ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەو دەگمەن وڵاتانەی جیهانە کە هەژاریی ماڵی و نەبوونی هیوا بە باشتربوونی باروودۆخی ژیان و فەلاکەتی بێسنوور، بەشێک لە خەڵکی ناچار بە فرۆشتنی ئەندامەکانی لەشی خۆیان و بنەماڵەکانیان کردووە. دەڵاڵانی بازاڕی فرۆشی ئەندامانی لەش، پزیشکانێک کە بێجگەلە قازانج و پارەی زیاتر بە هەر قیمەتێک بیر لە شتێکیتر ناکەنەوە، کڕیارانێک کە نەخۆشن و توانای کڕینی ئەندامەکانی لەشی هەژارانیان هەیە، یەکێک لە قیزەونترین و نامرۆڤانەترین تەجارەتەکانیان پێکهێناوە. کلتووری بەخشینی ئەندامانی لەش لە پاش مەرگ لە ئێران یەکجار لاوازە و هەربۆیە ژمارەی زۆری نەخۆشانێک کە پێویستیان بە ئەندامێکی جەستە هەیە و هەژارییەکی بەرین کە بەسەر کۆمەڵدا سەپاوە، تراژێدیی فرۆشتنی ئەندامانی لەشی هەژارانی لە کۆمەڵی ئێراندا پێکهێناوە.
ئاگاداریی فرۆشتنی ئەندامانی لەش لە دەورووبەری ژمارەیەک لەو نەخۆشخانانەی کە نەشتەرگەرییان تێدا دەکرێت بووەتە بابەتێکی ئاسایی و بازاڕی فرۆشتنی ئەندامانی جەستە بە حزووری ئەو دەڵاڵ و واستانەی کە نەخۆش، فرۆشیاری ئەندامی لەش و دکتور و ناوەندی نەشتەرگەری پێکەوە پەیوەند دەدەن، بەرینتر و مەترسیدارتر بووەتەوە. لەئێستادا بێجگەلە لێدانی ئاگاداری لە دەرگا و دیوار بۆ فرۆشتنی ئەندامی لەشی لاوان، بازاڕی فرۆش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا باو بووە.
باندە مافیاییەکان کە زۆربەیان سەربە حکوومەتی ئیسلامین و یان لە ئەرازێل و ئەوباشانی نزیک بە هێزە نیزامی و ئەمنی و ئاخوندەکانن، دەچنە ناو بازاڕ و تەجارەتی ئەندامەکانی لەش و تەنانەت لە هێندێک حاڵەتدا منداڵان دەدزن و ئەندامانی جەستەیان بە دەستی قەسابانێک کە خۆیان پزیشک و نەشتەرگەر ناولێناوە، دەردێنن و دواتر ئەم منداڵانە بێسەر و شوێن دەکەن.
تەجارەتی ئەندامانی لەش لە ئێرانی ژێر دسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی وەها ڕەونەقی گرتووە کە دەوڵەمەندانی عەرەب و ناوچەکەش بەم ئامانجە دێنە ئێران و تەنانەت لە هێندێک حاڵەتدا کەسی فرۆشیاری ئەندامانی لەش دەبەنە دەرەوەی ئێران و لە نەخۆشخانەی دڵخوازی خۆیان نەشتەرگەریی لەسەر ئەنجام دەدەن. وێبسایتی ڕۆژنامەی “تەجارەت نیوز” کە ناوەندەکەی لە ئێرانە لەم بارەوە دەنووسێت:
” ئەندامی لەش قیمەتێکی سابتی نییە. هەر فرۆشیار و کڕیارێک قیمەتی خۆیان دیاری دەکەن. یەک دەڵێ گورچیلە ١٥٠ ملیۆن تمەن و ئەویتریان دەڵێ ٥٠٠ ملیۆن تمەن. جەرگیش قیمەتی جۆراوجۆرە لە ١٥٠ ملیۆن تمەنەوە بۆ سەرێیە. کۆڕنیەی چاویش لە ١٦٠ ملیۆنەوە بۆ سەرێیە. فرۆشیارانیش دەڵێن کە هەزینەی نەخۆشخانە و باقیی هەزینەکانی دیکە لەسەر کڕیارە. هێندێک دەڵێن دەمێکە لە سەفدا ماونەتەوە و کڕیاریان بۆ نادۆزرێتەوە. فرۆشتنی گورچیلە زۆر بووە و هێندێک لە فرۆشیارانیش قیمەتی خوارتر دەدەن. هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە لە سەفدا بمێننەوە. زۆرێک لەو کەسانەی کە ئاگاداریی دەدەنە دەر، لاوانن. لاوبوون یەکێک لە ئیمتازەکانی موعامەلەیە. ئەوان تەئکید دەکەن کە لاون و گورچیلە و جەرگیان سالمە.”
هەر لەم پێوەندەدا با سەرەنج بدەیەنە ڕاپۆرتێکی دڵتەزێن کە وێبسایتی “فەردا” بڵاوی کردووەتەوە:
لە فەزای مەجازیدا هەموو شتێک پەیدا دەبێت. دڵ و کۆرنیە و مێشکی ناو ئێسک. هەر ئەوەندە بەسە بە شوێنیدا بگەڕێی. نموونەکەی کاناڵێکی تێلێگرامییە بە پتر لە ١٤٠ هەزار ئەندامەوە. هەم کڕیاری تێدایە و هەم فرۆشیار. ژمارەی ئاگادارییەکان یەکجار لەسەرێن. ئاگاداریی فرۆشتنی ئەندامانی لەش وێڕای نووسینی وردەکاریی وەک تەمەن، ڕەگەز، گرووپی خوێن و باروودۆخی جەستەیی. “جەستەم سالمی سالمە لە ١٥ ساڵییەوە بەشێوەی پیشەیی وەرزش دەکەم و تاقیکردنەوە و سۆنۆگرافیشم ئەنجام داوە”، “گشت تاقیکردنەوە پێویستەکانم ئەنجام داوە و بەڵگەی سڵامەتی پزیشکی بوونی هەیە”.
هێندێکیان مەرجەکانیشیان لە ئاگادارییەکەدا نووسیوە. ئەوەیکە هەموو هەزینەکانی نەشتەرگەری و تێست و تاقیکردنەوە لەسەر کڕیارە. هێندێکیش ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن بۆ فرۆشتنی ئەندامی جەستەیان بۆ هەموو شوێنێکی جیهان بڕۆن تەنیا کڕیار دەبێ هەزینەی سەفەرەکە بدات.
قیمەتی ئەندامەکان جیاوازە. لە جەرگی ٢٠٠ ملیۆنیەوە بگرە تا گورچیلەی ١٠٠ تا ١٥٠ ملیۆنی. لە ناو ئاگادارییەکاندا، ئاگاداریی فرۆشتنی دڵیش دەبیندرێت. ژمارەیان کەمە، بەڵام هەن. لەو نێوەدا فرۆشیارانی سوننەتیش بوونیان هەیە. ئەوانەی وا لەسەر دیواری هێندێک لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی پەیوەندی ئەندامی جەستە، ئاگاداری لەسەر دیوار دەنووسن. لەوێ تەنیا زانیاری سەرەکی و پێویست دەبیندرێت. “فرۆشتنی گورچیلەی ٢٠ ساڵە بە گرووپی خوێنی O- ژمارەی پەیوەندی …٠٩٣٥”. “جەرگ بۆ فرۆش، گرووپی خوێنی A+ و …”. ئەم دیوارانە بەردەوام ڕەنگ دەکرێن و ئاگادارییەکانیان لەسەر دەسڕدرێتەوە، بەڵام تەنیا چەند ڕۆژ دواتر دیسان ئەم ژمارانە، بە هەمان خەتەوە لەسەریان دەنووسرێنەوە”.
حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەژاری و بەدبەختیی گەیاندووەتەوە ئاستێک کە بۆ فرۆشتنی ئەندامانی لەش، هەژاران بەڕیز بن و جەستەی خۆیان بە تیغی قەسابانێک کە سوێندی پزیشکییان خواردووە و بە باندە مافیاییەکان و بە دەڵاڵانی تەجارەتی ئەندامانی لەش بسپێرن.
حکوومەتی ئیسلامی کەرامەت و هەستی سەربەرزیی ئیسنانەکانی خستووەتە ژێر پێوە و جەهەنەمێکی لەسەر عەرز بۆ بەشێکی بەرین لە خەڵکی ئەم کۆمەڵە پێکهێناوە. ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی مەرجی پێویستی سڵامەتیی کۆمەڵ و تەندرووستی و ئەمنییەتی جەماوەری بێبەشی کرێکار و زەحمەتکێشە.