کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەفتەی دەوڵەت، هەفتەی هەژمار کردنی شکستەکانی دەوڵەت

لە ناخی ساڵیادی کوشتاری بە کۆمەڵی چەند هەزار تێككۆشه‌ری سیاسیی و کومونیست لە زیندانەکانی ڕژیمدا لە ساڵی ٦٧، هەفتەی دەوڵەت لە ڕۆژی سێشەممە ٢ ی مانگی خه‌رمانانەوە دستی پێکردوە وهه‌تا رۆژی ٨ ی ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت. ڕوحانی و ئەندامانی کابینەکەی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە چوونه‌ سه‌ر گۆڕی خومەینی بڕیارده‌ر و جەللادی ڕاستەقینەی کوشتاری بەکۆمەڵی٥ تا ٧ هەزار به‌ندكراوی سیاسیی هه‌تا كوو جارێكی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ جەخت بکاتەوە کە خۆی و هاوڕێکانی شانازیی بە درێژە پێدانی ڕێبازه‌كه‌ی دەکەن.کاربەدەستانی دەوڵەتیی لەم رۆژانەدا دەرفەتیان دەست کەوتوە هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌و دەستکەوتاکانە بدوێن كه‌ خۆشیان دانی پێدا ده‌نێن کە هیچ چەشنە کاریگەرییەکیان لەسەر باشتر کردنی وه‌زعی خەڵک نەبووە. هه‌ڵبه‌ت باڵی به‌رامبه‌ریش، له‌ ڕێی ئامار و ئەرقامەکانییه‌وه‌ ئەو دەستکەوتانە ئەباتە ژێر پرسیار.

ڕوحانی بە گەلێک واده‌ و به‌ڵێن لە بواری ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و مافی مرۆڤه‌وه‌ هاتە سەرکار. واده‌ کۆمەڵایەتییەکانی ئه‌و، بە تایبەت به‌ئاڕاسته‌ی دابین کردنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان لەگەڵ پیاوان لە شوێنی کار و کۆمەڵگه‌ بوونه‌ته‌ هۆی توند تر بوونەوەی گوشار بۆسەر ژنان، دەرکردنی زیاتریان لەسەر کاره‌ ڕەسمییه‌كان و هەوڵدان بۆ هه‌رچی زیاتر بێماف كردنیان. واده‌ی دابین کردنی مافی نەتەوەکان لە لایەن ڕوحانیەوە بووە بە هۆی قورستربوونی ستەم لەسەریان و ئێعدام کرانی زۆرتری به‌ندكراوانیی سیاسیی کورد و عەڕەب. لە بواری مافەکانی مرۆڤیشدا له‌گه‌ڵ زیاد بوونی ڕێژەی ئێعدامەکان و زۆتر بوونی سته‌مكاریی سیاسیی، واده‌ و به‌ڵێنه‌كانی ئه‌م بواره‌ش پووچ و بێ ناوەرۆک دەرچوون. هەڵبەت خودی ڕوحانی و دەوڵەتەکەشی لەم بوارانەدا ئیدیعایەکیان نەبووە و هەموو شتێک بە بێدەنگی بەڕێوە ئەبەن. بەم حاڵەشەوە رۆحانی و ئەندامانی کابینەکەی دەڵێن لە بواری ئابووریدا گەلێک سەرکەوتنیان هەبووە.789

دەوڵەتی سێ ساڵەی ڕوحانی تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامیی لەبەرانبەر رۆژئاوادا و ئیمزا کردنی بەرنامەی گشتگیری ئێقدامی هاوبەش ناسراو به‌ “بەرجام” لەگەڵ وڵاتانی ١+٥، بە دەستکەوتی گەورەی خۆی ده‌ژمێرێت. لەسەر به‌ستێنی ئیدیعاکانی دەوڵەت بڕیاروابوو كه‌ دوای ” بەرجام” ئیمکانی کەڵک وەرگرتنی ئاساییانه‌ی ڕژیم و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت لە سیستمی بانکیی جیهانیی دابین بێت كه‌ نه‌كرا. به‌ڵێنی ئه‌وه‌ ده‌درا کە لانیکەم ١٠٠ ملیارد دۆلار سەرمایەی دەرەکیی لەگەڵ تێکنۆلۆژی نوێ بێنە وڵاتەوە، کە ئه‌ویش نەهات. واده‌ی ئه‌وه‌ ده‌درا کە دەوڵەت بە ڕەخساندنی ساڵانە یەک میلیۆن هەلی کار، ڕێژه‌ی بێکاریی بە شێوەیەکی بەرچاو داده‌به‌زێنێت، كه‌ ئه‌مه‌شیان بۆ نه‌چووه‌ پێش. شکست لەم بوارەدا، هێنده‌ به‌رچاو و ئاشکرایە کە تەنانەت ئابووریناسانی لایەنگری دەوڵەت باس لە بوونی ١٠ میلیۆن بێکار دەکەن کە ٥ میلیۆنیان ده‌رچووی زانكۆ و خوێندنگه‌ باڵاكانن. موحسێن ره‌ننانی، ئۆستادی ئیقتسادی زانکۆی ئیسفەهان، لەمباره‌وه‌ دەڵ، لە ئامارگیرییە ڕەسمییەکاندا بە کەسێک دەڵێن بێکار کە تا ٤ هەفتە به‌ر له‌ ئامارگیرییەکە، بەشوێن کارەوە بووبێت، بەڵام کاری دەست نەکەوتبێت. بەمجۆرە لە ڕوانگەی ناوەندی ئاماره‌وه‌ كه‌سێك كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و ٤ هه‌فته‌یه‌دا نه‌چووبێته‌ شوێن کاردا، وەک بێکار بە ئەژمار نایەت. ئه‌وه‌ش دەزانین کە هیچ کەس بۆ ئه‌وه‌ ناچێته‌ ناوەندێكی ئاموزشی باڵا هه‌تا له‌وسه‌ره‌وه‌ خانەنشین بکرێت. بەڵکوو هەموان بۆ ئەوە دەچنە زانکۆ هه‌تا له‌ دوای ته‌واو کردنی خوێندن، کارێکیان دەست بکەوێ. بەمجۆرە ئەگەر لە ئێستادا ٥ میلیۆن کەسی خوێندەواری زانکۆمان هەیە کە دوای چەند مانگ گەڕان بەشوێن دۆزینەوەی کاردا، شه‌كه‌ت و ماندوو و بێهیوا ئیتر له‌ خێری دۆزینه‌وه‌ی كار ده‌گوزه‌رێن و وازی لێ دێنن، ناكرێ بڵێین ئەمانە چون نەچوونه‌ته‌ شوێن کار، کە واتە بێکار نین. لەم ڕووەوە ئەم ٥ میلیۆن کەسە خوێنده‌واره‌ش كه‌ دانەمەزراون، دەبێ وەک بێکار بە ئەژمار بێنین و بیانخه‌ینه‌ سه‌ر ٥ میلیۆن بێكاری ڕه‌سمییه‌كه‌ی ناو ئاماره‌كه‌.

دوکتور، روننانی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئابووریی ئێران بەهۆی چەند لایه‌بوون و ئاڵۆزبوونی ڕکودێک کە گیرۆدەیەتی، له‌ لێواری سنووری گه‌یشتنه‌ بنبه‌ست دایه‌. لەبەر ئەوەیکە له‌بنچینه‌وه‌ دەوڵەت ئامرازی پێویست بۆ ده‌ربازبوون لە ڕکودی بە دەستەوە نییە. ناوبراو پێیوایە ڕکودی ئێستا قوڵ ترین ڕکودی ئابووریی ئێرانە لە ساڵەکانی دوای شەڕی جیهانیی دووهەمەوە هه‌تا ئێستا، لەبەر ئەوەی کە بە شێوەی هاوکات گیرۆدەی پێنج جۆر ڕکودی ئابووریی کەلان، ڕکودی پێکهاتەیی، ڕکودی جیهانیی و ڕکودی داهاتە نه‌وتییه‌كانه‌ و ده‌ربازبوون لێی لە ئێستادا لە توانای دەوڵەتدا نییە.

بەم حاڵەشەوە دەوڵەت گوێی خۆی لە ئاست ئەم جۆرە بەراوردکاریانەدا ئاخینوه‌ و ئیدیعای سەرکەوتن لە بواری ئابووریدا دەکات. دەوڵەت دەڵێ کە ڕكودی ئابووریی لە مەنفی ٦ و هەشت دەهومی لەسەدەوە بۆ ٤ و چوار دەهومی لەسەد دابه‌زاندووه‌. نەیارانی ئەم ئیدیعایە ئه‌م ئاماره‌ به‌ بە ناڕاست و هەڵبەستراو دەزانن و دەلیل دێننەوە کە وه‌زعی گوزه‌ران و بەڕێچونی خەڵک خراپتر بووە. ئەوان بە هەڵسەنگاندنی ئامارەکان دەڵین کە مەسرەفی کالا ئەساسیەکان، لەوانە گۆشتی سور ٢٥ لەسەد کەمی کردوە و ئەساسەن ٣٠ لەسەدی خەڵک ناتوانن نانیش بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. ئەوان به‌رده‌وام سەبارەت بە قووڵبوونه‌وه‌ی كه‌له‌به‌ری چێنایەتیی هۆشداریی ده‌ده‌ن.

شکستی دەوڵەت لە گشت بوارەکاندا و لەوانە لە گۆڕینی بەرجام بە دەرفەتێکی ئابووریی، كه‌له‌به‌ری نێوان باڵەکانی قووڵتر کردۆتەوە. باندی ڕوحانی- ڕەفسەنجانیی پێیانوایە کە ڕژیم دەبێ دەست لە زێدە خوازیە ناوچەییەکانی هەڵگرێت و دخاڵەتە ناوچەییەکانی لەوە زیاتر نەکاتە فاكته‌رێك بۆ بەرگرتن لە ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا یان به‌ واتایه‌كی درووست تر لە ڕاستیدا بە به‌شێكی کەمتر لە ناوچەکە ڕازی بێت. باندی ڕەشی سپا- خامنەییش خوازیاری ده‌ستخستنی بەشی زیاتر لە ناوچەکەن و بۆ وادار کردنی دەوڵەتی ئامریکا بە دانی بەشی دڵخوازیان، ڕیسکی بەستنی قەرارداد لەگەڵ ڕووسییه‌یان به‌ گیان كڕیوه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ كارێكی راهبۆردیی و ئیستراتیژیک ناودەبەن. هه‌ر ئەمەش بارودۆخی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئاڵۆزتر کردووە و ناکۆکی نێوان باڵەکانیشی تووندتر کردۆتەوە و دەستی عەڕەبستان و ئیسڕائیلی بۆ دوژمنایەتی کردنی زیاتر لەگەڵ کۆماری ئیسلامیش ئاواڵاتر کردووە.

حەفتەی دەوڵەت له‌ بارودۆخێكدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ لێكترازان و سه‌رلێشێواویی له‌ ناو ڕیزەکانی ڕژیمدا به‌رڵاوتر بوون. ئەمەش بوار و به‌ستێنی بۆ بەهرەبەرداری هێزە کرێکاریی و سەرنگونی خوازەکان زیاتر لە پێشوو هه‌موارتر كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌یكه‌ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بگۆڕن. بەڵام کرێکارانی وشیار و هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خۆیان، پێویستە لە ناخی خەباتی ڕوو لە گەشەی ئێستایاندا، بەرەنگاری مه‌یل و گه‌رایه‌شاتی پێشگیر، وەک دووره‌په‌رێزیی له‌ ته‌شه‌كۆل ببنەوە و تەشەکول و ڕێکخراوە چینایەتیی و كۆمۆنیستییەکانیان بەهێزتر بکەن.