کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەواڵنێرانی جه‌ماوه‌ری و میدیای کۆمەڵایەتی سەربەخۆ پێویستیەکی حەیاتی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان

ساڵێک دوای کوژرانی “مەحمود سارمی” بەسیجی هاوکاری هەواڵنێری کۆماری ئیسلامی لە مەزار شەریف-ی ئەفغانستان، واتە لە ساڵی ١٣٧٨ بەم لاوە، لە تەقویمی کۆماری ئیسلامیدا، رۆژی ١٧ ی مانگی گەلاوێژیان وەک ” رۆژی هەواڵنێر” ناو لێناوە. لەم تاریخە بەدواوە هەموو ساڵێک بەم بۆنەیەوە، لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنیەتی و ئیتیلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامیدا، چەند مەڕاسمێکی نمایشی و فۆرماڵ لێرە و لەوێ بەڕیوەدەچێت. مەڕاسمی ئەمساڵی ئەم رۆژە لە کوردستان، رۆژی ١٤ی گەلاوێژ، ٣ رۆژ بەر لەو تاریخە لە ساڵۆنی سینەما بەهمەنی شاری سنە بەڕێوەچوو. سوخەنڕانانی سەرەکی ئەم مەڕاسمە “عەبدوالحەمید زاهدی” ئوستانداری کوردستان، “ڕەحیم جەعفەری” مودیری ئیڕشادی ئیسلامی کوردستان و “مەسعود ئەحمەدی” سەرۆکی “خانەی مەتبوعاتی ئۆستانی کوردستان” بوون. چاشنی “بێتامی” ئەم مەڕاسمە ئیجرای نمایشنامەیەکی دەستوری، ئیجرای مۆسیقای بێزارکەر و دەف لێدانی لەگەڵدا بوو. 503 (1)مەڕاسمی دەوڵەتی بەناو “رۆژی خەبەرنگار” لە حاڵێکدا بەڕیوەدەچێت کە، لەسەر ناوەرۆکی شکست و سەر دانەواندنی کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر رۆژئاوادا، شاهیدی توند بوونەوەی پەیڕەو کردنی زیاتری سانسۆڕ بەسەر راگەیاندنەکان داین لە نێوخۆدا. بەڵام لە کوردستان، بەهۆی فەزای خەباتکارانەی زاڵ بەسەر زەینیەت و کرداری جەماوەری خەڵکدا دژی کۆماری ئیسلامی، بارودۆخ بۆ زانیاری گەیاندنی سەربەخۆ بە بەراورد لەگەڵ باقی شوێنەکانی تری وڵات بەشێوەیەکی ترە. لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران کردنەوەی زاری ڕەخنە لەدژی رژیم و سیاسەتەکانی، ئێقدام لەدژی ئەمنیەتی نەتەوەیی بە حیساب دێت و بە تاوان چاو لێدەکرێت. بەشوێن زاڵ بوونی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەسەر کوردستاندا، ئازادی بەیان و بڵاو کردنەوەی ئازادی نەشریات کە خۆی یەکێک لە دەستکەوتەکانی راپەڕینی ساڵی ٥٧ و فەزای دیموکڕاتیکی حاکم بەسەر کوردستان لە دەورەی ئینقلابدا بوو، جێگای خۆیدا بە هەڵوەشانەوەی بە تەواوەتی ئازادی بەیان، سەرکوت و سانسۆڕی مەتبوعات. هێرش بۆسەر دیموکراسی لە کوردستان نەیدەتوانی بەبێ هێرش بۆسەر یەکێک لە پایەکانی دیموکراسی واتە مەتبوعات و ڕاگەیەنەرەکان دەست پێبکات. بەمجۆرە سەرجەم ڕاگەیەنەرە سەربەخۆکان لە مەیدان، کرانە دەرەوە و باقی ڕاگەیەنەرە تەسویری، نوێشتاری و گوفتاریەکانی ناوچە کورد نشینەکان لە لایەن دەوڵەت و ژنڕاڵەکانی سپای پاسدارانەوە پاوان کران و لەو تاریخە بەدواوە مەتبوعات لە کوردستان لە ڕاستای دەستەبەر بوونی ستراتیژی کۆماری ئیسلامیدا بەکارهاتن. دێڕ بەدێڕی نووسراوەکان لە فیلتری سانسۆڕی دەزگای ئەمنیەتی و ئیتلاعاتی سپاوە تێدەپەڕێ و ئەوەی کە دەمێنێتەوە، دەبێ لە خزمەت پاساودان، تەوزیع و مەدح و سەنای سیاسەت و ستراتیژی رژیمدا بێت.وێڕای دژایەتی بنەمایی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئازادی مەتبوعات لە کوردستان، بەشی ڕاگەیاندنی نووسراوی ناوچە کورد نشینەکان لە مەتبوعاتی دەستوری و دەوڵەتی سەرتاسەریشدا شتێکی وانیە. بەپێی وتەی سەرۆکی خانەی مەتبوعاتی کوردستان: ٢٧٠٠ بڵاوکراوە لە وڵاتدا بوونی هەیە کە لەم ژمارەیە ٤٠ تا ٥٠ دانەیان لە کوردستان ئیجازەی فەعالیەتیان هەیە. لە بڵاوکراوەکانی خاوەن ئیجازە لە کوردستان ژمارەیەکی زۆریش بە شێوەی ڕێکوپێک و بەردەوام دەرناچن. جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە لە دەورەی حەسەن رۆحانیدا تەنیا ٤ نەشریە ئەویش لەژێر ئەو بارودۆخەی سەرەوەدا ئیجازەی چاپیان وەرگرتووە.مەڕاسمی ئەمساڵی “رۆژی خەبەرنیگار” لە کوردستان لەسەر ناوەرۆکی ئاوا بارودۆخێک بەڕێوەچوو. جالب ئەوەیە، شۆربای کۆماری ئیسلامی ئەوەندە سوێرە کە، هێندێک لە هەوالنێرانی حکومەتی بەناو ڕەخنەگری دەزگای ئیجرایی ڕژیم لە کوردستان لە حاڵێکدا کە خۆیان ساڵانێکە لە خزمەت پاساودانی سیاسەتی سوڵتە تەڵەبانەی کۆماری ئیسلامیدا دەنووسن و دەست موزد وەردەگرن، بانگهێشت نەکرابوون بۆ مەڕاسمی دەوڵەتیی سینەما بەهمەن.”نەوای ئابیدەر” لەمبارەیەوە دەنووسێ: … “ئەمجارەش وەک ڕەواڵێک کە بە تازەگی لە لایەن رەوابت عمومی ئوستانداری و خانەی مەتبوعاتەوە گیراوەتە بەر. هەواڵنێرانی ڕەخنەگر دیسانیش سەهمێکیان لەم مەڕاسمەدا نەبوو.”لە جەریانی ئەم مەڕاسمەدا ئوستانداری کوردستان دەستی کرد بە تاریف کردن لە كاركردی هەواڵنێران و مەتبوعات و وتی: “لە ماوەی ٢٠ مانگ لە دەست بەکار بوونم وەک ئوستاندار، هیچ حاڵەتێکم سەبارەت بەوەیکە ڕاگەیەنەرێک لە کوردستان لە حەوزەی ئەخلاق دەرچووبێت بەرچاو نەهاتووە.” ستایشی بالاترین کاربەدەستی دەوڵەتی لە کوردستان لەو بڵاو کراوانەی لە کوردستان دەرچون، خۆی پێوانەیەکە بۆ دەوڵەتی بوون، ئینحساری بوون، ناڕەخنەگر بوون و دەستوری بوونی مەتبوعات و وابەستە بوونیان بە باڵە حکومەتیەکانەوە.هۆکاری ئەوەی لە کوردستان کۆمەڵێک بڵاوکراوەی کەم دەردەچن، تەنیا مەحدودیەتی ماڵی و ئیداری نییە. یەکێک لە ئەساسی ترین هۆکاری ئەم پێشوازی نەکردنەی خەڵک لەمجۆرە بڵاوکراوانە سەناگۆیی ئەوانە بۆ سوڵتەگەران. ئەو مەتبوعاتەی کە تەوجیەگەری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بێت، لەدژی خەڵکی کوردستان، ئەو هەواڵنێرانەی کە لەپێناو مەدح و سەنای کرداری دژی خەڵکی کۆماری ئیسلامیدا دەنووسن و ئەو بڵاو کراوانەی کە دەستورین، سروشتیە کە خوێنەرێکیان نابێت، تەنانەت ئەگەر بەخۆڕایش بڵاو بکرێنەوە. خەڵکی کوردستان جەریانی وەرگرتنی زانیاری نەک لە رێگای مەتبوعاتی دەوڵەتیەوە بەڵکوو، لە کاناڵی هەواڵنێرانی خەڵکی و مێدیای کۆمەڵایەتی سەبەخۆ و روو لە پەرەسەندنەوە تاقیب و پەیگیری دەکەن.ناونانی رۆژێک وەک رۆژی هەواڵنێران و بەڕێوەبردنی مەڕاسمی دەوڵەتی بەم بۆنەیەوە لە کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە تەنیا سەرپۆشێکە بۆ سەرکوتی هەواڵنێرانی سەربەخۆ لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران. لە ئاوا بارودۆخێکدا هەواڵنێرانی خەڵکی و مێدیای کۆمەڵایەتی دەتوانن و دەبێ بۆشایی نەبوونی هەواڵنێرانی سەربەخۆ و راگەیەنەر و زانیاری گەیاندنی ئازاد بە چالاکیە سەربەخۆکانیان پڕ بکەنەوە. بوونی مەتبوعاتی ئازاد و مێدیای کۆمەڵایەتی سەربەخۆ لە کوردستان بۆ دەرخستنی ویست و داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان لە شەڕی ڕەسانەیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکیی کوردستان، گەلێک پێویستە. شکستی کۆماری ئیسلامی لەشەڕ لەگەڵ ماهوارەکان و ناکام مانەوەی لە حەوزەی داسەپاندنی فەرهەنگی کۆنەپەرستانەدا دەبێ بکێشرێتە قەڵەمڕەوی مەتبوعاتەوە. ئەمەش مومکین نابێت مەگەر بە پەرەدان بە ئاستی فەعالیەتی هەواڵنێرانی خەڵکی و مێدیای کۆمەڵایەتی سەربەخۆ.