ڕۆژی سێشه‌ممه ٩ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه له كه‌رتی غه‌زه، فڕۆكه‌كانی ئیسڕائیل شارۆچكه‌ی جێبالیایان بۆردوومان كرد و به‌هۆیه‌وه زیاتر له ٤٠٠ كه‌س كوژراو و بریندار بوون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، فڕۆكه‌كانی ئیسڕائیل یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی حه‌ماسیان له جێبالیا كردۆته ئامانج، به‌ڵام به‌هۆی قه‌ره‌باڵغ بوونی شوێنه‌كه، ده‌یان كه‌س بوونه‌ته قوربانی. هه‌روه‌ها له كه‌رانه‌ی باخته‌ری ٣٨ فه‌له‌ستینی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی ئیسڕائیله‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون له حاڵێكدا ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانی فه‌له‌ستین ئاماری به‌ندكراوانیان ٦٠ كه‌س ڕاگه‌یاندووه. به‌وته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی بێهداشتی غه‌زه، ڕێژه‌ی قوربانیانی شه‌ڕی نێوان حه‌ماس و ئیسڕائیل بۆ ٨٥٢٥ كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه و ئاماری برینداره‌كان سنووری ٣٠ هزار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه. له‌و ڕێژه‌یه ٣١ كه‌س هه‌واڵنێر، ١٣٠ كه‌س كارمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ٣ هه‌زار و ٥٤٢ كه‌س منداڵ و ٢ هه‌زار و ١٨٧ كه‌س ژن بوون.