ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه بەشێک لە بەندکراوانی زیندانی ناوه‌ندی سه‌قز ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە، به شێوه‌ی بە کۆمەڵ لە زیندانی ئەمشارە ڕایانکردووە.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، ئەم بەندکراوانە بەهۆی بێبەری بوون لەهەر چەشنە ئیمکاناتی تەندروستی و بێهداشتی، لە ناو زیندان و وڵامنەدانەوەی بەرپرسان بە داواکاری بەندکراوان بە مەبەستی وەرگرتنی مەرەخەسی به‌هۆی بڵاوبوونەوەی ویرووسی کۆڕۆنا، دوای تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی جێگیر لە زیندان، هەڵاتوون. شایانی باسه، دەوروبەری زیندان بە تەواوی لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌كانی ڕژیمه‌وه کۆنتڕۆڵ کراوە و هەر کەسێك لە زیندانەکە نزیک بێتەوە دەستبەسەر ده‌كرێ. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه لەگەڵ ئەوەی کە خامنەیی فەرمانیدا کە بەشێک لە بەندکراوان بە وه‌سیقه ئازاد بکرێن، بەڵام ئەو بڕیارە زیندانیانی سیاسی نەگرتۆتەوە و زیندانیانی سیاسی لە پێدانی مەرەخەسی بێبەری بوون و سەرەڕای مەترسیداربوونی زیندانه‌کان و تووشبوون و گیان لەدەستدانی چەند زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، تا ئێستاش هه‌روا لە مافی مەرەخەسی بێبەرین. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش لە زیندانی تەورێز لە نێوان بەندکراوان و بەرپرسانی زینداندا شەڕ و تێکهەلچوون هاته‌ئاراوه و زیندانیان بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی کەلوپەلەکانی خۆیان لەنێو زینداندا ئاگرداوه.به پێی دوایین زانیارییه‌كان، له‌و ٨٠ كه‌سه‌ی كه له زیندانی ناوه‌ندی سه‌قز ڕایانكرده‌ووه، هه‌تا ئێستا چه‌ندین كه‌سیان له لایه‌ن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراونەتەوە.