کەسایەتی و چالاکوانانی مەریوان هەوڵدەدەن بەندکراوێکی ئەو شارە کە چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی دوای چوون بۆ چاوپێکەوتنی لە گرتووخانە، بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو، لە ئێعدام رزگار بکەن.
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، ٨ی سهرماوهزی ١٤٠٢، لە رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی سنە- مەریوان چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە ئەندامی یەک بنەماڵە بوون. “غەفوور کەریمی” لەگەڵ کچێکی بە ناوی “رەنگین ئەمانی” و هەروەها زاوا و نەوەکەی بە ناوەکانی “محەممەد و شاهان مەحموودی” گیانیان لەدەستدا. لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا هاوژینی “غەفوور کەریمی” و کچێکیشی بە ناوی “سارا کەریمی” بریندار بوون. ئەو بنهماڵه لە چاوپێکەوتنی کوڕێکی غەفوور بە ناوی یاسر دەگەڕانەوە کە نزیکەی دوو ساڵ پێش بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە و ئێستا لە گرتووخانەی سنە بەندکراوە. دوای ئەو رووداوە، ژمارەیەک لە کەسایەتی و چالاکوانان مەریوان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بنەماڵەی کوژراوەکە لە یاسر کەریمی خۆش بن.