ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی مانگی خهرمانان کرێکارانی دوو کارخانەی ماشین سازیی هێپکۆ و ئازەرئابی ئەراک لە درێژەی خەباتی خۆیاندا جارێکی دیكه لهئاست نەدرانی حەقدەست و باقی داواکاریەکانیان بە شێوەیەکی جیاجیا بەڵام هاوکات، ڕژانەسەر شەقامەکان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرێوەبرد. لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانەدا زیاد لە ٢ هەزار کەس لە کرێکارانی ئەم کارخانانەیه بەشداربوون. لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئازەرئابدا کە بە حوزوری پڕ ئەژماری هێزە سەرکوتەگەرەکانی ڕژیم و لە سێ ڕێیانی خومەینی بەڕێوەچوو، کرێکارەکان لهڕێگهی وتنهوهی درووشم و بهدهستهوه گرتنی پلاکارد، خوازیاری درانی بڕی ٤ مانگ حەقدەستی دواخراو و درانی سەهمیەی بیمەکانیانیان بە ڕێكخراوی دابین كردنی کۆمەڵایەتی بوون. کرێکارانی ماشێن سازی هێپکۆش هاوکات سەبارەت بە بارودۆخی ناڕوونی حەقدەستە دواخراوەکانیان و بیمەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی کە لە زستانی پارەكهوه ههتا ئێستا حەقدەست و بیمەیی خۆیان بە شێوەی نیوە و ناتەواو وەرگرتووە. کرێکارانی ناڕازی ئازەرئاب و ماشێن سازی هێپکۆ لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیاندا و به مەبەستی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیان بە گوێی کاربەدەستانی حکومەتی، بۆ ماوەیەک جادەی “تاران- ئەراک” و هێڵی ئاسنی ئەراکیان داخست.
ناڕەزایەتیی مافخوازانەی کرێکاران بە دخاڵەتی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم توندوتیژی لێکەتەوە. بەکرێگیراوانی ڕژیم کە نیگەرانی کاریگەری ناڕەزایەتییەکان بۆسەر فەزای گشتی شار بوون بە تەقە کردنی هەوایی هەوڵیاندا بیان ترسێنن و بڵاوە بە کرێکاران بکەن. بەڵام کرێکارانی توڕە نە تەنیا چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو بە دانی درووشمی ” کرێکاری بێچارە، بۆ لێدان نابێ” هێزە سەرکوتگەرەکانیان سووک و ڕیسوا کرد. هێزە بە کرێگیراوەکانی ” پۆلیسی دژی شۆڕش” لە درێژەدا بە باتوم و هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر ڕیزی کرێکارانی ناڕازی و چەندین کەسیان لێ بریندارکردن. دوای هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆسەر ڕیزی کرێکاران ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خێرایی وێنە و فیلمیان لە هەڵسوکەوتی پۆلیسی تایبەت بۆسەر کۆبوونەوەی کرێکاران و وێنەی ئەو کرێکارانەی كه بە هۆی هێرشی ئەو بکرێگیراوانەوە برینداربوون بڵاو کردەوە. یەکێک لە فیلمە بڵاو کراوەکان لەم کۆبوونەوەیە کە تێیدا کرێکاران درووشمی ” کرێکاری بێچارە، نابێ لێی بدرێت” دهڵێنهوه، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی هەبووە.
لە کاردانەوە بە کاریگەری بەرینی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆسەر کرێکارانی مافخواز، ناوەندە دژی کرێکارییەکانی سەربە ڕژیم عەوامفریوانە هێرشی هێزەکانی پۆلیسیان بۆسەر کۆبوونەوەی کرێکاران ئیدانە کرد، تا بەڵکوو لەم ڕێگایەوە بتوانن قین و ناڕەزایەتی کرێکاران کۆنترۆڵ بکەن. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی حکومەتی ئیلنا، ” کانونی شوڕا ئیسلامییەکانی کاری ئوستانی مەرکەزی” ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی خهرمانان، لە بەیانییەیەکدا، هێرشی پۆلیسی دژی شۆڕش بە باتوم و گازی فرمێسکڕێژ بۆسەر کرێکارانی ئەم دوو کارخانەیەی مەحکووم کرد. هەر لەم پێوهندهدا، خانەی کارگەری ئوستانی مەرکەزیش لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژە کردن بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی چەندین مانگ حقوقیان وتی، “بەرپرسان بە جێگای هاوکاری و دڵخۆشی دانەوە، دەستور ئەدەن بەرخورد بە کرێکاران بکرێت و ئەزیەت و ئازاریان بدەن.”
کرێکارانی ئازەرئاب و هێپکۆ لە بارودۆخێکدا دەکەونە بەر هێرشی وەحشیانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم کە لە سەروبەندی دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندا چەندین مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە و وێڕای بنەماڵەکانیان لە خراپترین بارودۆخی بەڕێچووندا و لەگەڵ هەژاری و برسیەتیدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن. لە حاڵێکدایە کە ئەوە سەرمایەداران و دەوڵەتن کە حەقدەستی کرێکاران کە چەندین کاتژمێر، ڕۆژ و مانگ لە کارخانەکاندا کاریان کردووە و ئاڕەقیان ڕشتووە، نادەن. بەڵام ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیی کرێکارانی ناڕازی بە نەدرانی حەقدەستە نەدراوەکانیان ئەداتە بەر زەبەر و زەنگ و لێدان.
خۆاست و داخوازی کرێکارانی ئازەرئاب و هێپکۆ دەرخەری بارودۆخی واقعی کرێکاران لە گەلێک لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان لە سەرتاسەری ئێران دایە. بەم هۆیەوەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا ئەو ناوەندانەی بەرهەمهێنان و ئەو کارخانانەی کە سەدان کرێکار تێیاندا خەریکی کارن بوونەتە ناوەندی سەرەکی خەباتی کرێکارانی ئێران. گوشاری دواهاتی خەبات و مانگرتنە کرێکارییەکان و سەرکوتگەریەکانی ڕژیم زیاتر لەسەر شانی ئەم بەشە لە کرێکارانە. پیترۆشیمییەکان، پیشەسازی شیمیایی، کارخانەی فولاد، پیشەسازی ماشێن سازی و گواستنەوە و گەیاندن پیشەسازی خۆراک، کانونەکانی مۆعەلیمان لە زومڕەی ناوەندە گرنگەکانی ناڕەزایەتین. بەهۆی ئەوەیکە سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە کاریگەری ناڕەزایەتیی کرێکاری لەم ناوەندانە بۆسەر بەشەکانی دیکەی بزوتنەوەی کرێکاری و بۆسەر فەزای سیاسی کۆمەڵگە ئاگادارن، بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیی کرێکاری لەم ناوەندانەیاندا کردووهتە ئامانجێکی ئیدئۆلۆژیکی و سەرکوتگەرانەی ڕژیم. یەکێک لە گرنگترین ئەو ئەرکانەی کە وەزاڕەتی تەعاون و کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی ڕژیم لە بەردەم خۆی دانەوە، بریتیە لە هیدایەتی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بەرەو ئاڕاستەی رێکخراوە دژی کرێکاری و زەردە دەوڵەتییەکان لە خزمەت بە چەنەلێدان لەسەر داخوازی سینفی کرێکارانی شاغڵ لە چوارچێوەی تەسکی یاسا حکومەتیەکاندا. هەڵوێست گرتنی عەوامفریوانەی ” کانونی شوڕا ئیسلامییەکانی کار” و ” خانەی کارگەر” لە ئوستانی مەرکەزی لە بەرانبەر هێرشی پۆلیسی دژی شۆڕشی ڕژیمدا بۆ سەر کۆبوونەوەکانی کرێکارانی ئازەرئاب و هێپکۆ درووست بە ئاڕاستهی ئەم سیاسەتەی وەزاڕەتی کاری دەوڵەتی ڕووحانیدایە.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاوکاتی کرێکارانی ماشێن سازی هێپکۆ و کارخانەی ئازەرئابی ئەراک ئەو گرنگیەی هەیە کە دەتوانێ لە درێژەی خۆیدا دەیان هەزار کەس لەو کرێکارانەی کە لە کارگا چکۆلەکاندا خەریکی کارن وەجوڵە بخات و بیانکێشێتە نێو ڕیزی خەباتێکی یەکگرتووانەوە.
لە بارودۆخی ئێستادا کە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە ستونە سەرەکیەکانی وەک رێکخراوەی جەماوەری و چینایەتی سەربەخۆ لە دەوڵەت و تەحزوب یابی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی خۆی بێبەشە، پەرەدان بەو ناڕەزایەتیانەی ئێستا و بزوتنەوەی مافخوازانهی کرێکاران لە ڕێگای دەخاڵەتی چالاکانەوە لەم خەباتەدا و لەقاو دانی شێلگیری سیاسەت و ئەو پێشێلکاریانەی لە لایەن خاوەنکاران و دەوڵەتەوە لەدژی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار پەیڕەو دەکرێت، خاوەنی گرنگییەکی زۆرە. لە بارودۆخی ئێستادا دەبێ شێلگیرانە لەسەر گرنگی خەباتی ئێستای کرێکاران جەخت بکرێتەوە و بۆ هەر خەباتێک کە کرێکاران بۆ وەگرتنی حەق دەستە دواخراوەکانان و یان داخوازیەکی هەرچەند بچوک بۆ باشتر کردنی دۆخی ژیانیان بهڕێوهدهبهن، جێگە و ئەرزشی تایبەت دابندرێت. ئەم خەباتانە بەشێک لە موجودیەتی چینی کرێکارو و دەور و نەخشێکی کاریگەریان لە گەشەدان بە وشیاری چینایەتی و کامڵ بوونی خەبات و رێکخراوبوونی کرێکاراندا هەیە.