کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕێبەریەک بۆ شۆڕش

b98e80b0 3959 11ed 9ae9 959994b8a64c

  شۆڕشێکی شکۆدار کە دەستی پێکردوە ئاخێزێکی جەماوەرییە کە شکڵ و شێوەی باهۆزێکی بە خۆیەوە گرتوە. لە ئێستادا یەکەم شەپۆلەکانی ئەم باهۆزە لە کۆمەڵگادا هەستپێکدەکراوە. گومانی تێدا نییە کە شەپۆلی جۆراو جۆر و گەورەشی بەدوادا دێت. ئەگەر ئەم تۆفانە بە شێوەیەکی بیرلێکراوە و عالمانە هیدایەت بکرێت، دەتوانێ بۆ کرێکاران و هەموو ئەو کەسانەی کە تەنیا لەسەر هێزی کاری خۆی دەژی بە کەڵک بێت. بەڵام هیدایەتی عاقلانە و عالمانە بەس نییە، بەڵکو دەبێ ئامرازێکت هەبێ تا لە ڕێگای ئەوەوە لێکدانەوەی زانستیانە و بیرلێکراوە بنیات بنرێت. ئەو ئامرازەش لەگەڵ ڕێکخستنی شۆڕشی سیاسی، چینایەتی و مەدەنیدا گونجاو بێت و لە ناخیدا هەوڵدان بێت بۆ پێکهێنانی ڕێبەریی شۆڕش.

یەکەم شەپۆلەکان دوای ئەوە هاتن کە ژینای جوان و بێ دیفاع لە چنگاڵی چەند ژن و پیاوی تەربیەت کراو بۆ کرداری وەحشیگەرانەدا گیری کرد. ئەو بە شێوەیەکی سروشتی بەرانبەر بە هەڵسوکەوتی وەحشیانەی پۆلیسی گەشتی ئیڕشاد کاردانەوەی نیشاندا. جەنایەتکاران بە پێلەقە و باتۆم هێرشیان کردەسەری، و سەریان بە شۆشتەی شەقامدا کێشا و ئێسکی سەریان شکاند و بوونە هۆی گیان لەدەستانی. ئەو مەرگە مەعسومانەیە، وەک مەرگی جۆرج فلۆید بە دەستی پۆلیسی ڕەگەز پەرستی ئامریکا، بوو بە چەخماخەیەک و ئاگرێکی کردوە کە ئێستا بۆتە شۆڕشێکی بناغەهەڵتەکێن دژبە کۆماری ئیسلامی. ئەم شۆڕشە ناوەرۆکێکی چەپ گەرایانەی هەیە و خاوەنی خاڵی بەهێز و لاوازیشە کە هەڵسەنگاندنی بە شێوەیەکی عەینی و زانستیانە بۆ گەشە و بە سەرکوتن گەیاندنی کەڵک و بایەخی زۆرە.

سەرجەم دنیای سەرمایەداری تینوی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاری بەخشە کە تەنیا دەکرێت لەژێر ڕێبەری و هیدایەتی گرایشی سۆسیالیستی زانستیدا شکڵ و شێوەی ڕاستەقینە بە خۆیەوە بگرێت. ئەم حوکمە لەبارەی ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیەوە ڕاستە. ئەم شۆڕشەی ئێستا وڵامێکە بەم پێویستیە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە. کەوابێ دەبێ بە هەموو هێزەوە تێبکۆشین تا بە قازانجی چینی کرێکار و خەڵکێک بە ئاکام بگات کە هیچ بەرژەوەندیەکیان لە پاراستنی چەوساندنەوە و ئیستبداد دا نییە. ئەم شۆڕشە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دا هیوا بە ئاڵوگوڕێکی لازم و پێویستی دروست کردوە.

بەڵام گرفتی ئەم بزوتنەوە گەورە و شکۆدارەی ئێستا نەبوونی تەشەکولی سەرتاسەری و ناوچەیی بەهێز و گونجاوە لەگەڵیدا. ئەم شۆڕشەی ئێستا ئاڵوگۆڕێکی چۆنایەتییە لە خەبات و تێکۆشانێکی دوور و درێژ کە کرێکاران، ژنان، خەباتکارانی لایەنگری پاراستنی ژینگە، چالاکانی مافی مرۆڤ، دادخوازان، هەڵسوڕاوانی دابین بوونی مافەکانی منداڵان و وەرزێران دەستیان داوەتێ. لە ناخی ئەم خەباتەدا کۆمەڵێک ڕێکخراو دروست بوون و ڕێبەرانێکیش پەروەردە کراون. بەڵام بۆرژوازی دوژمن و حکومەتی پارێزەر و خزمەتکاری لە ئیران بەردەوام دەزگای گەورە و بەرینی سەرکوت، تەبلیغی و بروکراتیکی لە دژی ئەم دوو پێناسە و لایەنە بەکار هێناوە. بەم حاڵەشەوە خەباتی کرێکاری و جەماوەری بەرلەم شۆڕش و ئاخێزەی ئێستا دەری دەخات کە ڕژیمی سەرکوتگەر نەیتوانیوە بە تەواوەتی چینی کرێكار و ئازادی خوازان و بەرابەری تەڵەبەکان لە هێندێک لە ڕێکخراو بوون و ڕێبەریی بێبەش بکات.

لەم دەورەیەدا، کۆمەڵێک دەرفەتی گونجاو بۆ گێڕانی دەور و نەخشێکی وشیارانە و خاوەن پلانی هەڵسوڕاوانی کومونیست فەراهەم بووە. نابێ ئەم دەرفەتانە لە دەست بچن. زۆرێک لە شۆڕشگێڕانی کومونیست و پێشڕەو لە وەها دەورەیەکدا یەکتر ئەدۆزنەوە. بناغەی پتەو ترین هاوڕێیەتیەکان کە سەرمایەی جوڵە و حەرەکەتەکانی داهاتوون لەو کاتانەدا دادەڕێژرێن.

  سەرەڕای بەرینی و بەردەوام بوونی ناڕەزایەتیەکان هێشتا ڕێبەرییەک کە لە لایەن کۆمەڵگاوە قەبوڵ کرابێت و وەک ئاڵترناتیوی بارودۆخی ئێستا، بێتە مەیدانەوە، دروست نەبووە. بەم حاڵەشەوە ئەم خەبات و تێکۆشانە ماتریاڵی ئینسانی شکڵدان بە ڕێبەرییەکی ڕادیکاڵ و پێشڕەی فەراهەم کردوە. لە ناخی ئەم تێکۆشانەی لە ئارادایە، ڕێبەران و پێشڕەوانێکی جێگای پشت پێبەستن لە نێوخۆی وڵاتدا دەرکەوتوون. مانگرتنە کرێکاریەکان، ناڕەزایەتی مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، وەرزێران، بێ ئاوی و ژینگە، کۆمەڵێک ڕێبەریان پێشکەش کردوە کە پەیکەربەندی شوڕا شۆڕشگێرەکان پێکدێنن. لە ناخی وەها ڕەوتێکدایە کە سەرئەنجام شوڕای کاتی و ڕێبەریی شۆڕش دروست دەبێت و شکڵ دەگرێت.