شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیە لە هێرشێکی بەربڵاوی ئاسمانیدا ٢٠ جار چەند ناوچەیەکی شەنگال و کەمپی پەنابەرانی کوردانی باکووری کوردستانی لە مەخموور بۆردومان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەوڵەتی تورکیە لە یەک کاتدا ٢٠ هێرشی ئاسمانی لە سنووری کەمپی مەخموور و خۆبەڕێوەبەری شەنگال ئەنجامداوە و ئەوەش گەورەترین هێرشە کە لە یەک کاتدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دەوڵەتی تورکیە لەو ناوچانەدا ئەنجامی دابێت. بەپێی وتەی هاوڵاتیانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیە ناوچەکانی “دۆڵی شیلۆ“، “باری“، “کورس” و “چیلمێرا“ی شەنگالیان ١٥ جار بۆردومان کردووە و پێنج جاریش کەمپی کوردانی پەنابەری باکووری کوردستانیان لە مەخموور و سنووری چیای “قەرەچووخیان“بۆردومان کردووە. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هێچ زانیاریەک لەسەر زیانی گیانی ئەو هێرشانە بڵاونەکراوەتەوە.