کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەزینەی دابین کردنی دەرمان، باری قورسی سەر شانی خەڵک

افزایش قیمت دارو

“واعێز مەهدەوی” بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی ڕێکخراوی بیمەی خزمەتگوازریی دەرمان لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئێعتماد”ی چاپی تاران، باسی لە چوونەسەرەوەی نرخی دەرمان و بەرزبوونەوەی قیمەتی خزمەتگوزاریی تەندرووستی کرد و وتی کە قیمەتی ئەو دەستەیە لە ماددەی سەرەتایی دەرمان کە بە دراوی ئازاد دەکڕدرێ ٢ تا ٣ بەرابەر دەچێتەسەرێ. ناوبراو هەروەها وتووشیەتی کە نزیکەی ٨ ملیۆن کەسی ئێرانی و نزیک بە ٣ ملیۆن کەسی بەڕەگەز ئەفغانستانی لە هەموو جۆرە بیمەیەکی پایە بێبەرین. بەوتەی ناوبراو “چوونەسەرەوەی ٢ تا ٣ بەرابەریی قیمەتی دەرمان،  ئەم جەمعیەتە بەیەکجاری بیلاتەکلیف دەکات”.

هاوکات وەزیری تەندرووستیی کابینەی ڕەئیسیش دانی بەوە دانا کە: خزمەتگوازاریی بیمە گشتگیر نییە و ناتوانین هەموو نەخۆشییەکان پۆشش بدەین. هەزینەی دەرمانی هێندێک لە نەخۆشییەکان هێندە لەسەرێن کە نەخۆش دەبێ هەموو ژیانی بفرۆشێ تا بتوانێ هەزینەکان دابین بکات”. لە کۆمەڵێکدا کە لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانییەوە گیانی مرۆڤەکان بێبایەخە و پێگەی ناوەندەکانی پەرەپێدانی جەهل و خورافە و هێزە سەرکوتگەرەکان سەرتر لە هەر ناوەند و ئۆرگانێکی خزمەتگوزاریی گشتییە، لەوە شەرم ئاوەرتر و قیزەوتر چییە کە ناوەندێکی خزمەتگوزاری کە دابینکردنی سڵامەت و تەندرووستیی خەڵکی وەئەستۆیە، دان بەوە دانێ  کە “نەخۆش دەبێ هەموو ژیانی بفرۆشێت تا بتوانێ هەزینەکان دابین بکات”.

کەمبوونی دەوا و دەرمان لە ئێران، دەڵاڵی  و  قاچاغیشی لەم بوارەدا پەرەپێداوە.

“ڕەهبەر مژدەهی ئازەر”، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، لەئاست کڕینی دەرمان لە بازاڕی ناسرخوسرەوی تاران هۆشداری بە خەڵک دا و وتی: “مەعامەلەچیەکانی ناسرخوسرەو بێشەرمیان گەیاندووەتە ئاستێک کە کاتی بەسەرچوونی دەرمانەکان بەئاشکرا دەگۆڕن و ئەگەریش بەرەڕووی ناڕەزایەتیی نەخۆشەکان بوونەوە، بەوە پاساوی دەکەن کە کاتی بەسەرچوونی دەرمانەکان تا ساڵێکی دیکە درێژ کراوەتەوە!

کێشەی گرانی، کەمبوون و نەبوونی دەرمان بارێکی قورسە لە سەرشانی خەڵک. دەرمانی ناکاریگەر یان ئەو دەرمانانەی کە کاتیان بەسەرچووە کێشەیەکی دیکەی نەخۆشەکان لە ئێرانە. حکوومەتی ئیسلامی قەیرانی لە بواری دەوا و دەرمان بە گەمارۆکانی ئەمریکاوە گرێ داوە تا بێ لیاقەتی و بێتوانایی خۆی لە دابین کردنی دەرمانی کاریگەر و سالم بۆ نەخۆشان و ناوەندە دەرمانی و تەندرووستیەکانی ئێران داپۆشێت. بەڵام لەڕاستیدا مافیای تەجارەتی دەرمان لە دەستی خودی حکوومەت و ناوەندە نیزامی و شیرکەتەکانی سەربەوان دایە و ئەویکە بۆ ئەوان ئەولەوییتە قازانجی ملیاردیی تەجارەتی دەرمانە.

ئەو نەخۆشانەی کە بیمەی کامڵی تەئمینی ئیجتماعییان نییە و یان ئەو نەخۆشە تایبەتانەی کە ناچارن بەردەوام دەرمانی تایبەت بەکار بێنن، بەر لە هەموو شتێک لە گرانی و کەمبوونی دەرمان ڕەنج دەبەن. لەناو توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵدا چوونەسەرەوەی بەدخۆراکی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و مەرگی پێشوەخت، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. چوونەسەرەوەی قیمەتی دەرمان خێرایی ئەم پڕۆسەیە زیاتر و زیاتر دەکات.

لەئێستادا بەپێی بەراوردەکانی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی لە ئێران ٦٠ تا ٧٠ لەسەدی هەزینەکانی دەرمان لە لایەن خودی خەڵکەوە دەدرێت. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەم ڕەقەمە لە ئاستی جیهاندا کەمتر لە ٣٠ لەسەدە.

لە زۆر شوێنی جیهان دابین کردنی دەرمانی سالم، هەرزان و هێندێک جار بەخۆڕایی، لانیکەم بۆ منداڵان، کەمئەندامان، نەخۆشە تایبەتەکان و خانەنشینکراوان ئەرکی سەرەتایی حکوومەتەکانە، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سڵامەتی و ڕێفاهی خەڵک بۆ قاتڵانی دەسەڵاتدار هیچ بایەخێکی نییە و تەنانەت دەرمانێک کە نەخۆشەکانیش پێویستیانە، کردوویانەتە ئیمکانێک بۆ قازانجپەرەستتی و تاڵانکردنی خەڵک.

ئەگەر کرێکارانی بەشێکی بەرین لە جیهان توانییان بە خەباتی خۆیان بورژوازیی دەسەڵاتدار ناچار بکەن تا خۆی لەبەرامبەر دابین کردنی تەندرووستی و سڵامەتی کۆمەڵ بە بەرپرس بزانێت، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانیش دەتوانن بە پشت بەستن بە یەکگرتوویی و خەباتی ڕێکخراوی خۆیان، خواستی تەندرووستی و دەرمانی بەخۆڕایی بەسەر ئەم ڕژیمەدا بسەپێنن تا بەشێک لە حەقدەستە نەدراوەکان و بەشێک لە سەروەتی بەتاڵانچووی خەڵک بەشێوەی خزمەتگوزاریی دەرمانی و تەندرووستی بۆیان بگەڕێتەوە.

هیچ کەس نابێت بەخاتری نەبوونی دەرمان و خزمەتگوازریی پزیشکی ژان و ئازار بچێژێت. دابین کردنی سڵامەت و تەندرووستی و خزمەتگوزاریی دەرمان، مافی ڕەوای هەموو هاووڵاتییانی ئەم وڵاتەیە.

بێگومان ئەوە چارەنووسی حەتمیی مرۆڤ نییە کە بە ئاسانی نان و دەرمان و گیانی بە بارمتە بگرن و لە بێ دەرمانی بمرێت. ئینسانی ئەمڕۆ شیاوی ژیانێکی ئینسانی و شایستەیە. بۆ وەدیهێنانی وەها ژیانێکی شایستە پێویستە خەبات بکەین.