ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگهیاندووه لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ئەو کەسانەی کە به ویرووسی كۆرۆنا تووش دهبن و چاکدەبنەوە، دژە تەنەکانیان دەیانپارێزێت لەوەی جارێکی تر دووچاری ئهم ویرووسه ببنهوه یا نا.
ئهم ڕێكخراوهیه لە میانەی ئاگاهییەکی ڕۆژی شەممەدا هۆشداریدا لە دژی ئەوە کە حکومەتەکان ئەو زانیاریانە بڵاوبکەنەوە کە هەر کەسێک کۆرۆنای گرتبێت ئیتر مەترسی نییە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووه: ئەم جۆر لێدوانانە لە ڕاستیدا مەترسییەکان زیاتر دەکەن چونکە ڕەنگە ئەو کەسانەی چاک دەبنەوە ڕێنماییەکان پشتگوێ بخەن و خۆیان لە ویرووسهكه نەپارێزن. دهشڵێت: لە ئێستادا هێچ بەڵگەیەک نییە ئەوە بسەلمێنێت کە ئەو کەسانەی کە لە کۆڤید ١٩ چاکدەبنەوە دژەتەنەکانیان بەرگریان لیدەکات و جاری دووهەم نەخۆش ناکەونەوە. هاوكات ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگهیاندووه: بەردەوام پێداچوونەوە بەسەر بەڵگەکاندا دەکات بۆ دژە تەنەکانی ئەم ویرووسه کە لە شاری ووهانی چینەوە بڵاوبووهتهوه. جێگهی ئاماژهیه، هەتا ئێستا نزیکەی ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا توشی كۆرۆنا بوون و زیاتر لە ١٩٦ هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.