گرووپی ئیسلامیی تاڵبان وەک وەڵامێک بۆ دۆناڵد ترامپ هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەو وڵاتە زۆرترین زیانی لە هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکان بەردەکەوێت.
ڕۆژی دوشەممە ١٨ی خهرمانان، گرووپى ئیسلامیی تاڵبان لە ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوە کردوە کە راگرتنی دانوستانەکانی تایبەت بە ئاشتیی، زیانی سەرەکیی بۆ ئەمەریکا و هێزەکانی لە ئەفغانستان دەبێت و تێیدا هاتووه، لە ١٨ ساڵی رابردوودا زۆرترین هەوڵمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان داوە و هەموو لایەک دەزانن کە ئێمە بە کەمتر لە چونەدەرەوەی ئەو هێزانە لە دانوستانەکاندا رازیی نابین. سوهەیل شاهین، وتەبێژی نوسینگەی تاڵبان لە قەتەر لە لێدوانێکیدا بۆ “دۆویچه وله” دەنگی ئاڵمان رایگەیاندووە: پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ راگرتنی دانوستانەکان جێگای سەرسوڕمانە و لێی تێناگەین لە کاتێکدا بڕیاربو ئەو دانوستانانە تا ٢٣ ئەم مانگە بەردەوام بێت. ئەوە لەکاتێکدایە سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەڵوەشاندنەوەی دانوستان و گفتوگۆی لەگەڵ گروپی تاڵبان لە ئەفغانستان راگەیاندبوو و نوسیبوی، “ئەگەر ئەوان ناتوانن لە کاتی وتووێژهكاندا ئاگربەست ڕابگرن و ١٢ کەسی بێتاوان دەکوژن، گفتوگۆ و دانوستان واتای نامێنێت”. جێگهی ئاماژهیه، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سەرەڕای ئهنجامدانی گفتوگۆی نوێنەرانی ئەمەریکا و تاڵبان، ژمارەیەک تەقینەوە لە لایەن ئەو گروپە لە ئەفغانستان ئەنجامدرا، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ١٦ کەس و برینداربونی زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکە و ئەمەش و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکان.