کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هۆشدار و هەڕەشەی کاربەدەستانی ئیجرایی رژیم لە کوردستان لە کام نیگەرانیەوە سەرچاوە دەگرێت؟؟

ۆژی جومعه‌ ٢٣ی مانگی گەلاوێژ، بەبۆنەی بەڕێوەچونی شانۆگەری هەڵبژاردنی مەجلیس کە لە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، کۆبونەوەیەک بە ئامادە بوونی “عەلی پورعەلی موتڵەق” دەبیری ستادی هەڵبژاردنی وڵات، ئۆستانداری ئوستانی کوردستان، جێگری سیاسی ئەمنیەتی ئۆستانداری، فەرماندارەکان، جێگرە سیاسیەکانیان و بەخشدارەکانی ئوستان لە شاری سنە بەڕێوەچوو. لەم کۆبونەوەیەدا عەبدولحەمید زاهدی ئوستانداری ئوستانی کوردستان وتی: “نابێ ئیجازە بدرێت هیچ کاندیدێک بەخاتری بەرژەوەندی فەردی و یان قازانجی قەومی و مەزهەبی ئەمنیەت و مەسڵەحەتی گشتی بکاتە فیدای کارە تەبلیغاتی و ئینتیخاباتیەکانی. بەداخەوە هێندێک کەس ئاگاهانە یان نا ئاگاهانە دەیانەوێ فەزای سیاسی هەڵبژاردن نائەمن نیشان بدەن.511بەرپرسانی پێوەندیدار دەبێ لەمبارەوە زۆر وشیار بن.” “عەلیرەزا ئاشناگەر” جێگری سیاسی ئەمنیەتی ئوستانداری کوردستانیش بە ئاماژە بەوەیکە ژمارەیەک بەشوێن بێ هیوا کردنی خەڵکەوەن و جیاوازی نییە کە ئەوەی لە سندوق دەرئەچێ کێیە وتی: “دەوڵەت وەک بەرپرسی بەرێوەبردنی هەڵبژاردن کۆمەڵێک ئەرکی گرنگی لە ئەستۆیە کە یەکەمیان دەستەبەر کردنی بەشداری زۆربەی خەڵکە لە هەڵبژاردندا.”بە بیستنی ئەم قسانەدا دیارە کە، نیگەرانی ئوستاندار و جێگرە سیاسی ئەمنیەتیەکەی ئەبەدەن سەبارەت بەوە نییە کە گۆیا کەسانێک چاویان بڕیوەتە کورسیەکانی بەهارستان، ویست و داواکاریەکانی خەڵکی کورستان دەکاتە مێحوەری چالاکیەکانی. لەبەر ئەوەیکە، زاهدی گومانی نییە لەوەی ئەو کەسانەی کە لەم یاریەدا بەشداریان پێکراوە، لە کەسانی سەربە ڕژیمن و ئیلتیزامی بەکردەوەی ئەوان بە ویلایەتی فەقیە و قانونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیەوە بەفەڕز گیراوە. کەسانێک کە دەبنە سەحنەگەردانی ئەم گاڵتەجاڕیە تێکراریە، لە هێڵەگی دەزگا ئیتلاعاتیەکانی سپا دەرچون و نەتەنیا هەڕەشەیەک نین بۆسەر ئەمنیەتی ڕژیم، بەڵکو کەسانی سەرسپوردەی سوێندخواردوی کۆماری ئیسلامین. زاهدی ئەمە دەزانێ کە نە بەساتی ئەم گاڵتەجاڕیە جێگای تەرح کردنی ویست و داواکاریەکانی خەڵکی کوردستانە و نە جیرەخۆرانی سەناگوو لە بەهارستان خاوەنی ئەم زەرفیەتەن. کەسانێکی ئاوا نە لە ڕابردودا و نە لە داهاتودا هیچ داواکاریەکی خەڵکی کوردستان لە هیچ ئاستێکدا نوێنەرایەتی نەکردوە و نایکەن. نزیکەی ٥٠ لەسەدی بێکاریی لاوان، زۆر بوونی خەڵکی ژێر هێڵی هەژاریی، پەرەسەندنی ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر، ئاستی لەخوارەوەی خزمەتگوزاری شاری و ئاماری بەرزی نەخوێندەواری، بەشێک لە کارنامەی ئەمجۆرە بەناو نوێنەرانەی خەڵکە کە بە زەبری هەڕەشە و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بەکردەوە دەرهاتوە.بەمجۆرە گرفتی ئوستاندار و کاربەدەستانی کیشوەری و ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی تەرحی متالباتی خەڵکی کوردستان لە لایەن بەناو کاندید و تەبلیغاتەکانیانەوە نییە بەڵکو، خودی داواکاری و ناڕەزایەتی خەڵکە کە کێشەیان لەگەڵیدا هەیە. پێشوازی رۆژ لە رۆژ زیاتر لە بەڕێوەچونی ئەم شانۆگەریە لە کوردستان ئەساسەن بازاڕگەرمی و هەوڵدانە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بۆ نیشاندان لە ڕاگەیەنەرەکاندا و لە هەمانحاڵدا هەڕەشە و هۆشداریشە بە خەڵک. ئەم ڕاستیە بە روونی لە قسەکانی جێگری سیاسی ئەمنیەتی ئوستانداری کوردستاندا دەبیستین. بۆ ئەوان گرنگ نییە کە دەرچوانی سندوقەکان کێن. گرنگ ئەوەیە کە خەڵک بە هەر شگرد و فێڵێک بێت بکێشرێنە پای سندوقەکانی دەنگدا و وێنە و فیلمیان لێ بگیرێت. گرنگ ئەوەیە کە لەم رۆژەدا خەڵک ئامادەبن تا دەستکاری کردنی ئامارەکان بە ئاسانی ئیمکانپەزیر بێت. هەمان تەقەلوب و تەڕدەستی کە لە جەریانی سەفەری حەسەن رۆحانی بۆ شاری سنە ئەنجامدرا. لە حاڵێکدا کە وەرزشگای ئیستقلال بەتاڵ بوو لە جەمعیەت و “ئاره‌ش حسێن پەناهی” بەڕێوەبەری مەڕاسمی پێشوازی کردن بەردەوام داوای لە ئامادەبوان دەکرد کە بچنە پێشترەوە تا بە باشی ببیندرێن، بەڵام کاربەدەستانی ئیجرایی ئۆستان لە بێشەرمیەکی ڕەسانەییدا، بایکۆتی حوزوری رۆحانیان لە لایەن خەڵکەوە ناو نا “پێشوازی پڕشور.”ئەولەویەتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان نە وڵامدانەوە بە داواکاری خەڵکی کوردستان و نە تەوسعە و عومرانە. ئاخرین سەفەری بالاترین مقامی ئیجرایی وڵات بۆ کوردستان شاهیدێکی ترە لەسەر ئەم ئیدیعایە. نە کولینگێک لە زەوی درا و نە وەعدەی ڕەخساندنی هەلی کار درا. ئەولەویەتی کۆماری ئیسلامی لەو چەند مانگەی ماوە بۆ بەڕێوەچونی ئەم شانۆگەریە، دەکرێ لە گرتنەپێشی دوو ئاڕاستەدا کورت بکرێتەوە. گرتنە پێشی سیاسەتێکی شەیادانە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و هۆشدار و هەڕەشەی سەرکوت لە ئەگەری هاتنە گۆڕی داواکاریەکان لەسەر ناوەرۆکی فەزایەک کە ڕەنگە دەرفەتی مەتڕەح کردنیان فەراهەم بکات.ئوستاندار و کاربەدەستانی ئیجرایی وەزاڕەتی نێوخۆ هۆشدار ئەدەنە خەڵکی کوردستان کە ئەگەرچی فەزایەکی بەڕواڵەت ئینتیخاباتی لە کوردستان دروست ئەبێت بەڵام، خەڵکی کوردستان نابێ لەبیریان بچێتەوە کە ئەم فەزایە بۆ هێنانەگۆڕی داواکاریەکانیان نییە. کەشێکە بۆ دابین کردنی ئەمنیەتێکی سەقامگیر.” ئەولەویەتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دامەزراندنی ئەمنیەتێکی پایەدارە لە ڕاستای پاراستنی ڕژیم، چەوساندنەوەی هێزی کار لە لایەن سەرمایەگوزارانی سپای پاسداران، کومیتەی ئیمداد، بێهزیستی و بەسیجەوە و وێران و تاڵان کردنی سەرچاوە سروشتیەکان.خەڵکی کوردستان بایەخێک بۆ بەڕیوەچونی ئاوا شانۆگەریەک دانانێن. ئەوان سەرەرای تەبلیغاتی پۆچ و بێ ناوەرۆکی ڕژیم سەبارەت بە “حوزوری پڕشور و بوونی ئەمنیەتی بەردەوام”، لەهەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان لەدژی رژیم و هێنانە گۆڕی داواکاریەکانیان. گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی مەجلیس خۆی لە خۆیدا هیچ پێوەندیەکی بە ویست و داواکاری کرێکاران، لاوان، ژنان و توێژە هەژار و بێبەشەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوە نییە. خەڵکی کوردستان گوێ نادەنە هۆشداری ئوستاندار و ئەم شانۆگەریەش بایکۆت دەکەن.