دەنگی جەماوەر، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە نهێنی هەر یەک لە تاکەکانی خەڵک، بە ڕەسمی دەناسن، دان بەمافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ستەملێکراوەکان و بە تایبەت کوردستان و بەلوچستاندا دەنێن و لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بە هەموو هێز و تواناوە ڕۆڵیان لە بزووتنەوەی ژینادا گێڕا و هەروەها دیفاع لە یەکگرتوویی خۆبەخشانەی نەتەوەکانی وڵات دەکەن، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بدەن بە پرسی ڕێکخستنی کرێکاران، ژنان،لاوان، خەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکان و هێزی نەتەوە چەوساوەکان و بە دروشمگەلێکی کە ڕەنگدانەوەی ویست و داواکاری ڕاستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک بێت، هەوڵ بدەن زۆرترین هێز لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە. گومان لەوەدا نییە کە چەپی وشیار و لایەنگری سۆسیالیزم، لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدا بەسەر دەبات. ترسی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی توندڕەو و بەتایبەت سەڵتەنەتخوازەکان لە چەپ،  بێ هۆ نییە. ئەوان دوژمنی چینایەتی خۆیان زۆر باش دەناسن. ئەرکی سەرشانی چەپی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕە کە لە پڕۆسەی شکڵدان بە ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی هێزی جەماوەریدا، ڕۆڵێکی تایبەت بگێڕێت و نابێت ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدرێت.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتووبێت شۆڕشی خەڵکی ئێران.

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر)

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سێ شەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢/ پێنجی دیسامبری ٢٠٢٣