وێده‌چێ ژووی فیكری نیزامی كۆماری ئیسلامی كه زیاتر له به‌یتی ڕێبه‌ری و فه‌رمانده باڵاكانی سپا پێكهاتووه، به‌ئانقه‌ست هه‌وڵ ده‌دات خۆشباوه‌ڕیی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز له ڕێگه‌ی ئه‌و شێواز و تاكتیكانه‌ی كه هه‌زینه‌یه‌كی وای پێویست نه‌بێ، زیندوو بكاته‌وه. ئه‌وان به‌نیازن ئه‌وه بڵێن كه به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی خه‌ڵكی ئێران، هێشتا “داستانی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز ته‌واو نه‌بووه”. ئه‌وه‌یكه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێرناوی فایلی سه‌وتیی “زه‌ریف” هه‌را و هوریای وه‌ڕێخست، یه‌كێك له‌و نموونانه‌یه كه ئه‌م ئامانجه‌شی له‌پشته. بۆ جێخستنی وه‌ها زهینییهتێك، خامنه‌یی خۆی هاته مه‌یدان تا له‌سه‌ر زیندوو بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان باڵه‌كان كه لای خه‌ڵكی ئێران ته‌وه‌رێكی كۆتایی هاتوویه، مۆری ته‌ئید بكوتێت. ئه‌و له وڵام به وته‌كانی “زه‌ریف” له فایله سهوتییهكهدا وتی: “با هه‌مووان بزانن كه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له هیچ شوێنێكی جیهان له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه دیاری ناكرێت، به‌ڵكوو له كۆبوونه‌وه‌ی باڵادهستییهكاندا دیاری ده‌كرێت”. ئه‌و له درێژه‌دا وتی: “هێزی قۆدسی سپا فاكته‌رێكی كاریگه‌ره له‌سه‌ر پێشگری كردن له دیپلۆماسیی ناچالاك له ڕۆژئاوای ئاسیا. ئه‌مریكاییه‌كانیش له هێزی قۆدس و نفووزی ناوچه‌یی كۆماری ئیسلامی ناڕه‌حه‌تن و سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌یكه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش له‌ژێر ئاڵای ئه‌واندا بێت”. كه‌وابوو خامنه‌یی به ئهئكید له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی واقعی هه‌وڵی دا ڕێژه‌ی كاریگه‌ریی فریوكارانه‌ی خۆی به دانی وێنه‌یه‌ك له جیاوازیی بۆچوونه‌كان له نێوان سه‌رانی ڕژیمدا به‌رێته سه‌رێ.
هه‌ڵبه‌ت هیچ گومانێك له‌وه دا نییه كه كێشه له‌ناو ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی دا بووه و ئێستاش بوونی هه‌یه، به‌ڵام كێشه و ناكۆكییه‌كان ئه‌ساسه‌ن له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی تێپه‌ڕینی كۆماری ئیسلامییه له قه‌یران و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ژیانی پڕ له ئازار و ئه‌و بێبهشیانهوه نییه كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێرانی‌دا سه‌پاندووه. به‌ڵام ئه‌وان به‌باشی فێربوون كه ئه‌م ئاسته له ناكۆكی به‌جۆرێك به‌ڕێوه‌به‌رن كه به خه‌ڵك ده‌رفه‌تی ئه‌وه نه‌ده‌ن كه‌ڵكی لێوه‌رگرن و له هه‌مان حاڵیش‌دا سه‌رگه‌رمیان بكه‌ن.
له‌بیرمان نه‌چێته‌وه كه گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی ناو نیزامی كۆماری ئیسلامی له لایه‌ن لێكۆڵه‌رانی ڕۆژئاوا كه په‌یڕه‌وی به‌رژه‌وه‌ند و قازانجی ده‌سه‌ڵاته گه‌وره‌كانی سه‌رمایه‌دارین، خاوه‌ن پێشینه‌یه. ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا یه‌كجار نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن كه له‌گه‌ڵ ڕووخانی كۆماری ئیسلامی به‌رژه‌وه‌ندی درێژهماوهی ئه‌وانیش له گشت ناوچه‌كه بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. كه‌وابوو ئه‌وانیش به‌نۆره‌ی خۆیان بێ مه‌یل نین كه خه‌ڵك له خۆشباوه‌ڕیی شه‌ڕی نێوان باڵه‌كان هاوێن و له ده‌ست بردن بۆ كرده‌وه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئێستا و داهاتوویان نه‌یخوێنێته‌وه، ڕێگری بكه‌ن. له باروودۆخی ئێستادا به چاوپۆشی له پێشێلكردنی ئاشكرای مافی مرۆڤ، ئه‌وه‌یكه ڕیاكانه به ئاڵای پێناسی خۆیان وه‌سفی ده‌كه‌ن، چاوپۆشی له ڕه‌وتی توندبوونه‌وه‌ی سهركوته له ئێران و په‌ره‌سه‌ندنی تێرۆریسمی ده‌وڵه‌تییه له ناوچه‌كه له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه. له ڕاستیدا، به‌ده‌ر له بازرگانیی پڕ له قازانجیان له‌م ڕێگه‌وه، له هه‌مان حاڵ‌دا له داگیرسانی ئاگری تووڕه‌یی خه‌ڵك نیگه‌رانن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن تا به په‌ره‌پێدانی سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانی، ڕێگه نه‌ده‌ن خه‌ڵك كۆشكی سته‌م و سه‌ركوت له ئێران ژێڕ و ڕوور بكات. ئه‌وان به دهستهبهندنی كردنی “میانه‌ڕه‌و” و “توندڕه‌و”ی هه‌یئه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران، وای نیشان ده‌ده‌ن كه گۆیا لایه‌نی میانه‌ڕه‌و لایه‌نگری ئاشتی، مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن له په‌یوه‌ندیی نێونه‌ته‌وه‌ییه و ئه‌وه ته‌نیا باڵی توندڕه‌وه كه شهڕهئهنگێزه و ئه‌هلی موعامه‌له نییه و هه‌ربۆیه ده‌بێ میانه‌ڕه‌وه‌كان به‌هێز بكرێن. بێگومان ئه‌وه هه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یه كه له ماجه‌رای نهوارهكهی زهریفیشدا كراوه‌ته ئامانج.
به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م سیاسه‌ته كارایی خۆی له‌ده‌ست داوه. ئه‌وه خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و چه‌وساوه‌ی ئێران بوون كه ٥ مانگ به‌رله چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له ڕێكه‌وتنی به‌رجام به ئاخێزی سه‌رتاسه‌ریی مانگی به‌فرانباری ٩٦ له پتر له ١٠٠ شاری ئێران درووشمی “ئیسلاح ته‌ڵه‌ب ئۆسوولگه‌را، ئیتر ته‌واو بوو ماجه‌را”یان وه‌ك كۆتایی خۆشباوه‌ڕی به باڵبهندییهكانی ناو كۆماری ئیسلامی به‌رز كرده‌وه. به‌مجۆره، خه‌ڵكی ئێران هه‌ڵبژاردنی خۆیان ئه‌نجام دا. ئه‌مڕۆ كۆماری ئیسلامی و دڵپه‌رۆشانی ئه‌وان له وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌م تهڕدهستییانه ناتوانن ئاوی ڕۆیشتوو بگه‌ڕێننه‌وه نێو جۆگه. خه‌ڵك ئه‌م درووشمه‌یان وه‌ك وڵامێك دژبه هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ت و بێ مافییه‌ك كه ئه‌م دسه‌ڵاته چ ئۆسوولگه‌را و چ ئیسلاح تهڵهبهكهی به‌سه‌ری داسه‌پاندوون، هاوار كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه نابێ له‌بیرمان بچێته‌وه كه له ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ كه درێژه‌ی ئاخێزی ساڵی ٩٦ بوو، له ناڕه‌زایه‌تیی سه‌رتاسه‌ری نیسبه‌ت به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بێنزین كه گیان به‌ختكردنی پتر له هه‌زار و ٥٠٠ كه‌س و ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی هه‌زاران كه‌سی لێكهوتهوه، هه‌ر ئه‌م “عه‌داڵه‌ت گه‌را”یانه بوون كه له‌م جه‌نایه‌ته ئاشكرایه دژبه مرۆڤایه‌تی پشتیوانی‌یان كرد.
له ڕاستیدا ئه‌مڕۆ له لایه‌كه‌وه ده‌وڵه‌تی ڕووحانی له هه‌ناسه كه‌وتووه و ڕۆڵی ته‌نانه‌ت “تهدارۆكچی”شی وه‌ئه‌ستۆ نییه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه خامنه‌یی و سپاهییهكان به‌بێ ستراتێژییهكی ڕوون ڕێگای خۆیان بهكوێرهكوێر له تاریكی‌دا درێژه پێده‌ده‌ن. له وه‌ها باروودۆخێكدا ئه‌وان زیاتر له هه‌میشه پێویستیان به یه‌كده‌ست بوونه‌یه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئاخێزه جه‌ماوه‌رییه‌كان. زیندوو كردنه‌وه‌ی كایه‌ی ناكۆكیی نێوان باڵه‌كان، به‌لانی زۆره‌وه تا دیاریكردن و چوونه‌سه‌ركاری سه‌رۆك كۆماری نوێ كارایی هه‌یه. به‌ڵام فاكته‌ری چاره‌نووس سازی ئێستا و داهاتووی سیاسیی ئێران، كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكن كه به وشیاری و هه‌وڵ بۆ به‌هێزكردنی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خۆیان ده‌رفه‌ت به كۆماری ئیسلامی ناده‌ن كه له ڕێگه‌ی وه‌ها مانۆڕگهلێكی فریوكارانهوه ده‌رفه‌تی تازه بۆخۆی بكڕێت.