کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەوڵ و تەقالای نوێ بۆ ئیسلامی کردنی علومی ئینسانی لە زانکۆکان

لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا خامنەیی گەلێک جار نەفرەت و نیگەرانی خۆی لە بوونی عینوانی دەرسەکانی پێوەندیدار بە علومی ئینسانی لە زانکۆکانی ئێران دەربڕیوە. ئەو هەموو جارێک لەوەی کە لەم بوارەدا وەزاڕەتی علوم و ئاموزشی باڵا کاردانەوەی پێویست نیشان نادات گلەیی کردووە.506ماوەیەک لەوەپێش لە وتووێژ لەگەڵ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی دانیشگاكانی ئێراندا، جارێکی تر ئەم بابەتەی هێنایەوە گۆڕێ. ئەو روو لە وەزیری علوم و ناوەندێکی وەک “شورای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی” و شوڕای گۆڕینی علومی ئینسانی”، کە لەم بوارەدا کار دەکەن، وتی: “لە بواری ئیسلامی کردنی علومی ئینسانیدا گەلێک تەرح و گەڵاڵەی باش بوونی هەیە بەڵام دەبێ ئەوان لە توێی زۆنکەنەکەکان دەربێنن و بیانخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە.” هەر لەم پێوەندەدا قەرارە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە تاران “کۆنگرەی نێونەتەوەیی علومی ئینسانی ئیسلامی” بە ئامانجی فەراهەم کردنی زەمینەی ئیسلامی بوونی علومی ئینسانی لە زانکۆکاندا، بەڕێوەبچێت. گۆیا لەم بوارەدا بەرنامەیەکی هەمە لایەنەش ئامادە کراوە. وادیارە بەمجۆرە بابەتی بە کرداری کردنی کاری ئاڵوگۆڕ پێکهێنانی جیدی لە دەرس و ئاموزشی کۆلیژەکانی علومی ئینسانیدا بۆ هاوتەریب کردنیان لەگەڵ ئیدئۆلۆژی ئیسلامیدا جارێکی تر کەوتۆتە سەروی ئەولەویەتەکانی وەزاڕەتی علوم و ئاموزشی باڵا. وا دەردەکەوێ بەرنامەیەکی نوێش بۆ عەمەلی کردنی ئامادە کراوە.یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم بەرنامەیە، “هەڵسەنگاندنی علومی ئینسانی رۆژئاوایی” و “هەموار کردنەوەی ڕێگای دەستڕاگەیشتن بە تیئۆری علومی ئینسانی ئیسلامی” راگەیەندراوە. وەزارەتی علوم لە بەخشنامەیەکدا بە هەموو زانکۆکانی وڵاتی ڕاگەیاندوە کە کۆمەڵێک سمینار بۆ، “پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ستراتیژیک لە بەرنامە ئاموزشیەکاندا بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەرزیابی، هەڵسەنگاندن و بەرڕەسی کردنی کۆمەڵە سەرفەسڵەکانی دەرسی دانشگایی بەڕێوەبچێت.” لە درێژەی ئەم هەوڵانەدایە کە ١٢٠ ڕشتەی ئیسلامی بە ڕشتەی زانکۆکانی وڵاتەوە زیاد بووە. مەداحی، ڕەوانشناسی ئیسلامی، مودیریەتی ئەماکنی موتەبەڕکەی مەزهەبی، گرایشی حەج و زیارەت، علوم و معارفی نەهجوالبەلاغە و مێژوی ئەهلی بەیت لە زومڕەی ئەم ١٢٠ ڕشتەیەن.بەڕاستی چ هۆکارێک بێجگە لە زەبوونی و لاوازی دەزگای حاکمە لە بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی ئاموزشی باڵا و زانکۆییەکانیدا، بوونەتە هۆی ئەوەی کە خامنەیی جارێکی تر نیگەرانی خۆی لە مەترسی پەرەسەندنی علومی ئینسانی لە زانکۆکاندا دەربڕێ و داواکاری عەمەلیاتی بوونی تەرحە کۆنەپەرستانەکانی لەم بوارەدا بێت. تازە دوای ٣٦ ساڵ کاری بەردەوام و سەرفی هەزینەیەکی چەندین ملیارد دۆلاری بودجە و تەسفیەی بەردەوامی خوێندکاران و ئۆستادانی پێشکەوتنخواز و لادانی دەرسی عولومی ئینسانی و سانسوڕ کردنی کتیبە دەرسیەکان و هیتر، هێشتا بەم شێوەیە داماوانە بەدەست نفوزی ئەندیشەی پێشکەوتوانەوە لە زانکۆکاندا ئەناڵێنێ.کۆماری ئیسلامی لە ماوەی حاکمیەتی سی و شەش ساڵەیدا بە ئامانجی زاڵ بوون بەسەر زەین و ئەندیشەی کۆمەڵگەدا، گەلێک تەرحی جۆراوجۆر و ڕەنگاو ڕەنگی هێنا گۆڕێ و ئاگاهانە هەموو ئاسەتەکانی ئاموزشی خستە ژێر بۆمبارانی تەفەکوری کۆنەپەرستانە و باوەڕە خورافیەکانەوە و دەستیدایە هەموو شگرد و فێڵ و تەڵەکەیەک تا منداڵان و لاوان بەو شێوەی خۆی ئەیەوێ باربێنێ، بەڵام هیچی بۆ نەکرا و نەیتوانی بە ئاواتەکانی بگات. ڕژیم پێی وابوو ئەگەر بڵاو کردنەوەی جەهل و خورافەی لە هەمان دەورانی سەرەتایی خوێندنی منداڵانەوە دەست پیکرد، زۆری پێناچێت کە نەسڵی نوێ ئەو جۆرەی کە خۆی ئەیەوێ باردێنێ. بەڵام بینیمان کە تەرح و پرۆژەکانی کارێکیان بۆ نەکرا و یەک لەدوای یەک بەرەوڕووی شکست بوونەوە. سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، نەسڵێک کە ڕژیم سەرمایەگوزاری لەسەر کردبوو، ناڕازی تر لە هەر کەسێکی تر لەدژی کۆنەپەرستی و ئاموزشە مەزهەبیەکان و کولیەتی رژیمی ئیسلامی سەری هەڵداوە. خامنەیی و “شوڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی” و “شوڕای گۆڕینی علومی ئینسانی” و کۆنگرەکانی بەناو نێونەتەوەیی علومی ئینسانی ئیسلامی، کە لەودا مەرجەعیەتی وەک خۆی لە گۆشە و کەناری دنیا بە سەرفی هەزینەیەکی زۆر کۆدەکەنەوە، بەمجۆرە کردارانە ناتوانن شکستێکی ئیدئۆلۆژیک کە لە بەرانبەر نەسڵی لاوی ئەم وڵاتە توشی هاتون، قەرەبوو بکەنەوە. ئەوان دوای تێبەڕ بوونی ٣٦ ساڵ، تازە هێشتاش باس لە دروست کردنی پایەکانی “تەمەدون و فەرهەنگی ئیسلامی و کۆنترۆڵی فەزای زانکۆکان” دەکەن. گومانی تێدا نییە کە ئەم کردار و هەوڵە نوێیانەش شکست دێنن.ئەگەر سی و شەش ساڵ کار کردن لەسەر منداڵان و لاوان نەیتوانی ڕژیم بە ئامانجەکانی بگەیەنێ و پرۆژەکانی تا ئێستای شکستیان خواردوە، حەتمەن کار لەسەر ئەو لاوانەی کە کەسایەتی و ئەندێشە و ڕوانگەیان لەژێر كاریگەری دنیای پڕ لە ئاڵوگوڕ و مۆدێڕنی ئەمرۆدا شکڵی گرتووە، هەر لە سەرەتاوە مەحکوم بە شکستە. لە دنیایەکدا کە خەڵکی دوورکەتوو ترین ناوچەکانی دنیا دەتوانن بە یارمەتی ئینتێڕنێت و ماهوارە و هیتر لەگەڵ یەک لە پێوەندیدا بن، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئەفکار و ئەندیشەی نوێ خوازی لاوان لە قۆزاخەیەک لە مەبانی کۆنەپەرستانە و دژی زانستیدا قەتیس بکات و بە بەخشنامە و دەستورعەمەل و گۆڕینی ناوەرۆکی کتێبە دەرسیەکان و زەبر و زەنگی هێزە سەرکوتگەرەکانی، بەر بە بەرەوپێش چوون و پەرەسەندنی بیرکردنەوەی نوێ بگرێت. گومانی تێدا نییە که‌ هەوڵێکی شکست خواردووە و بێ ئەنجام دەمێنێتەوە.