کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵاتووان لە شەڕ و هەژاری لەچنگی شەپۆلی خرۆشاوی دەریا و ئوقیانوسەکاندا

رۆژ نییە کە هەواڵێکی هەژێنەر لە نقوم بوونی ژمارەیەک پەنابەر لە ئاوەکانی دەریای مەدیتەرانە و یان لەنێو شەپۆلی ئاوەکانی ئاسیای جنوبی شەرقیدا بڵاو نەبێتەوە. هەواڵی پێوەندیدار بەم کارەساتەش وەک هەواڵی پێوەندیدار بە کوشتار لە مەیدانەکانی شەڕی خاوەرمیانە و ئۆکراین و ئافریقا و کوشتار لە ئاکامی پەرەسەندنی نەخۆشی ئیبۆلا، لە تاو تێکرار بوونەوە بەڕادەیەک ئاسایی بونەتەوە کە ئیتر زۆریش سەرنج راکێش نین بۆ راگەیەنرە ناسراوەکانی دنیا.

دوێنێ وتەبێژی کومیساریای سازمانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کاروباری پەنابەراندا رایگەیاند کە نزیکەی ٣٠٠ کۆچبەر بە شوێن نقوم بوونی دوو قایقدا لە دەریای مەدیتەرانە گیانیان لەدەست داوە. کومیساریای باڵای سازمانی ملەل بۆ پەنابەران، بارودۆخی ئێستای ” وەحشەتناک و وەک تڕاژیدیایەک” ناوبردوە. ئەو وتی کە ئەگەری ئەوە هەیە کە رێژەی تەلەفات بچیتە سەتریشەوە.362

رۆژی دوو شەممەی ئەم حفتەیەش راگەیاندرا، لانیکەم ٢٩ کۆچبەر، کە زۆربەیان ئێرانی و ئێراقی بوون و لە رێگای تورکیەوە دەیانویست بچن بۆ لێوارەکانی ئیتالیا دوای ئەوەی کە قایقەکەیان لە ئاودا نقوم بووە، گیانیان لەدەستداوە.

لە هەوالێکی تردا گاردی ساحلی ئیتالیا دەڵێت لانیکەم ٢٧ کۆچبەر دوای دەرهێندرانەوە لە ئاودا لە نزیک جەزیرەی لامپدوسا بەهۆی سەرمابردویی گیانیان لەدەستداوە. ئەمانە سەربە گوروپێکی ١٠٥ کەسی بوون کە بە سواری قایقی بادی لە نزیکی ١٦٠ کیلۆمیتری ئاوەکانی ئیتالیا دۆزرانەوە.

 

چەند رۆژە پێشتریش کەشتیەکی هەڵگری ٤٥٠ کۆچبەر کە لە رۆژهەڵاتی ئیتالیا لەنێو ئاوی خورۆشاودا بەڕەڵلا کرابوو، لە لایەن کەشتیە جەنگیەکانی ئیتالیاوە ڕزگار کران. سەرەتای حەوته‌ی رابردوش ئیمدادگەرەکان ٧٩٦ کۆچبەریان لە کەشتیەکی وێڵکراودا لە ئاوەکانی مەدیتەرانە رزگار کرد. ئەم کەشتیە ناوی ” بلو ئیسکای ئێم” بۆوە و رۆژی چوارشەممە ئیمدادگەرەکان هیدایەتیان کرد بۆ بەندەری گالیپولی. رۆژی ١٠ی سیپتامبری رابردوو تڕاژدیایەکی تر لە مەدیتەرانە روویدا. کەشتیەک بە ٥٠٠ سەرنشینەوە لە نزیکی کۆمەڵە دوڕگەی ماڵت نقوم بووە و تەنیا دوو یان سێ کەسیان زگار بووە.

سازمانی نێونەتەوەیی کۆچبەری دەڵیت ساڵی ٢٠١٤ ی زاینی مەگبارترین ساڵ بووە بۆ پەنابەران كه‌ لە ماوەی ئەو ساڵەدا زیاتر لە ٣ هەزار پەنابەر لەکاتی پەڕێنەوە لە دەریای مەدیتەرانە گیانیان لەدەستداوە. ئاماری قوربانیان لە مەسیرەکانی ئوستڕالیا و نیوزیلاندیشی ئەگەر پێوە زیاد بکرێت، ئاستێکی هەژێنەرتری ئەم کارەساتە ئاشکرا دەبێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بڵاو کراونەتەوە، ئەو پەنابەرانەی کە بەم شێوەیە گیانیان و هیواکانیان لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا دەنێژرێت، بە زۆری لە ناوچە شەڕلێدراوەکانی خاوەرمیانەوە و لە ناوچە هەژار و شەڕ لێدراوەکانی ئافریقا و یان لە دەست ئیستبداد و سەرکوتی دەوڵەتی لە وڵاتانی وەک ئێرانەوە هەڵاتوون. ئەوانە هیوایان گەیشتن بە ئوروپایە. دڵەڕاوکێی سەرکی کومیساریای رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ژمارەی ئەو پەنابەرانەیە کە دەگەنە ئوروپا. لەم رووەوە ئەم سازمانە لە تازەترین ئاماری خۆیدا دەڵێت:” ژمارەی ئەو کەسانەی کە وەک پەنابەر دێنە نێو یەکیه‌تی ئوروپاوە، ساڵ لەگەڵ ساڵ دوو بەرابەر بووە. بەڵام پرسیارێکی واقعی تر کە لەم جۆرە محاسباتەدا، پشتگوێ دەخرێت ئەوەیە کە جێ بەسەر ئەوانە دێت کە ناگەنە ئوروپا؟ و لەگەڵ ئەوانەی کە بە یاری کردن بەرگ خۆیان دەگەیەننە ئوروپا بەچ شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکرێت؟

دژواریەکانی ئەو پەنابەرانەی کە دوای تێپەڕکردنی چەندین ماجەرا، سەرپەنایەک ئەدۆزنەوە، کۆتایی نایەت. دەوڵەتانی ئوروپایی کە هەر جار ناجارێک بۆ قوربانیانی نقوم بوو لە دەریادا فرمێسکی درۆینە دەڕێژن، هەر رۆژە و قانونێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵ کردنی ڕێگاکانی هاتنی پەنابەر بۆ ئوروپا و دژواتر کردنەوەی بارودۆخی وەرگرتنی پەنابەر دادەنێن. دەوڵەتی ئیتالیا بەم دواییانە تەنانەت ئەو بودجە کەمەی کە لەژێر گوشاری ڕایگشتیدا بۆ بەهێز کردنی کەشتیە ڕزگار کرەکان لە دەریای مەدیتەرانەی تەخان کردبوو، بەتەواوی لابردووە. ڕەفتار کردن لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی کە لەم مەترسیانە گیانی سالم دەردەبەن، هێندێک جار کەمتر لەوە نییە کە لە پێشتردا بەسەریاندا هاتووە. وەک نمونە ماوەیەک لەوەپێش ڕاگەیەنەرکانی ئاڵمان پەردەیان لەسەر ماجەرای بەدرەفتاری کردنی بێوێنە لەگەڵ پەنابەرانی یەکێک لە ئوردوگاکانی ئەو وڵاتە هەڵدایەوە. کە هەرچەند بە وتەی گۆڤاری ئیشپیگل ڕەنگە ئەوە روداوێکی دەگمەن بێت، بەڵام قوڵایی کارەساتێک دەردەخات، کارەساتێکی کە هەموو پەنابەرێک دەتوانێ لەگەڵی بەرورو بێتەوە. وێنە و ویدۆ لە سەحنە پڕ ئازارەکانی لێدان و ئەشکەنجە تا ئاستی مردنی پەنابەر، لە لایەن مەئمورانی حیفازەتی ئۆردوگایەکەوە لەو وڵاتەدا دەردەخات. گۆڤاری ئیشپیگل ئەوی لەگەڵ ئەو وێنانەی کە لە بەدڕەفتاری لە زیندانی ئەبوغریب بڵاو بۆتەوە، بەراورد کردوە.

بەڕاستی سەبەبکارانی ئەم کارەساتە ئینسانیە کێن؟ کێن ئەوانەی شەڕی کۆنەپەرستانە لێرە و لەوێی دنیادا بەرپا دەکەن و بەم شێوەیە خەڵک بۆ گەڕان بەشوێن مەکانێکی ئەمندا، لە ماڵ و حاڵیان ڕاودەنێن؟ کێ سەبەبکاری هەژاری و فەلاکەت زەدەیی ئافریقای هەمیشە برسین؟ ئەو ئیستعمارگەرانەی کە تا توانیان ئافریقایان تاڵان کرد و لەدوای خۆشیان شەڕ و نائەمنی و ناکۆکی قەومی و قەبیلەییان بەجێهێشت، لەکوێوە هاتن؟ سەروەتە کەڵەکە کراوەکان لە لای کۆمپانیا چەنەد میلیەتیەکان و فەرا کیشسوەریەکان، کۆمپانیای وەک ” رویاڵ داچ شل”، بەرهەمی چەوسانەوەی کێن بێجگە لە باوکان و منداڵانی هەر ئەم پەنابەرانەی ئەمرۆ؟ سەروەتە سروشتیە تاڵان کراوەکانی سەرزەمینی ئەم خەڵکانە بۆکوێ گواستراونەتەوە؟ جەنگ سالاران، خاوەنانی کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنەری چەک، کە بۆ دەستەبەر کردنی بازاڕ بۆ بەرهەمە مەرگبارەکانیان، زەمینە سازی بۆ شەڕی محەللی و ناوچەیی دەکەن، کێن؟

ئەم ئینسانانەی کە هەموو رۆژێک هەواڵی قوربانی بوونی ژمارەیەکیان دەبیستین ئەگەر لە وڵاتانی خۆیاندا کاریان هەبوایە، ئەمنیەتیان هەبوایە، ئاسۆیەکی روونیان بۆ داهاتویان هەبوایە، ئەگەر لەژێر گوشاری پۆلیسی سیاسیدا گیان و ئەمنیەتیان نەکەوتبایەتە مەترسیەوە، ئەگەر کارەساتی شەڕە داسەپاوەکان بەسەریاندا نەڕژایە، بۆچی بەم شێوەیە سەری خۆیان هەڵدەگرت و گیان و هەستیی خۆیان دەسپاردە شەپۆلەکانی دەریا؟ بۆچی بەم شێوەیە سوکایەتی هەموو رۆژەیان لە لایەن ڕەگەز پەرستان و دەوڵەتانی پشتیوانیانەوە لە ئوروپا و ئوسترالیا و ئامریکا قەبوڵ دەکرد؟

ئاشکرایە کە سەبەبکاری هەموو ئەم قوربانیانەی کە لە دڵی دەریاکاندا ئەدرێن، سەبەبکاری هەموو ئەو سوکایەتی و ئیهانەتانەی لەو وڵاتانی کە پەنابەر روویان تێدەکات، نیزامی سەرمایەداری حاکم بەسەر دنیای ئەمرۆدایە. ئەوان مافی خۆیانە لە وڵاتەکانیاندا خاووەنی ئەمنیەت و ڕیفاه و ئازادی بن و کاتێکیش کە دەچن بۆ وڵاتێکی تر بەڕێزەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت وەک شارۆمەندێکی خاوەنی مافی یەکسان. کاتێک کە دەبینن وانییە، سەری خۆیان هەڵدەگرن بە گومانی بەختەوەر بوون لەوبەری دەریا و دیارە ئەوەش ڕێگای چارە نییە. لەهەر کوێیەک بین دەبێ قوڵ هەڵماڵێن، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و نائەمنی و هەژاری و برسیەتی، پشت بە هێزی ئاگاهی و یەکیه‌تی و هاوپشتی خۆمان ببەستین و لەگەڵ نیزامی زاڵمانەی حاکم لە وڵاتەکەماندا، دەست و پەنجە نەرم بکەین. لە ئاوا حاڵەتێکدا گومانی تێدانیە کە دەتوانین لە توانایی نێونەتەوەیی ئینسانە هاو چارەنوسەکانمان و لە ویژدانی زیندوی بەشریەتی وشیاریش هێز وەربگرین. ئەگەر ئەم ڕێگایە چەندان هاسان و هەمواریش نەبێت، کە نییە، بەڵام حەتمەن خەتەر و مەترسیەکانی زیاتر نییە لە چوون بەرەو ئوروپا، و گەڕان بەشوێن سەرابی بەختەوەریدا.