بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا لەبارەی بڵاوبوونەوەی زیاتری ویرووسی کۆرۆنا لە جیهاندا و رایگەیاند، “خراپترین بارودۆخ بەڕێوەیە”.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، پێویستە ئەم تراژیدیە رابگرین، متمانەمان پێبکەن کە دەڵێین خراپترین بارودۆخ بەڕێوەیە، چونکە زۆر کەس هێشتا لە مەترسییەکانی کۆرۆنا تێنەگەیشتوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، تەندروستی جیهانی هیچ نهێنییەکی لەبارەی کۆرۆناوە نییە، چونکە شاردنەوەی بابەتێک مەترسیی تەندروستی لێدەکەوێتەوە. ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە، بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئۆرووپا، ڕێکارە تەندروستییەکانیان کەم کردووەتەوە و قەدەغەی هاتوچۆیان لە بەشێک لە وڵاتەکانیان هەڵگرتووە و دەوامی خوێندن و کاری کۆمپانیاکانیش لە بەشێک لە وڵاتان دەستیان پێکردووەتەوە. جێگهی ئاماژهیه، ژمارەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا توشی کۆرۆنابوون دوو ملیۆن و ٤٨٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و لەو ژمارەیەش، زیاتر له ١٧٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٥٢ هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.