هەواڵنێری دەوڵەتیی ئیرنا لە زمان “داریووش گوڵ عەلیزادە” یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێرانەوە نووسیوەیەتی: لە یەکساڵی ڕابردوودا تەنیا لە ٢٧ شاری ئێران ٢١ هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە پیسبوونی هەوا لە ساڵی ١٤٠٠دا پتر لە ٣٠ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتۆتەوە. جێگای ئاماژەیە کە بەگوێرەی ئامارە دەوڵەتییەکان ژومارەی قوربانیانی پیسبوونی هەوا ١١٠ کەس لە ڕۆێکدا و نزیکەی چل هەزار کەس لە ساڵێکدایە. گوڵ عەلیزادە یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای بۆ کەمتەرخەمی و پابەند نەبوونی وەزارەتی نەوت بە بەڵێنییەکانی سەبارەت بە یاسای هەوای خاوێن گەڕاندەوە. بەوتەی ناوبراو لە ساڵی ڕابردووەوە تا کۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ تەنیا ٣٠ ڕۆژ هەوای تەندروست لە تاران تۆمار کراوە. پیسبوونی هەوا تایبەت نییە تەنیا بە وڵاتێک بەڵکوو بابەتێکی جیهانییە و بە ڕەچاوکردنی سياسەتی درووست و زانستیانەی ژینگەیی، بە سەرمایەگوزاری کردن لەبواری بەرهەمهێنانی وزەی پاک، درووستکردنی تۆڕی ئەمن و پارێزراوی گواستنەوەی گشتی، هانداندان و ئاسانکاری بۆ دامەزراوەی جەماوەری و دانشگایی، دامەزراندنی کەسانی پسپۆر و خاوەن ڕا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژینگەیی و هەروەها بە ڕاهێنانی خەڵک و کەڵک وەرگرتن لە ڕاگەیەنەرە گشتییەکان، دەکرێ پیسبوونی هەوا کۆنتڕۆڵ بکرێت و گرفتەکانی سەرچاوەگرتوو لەم بابەتەوە بۆ نزمترین ئاست کەم بکرێتەوە.
بەڵام لە ئێران سیاسەت و کردارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هۆکاری تێکدان و پیسکردنی ژینگە بووە. ڕژیم بە ئیزن پێدان بە تێکەڵاوبوونی ئاوی پیس و پاشەڕۆکان لەگەڵ ئاوی ڕووبار و دەریا و گۆماو و قامیشەڵانەکان، زیانێکی لە قەرەبوو نەهاتووی بە ژینگە گەیاندووە. درووستكردنی ناكارناسانهی بهندئاوهكان، پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ڕێڕەوی ئاوەکان و لەناوبردنی لەوەڕگەکان، ئاگرتێبەردانی بە ئەنقەست لە دارستانەکان و هەروەها کەمتەرخەمی لە کوژاندنەوەیاندا، زیانێکی گەلێک گەورە و لەقەرەبوو نەهاتووی بە ژینگەی ئێران گەیاندووە. لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی پیسبوونی لەڕادەبەدەری هەوا، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، هاتنی لافاو، وشکبوونی ڕوبار و گۆماوەکان و هەروەها ڕۆچوونی زەوی و کەوتنە دەرەوەی ساڵانەی بەهەزاران هێکتار زەوی بەپیت، لە بازنەی کشتوکاڵییدا بە ئاشکرا دەبینین.
ئەوەیکە بەلای حکوومەتی ئیسلامی و بەرپرسەکانییەوە هیچ بایەخی نییە، دابینکردنی پێویستییەکانی تەندروستی و لەوانە دابینکردنی هەوای تەندروست بۆ خەڵکە. پیسبوونی هەوای شارەکان بەهۆی بوونی ئۆتۆمبێل و ئامێری کۆن و هەروەها کارخانەگەلێکی کە سەرەتاییترین ستانداردەکانی پارێزگاریکردن لە ژینگەیان تێدا ڕەچاو نەکراوە، لە پەنای دیاردەی هەرتاو نا تاوەی خۆڵبارین، ڕەچاوکردنی سياسەتی کارەساتباری ژینگەیی لە بوارەکانی ئاو بۆ بەکارهێنانی پیشەیی و کشتوکاڵی و هیتر… هەمووی ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی دەستیانداوەتە دەستی یەکتر و بۆتەهۆی ئەوەی کە ئێران و بە تایبەت شارە گەورەکانی ببنە پیسترین شارەکانی جیهان.
حکوومەتی ئیسلامی بە بڕێکی کەم لە هەزینەی سەرکوتەکانی ناوخۆ و هەزینەی تەبلیغات و پڕوپاگەندەی مەزهەبی و تاڵان و بڕۆی لەڕادەبەدەری ئاغازادە گەندەڵەکان، دەتوانێت ڕێژەی پیسبوونی هەوا بەڕادەیەکی زۆر کەم بکاتەوە و بەهەزاران کەس لە مردن رزگار بکات.
واقیعییەت ئەوەیە کە گیان و تەندروستی خەڵک بۆ ڕژیمی هیچ بایەخێکی نییە. ئەم کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتییەی بەرپرسانی ڕژیمی ئێسلامی بەتایبەت لە پێوەند لەگەڵ کارەساتە ژینگەییەکان بەڕوونی دەردەکەوێت. بەرپرسیارێتی گەیاندنی ئەو زیانە قورسانە بە خەڵک لە ئەستۆی ئەو ڕژیمەیە کە تیایدا گەندەڵی، دزی و بەرتیلخۆری لە هەموو ئاستەکانیدا ڕیشەی داکوتاوە. ئەگەر تەنیا بەشێک لەو بەملیارد دۆلارانەی کە هەموو ساڵێک لە پێناو پڕۆژە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی، تەیارکردنی هێزە سەرکوتگەرەکانی خەڵک، سەرکەشیە ناوچەییەکان لە دەرەوەی سنوورەکان و دام و دەزگا و دامەزراوە ئایینییەکانی پەرەپێدەری خۆڕافات و دواکەوتووییدا خەرج دەکرێت، لە پێناو پێشگرتن بە لەناوچوونی دارستانەکان و پیسبوونی هەوای شارەکان و هیتر…دا خەرج بکردبایە، شایەتی کارەساتی گیان لەدەستدانی چل هەزار مرۆڤ لەساڵدا بەهۆی پیسبوونی هەواوە نەدەبووین.
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستدرێژییەکانی ڕژیم و خاوەنانی سەرمایە بۆسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤەکان چ لە ئێران و چ لە باقی وڵاتەکانی تر لە گرەوی بەهێزکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ژینگەییەکاندایە. سەرجەم مرۆڤەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە مافی خۆیانە کە لە هەوای تەندروست، ئاوی خاوێن و خۆراکی پێویست بەهرەمەند بن. بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافە، پێویستە بەشێوەیەکی ڕێکخراو و یەکگرتووانە لە دژی سەبەبکارانی لەناوچوونی ژینگە خەبات بکرێت.