کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هێزە بەسیجی و ئیتلاعاتیەکان دەبێ لە قوتابخانەکان دەر بکرێن

  ئوستانداری بوشەهری حکومەتی ئیسلامی خوازیاری دەرکرانی سەرجەم مامۆستا غەیرە بەسیجیەکان لە ئاستی ئوستاندا و پێویستی بە بەسیجی کردنی هەموو مامۆستایان بووە.

  چل و چوار ساڵە قوتابخانە و ناوەندە ئاموزشیەکان بوونەتە گۆڕەپانی چالاکی ئاخوندەکان، بەسیجیەکان و ئیتلاعاتیەکان و بوونەتە ئیدارەی گوزینش.

  دیان ناوەند و ئەنجومەنی ئیسلامی بە ناوی جۆراو جۆرەوە لە سیستمی ئاموزش و پەروەرشدا حوزوریان هەیە. کاری دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە و مەزهەبی گەیشتۆتە ناوەرۆک و موحتەوای مادە ئاموزشی و کتێبە دەرسیەکانیش. کتێبە ئاموزشیەکان پڕ بوون لە بابەتی دژی زانستی و خورافاتی مەزهەبی و قوتابیان و کادری ئاموزشی ناچار بە ئەنجامدانی مەڕاسمی ئیجباری مەزهەبی کراون. بە هەزاران مامۆستا و ئوستادی زانکۆیی شەریف و خاوەن ئەزموون لە کار کردن لە ناوەندە ئاموزشیەکاندا بێبەش بوون، دەرکراون و هێندێکیشیان زیندانی و ئێعدام کراون.

  ڕژیمی ئیسلامی تەبعیزی ئاموزشی کە بە شێوەیەکی بەرین بوونی هەبوو، بەرهەم و بەرهەم دێنێتەوە. منداڵانی بەشە مەحورومەکانی کۆمەڵ، قوتابیانی ناوچە پەڕاوێزەکان و بە تایبەت منداڵانی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان بەردەوام بەرەوڕووی کەم بوونی قوتابخانە، فەزا و ئیمکاناتی ئاموزشی پێویست، نەبوونی مامۆستا و بەرپرسانی خاوەن زانست بوون، ئێستا سەرجەم قوتابخانەکان لەسەر بنەمای پۆشینی ئیسلامی و مودیریەتی جیهادی تەبەقە بەندی دەکەن. قوتابخانە، شاگردەکان و ئەو مامۆستایانەی کە یاسا کۆنەپەرستانە مەزهەبیە حکومەتیەکان قەبوڵ ناکەن لە هەمان ئەو ئیمکاناتە کەمەش بێبەش دەکات. بە پێچەوانە ئیمکاناتی زیاتر دەخاتە ئیختیار ئەو مەدرەسە و مودیرانەوە کە داندراوی حکومەتن و بوونەتە گوێ لەمشتی.

  لەگەڵ گشت ئەمانەدا بەرهەمی بە ملیارد دۆلار بوجەیەک کە سەرفی بە مەزهەبی کردنی ئاموزش و پەرەوەرش کراوە بە هەدەر چووە و ئەم پڕۆژەیە بەرەوڕووی شکست و ناکامی بۆتەوە. لە ڕاستیدا هیچ هێزێک ناتوانێ بە ئەندازی کۆماری ئیسلامی زۆرینەی بەرەی لاوی ئەم وڵاتە لە هەر شتێک کە ناوی مەزهەبی پێوەیە بێزار بکات. نەوەی نوێی قوتابیان و خوێندکاران کە لە دەورانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا هاتونەتە دنیاوە و ئاموزش دراون نەیاری سەر سەختی حکومەتی دینی و سیستمی ئوموزش و پەرەوەرشی بنیاد نراو لەسەر بنەمای مەزهەبن. ئێستا قوتابیان و خوێندکارانی ئێران بوونەتە هێزێکی تازە و بە توانا لە دژایەتی کردن لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامیدا. لە ٤٤ ساڵی ڕابردودا بە تایبەت لەم ٧ مانگەی دواییدا بزوتنەوەی گەورەیژن، ژیان، ئازادیقوتابیان و خوێنندکاران، مامۆستایانی سەریف و ئازادی خواز یەکێک لە نەیارانی پلە یەکی حکومەتی ئیسلامی و دامودەزگای مەزهەب و ئیختیناقی نیزامی و ئەمنیەتی بوون.

  کۆماری ئیسلامی کە لە ناچار کردنی ژنان بە ڕەچاو کردنی حیجابی زۆرەملێ و لە بە مەزهەبی کردنی  لاواندا شکستی خواردوە، لە هەوڵدایە سیستمی ئاموزش و پەروەرش یش ئەمنیەتی تر بکات.

  گەڵاڵەی بە بەسیجی کردنی مامۆستایان، ئەمنیەتی تر کردنی قوتابخانەکان و ناوەندە ئاموزشیەکان بە جۆرێک دان نانە بە شکستی حکومەتی ئیسلامی لە سیستمی ئاموزشی وڵاتدا. دان نان بەوەدا کە دژی شۆڕشی فەرهەنگی ئیسلامی ئاڵوگۆڕ لە ناوەرۆکی دەرسەکان، دەرکردنی بە هەزاران مامۆستا، ئەستێرەدار کردن و دەرکردنی خوێندکاران نەیتوانیوە بەرە و نەسڵێکی جێی سەرنجی حکومەت پەروەردە بکات.

  ئێستا هەڵوەشانەوەی حیجابی ئیجباری بەشێوەیەکی دوفاکتۆ و لە ناوچە شاریەکان بەسەر ڕژیمدا سەپێندراوە. حکومەت چارەیەکی نییە بێجگە لە پاشکەشە و شکست. وڕێنە کردنەکانی خامنەیی و هاوبەشەکانی، هەڕەشەی هێزە ئینتیزامی و ئەمنیەتیەکان چارەساز نەبووە و تەنانەت بەدژی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە. قوتابیان، مامۆستایان و بنەماڵەی قوتابیەکان ئەگەر یەکگرتو بن، هێزێکی ملیۆنین کە حکومەتی هار و کۆنەپەرستی ئیسلامی وادار بە پاشەکشەی زیاتر دەکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

منداڵانی کار، پەڵەیەکی ڕەش بە ڕوخساری سەرمایەدارییەوە

-

پێویستی تەشەکولی بەرین و سەرتاسەری خانەنشینان

-

  نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتانی خزمەتکاری هۆکاری سەرەکی وێڕان بوونی ژینگە

-

گرنگی سیاسی- چینایەتی خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەست

-

ئامادە بوونی نوێنەرەنی دژی کرێکاری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی سازمانی جیهانی کار دەبێ ڕیسوا بکرێت

-

له‌ یادی٤٠مین ساڵی ئیعدامی جینایه‌تكارانه‌ی ٥٩ لاو مێرمنداڵی شاری مه‌هاباد

-